کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


تامین خانى هاوسەرى كاكە حمەى حاجى محمود،ملازم حەلیم یەكەم ژنى شاخ بوو تۆ نا !!

Monday, 30/03/2009, 12:00


كوردستان پڕیەتى لە لق وڕێكخراوى ژنان و ئافرەتان ، هەر یەكەشیان بە شێوەى جۆراوجۆر داكۆكى لە ژنان ئەكەن و كۆڕوسیمینار لە سەر مافى ئافرەت ئەبەستن ، وە زۆر ژنى شاخیشمان هەیە ئەمڕۆ بە هەڕەمەكى كراون بە ژنى شاخ ، بەڵام بۆ ساتێكیش شاخیان نەبینیوە ، ئەوەى مایەى نیگەرانیە تا ئێستا لە ناو ئەم هەموو زۆریى بۆریەى ڕێكخراوەكانى داكۆكیكار لە مافى ئافرەت نەیانتوانیوە ، بە دواى ژنە شۆڕشگێڕەكانى شاخدا بگەڕێن و بە شانازیەوە باسى ڕۆژە سەختەكانیان بكەن و بیانكەن بە سیمبولێك بۆ ئەمڕۆیى كوردستان و لە ناو دەسەڵاتى ئێستاى كوردستان شانازیان پێوە بكەن ، هەر بۆیەش واى لێهاتوە هەر كەسە و مێژویەكى دورودرێژ بۆ خۆیى تۆمار بكات و كەسە ڕاستەقینەكانى ڕۆژانى سەختیش لە ناویا نقوم ببن ! من مەبەستمە شتێكى مێژویى وەك خۆى باسبكرێت و سەرى نەوەكانى ئێستا لە زانیاریەكان نەشێوێنین ، دیارە لە دواى گەڕانەوەى (خاتوو تامین كاكە سوور)ى هاوسەرى كاكە محمدى حاجى محمود لە دەرەوەى وڵات كە لە دواى ڕاپەڕین كوردستانى بەجێهێشتبوو ، پێشانگایەكى وێنەى ڕۆژانى شاخى كردەوە و زۆرترین وێنەى بیجیاوازى لایەنە سیاسیەكان تێیدا نمایش كردبوو ، ئەمەش جێگاى دەستخۆشیە و بۆ نەوەى ئێستاش خستنەڕووى مێژوى ڕابردووى ژنان و هەمیش گەلەكەمانە ، ئیتر چەند دیمانەیەكى لە گۆڤاروڕۆژنامەكان لەگەڵ سازدرا ، بەڵام بەداخەوە ئەوەى مایەى نیگەرانى بوو شێواندنى مێژوى ژنانى شاخ بوو ، خاتوو تامین لە ژمارە 23ى گۆڤارى هۆنیا ئەڵێت " تەنها ژنێك كە بە فیعلى پێشمەرگە بووبێت من بووم كە لەگەڵ پێشمەرگە پیاوەكاندا بەرانبەر دووژمن شەڕم كردووە و هاوكاریان بووم ، كە چوشم ئەوكات خێزانى دكتۆر على لەوێ بوو بەڵام پێشمەرگە نەبوو " بەڵام خاتوو تامین پێت ئەڵێم تۆ لە شاخ بوویت بەڵام چۆن ئەم هەقە بە خۆت ئەدەى كە لە تۆ زیاتر كەسى تر لە شاخ نەبووە بۆیە فەرموو مێژوى یەكەم ژنى شاخ بزانە و بیناسە كە لە پێشانگاكەشت وێنەى لێنەبوو ، وە ئەوەش بزانە زۆر ژن لە چواردەورى مقەڕاتى پێشمەرگە لە ناو قەسفى سەختى ڕژێم بوون ، نەوەك هەر تۆو ئەو كەسەى ناوت هێناوە ، یەكەم ژنى شاخ (حلیمە سۆفى ملا) خەڵكى گوندى ماونانى دۆڵى باڵەیان بوو ، بە ملازم حلیم ناسرابوو ، ئەم خاتوونە لە ساڵى 76 یەكەم مەفرەزەى سەرەتاى بوو ، دواتر كە براكەى ، لە یەكەم داستانى شۆڕشى نوێ لە كەڵەكى باڵەیان شەهید بوو ، ئەم خاتوونە تەرمى براكەى خۆى لە چالاكیەكى شەوەزەنگ لە دەستى ڕێژم هێنایەوە ، كە لە دواى شەهید بوونى بەدواى سەیارەوە راكێشرابوو ، ئەم خاتوونە تا ڕاپەڕینیش هەر پێشمەرگەیەكى چالاك و دیار بوو ، بۆ بەڵگەش ساڵى 2008 ڕووبەڕوو لە سەردانێكم ، لە هێرۆ خانم پرسى لە وەڵامدا ووتى " نامەوێ غەدر لە ملازم حەلیم بكەم چونكە لە پێش من لە شاخ بوو ، وە لە كەناڵى كوردساتیش لە دیمانەیەكى هێرۆ خان باسى ئەم خاتونە یەكەم ژنە پێشمەرگەى شاخى كرد ، بۆ زیاتر زانیاریشت ملازم حەلیم لە هەرێمى 7ى باڵەكى سواراغا و لە قوەتى كارۆخ و تیپى 78ى كارۆخ و تیپى 74 باڵەك پێشمەرگە بووە و ئامر كەرتیش بوو ، ئێستاش هەمان پلەى شەهیدانى پێدراوە ، ئیتر من ئەوەى تریان بۆ هاوڕێ و كەسانى نزیكى لە شاخ جێئەهێڵم ، وە بۆ ڕێكخراوى ئافرەتانیش با خۆیان بە دواى مێژوى ڕاستى ژنانى شاخەوە بڕۆن ، بە خاتوو تامینیش ئەڵێم تۆ ژنێكى شاخى بەو شێوە مێژووى ژنانى شاخ بشێوێنى ، ئەى چى بەوانە بڵێن كە هەر لە شاخ نەبوون .

[email protected]
ڕاستكردنەوەى هەڵەیەك سەبارەت بە بابەتى یەكەم ژنى شاخ ..
 
 لە بابەتى (تامین خانى هاوسەرى كاكە حەمەى حاجى محمود) هاتووە ، هەرێمى 7 بە سەرپەرشتى سواراغا ، برایەكمان لە كەنەدا لە ڕێگاى ئیمەیلەوە ئەم هەڵەیەى بۆ ڕاست كردینەوە ، كە هەرێمى 7 قادر خەبات ئامر هەرێم بووە ، نەك سواراغا ، لێردا داواى لێبوردن ئەكەم ، بەڵام ئەم زانیاریانەى وەرمگرتبوون ، لە براى ملازم حەلیمەوە پێم گەیشت . ئیتر دووبارە داواى لێبوردن لە كاك قادر خەبات دەكەم و سوپاسیش بۆ كاك شوان چاوشین لە كەنەدا .
   شوان وەسانى
  ڕانیە          

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە