کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌نفلۆ‌نزای داینه سوور(P74B66)

Friday, 18/12/2009, 12:00


وه‌ك زاناکان ئه‌ڵێن، ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزا گه‌لێ زیره‌که‌و هه‌ر زوو زوو خۆی ئه‌گۆڕێ و له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانێکیشدا له‌دژه‌که‌ی ، که‌ده‌رمانه‌که‌یه‌تی ،خۆی ئه‌پارێزێ و بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌ڵك تووشی ده‌رده‌ سه‌ره‌یه‌کی ئاڵۆز ئه‌کاو له‌زۆر جاریش چه‌ندین که‌س ئه‌کوژێ. ئێدی تا ئه‌و کاته‌ی له‌م ڤایرۆسه‌ حاڵی ئه‌بن ودژه‌که‌ی بۆ ئه‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وا خه‌ڵکی حه‌له‌و لای پێ ئه‌که‌و‌ێ ومناڵ و پیر قوربانی یه‌که‌مینن بۆ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ قورسه‌.

هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌، ئه‌نفلۆنزای مه‌گه‌ز په‌یدابوو، پاشان بوو به‌ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌، دواتریش گۆڕا به‌ئه‌نفلۆنزای به‌راز. خۆ له‌هه‌ندێ شوێندا ئه‌نفلۆنزای گیسك و مامزیش په‌یدا بوو. لێ له‌هه‌مووی خراپتر، ئه‌وه‌یه‌ که‌ئه‌ز باسی لێوه‌ ئه‌کاو خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م جاره‌ هه‌موو مه‌ردوومه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌وییه‌ی نه‌گرتۆته‌وه‌و، ته‌نها له‌تایه‌کی واره‌که‌ی داوه‌. ئه‌ویش بۆ نه‌گبه‌تی، ئه‌و تایه‌، به‌رکورد که‌وت. لێره‌دا ئه‌بێ بزانین که‌جیاوازی ئه‌نفلۆنزای مه‌گه‌زو باڵنده‌و ئاژه‌ڵان، گه‌لێ جیاوازتره‌، له‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای داینه‌سوور، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر چی هه‌ڵگره‌که‌ی داینه‌سوور بوه‌، لێ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستامان ئه‌نفلۆنزایه‌کی سیاسیه‌و له‌جیاتی مرۆ، یه‌خه‌ی جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگا ئه‌گرێ و هه‌ناسه‌ی لێ ئه‌بڕێ. خۆ له‌په‌رمانیش کورسیت پێ که‌م ئه‌کاته‌وه‌.

بۆچوون ولێکدانه‌وه‌ی زۆر هه‌یه‌ له‌مه‌ڕ پووکانه‌وه‌و بزربوونی هه‌تا هه‌تایی داینه‌سووره‌کان، هه‌ندێ له‌و زوولۆجیانه‌(زانستی ئاژه‌ڵناسی)، هۆکاره‌کانی نه‌مان وقڵپبوونه‌وه‌ی داینه‌سووره‌کان ئه‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆکارێک، که‌دایاره‌ زۆربه‌یان له‌شێوه‌ی ئه‌گه‌رو گریمانن، له‌وانه‌ هه‌ندێ ئه‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ گۆڕانێکی کوتوپڕی ژینگه‌، له‌کاتێکدا ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ ئه‌وه‌نده‌ خێرا ڕوویان داوه‌، گیانه‌وه‌ره‌کان، که‌له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ته‌نها داینه‌سووره‌کان ژیاوون ، نه‌یان توانیوه‌ به‌هه‌مان خێرایی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی ژینگه‌دا بگونجێنن وبۆیه‌ بۆته‌ هۆکاری فه‌وتاندنیان. هه‌ندێکی تر وای بۆ ئه‌چن، به‌هۆی به‌ریه‌ککه‌وتنی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌ك وله‌وانه‌ش ئه‌وانه‌ی داینه‌سووره‌کانیان له‌سه‌ر ژیاوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ، پله‌ی گه‌رما به‌شێوه‌ك به‌رزو نزم بۆته‌وه‌، که‌کاری نێگه‌تیڤی کردۆته‌وه‌ سه‌ر شێوازی هه‌ناسه‌ له‌و داینه‌سوورانه‌و نه‌یان توانیوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌شه‌ نوێیه‌دا مه‌مه‌ڵه‌ بکه‌ن وئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی خنکاندن ودواتر فه‌وتاندنیان.. هه‌ندێکی تر وای بۆئه‌چن که‌ هۆکاری نامانیان بۆ ئه‌وه‌بێ، که‌بڕی خۆراك گه‌لێ که‌می کردووه‌و له‌برساندا فه‌وتابێتن. وه‌ له‌هه‌مووی زیاتر ئه‌و بۆچوونه‌یه‌، که‌ ئه‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ شێوزای زاووزێ . دیاره‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا زانایان پێیان وایه‌، له‌کاتێکدا ئه‌و داینه‌سوورانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك قه‌ورای له‌شیان گه‌وره‌ بوه‌و له‌ژێر کۆنترۆڵی مێشکیان ده‌رچووه‌و که‌ دواجار مێشك نه‌یتوانیوه‌ جۆرو کاتی زاووزێ ده‌ست نیشان بکات وئه‌مه‌ش کارێکی گه‌وره‌ی کردۆته‌ سه‌ر نه‌مانیان.

ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ری به‌ڕێز پرسیار بکاو بڵێ، ئایا بۆ ئه‌م ئه‌نفلۆنزایه‌ ته‌نها له‌کوردی دا؟ له‌وه‌ڵامدا ئه‌ڵێین له‌به‌رئه‌وه‌ی کورد خاوه‌نی سه‌رکرده‌ی وه‌ك جه‌لال ومه‌سعوده‌، هه‌ر میله‌تێك سه‌رکرده‌کانی شێری ناوه‌وه‌و ڕێوی ده‌ره‌وه‌ بێ، بێ شك ئه‌م جۆره‌ ئه‌نفلۆنزایه‌ تووشی میله‌ته‌که‌یان ئه‌که‌ن. هه‌ر میله‌تێك سه‌رکرده‌کانی هزریان له‌ وورگیاندا بێ، میله‌ته‌که‌یان تووشی ئه‌م جۆره‌ ئه‌نفلۆنزایه ئه‌که‌ن، هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ك چاوساغی و کلك له‌قاندن و سیخووڕی بۆ دوژمنان بکات، ئه‌وا میله‌ته‌که‌یان تووشی ئه‌م جۆره‌ ئه‌نفلۆنزایه‌ ئه‌که‌ن، هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ك سازشی له‌سه‌ر مافی ڕه‌وای میله‌ته‌که‌ی کرد بۆ وه‌رگرتنی چه‌ند پۆست وپله‌و پایه‌یه‌ك ، ئه‌وا میه‌له‌ته‌که‌یان تووشی ئه‌م ده‌رده‌ کوشنده‌یه‌ ئه‌که‌ن، هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ك به‌ته‌له‌فۆنێك دوو خوێن شلکاو دروست بوونی ده‌وڵه‌ت به‌خه‌ونی شاعیرانه‌ بزانێ، ئه‌وا سه‌د له‌سه‌د میله‌ته‌که‌یان تووشی ئه‌م جۆره‌ ئه‌نفلۆنزایه‌ ئه‌که‌ن، هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ك دۆڕاندن لای سه‌رکه‌وتن بێ، نوشست لای پیرۆزی بێ، که‌وتن لای هه‌ڵسانه‌وه‌ بێ، دۆڵ لای کێوو شاخ بێ، به‌ڵێن لای له‌کورسی زیاتر پێباش بێ، ئه‌وا میله‌ته‌که‌یان توشی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ئه‌که‌ن.‌ بڕوانه‌، له‌ساڵی 2005 وه‌ کورد جگه‌ له‌ قه‌یره‌و ڕه‌به‌ن، هیچی تری به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌، واته‌ نه‌ی توانیوه‌ زاووزێ بکا. به‌مانایه‌کی تر وه‌ك داینه‌سووره‌کانی لێهاتوه‌. ئاخر میله‌تێك بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ نه‌زێ و نه‌وه‌یه‌ك په‌یدا نه‌بێ و ته‌مه‌نه‌کان نه‌گه‌نه‌ 18 ساڵ، ئه‌بێ جگه‌ له‌م لێکدانه‌وانه‌، چی دی هه‌ڵبگرێ؟ شارێکی وه‌ك به‌غدا، له‌ساڵی 2005 وه‌ به‌هه‌موو پێوه‌ره‌کان، ئه‌بوو که‌می بکردایه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر شه‌ڕوو شۆڕو خه‌ڵك ده‌ربه‌ده‌ربوون و نه‌خۆشی وناهه‌مواری، که‌چی له‌چاو شارێکی وه‌ك سلێمانی، سه‌یر ئه‌که‌ی به‌غدا چه‌ندین جار زیادی کردوه‌و شارێکی وه‌ك سلێمانی که‌می کردوه‌. ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌کانی مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و دوو خۆفرۆشه‌ پێیان هه‌زم بکرێ، ئه‌گینا کار وا بڕوا، له‌چوار ساڵی داهاتوودا، که‌سێ نامێنێته‌وه‌ ناوی کورد بێ، ئه‌بێ وه‌ك داینه‌سووره‌کان به‌دواماندا بگه‌ڕێنن. خۆ بۆ په‌رله‌مانی داهاتووش له‌جیاتی کورسی ، باله‌ ئێستاوه‌ هه‌ریه‌که‌ دۆشه‌که‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رێ وله‌سه‌ر عه‌رزه‌که‌ دانیشن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە