کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنى دواخستن و سیناریۆى سەرۆکایەتى

Friday, 12/07/2013, 12:00











لەبەردەم گۆڕینى سستمدا یاریەکان چڕ تر و ئاڵۆزتر دەبێت بەوەى لە قۆناغى چەقبەستویەوە بگۆڕێت بۆ قوناغى بزاوت و جوڵەکان لە ژێر دروشمى گۆڕینى سستمى سەرۆکایەتى بۆ پەرلەمانى و حوکمى سندوقەکانى دەنگدان کە دەکاتە ئەوەى لە نێوان مانەوەى سستمى سەرۆکایەتى بەرێککەوتنەکان لەگەڵ سستمى پەرلەمانیدا ئەو دیوو کەوالیس و چۆنیەتى گۆڕینى هاوکێشەکان و ئەو نەخشەیەى کە ئەقڵە سیاسیەکان نەخشەى بۆ دادەنێن و جوگرافیاى دەسەڵاتەکان دەگۆڕن خوێندنەوەى قوڵتر هەبێت بە جۆرێک دواکەوتنى بڕیارى سەرۆک بەسەر دوو هێڵدا دابەش دەبێت کە درێژ کردنەوەى بڕیاردانەکەیە بۆ دواى سینارێوکان کە دەتوانین پۆلێنى بکەین :
ئەگەر سەرۆک ئیمزاى بکات و بگڕێتەوە پەرلەمان و لیژنەی پێداچونەوە هەڵسێت بە گوِرَینى چەند بڕگەیەکى دەستور بە تایبەت ماددەکانى (61و65) هەموو بڕگەکانى کە (28) بڕگەیە و کەم کردنەوەى دەسەڵاتەکانى سەرۆک و کردنى بە نیمچە تەشریفاتى ، ئەو کات پارتى ئاستى دەسەڵاتەکانى چۆن دەبێت ؟؟؟، کە دەکاتە ئەوەى ئەگەر بە پێ ى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانیش بێت بە پێ ى ئەو سازانەى کە پێشتر کراوە ئەوا پارتى بەم بەشەى خۆى ڕازى نابێت چونکە لە بەرامبەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقدا نزمتر دەبێتەوە هەر چەندە بە پێ ى پەیمانى ستراتیژى بەشکردنى دەسەڵاتەکان لە نێوان پارتى و یەکێتیدا دەبێت هەمان بنەمایان هەبێت کە لە بەغدادا هەیە بەڵام پارتى سەرۆکایەتى لە بەرامبەر سەرۆکایەتى بەغدادا وەرگرتوە و یەکێتى ڕەزامەند بوە لەسەرى کە سستمەکە سەرۆکایەتى بێت ئێستە ئامادە نابێت ئەو دەسەڵاتى سەرۆکایەتیە کە بەشى پارتیە دەستکارى بکرێت بگرە دەیەوێت گوشارى زیاتر بکات کە ئەگەر هەر سەرۆکایەتى بێت ئەوا شەرعیەتێک بدۆزنەوە بۆ مسعود بارزانى تا سەرۆک بێت کە ئەمەشیان پێشێل کردنى یاساکانى سەرۆکایەتیە بۆیە پارتى یەکێتى خستوەتە ژێر گوشارى بەرژەوەندى سەرانى یەکێتیەوە بەوەى ڕازى بن هەر سەرۆکایەتى بێت و مسعود بارزانى هەر سەرۆک بێت ئەویش بە سازانى حیزبى ، کە هەموو ئەم هەوڵانە بۆ سستمى سەرۆکایەتى و دەرچون لە بنەماکانى دەستور و دانانەوەى مسعود بارزانى بە سەرۆک لە بەردەم تەحەداى بەرەى ئۆپۆزسیۆن و بەشێکى گەورەیە لە شەقام .
ئەگەرى دووەم گەڕاندنەوەى بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەى کە ئەمەش دەچێتە خانەى دەرچون لە پەیمانى ستراتیژى و سازانى حیزبى (پارتى و یەکێتی)ەوە کە دەکاتە ئەوەى ئەگەر یەکێتى لە ژێر گوشارى بنکە جەماوەرییەکەى گوشار بۆ پارتى دروست بکات بەوەى هەموار بکرێتەوە ئەوا بۆخۆى دەرچونە لە دابەشکردنى دەسەڵاتەکان و لاسەنگى دەسەڵات بە پێ ى پەیماننامەى ستراتیژى کە بۆ خۆى یەکێتى نازانێت چۆن لەم هاوکێشەیە ڕزگارى بێت و کەوتوەتە ناو ئەو کۆڵانەى کە دەرچونى نیە وە پارتیش ئەو ڕاستیە دەزانێت یەکێتى ئەو یەکێتیە نەماوە کە بتوانێت پێگەى جەماوەرى بە قەد قورسایى جارانى خۆى بێت و درێژە بە پەیمانى ستراتیژى بدات چونکە بەرەى تازە و حیزبى تازە و نەوەى تازە و شەقامى نوێ دروست بووە کە هیچیان لە بەرژەوەندى قورسایى یەکێتیدا نیە وە پارتیش بەمە ڕازى نابێت و دەگەڕێت بە دواى هێزى تردا تا بتوانێت پەیمانى ستراتیژى لەگەڵ واژۆ بکات .

بەدەر لەمانە هۆکارى تریش هەن کە ئەم دۆخى هاوپەیمانى ستراتیژیە بگۆڕێت بە هاوپەیمانى دیکە ئەویش ناوخۆى حیزبەکانە :
یەکێتى : لە دواى مام جەلالەوە یەکێتى دۆخى ناوخۆى بەرەو لەت بوون دەڕوا لە نێوان بازنەى گۆڕان و بازنەى پارتیدا وە یەک بڕیارى و یەک هەڵویستى دیسانەوە بەرەو لەت بوون دەڕوا کە ناتوانێت ببێتە ئەو هێزەى کە نمایندەى سنورى دەسەڵاتى سەوز بکات بە پێگە و دەنگى زۆرینەى ئەم سنورەوە بگرە لە دواى بزوتنەوەى گۆڕانەوە دەبێتە هێزێکى لاواز چونکە چەند لە پارتى نزیک بێتەوە هێندە لە بنکە جەماوەریەکەى دور دەکەوێتەوە خۆئەگەر لە پارتى دور بکەوێتەوە ئەوا دەرچونە لە پەیمانى ستراتیژى و پارتى وەک ئەو هێزەى کە هاوپەیمانى لەگەڵ واژۆکردوە نایخوێنێتەوە بۆیە یەکێتى مەحکومە بە دابەش بون بەسەر بازنەى گۆڕان و بازنەى پارتیدا .
پارتى : ئەو دەسەڵاتەى کە پارتى ئێستە هەیەتى لە ناو جومگەکانى دەسەڵاتدا بریتیە لەو دەسەڵاتەى کە سازان پێ ى بەخشیوە نەک دەنگەکانى خۆى چونکە ئەگەر پارتى بە 11 کورسیەکەى کەمینەکانەوە بگاتە 40 کورسى ئەوا ناکاتە ئەم دەسەڵاتە ڕەهایەى کە هەیەتى بۆیە لە ئەگەرى زیاتر بچوکبونەوەى یەکێتیدا ناچارە بۆ ئەوەى نەکەوێتە بەردەم حوکمى هەڵبژاردنەکانەوە کار دەکات بە ئاراستەى سازانى نیشتمانى ئەو کات هەر ئەو دەسەڵاتانەى لە دەست دەچێت کە درابوو بە یەکێتى خۆ ئەگەر دەستوریش بخاتە ڕاپرسیەوە کە ئەگەر ڕێکبەکەون بە دوو لەسەر سێ ى دەنگەکان ئەوا دەکەوێتە بەردەم تەحەداى ئۆپۆزسیۆن و بنکەى یەکێتى و دەنگى پێویست ناهێنى وە پارتى ئەو ڕاستەیەش دەزانى هەرێم محکومە بە دابەشبوون لە نێوان دوو قوتبدا ئەویش خۆى وەک قوتبى پارتى و قوتبى بزوتنەوەى گۆڕانە وە ئەوەش دەزانێ بۆ ئەم خولە بەرەى ئۆپۆزسیۆن بەشدارى لە دەسەڵاتدا دەکات و گۆڕەپانى دەسەڵات تەنها پارتى و یەکێتى تێدا نابێت چۆن بیانەوێ کارى تێدا بکەن بۆیە پارتى کەوتوەتە بەردەم دروستکردنى سینارێوى نوێ کە بتوانێت بە باشترین دەسکەوتەوە بچێتە ناو قۆناغى نوێوە .
هەڵپساردن و دواخستنى پرسى دەستور پەیوەندى بەو سیناریۆیانەوە هەیە کە لە پشتى کەوالیسەوە بەرنامە ڕێژى بۆ دەکرێت تا بتوانێت بە گۆڕینەوەى کارت مامەڵە لەگەڵ هێزەکانى تردا بکات ...دوو سیناریۆ لە ئارادایە :
سیناریۆى یەکەم : (پارتى +مالیکى +گۆڕان) پارتى گەشتە ئەو ئەنجامەى کە لایەنى سونى لە نێوەندى عێراقدا توناى ململانیى شیعە و مالیکى نەماوە بەوەى کە ئەمریکاو ئێران کۆکن لەسەر مانەوەى مالیکى و وە مالیکى توانیویەتى ئەو هاوسەنگیەى دەسەڵاتەکانى ئەمریکا و ئێران لەسەر گۆڕەپانى عێراقى ڕابگرێت بۆیە دەیەوێت لەگەڵ مالیکدا ڕێک بەکەوێت بەوە کە مسعود بارزانى ببێتە سەرۆکى عێراق و پاساوێک بۆ بڕوانامە بدۆزنەوە تا مسعود بارزانى ببێتە سەرۆک کۆمارى عێراق پاساوەکەش بەشى کوردە لە عێراقدا کە مادام بەشى کوردە کەواتە کوردەکان بتوانن کارلەسەر خاڵى بڕوانامەکە بکەن لە بەرامبەر ئەمەشدا داواکارى گەراندنەوەى دەستور و گۆڕینى بۆ پەرلەمانى کە داواکارى بەرەى ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت گۆڕانە لە کوردستان جێبەجێ بکرێت ئەو کات یەکێتیش ڕازى دەبێت و دەچێتە سەر بازنەى گۆڕان .
سیناریۆى دووەم : (تورکیا +ئێران + عێراق + ئەمریکا) (پارتى +پەکەکە + گۆڕان) تورکیا گڵوپى سەوزى بۆ پارتى هەڵکردوە تا بتوانێت مامەلە لەگەڵ ئێران و مالیکى و ئەمریکا و پەکەکە و گۆڕاندا بکات بەو مەرجەى بمێنێتەو و دەسەڵات بێت تا بەرژەوەندیەکانى لەگەڵ هەرێم لە ڕێگەى پارتیەوە بە حوکمى سنورى جوگرافى بپارێزێت وە لەگەل ئێرانیش ڕیکەوتون بەوەى سنورى دەسەڵات و بەرژەوندیەکانیان لە هەرێمدا ڕێک بخەن بەوەى هەرکام لە دەسەڵاتى حیزبەکان بێت دەبێت وا بەستە بێت بەم ڕێکەوتنانەى تورکیاو ئێران بە ڕەزامەندى ئەمریکا و بەشێک لە بەرژوەندى جیوپۆلەتیکا و ئابورى ئەمریکا کە ئەم سنورى رێکەوتنانە درێژ دەبێتەوە بۆ ڕوژئاواى کوردستان کە ئێستە هەوڵ دەدرێت کە حکومەتى کاتى دروست بکرێت لە ڕوژئاوادا وەک بەشێک لەم ڕێکەوتنانە ئەو کات هەسێ سنورەکە دابەش دەبێت لە نێوان پڕوسەى ئاشتى (تورکیا ئەمریکا-ئێران) و زۆنى زەرد و زۆنى سەوز کە دەکاتە ئەوەى بڵێین هەردوو سینارێۆکە بۆ ئەوەیە کە بەریەککەوتنى هێزەکان ببێتە گۆڕینەوەى کارتى بەرژەوەندیەکانیان لەسەر ئاستى هەردوو سیناریۆکە .
دواخستنى بڕیارنەدانى مسعود بارزانى پەیوەندى بە گەڕان هەیە بۆ داتاشین و بەستنەوەى ئەم دوو سیناریۆیە بەیەکەوە خۆ ئەگەر هێزەکان گەیشتنە بەرژەوەندیەکى هاوبەش ئەوا مسعود بارزانى دەچێتە بەغداد و دەستور دەگەڕێتەوە پەرلەمان و دەکرێتە پەرلەمانى و بە سازانى نیشتمانى هەر هێزە و بەقەد قورسایى خۆى دەسەڵاتەکان دابەش دەکرێت قۆناغێکى نۆى لە دەسه‌ڵات و پرسى هەڵبژاردنەکان و سەروەرى یاسا و ده‌ستاو ده‌ستكردن و به‌ره‌ى ئۆپۆزسيۆن دەست پێ دەکات هەموشمان ئەو ڕاستیە دەزانین کە ئێستە هێڵى کێرڤى ئۆپۆزسیۆن لەبەرز بونەوەدایە ئەوەى ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەى گۆڕان داواى دەکات پارتى بۆى هەزم نابێت ئەیەوێت بە بێ ڕکابەرى گەورە مۆدیلى خلیجى دروست بکات بەڵام کە نەتوانێ ئەمە بە دەست بێنى دەگەڕێتەوە سەر هاوکێشە ناوچەى و ناوخۆییەکان و داواى سازانى نیشتمانى دەکات چونکە ئەوەى لەسەر مێزى هاوکێشەى وڵاتانى دراوسێ و سازانى نیشتمانى دەستى دەکەوێت هەرگیز ناتوانێ نیوەى ئەوەش بە دەنگەکانى مسۆگەر بکات لە سەر سندوقەکانى دەنگدان چونکە کەوتوە بەردەم تەحەداى بەرنامەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و دروست بونى نەوەى نۆى و شەقامى توڕە لە بەشیکى گەورەى هەرێمدا بۆیە ناچارە مامەڵە بەم سینارێویانە بکات .
بێدەنگ بوونى پارتى لە پرسى دەستور گەڕانە بە دواى ڕێکەوتنێکى تردا کە لە پشتى کەوالیسەوە نەخشەى بۆ دەکێشرێت ئەوەى کە دروستکەرى دۆخى تازە و ئاراستەکردنى گۆڕینى دۆخى چەقبەستوى و گۆڕینى دۆخى کونکرێتى ڕیکەوتننامەى ستراتیژیە و داینەمۆى گۆڕانکاریەکانى ئەم چوار ساڵەى دواییە (بزوتنەوەى گۆڕان) ە کە توانیویەتى ئەو سینارێویانە بەرهەم بهێنێت کە ببێتە هێزیکى گەورەى ناو هەر سێ گۆڕەپانەکە (هەرێم +وڵاتانى دراوسێ+ ناوچەى و جیهانى) بەجۆرێک کە ئاقڵانە مامەڵەى کردوە لەگەڵ سستمى نۆى جیهانى و کرانەوەى هەرێم لەسەر ئاستى تاک و پەیوەندیە ئابوریەکان و چەمکى ئۆپۆزسیۆن بوون و نەزمى نۆىى جیهان و بەریکەکەوتنى پەیوەندیە جیهانیەکان و دروستکردنى شەقام و ئازادییەکان کە بوتە هۆیەک بۆ ئەو گۆڕانەى کە دەرئەنجامى سینارێوکان ناچارن بەرە و سستمێکى نیمچە تەندروست بڕوات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە