ریفۆرم لە پروپاگەندەی هەڵبژاردن
Tuesday, 05/05/2009, 12:00
نووسەرو توێژەرەوەى سوریایی جۆرج تەرابیشى لە كتێبى (هرتقات) دا دەڵێت "دیموكراسیەت بەر لەوەى لە سندوقەكانى دەنگداندا یەكلایی بكرێتەوە،،پێویستە لە سندوقى كەللەسەرەكانەوە دەستپێبكات،لەكاتێدا گەر هاتوو سندوقى كەللەسەرەكان هاوپشتی سندوقەكانى دەنگدان نەبوون ،ئەمە گوزارشت لە هیچ شتێك ناكات جگەلە پەڕینەوە بۆ ستەمكاریەكى نوێ ".
پرسیاری جەهەری لە دیموكراسییەتی كوردستانیمان لەو پرسییارە سادەوە دەستپێدەكات ، بەر لەوەی سندوقەكانی دەنگدان براوەوو دۆڕاوی گەمەی هەڵبژاردن یەكلا بكەنەوە، بۆچی سندوقی كەللەسەری پاڵێوراوان بە حزبو كەسایەتییەكانەوە بە هێرشو هەندێ جاریش سڕینەوەی ئەویدی دەستی پێكرد؟، بۆچی ئەم كەللەسەرانەمان هێندە ئامادو لەسەرپێن بۆ چونە ناو شەڕی ڕاگەیاندنو ریسواكردنی فكرو دەسكەوتەكانی ئەویدی جیاواز .
جارێ كۆمسێۆنی هەڵبژاردنەكان كاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی ڕانەگەیاندووە،كەچى دەركەوتەكانی ڕاگەیاندنی شەڕی ناوخۆى هەڵبژاردن بە ئاشكرا هەستى پێدەكرێت، ئاماژەكانى بە خائین و گەندەڵ تەماشاكردنی یەكتر لەدیمەنى سیاسیدا زەق زەق دەخوێندرێتەوە. بەنەفرەتى تەماشاكردنی بەرامبەر و تەشبیهكردنی هاورێیانی دێرینو كوڕی یەك سەنگەرو یەك رێڕەوی خەبات بە دوژمنی دوێنێو دامەزراوە فاشییەكانی، وخۆ گیڤكردنەوەو چاوسوركرنەوە، سرودو پیاهەڵدانو موزایەداتی سیاسی، دابەشكردنی لایەنەكانی ململانێ بەسەر بەرەی ڕەشو سپی، چاك و خراپ، ئەهریمەنو فریشتە، بێئەوەی بەڕوونى بەرنامەی هیچكام لە لیستەكان ببینین، لە ئێستاوە پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی بەرەو لاڕێ بردووە و مێشكى خەڵكیان قانگ داوە.
ئێمە لەبەردەم دوو شێوازی پروپاگەندەی هەڵبژاردنین ، یەكەمیان دەمانگەیەنێت بە عەدەمیەتی سیاسیو دەنگدەر دەباتە سەر كانیەكی وشكو هەموو دونیا دەكاتە مەرگەساتو جەهەنەمو گەندەڵستان،ئاكام شەریكی دزو رەفیقی قافڵە، لە نێو 18 ساڵی ئەزمونى سیاسى پاش ڕاپەڕین 18بەرد ناخەنە دەستی هاوڵاتیان ،
ئەوی تریشیان دەرگا بە ڕوی 18 ساڵ لە دروشمو دەسكەوتی سیاسیو كۆمەڵایەتیو ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانو سەرخانی كۆمەڵگا واڵادەكات، بەحەماسی شۆڕشگێری و نەتەوەیی، تەوزیفی سونبلەكانی شۆرش دەكاتو دەنگدەر دەباتە بەردەم دەرگای بەهەشتی دەوڵەتی نەتەوەیی، خەونێك كە لەكۆتاییشدا سیحری گوتارەكە لەیۆتوبیایەك بەتاڵدەبێتەوە، كە جارێ لە بەشێكی ئەم بەهەشتە ژنان ئاوی خواردنەوە بۆ كۆڵو گوێدرێژ بۆ ماڵەوە دەگوازنەوە.
ئەگەر ئەو بۆچوون و تێڕوانینە ڕاست بێت كە سەرتاپای سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان پێوستى بە ریفۆرمو گۆڕان هەیە، لەم قۆناغەشدا كە هێزەكان پێیەكیان ناوەتە ناو پرۆسەی پروپاگەندی هەڵبژاردن و پێیەكى تریشیان لە نێو پانتاییە جۆراوجۆرەكانى ڕاكێشانى سۆزى جەماوەردا بێت، ئەوا لەم كاتەدا ریفۆمێكی ترمان پێویستە ئەویش لەنێو ئاكار و شێوازی پرپاگەندەی هەڵبژاردن گۆڕانێك لە لێدوان و قسەكردنە لەسەر مێژوو و رابردوى كایەی سیاسیو حزبی و كەسایەتیە سیاسیەكان لەم هەرێمەدا.
چاوەڕوانی گۆڕانێكین لە دعاییەی حزبیو گروپەكان بۆ هەڵبژاردن، یەكەمیان لیستی جیاواز نەخاتە خانەی ئینقلابچیو بەرەكەی تریش بۆ چەند ساتێكیش بە بێ چاویلكەی ڕەش تەماشای دونیا بكات.
ریفۆرمێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن كە پابەندبێت بە ئیتیكو یاسای پرپاگەندەكانی هەڵبژاردن ،كە لەلایەن كۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە دەردەچێت ،بیكاتە خەریتەی رێگاو ئیتر دونیای لێنەبێت بە چەرمی چۆلەكە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست