کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


بیرەوەریەكم لەسەرەتاى راپەرین؟

Thursday, 06/03/2014, 12:00

1640 بینراوە


وەكو هەموو بۆنەو یادەكانى تر،هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە بەنیازن راپەرینیش بكەن بەموڵكى خۆیان،پۆزى ئەوەمان بەسەردا لێ بدەن كە ئەوان بوون رژێمى بەعسیان وەدەرنا، نیشمانیان لەگورگە بۆرەكان پاك كردەوە، بەڵام گەر بێتە سەر ئەسڵى مەوزوع و، بەویژدان و بێ لایەینەوە بتەوێت ئەو راستیەت بۆ دەربكەوێت،ئەوا دەگەیتە ئەو ئەنجامەى كە راپەرین هەموو چین و توێژەكانى تێدا بەشداربوون ،كەمترین پشك و بەشداریش بەر هێزى پێشمەرگە دەكەوێت. من وەكو خۆم سەبارەت بەو پرسە چەند راستى و شتگەلى نەزانراو ئەخەمە روو ، پێشمخۆشە هەر بەڕێزێك پێشمەرگە یان بەرپرس بەدرۆم بخاتەوە و بەبەڵگەوە بیسەلمێنێت كە هێزى پێشمەرگە كاراترین رۆڵى هەبوە
پاش تێكشكانى رژێمى سەدام و هەڵهاتنى خەڵك لەسەربازى،منیش یەكێك بووم لەو هەڵهاتوانە و، لەگەڵ كۆمەڵێك خزم وناسیاو و برا،برٍیارماندا كە وڵات بەجێ بهێڵین و رووبكەینە ئێران ، بۆئەوەش رومان كردە ناوچەى بتوێن و لە ئۆردوگاى حاجیاوا ،لەماڵى ناسیاوێك كەموستەشارى رژێم بو بەناوى(محەمەدى مەلا شەریف) رێوشوێنى ئەو رۆیشتنەمان رێك دەخست ،بەجۆرێك لەگەڵ قاچاخچیشدا رێك كەوت بووین كە لە وەخت و سەعات خۆیدا بمان گەیەنێتە ئەودیو. بەڵام بەهۆى زۆرى باران و هەڵسانى ئاوى چەم و رووبارەكان و نەبوونى بوار بۆپەڕینەوە، قاچاخچیەكان هەموو جموجوڵێكیان راگرتبوو. بوهۆیەوە سەفەرەكەى ئێمەش دواكەوت.
ئێوارەیەكیان كاتى دونیا تاریك بوون، یەك دوو كەسى نامۆ هاتن بۆ ماڵى (محەمەدى مەلا شەریف) پاش پرسیار و سۆراخ، زانیمان ئەوانە پێشمەرگەن وبەرپرسەكەیان ناوى سلێمانە كوڕى عەلى ئاغاى مەنگوڕە، نامەى یەكێتى هێناوە بۆ موستەشارەكان و داواش لە(محەمەدى مەلا شەریف) كراوە كە ئەو نامانە بگەیەنێتە دەست ئەنوەر بەگى بێتوانە و یەك دوو كەسى دیكەش. كەپرسیاریان لێكردبوو، بۆچى تەنها هەر ئەو هاتووە پێشمەرگەى دیكەى لەگەڵدا دانەبەزیون؟ لەكاتێكدا سوپا و هێزى سەربازى تەواو تێك شكاوە وشیرازەى نەماوە، لێك هەڵوەشاوە .ئەو پیاوە راست و رەوان وتى: كاكە گیان شۆڕش زۆرئەترسێت و متمانەى بەكەس نى یە، ئەوەشى دەیكات وەكو گرەو ویانسیبێكە ئەگەر بردیەوە ئەوا خۆى دەكاتە خاوەنى ،ئەگەریش وەكو ئەنفال و هەڵەبجە و سەرجەم شكستەكانى دیكە نوشستى هێنا ،ئەوا دەیسوێت بەسەر كەسانى دیكە و رژێم دا، بۆئەوەش هەستاون نامەیان بەكەسانى وەك ئێمەدا ناردووە ،وەكو خزمایەتى و عەشیرەت و ناوچەگەرێتى. لەبەرخاترى ئەوە زیانمان پێ نەگەیەنن
رۆژى 3/5 هەواڵمان پێگەیشت كە رێگاى رانیە چوارقوڕنە گیراوە، لە چەند كۆڵان وگەڕەكێك شەڕت تەقە لەنێوان حكومەت و چەند چەدارێكدا رووى داوە. پاشان هەواڵەكە راست بۆوە كە كەسێك ئامرسریەى هێزى خەفیفە(جاش) بەناوى(عەلى نەبى) و خۆى و سریەكەى لەحكومەت هەڵگەڕاونەتەوە و مقەرى بەعس و ودەزگا سەركوتكەركانیان داگیركردوە،رانیە كەوتۆتە دەست خەڵك. پاش ئەوە وەزعى ناوچەكە بەجارێ شێوا و حكومەت كەوتە خۆ، هێزێكى گەورەى رژێم لە ناوچەى چوارقورنە بوو ،ئەگەر هەڵە نەبم پێیان دەگوت فیرقەى 24 . بۆئێوارە كەى حاجیاواش رزگار كرا وئەو بارەگا و بنكەى پۆلیسەى لێى هەبوو گیراو سەرجەم چەكدارەكانى ناوى كوژران .ئەوشەوە تابەیانى لێرەو لەوى زرمە وتەقە دەهات، بەڵام راپەرین هەر لە رانیە مایەوە قەتیس ما، خەڵك زارەترەك بووبون، لەوە دەترسان كە حكومەت بەهێزێكى بێشومارەوە هەڵكوتێتە سەر رانیە و، بەچەشنى قەلادزێ وسەنگەسەر خاپورى بكات و خەڵكەكەشى ئەنفال و سەرەنگوم بكات. لەو كات وبارە ناسكەدا،كە میللەت تەواو پەرێشان وبێ حاڵ بوو، چونكە هیچ رێگەیەك نەبوو بۆ دەرباز بوون، هەرچوار دەورى شارى رانیە تەنرا بوو، چەند مەتر لەپاش سنورى ئیدارى رانیە بە ناوچەى قەدەغەكراو ئەژمار دەكرا.كەچى تاكە یەك پێشمەرگەش ، جگە لەوانەى كەوەك و خزمایەتى و ناسیاویەتى پێشتر هاتبوون، یەك كەسى دیكە نەدەبینرا.
بەیانى كەرۆژ بۆوە لەوماڵەى كەتیایدا بووم ماڵى (محەمەدى مەلا شەریف) زۆرێك لە خەڵكان وچەكدارانى ئەو ناوچەیە كۆببونەوە، بۆ ئەوەى چى بكەن و چى نەكەن؟ بۆپشتگیرى لەخەڵكى راپەڕیوى رانیە و شپرزەكردنى حكومەت وگورز وەشاندنى زیاتر، لەكاتژمێر دەى بەیانى رۆژى 6/3 بڕیاردرا كە هێرش بكرێتە سەر فیرقەى چوارقوڕنە، بۆمیّژوو دەیڵێم، ئەو هێزەى كە فیرقەى ناوبراوى رزگاركرد لەسێ تا چوار پیشمەرگە زیاتر تیایدا بەشدار نەبوون، هێرش و پەلاماربۆسەر فیرقە كرا و،لەماوەیەكى كەمدا كەوتە دەست خەڵكى راپەڕیو .ئێمە لەناو فیرقەدابووین كاتێكمان زانى كۆپتەر بەسەرمانەوەیە، وەك باسدەكرا بۆ رزگاركردنى قائید فیرقە و ئەفسەرە باڵاكان هاتبوو ،بەڵام درەنگ گەیشت و پێ رانەگەیشت، بۆیە لەئاسمانەوە چەند دەسڕێژى وتەقەى كرد ،ئیدى لەوناوە دووركەوتەوە. ئەوەى كەلاى من سەیربوو لەو هەڵمەتەدا زیانى گیانى زۆر كەم بوو،دەتوانم بڵێم هەر نەبوو،لەلایەن رژێمیشەوە چەند سەربازێك پێكرابوون، ئەگینا وەكو كوژراو شتێكى وام نەبینى وبەرچاو نەكەوت.
پاش قەسفى كۆپتەرەكان و دەنگۆ و دیعایەى ئەوە بڵاو بۆوە كە رژێم لەقۆلى كۆیە و سلێمانى وبێتواتە، خەریكى خۆسازدانن بۆ هێرشكردنەو گرتنەوەى ئەو ناوچانە. ئەوەبوو خەڵك تەواو ترسى لێ نیشت،هەمویان بەپەلە پڕوزێ ماڵ وحاڵیان بەجێ هێشت و دایانە ئەو كەژو كێوە،ئێمەش بەپێچەوانەوە گەراینەوە نا حاحجیاوا و بۆ هەواڵپرسین و دەنگوباس سەردانى چەندین ماڵى ناسیاومانكرد ،بینیمان كە زۆربەییان لەسەرنان خواردنەكە هەڵاتون و خواردنەكەیان بەجێ هێشتوە. من و برادەرەكانیشم ،ئەوەمان بەهەل زانى و، زانیمان ئەم بەزمە درێژە دەكێشێت و، رژێم وابەسانایى واز ناهێنێت، چوین تەنەكە و قابلەمەو سەتڵمان پەیدا كرد زۆرێك لەو خواردنانەمان عەمباركرد و شاردمانە بۆ كاتى برسێتىو لێقەومان. پاشانیش زۆر سودمان لێ بینى ؟
شەڕ هەر بەردەوام بوو، رەبایە و خاڵ و بازگەكانى رژێم لێرەو لەوى تەقەیان دەكرد. یەك دوو مودەرەعە وناقیلەى ئەشخاس بەرەو دواوە بۆلاى كانى ماران و قەرنیاغا بەدەم تەقەوە پاشە كشەیان دەكرد. بریاردرا(بڕیارەكە لەلایەن جاشەكانەوە) درا،كە بچین بۆ ئەو شەڕە وتەعقیبى ناوچەكە بكەین ، لەو شارۆچكە دەیان هەزار كەسیەدا دە كەس نەمابۆوە بۆ بەرگرى پشتگیرى، تەنها وتەنها توانیمان پێنج كەس كۆبكەینەوە بچین بۆ ئەو ناوچەیە. لەنزیك گردجان لەگەڵ مودەرەعەوە ناقیلەكاندا كەوتینە شەڕەوە، لەلایەن ئاربیجى هاوێژەكانەوە تێكشكێندرا، تا دەوروبەرى هیزۆپ سوپاى دوژمن نەبینرا،لەویش سەربازگەیەكى بچكۆلە هەبوو، بۆ بەیانیەكەى واتە 7/3 ئەوشوێنە و تا نزیكى چنارۆك و دەوروبەرى كۆیە پاككرانەوە. شەر و تەقە و زرمەى هاوەن و دۆشكە هەر لەدوورەوە دەهات
بۆ سبەى ئێوارەى 7/3 بوو بەتەقەى خۆشى و وتمان چى بووە، پێیان راگەیاندین كە هێزى پێشمەرگە هاتۆتە ناو شارى رانیە و نەوشیروان و یەك دوو بەرپرسیان لەگەڵدایە.واتە هیچ نەمابۆ وە میللەت و چەكدارە هەڵگەڕاوەكان(جاشەكان) هەمویان ئازاد كردبوو.
ئەمە بەشێكى ئەو راپەرینە بوو كە خۆم تیایدا بەشداربوم، روداو بەسەرهاتەكانم بینیوە، لەسلێمانى و ئەمنە سورەكە و زۆر شوێنى تریش وەكو بیستومە وبۆم باسكراوە هەروابووە، ئەوەتا تازە بەتازەش خودى نەوشیروان مستەفا پەردەلەسەر ئەوە هەڵدەداتەوە كە راپەرین میللەت كردى و پێشمەرگەش هاتە سەر حازرى.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)