پەردەپۆشکردنی تاوانەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە
Monday, 22/07/2013, 12:00
1386 بینراوە
بۆ یەکەمجارە ئەو نهێنیە ئاشکرا دەکەین کە پروپاگەندەکانی دەسەڵاتی حیزبیی کە مێروولە بە دیواردا هەڵدەگێڕن و فیل دەکەنە مشك تا ئێستا هەلی خۆشباوەڕیی میللەتیان قۆستۆتەوەو بۆیان چووەتە سەر، ڕاشکاوانە جار نیە خیانوت و تاوانی گەورە بە ئەنجام نەگەیەنن و پێچەوانەکەی ئاشکرانەکەن و تەنانەت هەندێك جار خۆشیان بە مافخوراو باس نەکەن.
ڕاستی تیرۆرکردنی تەهای کەریمی لەبەردەم دادگای سلێمانیدا لە لایەن کەسێکی فەیلی خانەقینیەوە دەخەینە ڕوو کە نەك بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بووە، کاتێك ئەم تیرۆرستە سەر بە ئێرانەی پاڵپشتکراوی لۆجستی لە لایەن دەسەڵاتی مافیاو ئینتیهازی کوردستان و سلێمانیەوە کە لەلایەن چەند شەقاوەیەکی خانەقیانیەوە کە تا ئیستاش خۆیان لە پاڵپشتی و ئینتیمای شیعەگەرێتی دانەبڕیوە(وەك دەزانین زۆربەی فەیلیەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا دەنگیان بە مالیکی دا) ، کاتێك تاوانکار لەلایەن پۆلیسەکانی دادگاوە دەسگیرکرا وتبوی من دوژمنایەتیم هەیە لەگەڵیدا، بەڵام بەداخەوە هەر زوو پەردەپۆشی باسەکە کراو گۆڕدرا بۆ ڕووداوی هاتوچۆ!
ئەمە سوکایەتیە بە یاسا و خۆڵکردنە چاوی خەڵک تا نەگوترێت ئەمە دەسکەوتەکانی ئەم دوو حیزبە ئیرهابیەیەو ئەمە شکۆی یاسایە، وەك چۆن تا دوێنێ بوو جەبار فرمان و هاوشێوەکانی لاوەکوردە دڵسۆزەکان(کە گەورەترین داهاتی هەر میللەتێکن) بە تەور دەکوشتن، ئێستاش گڵۆپی سەوز هەڵکراوە بۆ ئیتلاعات تا بە ئارەزووی خۆیان پاکتاوی ئەوانە بکەن نایانەوێت چیدی بژینو چالاکییان هەبێت!
کوڕەکەی مەلا بەختیار هەر سوکایەتی بە دکتۆر نەکردووەو کەراماتی نەڕوشاندووە، بەڵکو پێش ماوەیەك وەك نە ناسراوێك بە ڕەفتاری قێزەون و دوای سەرخۆش بونی دەسگیردەکرێت، هەر زوو هێزێکی ئامادە بنکەی پۆلیس دەپێچنەوەو بە گوندەیی و دوای هەڕەشەو جوێنێکی زۆر بەڕەڵای دەکەن.
ئەم حاڵەتانە بووەتە بارێکی ئاسایی لای تاکی کوردی فلیقاوە، کە هەر ئەوەی بۆ ماوەتەوە بەردەوام لە شەڕەسەگدا بێت بۆ پەیداکردنی پاڕووە نانی ڕۆژانە و زۆران لەگەڵ گرانی بازاڕداو کاروباری نیشتمان و وڵات و نەتەوە تەسلیمی ئەو ناپاکانەی بکات، دوای بێ هیوا بوون لە ئۆپۆزیسیۆن کە لە گێژاوێکی داخراوەدا لە خولگەی حیزبی دەسەڵات دەخولێتەوەو بێ هەڵوێستییان لە کپ کردنەوەی ڕاپەڕینی شوبات بووە هۆی چەکەرەکردنی زڕداری بێهیوایی لە ناخی زۆربەی تاکی کوردا.
ئەم سیاسەتی چەواشەکاری و پەردەپۆشی کارەساتانەو بادانی بە لایەکی تردا هەر پیشەی ئەم دەزگا داپڵۆسێنەرە شۆڤێنیانە بووە، وەك چۆن زانای قایمقامیان لای خەڵك کرد بە مردوو تا مەلەفی لێپرسینەوەی گەندەڵی دابخرێت و ئەویشیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردو دواتریش خێزانەکەیان ڕەوانە کرد بۆ لای ئەو، کەچی تا ئێستاش کەسانێك هەن شین بۆ ئەو قایمقامە نەزیهە دەگێڕن!
یان وەك چۆن لە کاتەکانی راپەڕینی شوباتدا 5 زیندانی داماویان دەرهێناو کوشتیانن و وایان نیشانی خەڵک دا ئەمانە تیرۆریستن و دێن سلێمانی داگیر دەکەن و لەو کاتەشدا خەڵکێکی سادەی زۆر بڕوای بەم پروپاگەندەو تاوانە کرد.
هەر ئەم دەسەڵاتە بێمۆڕاڵەیە نووسەرانی ئینتیهازی و شۆڤێنی وا گۆش دەکات کە ئازادی لە خەڵك بسەننەوە کاتێك خەڵکی ئەو کتێبانەی موڵکی خۆیانەو ڕۆژێك لە ڕۆژان بە پارەی خۆیان کڕیویانە وەك هەڵوێسگێکی ڕەفزو ناڕەزایی بیسوتێنن، کەچی ئەوان تەنانەت ئەمەش بە ڕەوا نازانن بۆ خەڵکانێك بیانەوێت تەعبیر لە ئازادی شەخسی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی تەعدایان لە موڵك و ماڵ و سەرو سامانی هیچ کەسێك کردبێت، ئەوەی گۆجانەکانی دەسەڵات ناتوانن زاڵ بن بەسەریدا ئەو ڕقەی ناخی دڵی جەماوەرە لەو قەزەمانەی دەبنە پاڵپشتو رازانەوەی دەسەڵاتی مافیاو گەندەڵ.
ئابەم جۆرەیە حەیای سیاسی کە تکا هەڵناگیرێتەوە و ئێدی چیتر بابەتێك نامێنێتەوە هێڵی سووری بەدەوردا کێشرابێت جگە لە بەرژەوەندی و کێشمەکێشی فرتوفێڵی مانەوەی دەسەڵات.
سویسرا- ٢٢/٧/٢٠١٣