گوللەی کورد یان گوللەی عەرەب؟
Sunday, 24/04/2011, 12:00
لە مێژوودا نەبووە سەرکردەی میللەتێک ئەوەندەی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تەراتێنیان بە هێنانی لەشکری بێگانە و دوژمنان کردبێت و بەریان دابێتە گیانی میللەتی خۆیان.
کورد قوربانی زۆری داوە کە بۆ ئەوە بووە دەوڵەتی خۆی دامەزرێنێت و، لە سایەی دەوڵەتی دیموکراتیی خۆیدا ژیانێکی تێر و تەسەل و پڕ کەرامەت بژی.
پارتی و یەکێتی کە خۆیان وەکو پێشڕەوی کورد داناوە و چارەنوسی کوردیان بەرەو لاڕێگە و دەردیسەری بردووە، دەبوو زۆر دەمێک بێت لەلایەن ئەو میللەتەوە بناسرانایە و، بزانرایە بایی چەندن و چییان لە هەگبەدایە. پاداشت بۆ ئەو ڕەنج و ماندوبون و قوربانیانەی کە کورد بەختی کردووە تەنیا یەک شتە ئەویش ئازادی و دیموکراتی و ژیانێکی پڕ سەروەریە و هیچی تر.
جەلال و مەسعود سەرکردەی هەر میللەتێکی تر بونایە دەمێک بوو شاربەدەر کرابوون، بەڵام میللەتی ئێمە لەو مەسەلەیەدا نەک سەرکەوتوو نەبووە بەڵکو ئەوانەی وەکو پاڵەوانی نیشتمانی لەبەرچاو گرتووە.
ئەو دوو جەنابە نیوسەدە زیاترە، لە شاخ بووبێتن، پەناهندە بووبێتن، لە شار بووبێتن، جاش بووبێتن یان شۆڕشگێڕ ئەوا وەکو پادشای بێ تاج حوکمیان کردووە و، لە پادشا موتڵەقەکان دەسەڵاتیان زیاتر بووە و بڕیاری ژیان و مردنی تاکەکانی میللەتی ئێمەیان داوە.
کار گەیشتۆتە ئەوەی کە ئەو دوانە ئەوەندە لە گوێلەمستەکانی خۆیان دڵنیابوون کە ئەگەر یەکێک لە دەرەوەی وڵاتیش دژیان قسەی کردبێت پەیامیان بۆ ناردووە کە ئەگەر بێدەنگ نەبێت چەقۆکێشیان زۆرن کە دانیشتووی ئەو وڵاتانەن و ئامادەن تەمبێیان بکەن!
میللەتی ئێمە تا ئەمڕۆ دەبوو لە هەموو کات دڵنیاتربوایە کە ئەو دوانە سڵ لە هیچ ناکەنەوە و، ئامادەن کام ڕێگەیە نەشیاوە پەنای بۆ بەرن بۆ مانەوەی خۆیان. بۆیە گرنگە کورد خۆی لەو حاڵەتە دەرونییە ڕزگار بکات کە وا بزانێت لەبەر ئەوەی قوربانی داوە ئەوا جەلال و مەسعود خۆیان لادەدەن یان سڵدەکەنەوە لە هێنانی لەشکری عەرەب، فارس یان تورک بۆ ئەوەی بەری بدەنە گیانیان.
میللەتی ئێمە دەبێت خۆی لەو نازکردن و تەلیسمانە ڕزگار بکات کە گوایە حەسانەی هەبێت لەبەر ئەوەی زۆر ماندووی خەباتە. دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە ئەو دوانە دوژمنی کوردن و ڕێگەی نەشیاو نییە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا پەنای بۆ نەبەن!
بۆیە نابێت بەلایانەوە جێگەی سەرسوڕمان بێت کە ئەو لەشکرەی دەهێنرێت بۆ سەرکوتکردنیان عەرەبە!
کورد بن یان عەرەب ئەوان بۆ ئەوە هاتوون ئێوە سەرکوت بکەن و بە ئەمری ئەوان هاتوون.
ئەو گوللەیەی عەرەبەکە یان کوردەکە پێتانەوە دەنێت هەر گوللەیە و دەتان کوژێت.
خۆتان لەو سەرسوڕمانە قوتاربکەن و هیچ جۆرە لەشکرکێشییەک قبوڵ مەکەن، جا با تاکەکانی ئەو لەشکرە براو کەسەکانی خۆتان بن یان عەرەبە بەکرێگیراوەکانی مالکی و تاڵەبانی بن!
ئێوە دەبێت بە یەکجاری خۆتان ساغبکەنەوە و، ئەو دوانە وەکو سەرکردە سەیر نەکەن بەڵکو وەکو دوژمن سەیریان بکەن. ئەگەر وانەکەن ئەوا ناو بە ناو کە لە دژیان ڕادەپەڕن هەرزوو بە پێچەوانەی ئەو بانگەواز و کوردایەتییەی خۆیان پروپاگەندەی بۆ دەکەن، هەڵسوکەوت دەکەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست