تیرۆرى دەوڵەت ترسناكترین جۆرى تیرۆرە
Tuesday, 07/01/2014, 12:00
بەچى ئەوترێ تیرۆر؟ بەكێ ئەوترێ تیرۆرست؟ قوربانیەكانى دەستى تیرۆر كێن؟ وەك دەڵێت تیرۆر لە هەڕەشەوە دەست پێ دەكات و بەكوشتن كۆتایى دێت، چەمكى تیرۆر هێندە شێوێنراوە زۆربەى جارەكان تیرۆرست و قوربانى لێك جیاناكرێنەوە! تیرۆر هەر تیرۆرە هەركەس پێى هەستێت، هەرلە تاكە كەسێكەوە تا كۆمەڵەو ڕێكخراو و حكومەتەكان.
تیرۆر چەكە ئاشكرا و نهێنیەكەى دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێى دەستى مرۆڤایەتیە، واتە تیرۆر تایبەت نیە نەبە گەلێك نەبە نەتەوەیەك ، وەك دەڵێن تیرۆر دینى نیە ، هەروەها تیرۆر ویژدان و ڕەوشت و یاساش ناناسێت، تیرۆر هەر لەبەرە بەیانى مێژووى مرۆڤایەتیەوە لە زهنیەتى مرۆڤدا ئامادەیى هەبوە، واتە هەر لەسەر هەڵدانى ژیان لەسەر زەوی ئەویش سەرى هەڵداوە.
وەك لەسەرەتاوە وتمان هەركەس لەهەر ئاست و بەهەر هۆكار و هەر ڕێكخرا و لەپەناى هەر شتێكدا و هەر حكومەتێك بەهەر بیانویەكەوەبێت ، پەنا بەرێت بۆ تیرۆر هەر تیرۆرە، بەڵام كوشندەترین شێوەى تیرۆر ئەو تیرۆرەیە كەلەپەناى یاسا و بەبەهانەى یاسا سەروەرى و پاشان خۆشاردنەوە لەپەناى یاسادا كوشندە ترین جۆرەكانى تیرۆرە، ئەو جۆرە تیرۆرانەش ئەوانەن كە حكومەت و دەزگاكانى و كەسایەتیەكانى ناو حكومەت پێى هەڵدەستن، چونكە لە كۆتایدا هەمو كارە تیرۆرستیەكانیتر بە هەڵهاتن و خۆشاردنەوە و ون بون و یان بە كوشتنەوە و كەوتنە دەست یاسا و سزا كۆتایى دێت، بەڵام كارە تیرۆریەكانى دەوڵەت بەئاشكرا و بە ڕۆژى نیوەڕۆ و بەبەرچاوى خەڵك و تەنانەت ڕاگەیاندنەكانیشەوە ئەنجام دەدرێت، لەوەش ناخۆشتر باباى تیرۆركراو بەتیرۆرست هەژمار دەكرێت، چونكە پێش كارەكە چەندین سیناریۆ بۆ ئاوەژوكردنەوەى هاوكێشەكە ئامادەكراوە. یان لەپەناى یاسا دەسكردەكانى دەوڵەت جۆرێك لە ئامادە باشى و شەرعیەتدان بەكردەوەكە بونى هەیە، ئالەوێدایە تیرۆركراوەكە دەبێت بەتیرۆرست و تیرۆرستەكەش دەبێت بە پیاوى یاسا سەروەرى!!! زۆربەى حكومەتەكان بەجۆرێك لەجۆرەكان لەو جۆرە تیرۆرەوە گلاون ، بەتایبەت وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەسەڵاتە شمولیەكان.
ئاخر تیرۆر بۆ ؟ بۆ دەبێت هەر گرێ و ئاریشە و شكست و پاشەكشە و تەنانەت بێ میزاجیەك بەیاسا یەكلایى نەكرایەوە پەنا ببرێت بۆ تیرۆر؟ بۆ دەبێت دواجار نەیارەكانمان بە تیرۆر بسپێرین؟ ئەى ئەمڕۆ سەر و بنى زمانى هەمومان سەروەرى یاسا نیە ؟ ئەى كوا ئەو سەروەریە ؟ خەڵكى چى بڵێت كاتێك نوسەرانى یاسا و پارێزەرانى یاسا بەبەرچاوى یاسا و ڕاگەیاندن و خەڵكیەوە خۆیان دژى یاساكانى خۆیانبن و پێشێلى یاساكان بكەن!
دووبارەى دەكەمەوە ترسناكترین جۆرەكانى تیرۆر ئەو تیرۆرەیە كەلە پەناى یاسادا ئەنجام دەدرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست