کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەنقەرە نیوەی ڕێگەت بێت

Thursday, 26/04/2012, 12:00






لە سەردەمی بەعسدا و بە تایبەت لە کاتی جەنگی ئێران و عێراق‌دا ، هەر کاتێک بەعسیەکان دووچاری تێکشکاندن دەهاتن هانایان بۆ مستەشارە کوردەکان دەبرد و سەدام حسێن لە ئامێزی دەگرتن ، لە کاتی پڕۆسەی ئەنفالی بەدناویشدا ڕۆڵێکی زیاتر درا بە مستەشارەکان و ڕێگەیان بۆ ئاواڵا کرا تاکو ماڵی ئەنفالکراوان تاڵان بکەن ، ئەمە جگە لە ئامێزگرتنی دووبارە و بەخشینی " نیشانەی ئازایەتی "ش .
دەوڵەتی تورکیش ٢٨ ساڵە لە جەنگێکی هەمەلایەنەدایە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان‌ ، لەم ٢٨ ساڵەدا هەموو جۆرە چەکێک تاقیکرایەوە لەسەر کوردان ، هەموو چەواشەکاریەک بەکار هێنرا ، هەموو تۆمەتێکی ناشیرین بۆ کوردان هۆنرایەوە و تەنانەت یەک ڕێگەش نەما کە دژ بە کوردان بەکاری نەهێنن ، بەڵام هیچی دادی نەدان .
لە دوای سەرهەڵدانی گەلانی سوریا ، تورکەکان کەوتنە خۆ تاکو لە ڕێگەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە دەسکردی خۆیانە سوریا کۆنترۆڵ بکەن و دژ بە کوردان بەکاری بێنن ، لێ بەڵێ ئەم خەونەشیان مایە پووچ دەرکەوت .
ئەو کات کەوتنە زەمینەسازی بۆ تێکدانی شیرازەی کوردان و لێکدابڕانیان . سەرەتا بە زیندانیکردنی زیاتر لە ٧٠٠٠ سیاسەتمەداری کورد دەستیان پێکرد و پاشان پیلانەکەیان خستە واری کرداریەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەسعود بارزانییەوە .
مەسعود بارزانیش لە ژێر ناوی (کۆنفرانسی نەتەوەیی بۆ کوردانی سوریا) ژمارەیەک حیزبۆکەی لە شاری هەولێر کۆکردەوە کە هەموویان دەسکردی خودی بنەماڵەی بارزانی بوون و تەنانەت هەندێک لەو حیزبانە هێندە بچوک و بێ کاریگەر بوون هەتا خودی خانەوادەکانیشیان نەیاندەزانی کە حیزبێکی لەو جۆرە هەیە ، کۆکردنەوەی ئەم حیزبانە ئەگەرچی لە ژێر ناوی کۆنفرانسی کوردانی سوریادا پێکهات بەڵام لە ڕاستیدا بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردانی ڕۆژئاوا و بە ئەنجام گەیاندنی پیلانەکەی ئەردۆغان بوو . کاتێک ئەم پیلانەش سەری نەگرت ئەو کات دەعوەتی بورهان غەلیونی گەورە شۆڤێنیست کرا بۆ شاری هەولێر و بارزانیش ژمارەیەک لەو حیزبۆکانەی پەیوەست کرد بە " ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا " کە لەلایەن بورهان غەلیونەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت .
یەکێک لە پیشەی شۆڤێنیستەکان ئەوەیە کە ناتوانن تا سەر دەردی دڵی خۆیان بشارنەوە ، بۆ نموونە لەگەڵ ئەو هەموو خۆش خزمەتییەی سەرانی باشوور بۆ تورکەکان کەچی لە بەرامبەردا خودی ئەردۆغان وەکو دوو سەرۆک خێڵە دواکەوتۆکەی باکووری عێراق ناوی بردن . بورهان غەلیونیش لە شۆڤێنیستیدا پوشووی پشت چاوی ئەردۆغان نییە و لە یەکەم کاردانەوەیدا گوتی (جێگەیەل لە سوریا نییە بە ناوی کوردستان و تەنانەت ئۆتۆنۆمیش بەو کوردانە نادەین کە لەسەر خاکی سوریا نیشتەجێن) .
ئەم گوتەیەی بورهان غەلیون بێ کاردانەوە نەبوو لەلایەن کوردانی ڕۆژئاواوە ، لە بەرامبەردا هەم کوردان زیاتر یەکڕیزی خۆیان پاراست و هەم ئەو حیزبۆکانەشیان نابووت و ڕیسوا کرد کە لەلایەن بارزانییەوە پەیوەست کرابوون بە " ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا "وە .
دواین ویستگەی تورکیا تاقیکردنەوەی کردەوەکانی سەدام حسێن بوو لەسەر کوردان ، واتە بەکارهێنانی کورد لە بەرامبەر کوردا . ئەگەر سەدام حسێن مستەشارەکانی لە ئامێز دەگرت و ئەنفالی پێ ئەنجام دەدان ، ئەوا ئەردۆغان کەسانێک لە ئامێز دەگرێت کە زیاتر لە نیو سەدەیە کوردایەتیمان پێ دەفرۆشنەوە و بە دەمامکی کوردایەتیەوە تاوان نەما ئەنجامی نەدەن ، باشترین دەمامکداریش مەسعود بارزانییە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی تورکیای کرد و لەلایەن هەر یەک لە ئەردۆغان و گول و داود ئۆغڵۆوە لە ئامێز گیرا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ .
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ڕاگەیاندنە ڕوو قایمەکانی سەر بە بنەماڵە زۆر بە کەیفخۆشییەوە باسیان لە پێشوازی ئەردۆغان و دارودەستەکەی دەکرد بۆ مەسعود بارزانی ، ئیتر بەبێ ئەوەی چاویان توانای بینینی ئەو هەموو تاوان و سوکایەتیانەی هەبێت کە ئەردۆغان و کەمالیستەکان ئەنجامی دەدەن لە بەرامبەر نەتەوەی کورد بە گشتی و کوردانی باکوور بە تایبەتی . خۆ لە ڕابردوودا سەدام حوسێن و بەعسیەکانیش پێشوازی گەرمیان لە مستەشارەکان دەکرد کەچی لە بەرامبەریشدا سەدان هەزار کوردیان زیندە بەچاڵ کرد و سوکایەتیش نەما دەرهەق بە نەتەوەی کوردی نەکەن .
ئەردۆغان زۆر بە ڕاشکاوی گوتی (من و بارزانی هاوهەڵوێستین لە مەسەلەی پ‌ک‌ک و سوریا)دا .
لە مەسەلەی پەکەکەدا ، ئاشکرایە کە هەڵوێستی ئەردۆغان چییە . ئەو هەڵوێستەش بریتییە لە نەمانی پ‌ک‌ک و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازن .
هەرچی مەسەلەی سوریاشە ، بەجێگەیاندنی مەرام و نیازەکانی دەوڵەتی تورکە ، ئەو مەرامانەش بریتییە لە خنکاندنی کوردانی ڕۆژئاوا و بە دەسەڵاتگەیاندنی شۆڤێنیستێکی وەکو بورهان غەلیون تاکو فاتیحەی یەکجاری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بخوێندرێت .
هەڵوێستی لە جێ‌دا :-
کوردانی باکوور وەکو هەر جارێکی دیکە بێ هەڵوێست نەمان لە بەرامبەر پیلانە ژەهراویەکانی دەوڵەتی تورکدا و هەر لە دووەم ڕۆژی لە ئامێزگرتنەکەی بارزانی‌دا دەستەیەک لە سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان سەردانی مەسعودیان کرد . سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی " بەدەپە " لە کاتی دیداری بارزانی‌دا ، زۆر بە زوڵاڵی و ڕاشکاوانە گوتی (مەسعود بارزانی موخاتبی کوردانی باکووری کوردستان نییە) واتە مەسعود بارزانی قسەکەری کوردانی باکوور نییە و ئەو قسانەش هیچ بایەخ و گرنگییەکیان نییە لەلای ئێمە و ئەو مافەشی نییە ساتوسەودا بکات بە کوردانی باکوورەوە .
لە ناوەڕۆکی ئەم گوتانەی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە دەردەکەوێت کە بارزانی گفتی زۆری داوە بە ئەردۆغان و هەموو گفتەکانیش دژ بە کوردانی باکوور و باڵادەست هێشتنەوەی تورکە فاشستەکانە .
منیش وەک دواین گوتەم دەڵێم ، با بارزانی جەسارەت لە دەستەمۆیی حیزبی دیموکراتەوە وەرنەگرێت ، چونکە ئەگەر وابزانێت پ‌ک‌ک هاوشێوەی حیزبی دیموکراتە ئەوە خەیاڵی خاوە . لە ڕابردوودا توانیتان کاک سولەیمانی موعینی و هەڤاڵەکانی شەهید بکەن ، توانیتان پێش سوپای پاسداران بکەون و ئاشبەتاڵ بە حیزبی دیموکرات بکەن و لە ئۆردوگای قایم بکەن ، لە بەرامبەریشدا حیزبی دیموکرات هەم دەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە گرت تاکو با نەیبات و هەم بوشنە دەستەمۆ ونانەخۆرەتان .
بەڵام ئەگەر بتانەوێت هەمان ڕەوش لەسەر پ‌ک‌ک و کوردانی باکوور دووبارە بکەنەوە ئەوە هەیهات و هەیهات . ئەگەر ئەمڕۆ بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕوو بەڕوو پێت دەڵێت (تۆ موخاتبی کوردانی باکوور نیت) ئەوا سبەی ڕۆژ کچانی گەریلا و دایکانی ئاشتی پێت دەڵێن (ئەنقەرە نیوەی ڕێگەت بێت) .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە