پشتگیری رای گشتی بۆ دەستوور و پابەندبونی خەڵك
Tuesday, 14/02/2012, 12:00
پاش ئەو ماوە زۆرەی پشتگوێخستنی، لەم سەروبەندەدا باسوخوازی پرسی دەستوور لە لایەن دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی كوردستانەوە هاتۆتەوە گۆرێ .
لێرەدا ناوەرۆك و چوارچێوەی یاسایی و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە بۆ پسپۆرانی یاسایی بەجێدێڵم كە زیاتر شەنو كەو ی بكەن و بەتێروتەسەلی ناوەخنی و دوراییەكانی بۆ هاوڵاتیان روون بكەنەوە. بەڵام ئەو پرسیارە گشتیانەی دەربارەی ئەم مەسەلەیە لە لایەن خەڵكەوە دەكرێت، كە مشتومری هەمەچەشن بە خۆوە دەگرێت، پێویستە هەموومان لە ئاستیدا راوبۆچونی خۆمان دەربڕین، بۆ زیاتر لێتێگەیشتن و جوانتركردن و بتەوكردنی دایكی یاساكان، كە ژیان و گوزەرانی نەوەی ئێستا و دوارۆژیشی پێوە بەندە. بە تایبەتی پاش دارشتن و پێداچونەوە و چەندینجار هەمووار كردنەوە و دەستكاریكردنی لە لایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە و، تەنانەت دروستبونی ناكۆكی لە سەر چونێتی مامەڵە كردن لەگەڵ ئەم پرسە چارەنوسسازەدا لەلایەن زۆر خەڵك و لایەنی پەیوەندیدارەوە ،پێش و پاش تێپەراندنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە .
دەستوور وەك دایكی یاساكان، لەدەركردنی یاسا و رێسا وراسپاردە و رێنماییشدا پشتی پێدەبەسترێت، نەك دەستوور پشت بە یاسا ببەستێت لە مەیسەر كردنی و تێپەراندنیدا. بەهەر حاڵ، ئەگەر هەر یاسایەكیش دارێژرابێت لەسەر هەر بنەمایەك بوبێت ، ئەگەر بە رێككەوتن یان سازان یان لە سەر هەر برگەو مادەیەك كە پەرلەمان دیاریكردبێت، چەندین جاریش هەمووار كرابێتەوە، دەكرێت ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە، بۆ بەیاسایی گەراندنەوەی پرۆژەی دەستوور بۆ پێداچونەوە و زیاتر تۆكمەكردنی، نەك پاش پرۆسەی ریفراندۆم و دەنگدانی خەڵك، دووبارە هەموار كردنەوە و دیسان ریفراندۆم لەسەری بكرێتەوە . پرسیارەكە لەوێدایە، ئەگەر زۆرێك لە هاوڵاتیان پێداچونەوە بەم پرۆژەیە بە زەروور بزانن بۆ دوارۆژو بەرژەوەندی میلەت، بۆچی رێگری لێبكرێت .
بەڵێ هەموار كردنی دەستوور پاش ریفرادۆمیش ئاساییە، بەڵام تا جارێك ئەم پرۆژەیە بە دەنگی خەڵك پەسەند نەكراوە و تێبینی و قسەی زۆر هەڵدەگرێت و رادەی پشتگیریكردنی نادیارە،باشتر نیە بە پتەویی و رەزامەندی رای گشتی رەوانەی پرۆسەی ریفراندۆم بكرێت و خەڵك لە ناوەرۆكی راستەقینەی ئاگادار بن .
ئەو هەمواركردنەی لە مادە و برگەكانی دەستورەكانی وڵاتانی جیهان كراوە، پاش تێپەربونی چەند ساڵێك یان قۆناغیك بەسەر چەسپاندنیدا بووە و ،پاش گۆڕانكاری بارودۆخی هەمەچەشنی بابەتی و خودیی ئەو وڵاتانە بووە ، كە وا پێویستیكردووە لەگەڵ پێویستیەكانی ئەو سەردەمانەدا بیگونجێنن، بەو هۆیەی زۆر برگە و بابەت بە تێپربونی كات ئیكسپایەردەبن و لەگەڵ گۆرانكاری نوێدا یەكناگرنەوە . نەك دەستوورەكەیان جارێك پرۆژە بێت و خەڵك دەنگی بۆنەدابێت و پێویستی بە پێداچونەوە بێت پێداگری لەسەر تێپەرەاندنی بكەن. بەڵكو زۆرینەی ئەو دەستوورانە، پێشوەخت كۆدەنگیەكی لەسەر هەبووە و، كەموكورتیەكانی چاك و چاكتركراونەتەوە و هەوڵدراوە تارادەیەكی زۆر باش ئەگەر بۆیان كرابێت خەڵك بەرەهایی دەنگیان بۆداوە . دوای بوونی ئەم هەموو هۆكارانە و داواكردن بۆ گەڕانەوەی پرۆژەی دەستووری كوردستان، دەبێت بە قووڵی بیر لەوە بكرێتەوە كە وڵاتێك بێ دەستووربێت، یاساكانی پەرلەمان پشت بە هەر شتێك ببەستن لە دەستوور باڵاتر نابێت، چ یاسایەك لە دەستوور و پرۆژە بنەرەتیەكەی باڵاترە كە رێگە نەدات بگەرێتەوە ، ئەو یاسایەی كە پشتی پێ بەستراوە هەمووار كردنەوەی لە هەمواركردنی دەستوری پاش تێپەراندن و دەنگدانی خەڵك ئاسانتر و بێتەكلیفتر و بێخەرجیترە .
یان لەلایەكی ترەوە، كە هەموو یایسایەك بۆ قازانج وخۆشگوزەرانی و رێكخستنی ژیانی خەڵك دانرابێت . لە گەڕانەوەی پرۆژەی دەستووری كوردستان و گفتۆگۆ كردن و هەمواركدرنەوەی پاش لێكۆڵینەوەی ورد و رێكخستنەوە و وردبینیكردنی و پێداچونەوەی ، كێ زەرەر دەكات .
پرسیاری سەرەكی لەوێدایە، كە ئەگەر هیچ بنەمایەك نەبێت بۆ تێپەراندنی پرۆژە(نەك یاسا) لە پەرلەمانەوە و بە پێی یاسایەك پرۆژەیەك (نەك یاسایەك) تێپەرێنیت و كورتبینی تێدا دیار و زەق بێت، چ رێگریەكی یاسایی هەیە لە گەراندنەوە و پێداچونەوەی دیسانەوە پرۆژە(نەك یاسا) یەك كە ئەركی سەرەكی پەرلەمانە تێَیپەرێنیت .
بەكورتی، وا پێویست دەكات لە روانگەی بەرژەوەندی باڵا و دوارۆژی كوردستان و ئامانجە سەرەكیەكانی خەڵك و، لە پێناو دروستبونی كۆدەنگی پێویست و، زیاتر بەهێزكردنی ناوەرۆكی دەستووری كوردستان، كە لەگەڵ گۆرانكاریەكانی سەردەمدا بگونجێت، ئێستا بگەرێتەوە و هەموار بكرێتەوە، متمانەی خەڵك پێی زۆرتر دەبێت و ئاستی پابەندبون بەرزتر و مكۆمتر دەبێت رێزی خەڵك بۆ دایكی یاساكان زیاتر دەبێت ،و ئەو یاسانەی كە پشتی پێ دەبەستن گۆنجاوتردەبن و لەبەرژەوەندی ژیان و گوزەرانی خەڵك و ئایندەی كوردستاندا دەبێت .
ئەوەی گرنگە بوترێت، بارودۆخی كوردستان لەم قۆناغەدا واپێویست دەكات لەم مەسەلەیەدا كات بە فیرۆ نەدرێت و پاش پێداچونەوە و هەمواركردنی لەگەل هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاكاندا ریفراندۆمیش بۆ دەستوور بكرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست