کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لێبوردەیی سیاسی، چاودێری سیاسی و بە کەساندنی کێشمەکێشی سیاسیانە!

Sunday, 31/07/2011, 12:00







لێبوردەیی سیاسی:

"لێبوردەیی سیاسی" لای خۆمان بە هەڵە بە "لێبوردنی سیاسی" بە زاراوە دەکرێت. لێبوردنی سیاسی بۆی هەیە عافوات بێت وەکو عافواتەکانی سەدام حوسێن کە لە سایەیدا کەسانی سەر بە کۆمەڵە بەردەدران، بەڵام لێبوردەیی سیاسی چەمکێکی تەواو جیاوازە.

پێشتر لە وتارێکدا پرسی داواکردنی لێبوردنم باسکردبوو، لەم کورتەیەدا دەمەوێت ئەو بابەتە لێکبدەمەوە کە "کەی ئێن ئێن" لەبەر ڕۆشنایی نامەکەی ماندێلا دا بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ کرد.

نامەکەی ماندێلا داوا لە شۆڕشگێڕەکانی میسر و تونس دەکات بە شوێن تۆڵەدا نەچن لە بەرانبەر کەسانی سەر بە موبارەک و بن عەلی و، تەلەفزێۆنەکەی لەمەڕ خۆشمان ئەو نامەیە و پەیامەکەی بە هەڵە لێکدەداتەوە یان بە مەبەست لێکدانەوەی هەڵەی بۆ دەکات.

ماندێلا وەکو شۆڕگێڕ تا لە زینداندا بوو داوای لە "ئۆلیڤەر تامبۆ" نەکرد لە بەرانبەر ڕژێمی ئەپارتهاید و دەستودایەرەکەیدا لێبوردنیان هەبێت و تۆڵەیان لێنەکەنەوە، بەڵکو هەر زوو کە زانی و بۆیدەرکەوت کە خەباتی ناتوندوتیژی سوودی نابێت پەنای بردە بەر شێوازی تر. دەزانین کە دواتر کاتێک ماندێلا لە زینداندا بوو ئۆلیڤەر تامبۆی سەرۆکی ئەی ئێن سی خەباتی چەکداری و دیبلۆماسی گرتەبەر بۆ دژایەتی کردنی ئەپارتهاید و پەیڕەوکارانی. کاتێکیش ئەپارتهاید نەما ئەوکات ماندێلا وەکو شۆڕشگێڕێکی سەرکەوتوو لە خەباتدا پەنای بردە بەر لێبوردەیی سیاسی و تۆڵەی لە نوێنەرەکانی ئەپارتهاید نەکردەوە، بەڵام یاساش کاری خۆی هەر کرد. ویننی ماندێلای ژنی کە بە گەندەڵی و کاری ناشایستەی تر تۆمەتبارکرا نەبوردرا بەڵکو سزای خۆی وەرگرت.

یاسا شتێکە لێبوردەیی سیاسی شتێکی تر.

کەی ئێن ئێن دێت و، بە مەبەست بێت یان نا، چەمکی قبوڵکردنی جیاوازی و لێبوردەیی سیاسی تێکەڵاو دەکات. بە گەنجان دەڵێت پارتی و یەکێتی کە بیرکردنەوەی جیایان هەیە قبوڵبکەن. ئەوە لە یاد دەکات کە ئەوە پارتی و یەکێتین جیاوازیەکان قبوڵناکەن و لێبوردن نازانن چییە. کار ناکەن بۆ لێبوردەیی سیاسی!

ماندێلا بە شۆڕشگێڕەکان ناڵێت سازش لەسەر داوا ڕەواکانیان بکەن، پێیان ناڵێت واز لە موبارەک و بن عەلی بێنن و با ئازاد بن و چییان کردووە لێیان خۆشبن، ئەو پێیان دەڵێت بەرەو ئایندە بڕوانن و بەدوی تۆڵەکردنەوەدا نەچن کە بۆی هەیە شەڕی ناوخۆێی لێبکەوێتەوە، هەرچەند من پێم وایە ماندێلا وەکو مرۆڤێک قسە دەکات نەک وەکو سیاسەتمەدارێک.

کاتێک گوێم لە بەرنامەکەی کەی ئێن ئێن دەگرت وا دەردەکەوت کە پێشکەشکار داوا لە گەنجان و بینەران دەکات لە پارتی و یەکێتی خۆشبن و، جیاوازی بیرکردنەوەکان قبوڵبکەن. ئەمە تێکەڵاوکردنی دوو چەمکی جیاوازە. جیاوازی بیرکرندەوەکان لە ژێر سایەی سەروەری یاسا و لە نێو کۆمەڵگەیەکی کراوەدا قبوڵکردنیان ئاسانە نەکو لە ژێر سایەی پارتی و یەکێتیدا کە ئامادەن لە پێناو قۆرخکردنی دەسەڵات هەموو جیاوازیەکان لە نێو ببەن.

بۆیە ئەو بەرنامەیە پەیامەکەی ماندێلای لنگەو قوچ کرد، گەنجەکان جارێ چییان بەدەست هێناوە تا لە پارتی و یەکێتی خۆشببن و لێیان ببورن. ئەوان هێشتا لەسەرەتای خەباتی خۆیاندان، هەر کاتێکیش سەرکەوتن و سەروەری بۆ یاسا گەڕایەوە و دەسەڵات بە ئاشتییانە دەستاودەست کرا بیرێک لە لێبوردەیی سیاسی دەکەنەوە.

کەساندن و بە کەساندنی کێشە سیاسییەکان:

کەساندن و بە کەساندنی کێشەکانیش بابەتێکە کە کەسی یەکەمی بزوتنەوەی گۆڕان لەم ماوەیەدا بە گرنگییەوە دەیخاتە بەر باس. مەبەستی ئەو ئەوەیە کە ئەو کێشە و نالەباریانەی ئەمڕۆ لە کوردستانی هەرێم هەیە کێشەی کەسەکان نین بەڵکو کێشەی سیاسین و، دەکرێت چارەسەر بکرێن بێ ئەوەی پەنا ببرێت بۆ ناوبردنی کەسایەتییەکی سیاسی یان دەسەڵاتدار و، هەوڵبدرێت کێشەکان بکرێن بە کێشەی نێوان دەسەڵات وەکو مەنزومە و ئۆپۆزسیۆنیش وەکو مەنزومە، مەنزومە بە مانای پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی یان بە "کوردیەکەی" بڵێین حیزبێکی سیاسی یان چەند حیزبێکی سیاسی کە هەندێکیان لە دەسەڵاتدا و ئەوانی تر لە ڕکابەریدان.

ئەم کۆششەی نەوشیروان مستەفا بۆی هەیە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت و ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ڕابردووی سیاسی کەسە باڵادەستەکانی دەسەڵات و موعارەزەدا.

ئێمە دەزانین کە هەموو سەرکردەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەی کە ڕابردویەکی دورودرێژیان هەیە هەڵە و سەرسمی سیاسی کوشندەیان هەبووە چ لەبەرانبەر میللەت و لایەنەکانی تر و چ لە بەرانبەر دوژمندا و لە ئاست داوا ڕەواکانی کوردیشدا وەکو میللەت و خواستی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانیی، بۆیە گەر ئۆپۆزسیۆن کە سەرکردەکانی نەوشیروانی چالاکی شەڕی شاخ و عەلی باپیری خورماڵ و هەورامان و، دەسەڵات کە سەرکردەکانی مەسعود و جەلال و کۆسرەت و نێچیرڤانە بەهەمان شێوە ڕابردویان پڕە لە پاشقول و ماڵوێرانی لە شاخ و لە شەڕی ناوخۆدا، وروژاندن و بە کەساندنی کێشەکان یەکسەر هێخەی خۆیان دەگرێت و بۆی هەیە لە ڕووی یاساییەوە دووچاری زیندانیکردن و سزایان بکاتەوە بۆیە لەو ڕووەوە باش نییە کێشەکان بکەسێنرێن.

گەر لە دیدێکی مۆدیرنەوە لێکی بدەینەوە ئەوا بەکەساندنی کێشەکان دەبێتە هۆی بە لاوەکی کردنی کێشە بنەڕەتییەکان و بچوک کردنەوەیان لە کەسی سەرکردەکاندا.

کێشەیەکی زۆر گەورە و کاریگەر ڕووبەڕی ئەو بە کەساندن نەکردنە دەبێتەوە ئەویش بە هۆی دەسەڵات و کەسانی یەکەمی دەسەڵاتەوە. پارتی و یەکێتی لە ژێر سایەی مەسعود و جەلال دا کار لەسەر بە پیرۆزکردنی کەسی یەکەمی حیزب دەکەن و، بە تایبەتیش مەسعود بارزانی ناتوانێت بەبێ پیرۆزکردنی خۆیی و ڕێبازەکەی بارزانی بژی و کاریگەریی بمێنێتەوە. گەر حیزبەکەیی و دەسەڵات بە خۆی نە چوێنێت دەمرێت و دەبێت دەسەڵات دەستاودەست بکات.

ئەوە خودی مەسعود بارزانییە کێشەکان دەکەسێنێت بۆ ڕاکردن لە ڕووبەڕوبونەوەی ڕاستییەکان و وا دەریدەخات کە بە بێ ئەو کورد دەفەوتێت، بۆیە شەقام ناتوانێت دەستبەرداری کەسی ئەو ببێت و ناوی نەهێنێت.


چاودێری سیاسی:

چاودێری سیاسی بۆی هەیە هەرکەسێک بێت کە لێکدانەوەی بۆ ڕووداوە سیاسیەکان هەبێت، جا لە نوسیندا دەریبڕێت یان نا. لێکدانەوەکان بۆیان هەیە هەڵە بن بەڵام ئەوە لە پێگەی کەسەکە وەکو چاودێری سیاسی کەمناکاتەوە.

ئەوانەی وەکو چاودێری سیاسی خۆیان پێناسەدەکەن یان دەناسرێنرێن و قسەیان هەیە بۆ ڕوداووپێشهاتەکان زیاتر مۆرێکی پسپۆڕییان پێوە دەنرێت. پسپۆڕ بەو مانایەی کە ئاگادارن یان لە ڕێگەی خوێندن و خوێندنەوە و بەدوداچوندا بوون بە پسپۆڕ.

زۆر جار بە هەڵە ئەو کەسانە وەکو پەیامبەری یان نۆسترادامۆسی پێشهاتەکان و ئایندە لە ڕوداوە سیاسییەکاندا دەناسرێنرێن و چاوەڕوانییان لێدەکرێت،
ئەوە هەڵەیەکە و نابێت بەسەرمانا تێپەڕێت.

چاودێری سیاسی مەرج نییە پێشبینییەکانی بێتە دی، گرنگ ئەوەیە ڕوداوە سیاسییەکان بێ لێکدانەوە و شرۆڤەکردن تام و چێژی خۆیان یان لەزەتی بەدواداچونیان کەمدەبێتەوە و، ئەوەش لە ئاکامدا زۆرینەی خەڵکی لە بە سیاسی بوون یان بە سیاسیانە بیرکردنەوە دوردەخاتەوە و بەشداری سیاسیانەیان نامێنێت. بۆیە گرنگە بزانین کە مەرج نییە چاودێری سیاسی هەموو کات پێشبینی و بۆچونەکانی بێنە دی و وا دەرچن کە ئەو پێمانی دەڵێت چونکە ئاکامەکان زۆربەی کات پێشبینی نەکراون.

لە سەروبەندی لێدانی سەدامدا لە ٢٠٠٣ دا کاتێک ئەمەریکا و لایەنگرەکانی سەرگەرمی کۆکردنەوە هێزبوون بۆ لێدانەکە، زۆربەی چاودێرە سیاسییەکانی دنیا و خۆرئاوا وای بۆ نەدەچوون کە لە بەهاردا لە عێراق بدرێت، کەچی لە بەهاردا لە عێراق درا.
گەر نەهاتنەدی بۆچونەکانی ئەو چاودێرە سیاسیانە بخرایەتە بواری لێپرسینەوەوە دەبوو هەموویان کارەکانیان لەدەست بدایە بەڵام بەو جۆرە نییە.

لای خۆمان لەم کاتەدا ژمارەیەکی زۆر لە نوسەر هەن لێکدانەوە بۆ ڕوداوەکان دەکەن و لە بارەیانەوە دەنووسن و بە چاودێری سیاسی ناویان دەهێنرێت. ئەمە مانای بەشداری سیاسییانەیە بە نوسین. لە بواری هۆشیارکردنەوە و ڕاکێشانی تاکەکانی کوردستاندا بۆ ناو سیاسەت و بەشداری سیاسیانە کاریگەریی خۆی هەیە. مەرج نییە ئەوەی ئەوان دەیڵێن وا دەرچێت، بەڵام خۆ سیاسیەت و ڕوداوەکان ئەگەری زۆریان بۆ هەیە، بۆیە گرنگە ئەو چاودێرانە هەر چالاک بن و ورە بەر نەدەن گەر ڕوداوەکان بەو جۆرەش دەرنەچوون کە بۆی دەچن. گرنگ ئەوەیە ئەو نوسەرانە یان چاودێرانە بەشدارییەکی بەرچاویان لە سیاسەتدا هەیە لە دەرەوەی دامەزراوەی حیزبەکان و لە دەرەوەی هەژمونی سەرکردە پاتریارکەکاندا.

لە پرسیارێکدا کە ئایا نەوشیروان موستەفا پێی وایە کوردستان لە کام لە وڵاتەکانی تر دەچێت کە خۆپیشاندان و شۆڕشیان تێدایە وتی ئەوە جێدەهێڵێت بۆ چاودێرە سیاسییەکان و، هوشیار عەبدوڵاش وتی کە ژمارەیکەی زۆر چاودێر هەیە. ئەمە خۆی لە خۆیدا دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت، بەکاراکردنی چاودێرەکان و لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵیان و خۆدزینەوە لە وەڵامدانەوەیەک کە لەسەر خودی نەوشیروان بکەوێت یان وەکو ڕوانینێکی نێگەتیڤانە بۆ چاودێرەکان.


سەرئەنجام:

ئەو سێ چەمکەی ناونیشانی نوسینەکەیە لە لایەن گۆڕانەوە لەم دواییانەدا وروژێنراون و بۆی هەیە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ کراو ئاڕاستەکرابن. بەکارهێنانی نامەکەی ماندێلا بۆ هێورکردنەوە هەلومەرجەکە و نەبردنی بە ئاڕاستەیەکدا کە لەدەست گۆڕان دەربچێت وەکو ئەوەی لە حەڤدەی شوباتدا ڕووی دا و، خۆشکردنی ڕێگە بۆ نزیکبوونەوە لە پارتی و یەکێتی و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا و لەباربردنی ئەو بارگاویبوونەی نێوان پارتی و یەکێتی و شەقام کە هەیە. پێشنەکەوتنی ڕوداوەکان و هەوڵدان بۆ بوون بە ئەکتەر تیایدا لەبری بە جەمسەر بوون.

با ئەمە دوا بەش و کۆتایی نوسینی کردار و قسەکردن و شۆڕش بێت!

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە