کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كامەیان...ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس(ئاكانیوز) یاخود ماڵپەری پی یو كەی میدیا دزن؟

Thursday, 17/06/2010, 12:00


یەكێك لەو دیاردە دزێوانەی راگەیاندنی كوردی ئەوەیە هیچ شەرمێكیان پێ نییە بە ئاشكرا هەواڵو بابەت لە یەكتر دەدزن، هەر هەموو دەزگایەكانیش بە تایبەت دەزگای راگەیاندنی پارتیو یەكێتی ئەوەی دیكە بە سەرچاوەی دزی كردن تۆمەتبار دەكات، سەیرەكە لەوە دایە لە دوو دەزگای راگەیاندنی پارتیو یەكێتی هەواڵَ بە یەك شێوەو یەك شێوازی دارشتنو ریزبەندی ناوەكان دادەبەزێت كەچی هیچ كامێكیان پێ لەوە نانێنن كە هەواڵەكەیان زیوە، ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس(ئاكانیوز) پێی وایە باشتریان ئاژانسە لە كوردستان، كە بەدران ئەحمەد حەبیب لە دەیان كۆڕو كۆبونەوەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو بیرۆكەی دامەزڕاندنی ئاژانسێك تایبەت بە ناوی كوردستانی گەلالە كردووە، كەچی نەژاد عزیز سورمێی سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات لە لێدوانێكی پڕ زانیاری و راستگۆیی لە دوا ژمارەی هەفتەنامەی (رووداو) بەدران ئەحمەد حەبیبی بە درۆ خسۆتەوە، لەوەی كە لە ساڵی1993ـەوە بیرۆكەی دامەزڕاندنی ئاژانسێكی هەواڵ بۆ كوردستان لە رێگەی پرۆژەیەكەوە داوەتە پەرلەمانی كوردستان(بەدران ئەحمەد حەبیب شەكری خوارد)، سایتی پی یو كەی میدیا ـ ش كە خۆی بە ئاژانسێكی پرۆفیشناڵ دادەنێت كەچی ئەوان سەرچاوەی هەواڵ دزینن و خۆیان لێ بێ دەنگ كردووە، من رۆژنامەنووس نیم تەنیا خوێنەرێكم، بۆ ئەوەی ئاگاداری پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕپانی كوردستان بم رۆژانە چاودێری راگەیاندنی كوردی دەكەم لە باشووری كوردستان، بەڵام مخابن بەرپرسانی راگەیاندنی كوردی دزن لە هەواڵ و بابەتو سەرچاوەی زانیاری، ئەوەتا رۆژی16-6-2010 رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ) دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەیان لەسەر خەتەنەكردنی مێینە لە كوردستان بڵاوكردۆتەوە، ئەو ئامارانەی بڵاوكراوەتەوە مەترسیی زۆربوونی دیاردەی خەتەنەكردن لە كوردستان دەخاتەروو، ئێمە پەیوەندییمان بە باسی ئامارەكە نییە، بەڵكو ئەوەیە سایتی پی یو كەی میدیا و ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس(ئاكانیوز) ئەنجامی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكە بڵاوكردۆتەوە، ئەوەی سەیرە شێوازی دارشتنی هەواڵەكەو ریزبەندی ناوی سەرچاوەكان و پێش و پاشی پرسەكان وەك یەك وایە، بە پێی ئەو دارشتنە بێت هەردوو سایت هاوبەشیان لە گەل یەكتر هەیەو كەسێك بۆ هەردوو شوێن كار دەكات، بەڵام سەیرە لە دوو شوێن بابەت دابەزێت بە یەك شێوازی دارشتن جا نازانین ئایا ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس(ئاكانیوز) هەواڵەكەی دەقاو دەق لە پی یو كەی میدیا دزیوە یاخود بە پێچەوانەیەوە بۆ داوای روون كردنەوەی پێویست لە بەڕێوەبەرانی هەردوو دەزگا دەكەین، ئەگەر روون كردنەوەشیان نەدا، ئەوا لە مەودا نابێت هیچ كامێكتان ناو لە خۆتان بنێن سەربەخۆو پرۆفیشناڵو ئاژانس.
تێبینی: هەواڵی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكە كە لە هەردوو دەزگای راگەیاندنی یەكێتیو پارتی وەرگیراوە لە خوارەوە بیخوێنەوە.




له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هیومان رایس وۆچ باس له‌خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ ده‌كات


PUKmedia هێمن ئه‌مین شوانی 14:04:35 2010-06-16
ئه‌مرۆ 16-6 رێكخراوی (هیومان رایس وۆچ) له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی هۆتێل چوارچرای شاری هه‌ولێر، راپۆرتێكی به‌ناونیشانی (شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێیی مێنه‌ له‌ كوردستانی عیراق) خسته‌ڕوو.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌ره‌تا نادیه‌ خه‌لیفه‌ ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ روونكردنه‌وه‌ی له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی راپۆرته‌كه‌ خسته‌ڕوو وتی: ئه‌و راپۆرته‌ له‌ چه‌ند گوندێكی گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌و رانیه‌ ئاماده‌كراوه‌، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: به‌پێی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆی 521 ژن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 14 بۆ 22 ساڵیدا بووه‌ 40% ی خه‌ته‌نه‌كراون، هه‌روه‌ك به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی له‌ نێو 1408 ژن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 14 بۆ 19 ساڵاندایه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ 50% خه‌ته‌نه‌كراون.
وتیشی ئه‌و ئامارانه‌ ئه‌وه‌ نیشانده‌دن كه‌ خه‌ته‌نه‌كردن به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ كوردستان بوونی هه‌یه‌، رونیشی كرده‌وه‌ به‌پێی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌ ژنان كراوه‌ ده‌ركه‌تووه‌ كه‌ ژنان تێگه‌یشتنیان له‌ باره‌ی خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌و هۆكاره‌كه‌شی بۆ دابونه‌ریت و دیارده‌یه‌كی فۆلكلۆری و لایه‌نی ئاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی لایه‌نه‌ خراپه‌كانی ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ رووی ده‌روونی و عه‌قڵی و جه‌سته‌یی و سێكسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، بۆ بنه‌بڕكردنی خه‌ته‌نكردنی كچانیش له‌ كوردستان چه‌ند پێشنیازێكی خسته‌ڕوو، و داواشی له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه‌ كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان وه‌زاره‌ته‌كان پێك بهێنن، كه‌ كه‌سایه‌تیه‌ ئاینی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش به‌شداری تێدا بكرێن، هه‌روه‌ك یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌خه‌ته‌نكردنی كچان ده‌ربكرێت، داواشی له‌ دامه‌زراوه‌ جیاكان، به‌تایبه‌ت هۆیه‌كانی راگه‌یاندن كرد هه‌ڵمه‌تێكی فروانی هۆشیاری ده‌ستپێبكه‌ن.
له‌ كۆتاییشدا ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی توندتیژی دژ به‌ژنان و خه‌ته‌نه‌كردنی مێنه‌.
هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی ئاڵمانی ئاماژه‌ی به‌كاروچالاكی رێكخراوه‌كه‌یان كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی رابردوودا به‌ئاكامیان گه‌یاندووه‌، بۆ بنه‌بڕكردنی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ردانی 650 شوێنیان له‌ ناوچه‌ جیاكانی كوردستان كردووه‌، به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی كه‌ كۆیان كردوه‌ته‌وه‌ رێژه‌ی كچانی خه‌ته‌نه‌كراو له‌ كوردستان به‌م شێوه‌یه‌یه‌، له‌ هه‌ولێر 63%، سلێمانی 77.9%، گه‌رمیان 81.2%، هه‌روه‌ك رونیشی كرده‌وه‌ له‌ دهۆك رێژه‌كه‌ زۆر كه‌مه‌، به‌ڵام ئامارێكی وردیان به‌رده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، وتیشی خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ته‌نكردن زیاتر له‌ ناو ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی 30 ساڵیه‌وه‌یه‌، وتیشی هۆیه‌كانی راگه‌یاندن رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و دیارده‌یه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا مه‌لا عومه‌ر چنگیانی له‌ رووی ئاینیه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌كردن كرد و راگه‌یاند: به‌پێی شه‌رعی ئیسلام خه‌ته‌نه‌كردن واجب نییه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی وابه‌سته‌ی مه‌زهه‌بی شافعین، ئه‌و مه‌زهه‌به‌ش رێگه‌ی پێداوه‌، بۆیه‌ خه‌ته‌نه‌كردن له‌ كوردستان به‌ربڵاوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش هۆشیاركردنه‌وه‌ی زانایانی ئاینی به‌پێویست زانی، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی كه‌ زۆر وابه‌سته‌ی مه‌زهه‌ب نه‌بن، به‌ڵكو وابه‌سته‌ی ئاین بن، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شه‌رعیه‌تی ئیسلام خه‌ته‌نه‌كردنی به‌ ئه‌رك دانه‌ناوه‌.
له‌ كۆتایشدا شه‌نگه‌ ره‌حیم له‌ رێكخراوی هاریكاری قانونی ژنان ئاماژه‌ی به‌چۆنێتی هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كرد بۆ بنه‌بڕكردنی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ كوردستان.

************************
هیومان رایتس وۆچ: خەتەنەكردنی كچان لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەشێوەیەكی فرەوان پێڕەو دەكرێ
16/06/2010 14:09



هەولێر 16 حوزەیران/یۆنیۆ (ئاكانیوز)- لە هۆڵى كۆبوونەوەكانى هۆتێل چوارچراى شارى هەولێر، رێكخراوى (هیومان رایتس وۆچ) لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەیدا راپۆرتێكى بەناونیشانى (شێواندنى ئەندامى زاوزێیى مێینە لە كوردستانى عێراق)دا خستە روو.

سەرەتا نادیە خەلیفە ئامادەكارى راپۆرتەكە لە روونكردنەوەیەكدا گوتی "ئەو راپۆرتە لە چەند گوندێكى گەرمیان، هەڵبجە و رانیە ئامادەكراوە".

"بەپێى راپۆرتێكى وەزارەتى مافى مرۆڤى حكوومەتى هەرێم لە كۆى 521 ئافرەت كە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 22 ساڵیدا بووە 40% خەتەنە كراون، هەروەها بەپێى راپۆرتێكى رێكخراوى وادى ئاڵمانیایی لە هەزار و 408 ئافرەتی تەمەن 14 تا 19 ساڵ دەركەوتووە 50%یان خەتەنە كراون" خەلیفە گوتی.

هەروەها گوتی "ئەو ئامارانە ئەوە پێشان دەدەن كە خەتەنەكردن بەشێوەیەكى فرەوان لە كوردستان بوونى هەیە، بەپێى ئەو پرسیارانەى كە لە ئافرەتان كراوە دەركەتووە ژنان تێگەیشتنیان لە بارەى خەتەنەكردنەوە هەیە و هۆكارەكەى بۆ نەریت و دیاردەەی كۆن و لایەنى ئاینى دەگەڕێننەوە".

ئامادەكاری راپۆرتەكە بەمەبەستی بنبڕكردنی خەتەنەكردن چەند پێشنیازێكی خستە روو و داوای لە لایەنە پێوەندیدارەكان كرد كە كۆمیتەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەكان پێك بێنن كە كەسایەتیی ئاینی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریی تێدا بكەن و یاسایەكی تایبەت بەخەتەنەكردنی كچان دابنرێ و هەڵمەتی فرەوانی وشیاری لەوبارەیەەوە بەڕێوە بچێ.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەڕێوەبەرى رێكخراوى وادی ئاڵمانیایی ئاماژەى بەكار و چالاكییەكانی رێكخراوەكەیان كرد لە ماوەى 6 ساڵى رابردوو.

بەپێى ئەو ئامارەى رێكخراوی وادی كۆی كردووەتەوە رێژەى كچانى خەتەنەكراو لە كوردستاندا بەم شێوەیەیە، لە هەولێر 63%، سلێمانى 77.9%، گەرمیان 81.2%، و بەپێی روونكردنەوەكە لە دهۆك رێژەكە زۆر كەمە، بەڵام ئامارێكى وردیان دەست نەكەوتووە.

لە بەشێكی تردا مەلا عومەر چنگیانى لە رووى ئاینەوە خوێندنەوەى بۆ دیاردەى خەتەنەكردن كرد و گوتی "بەپێى شەریعەتی ئیسلام خەتەنكردن پێویست نییە، بەڵام لە كوردستان بەهۆى ئەوەى وابەستەى مەزهەبى شافعین، بۆیە خەتەنەكردن لە كوردستاندا بڵاو بووەتەوە.

لە كۆتاییدا شەنگە رەحیم لە رێكخراوى هاریكارى یاسایى ژنان ئاماژەى بەچۆنییەتی هۆشیاركردنەوەى ژنان و كۆمەڵگە بەشێوەیەكى گشتى كرد بۆ بنبڕكردنى خەتەنەكردنى مێینە لە كوردستاندا.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە