کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جامانه‌ سووره‌کان هه‌زار که‌س نیین‌، به‌م سۆرانییه‌وه ‌بوون به‌ هه‌زار و یه‌ک

Monday, 16/05/2011, 12:00


هیچ وڵاتێک، وه‌کو باشووری کوردستان، حیزب و رێکخراوه‌کانیان که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنیی و رادیۆی سەربە(خۆی) نییه‌.
که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆن، رادیۆ، گۆڤار و رۆژنامه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردن و  وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌، مه‌به‌ست له‌ په‌روه‌رده‌کردنیش په‌روه‌رده‌کردنێکی ته‌ندروسته و وشیارکردنه‌وه‌شە  لە رووی هه‌واڵ و زانست و هونه‌ر و که‌لتور و بابه‌تی دیکه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ پێی یاسای راگه‌یاندن و ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕیوه‌ ده‌چێت. یاسا و دەستورێک دوور له‌ کارتێکردن و ده‌ستتێوه‌ردانی حیزب، که‌ناڵه‌کان، بۆ ریکلام و پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسیی و حیزبیی به‌کار ناهێنرێت، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، سنوری بۆی دیاریکراوه‌ و رێزی یاسا ده‌گیرێت.
که‌ناڵی دیکه‌ش بوونیان هه‌یه‌، زۆربه‌یان به‌ پاره‌ی ریکلامکردن به‌ڕیوه‌ ده‌چن،  ئه‌وانیش  سنووری یاسا و ده‌ستووری راگه‌یاندن نابه‌زێنن، ریکلام و پرۆپاگه‌نده‌ بۆ حیزبه‌کان ناکه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیی پارتیی و یه‌کێتیی له‌ رێگای ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانی خۆیانه‌وه‌ ده‌یکه‌ن، مۆنۆپۆلکردن عه‌قڵ و خراپکردنی کۆمه‌ڵگا و به‌ کوێله‌کردنی هاوڵاتیانه‌، ئه‌مه‌ ترسناکترین کاری راگه‌یاندنه‌، کاتێک مرۆڤه‌کان ده‌کرێنه رۆبۆت و له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌وه‌ هاوڵاتی بۆ حیزب و بۆ سه‌رۆک په‌روه‌رده‌ ده‌کرێن، ئه‌رکه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان له‌ بیر بچێته‌وه‌.
له‌ کوردستاندا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئیداریی، له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک که‌سانی په‌روه‌رده‌ی شاخ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌. له‌ شاخ‌ رادیۆ و رۆنیۆیان هه‌بوو، کتێب، رۆژنامه‌ و بڵاوکراوه‌ و راگه‌یاندنی خۆیان ده‌رده‌کرد، ئه‌و عه‌قڵه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا گواسته‌وه‌ بۆ شار، پێیان وابوو به‌و شیوه‌یه‌ش ده‌بێت کاری راگه‌یاندن له‌ ناو شار و له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتدا بکه‌ن، کۆمه‌ڵگاش بەو شێوەیە به‌رێوه‌به‌رن، ئه‌م ره‌فتاره‌ش هۆکاریی مێژوویی خۆی هه‌یه‌، که‌ رژێمه‌کانی پێشووی حکومه‌تی عێراق پیاده‌یان کردووه‌، حیزبه‌ کوردییه‌کانیش شوێن پێیانی هه‌ڵگرتووه‌ و وڵاتی پێ به‌ڕیوه‌ ده‌به‌ن. له‌ عێراقدا چه‌ندین حیزبۆکه‌ی بچووک مۆڵه‌تیی پێدرابوو، جگه‌ له‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی هیچ لایه‌نێکی سیاسیی دیکه‌ بۆیان نه‌بوو که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی سه‌ر به‌ خۆیان هه‌بێت‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ دیموکراتیی و ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ده‌بینرێت به‌شیکه‌ له‌ به‌ره‌ڵایی ده‌سه‌ڵاتی پارتیی و یه‌کێتیی.
--------------------------
که‌ناڵی (KNN)، یه‌کێکه‌ له‌و که‌ناڵه‌ حیزبیانه‌ی، که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خاوه‌نێتیی، راگه‌یاندنی گۆڕان له‌ گه‌یاندنی په‌یامی خۆی ستراتیژێکی روونی نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می چاوپێککه‌وتنی نه‌یارانی بزووتنه‌وه‌که‌ی خۆیه‌تی، وه‌ک به‌رپرسانی پارتیی و یه‌کێتیی و نووسه‌ره‌ ده‌ربار و ده‌موچاوه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌م حیزبانه‌‌، نێو ئه‌وه‌نده‌ دیدار و چاوپێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرس و هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌که‌ی خۆیاندا ناکات، یان به‌ که‌می کردوویانه‌، بۆیه‌ گۆڕان وه‌ک رێکخراوێک سه‌رکه‌وتوو نییه‌، چونکه‌ خاوه‌نی ئایدۆلۆژیا نییه‌، زۆربه‌ی هه‌ڵسوڕاوه‌کانیشیان به‌تاڵن له‌ گه‌یاندنی په‌یامی بزووتنه‌وه‌که‌یان، هه‌ر یه‌که‌ به‌ پێی میزاج و تێڕوانینی خۆی رۆژانه‌  قسه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌کان ده‌کات و بۆچوونی خۆی ده‌رده‌بڕێت، لێره‌شه‌وه‌ رێگا دراوه‌ هێزی دژه‌به‌رامبه‌ریش، که‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بێته‌ ناو راگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌، زیره‌کانه‌ مامه‌ڵه‌ بکات و قسه‌ی خۆی دژی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ و لایەنەکانی تر بکات، بۆیه‌ گومان له‌سه‌ر گۆڕان هه‌یه‌، که‌ به‌م سیاسه‌ته‌ی له‌ هێڵێکدا لایه‌نه‌کان به‌ یه‌کتر ئاشنا و ته‌با ده‌کات، مافی پرۆپاگه‌نده‌کردنیشی داوه‌ بە ده‌سه‌ڵات، تا له‌ناو راگه‌یاندنه‌کانی ئه‌ماندا پاکانه‌ و نمایشی خۆی بکات، چونکه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ راگه‌یاننه‌کانی گۆڕانه‌وه‌ پرۆپاگه‌نده‌ و نمایشکردنی خۆیان کاریگه‌ریی ده‌بێت، ئه‌مه‌یان له‌ راگه‌یاندن و ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی خۆیانه‌وه‌ بۆ ناچێته‌ سه‌ر، مه‌سه‌له‌که‌ سایکۆلۆژییه‌تیی گه‌یاندنی په‌یامه به‌ به‌رامبه‌رنه‌ک کوالیتییه‌تی راگه‌یاندی گۆڕان، هه‌ڵبه‌ته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆرانیش وه‌ڵامی بۆ ئه‌مه‌ پێیه‌، ‌ پێی وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه‌، لێ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه، چونکه‌ له‌ هه‌مان کاتدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێچه‌وانه‌دا ده‌کات،  رێگا به‌ که‌سانی دیکه‌ و به‌ لایه‌نه‌کانی دژه‌ ده‌سه‌ڵات نادات، تا دڵنیا نه‌بێت ئه‌وانه‌ له‌ گوڵ کاڵتر به‌ ده‌سه‌ڵات ناڵێن، رێگایان پێناده‌ن ئەو ئازادییه‌یان هه‌بێت، هه‌رچی بزانن له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تیی خۆیان و ده‌سه‌ڵاتدا نایه‌ته‌وه‌ رێگای پێناده‌ن و سانسۆر ده‌کرێت، سیاسه‌تی گۆڕان نزیکبوونه‌وه‌ و ئاشتکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، نزیکبوونه‌وه‌ی خۆیانه‌ له‌ هه‌ردوو لا، گۆڕان له‌ سه‌ر هه‌ردوو په‌ته‌که‌ یاری ده‌کات، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌ترسییه‌ بۆ په‌رتبوون  و لاوازبوونی ئۆپۆزیسیۆن.
ئه‌وه‌ی له‌ دوای 17 شوبات رووی دا، ره‌نگدانه‌وه‌ و هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی گۆڕان بوو، چۆڵکردنی شه‌قام و هێنانی هێزی چه‌کدار و داگیرکردنی مه‌یدانی ئازادیی بوو له‌ سلێمانی، بۆیە بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌ و گومانه‌وه‌، ده‌رکه‌وت گۆڕانیش وه‌ک ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا ده‌کات و به‌رگرییان لێناکات، به‌هایه‌ک بۆ راوبۆچوونه‌کان دانانێت، بۆیه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ په‌یامی خۆی له‌ ته‌مه‌نێکی کورتدا بپێچێته‌وه‌، گوێنه‌دان و فاوڵی هه‌ڵه‌کانی گۆڕان ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵات درێژده‌کاته‌وه‌، نه‌ک پێچه‌وانه‌.
که‌ناڵی (KNN)، جامانه‌ سوورێکی سۆرانی له‌ باره‌گای لقی چواری پارتییه‌وه‌ ده‌هێنێت که‌ یه‌کێکه‌ له‌و تاوانبارانه‌ی 17ی شوبات و دیداری له‌گه‌ڵدا ده‌کات، ئه‌مه‌ سیاسه‌ت نییه‌، به‌ڵکو پۆزلێدانه‌ به‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌که‌یان رێگا به‌ ره‌نگ و بیره‌ جیاوازه‌کان ده‌دات، ئه‌مه‌  سووکایه‌تییکردنه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌که‌ خۆی، سووکایه‌تییشه‌ به‌ ئۆپۆزیسیۆن، دواییش سووکایه‌تییه‌ به‌و گه‌نجانه‌ی و قوربانییه‌کان، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام و پاساو بۆ ئه‌مه‌ هه‌بێت، ئه‌ی پاساوتان بۆ ئه‌م دیاردانه‌ چییه‌، که‌ که‌ناڵیکی ئیسڕائیلی، بۆ نمونه‌ هه‌رگیز رێگا نادات نازییه‌ک، یان ئه‌فسه‌رێکی کۆنی ئه‌ڵمانی، بهێنێت و به‌ سیمبوڵی نازییه‌کانه‌وه‌ سووکایه‌تی به‌ جوله‌که‌ بکات، ده‌رکه‌وتنی ئه‌و سیمبوڵه‌ بۆ خۆی زۆر مانا ده‌گه‌یه‌نێت. حیزبی دیموکراتخوازه‌کانی سوید، که‌ به حیزبێکی راسیست ناسراوه‌ ، هیچ کام له‌ حیزبه‌کانی تر رازیی نیین، له‌گه‌ڵیدا دانیشتن  و له‌ ته‌له‌فیزیۆندا به‌ره‌و رووی یەکتر ببنه‌وه‌، هەرچەندە ئه‌و حیزبه‌ وه‌کو پارتیی و یه‌کێتیی تاوانباریش نییه‌ به‌ خوێنڕشتن و کوشتنی رۆڵه‌ی گه‌له‌که‌ی خۆی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونیان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تیی سه‌رده‌می دیموکراتیی ئه‌مڕۆدا نایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ که‌س ئاماده‌ نییه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات. ئایا هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان به‌تواناتر و زیره‌کتر و سیاسه‌تمه‌دارتن له‌مانه‌؟ ئه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌مه‌یان چیی ده‌ڵێت، که‌ هه‌رچی که‌سایه‌تیی قێزه‌وه‌ند و پیاوکوژ و تاوانباری پارتیی و یه‌کیتیی هه‌یه‌، نه‌ک ته‌نها به‌ ته‌وقه‌کردن، به‌ڵکو له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا روو سووریان ده‌کات؟
ئاری هه‌رسین کوڕی کێیه‌؟
شێخ محه‌مه‌دی هه‌رسین یه‌کێک بوو له‌ به‌رپرسه‌کانی کاژیک، له‌ ساڵانی (1960)ه‌کاندا له‌ ته‌نیشت دوکانی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش برایمی خه‌یات دوکانێکی بچوکی دانابوو، ئه‌و کاته‌ من ته‌مه‌نم 15- 16 ساڵ بوو، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان ده‌کرد، (کاژیکه‌کان) بوون، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانی به‌رده‌وام سه‌ردانی شێخ محه‌مه‌دیان ده‌کرد و له‌وێ ژوانی سیاسییان ده‌کرد، له‌ سه‌رده‌می کانی ماسییدا دوکانەی حمەی هەرسین جمه‌ی ده‌هات، زۆر که‌س له‌وێوه‌ راسپارده‌یان وه‌رده‌گرت و به‌ یه‌کتر ئاشنا ده‌بوون، پاش ماوه‌یه‌ک شیخ محه‌مه‌دی هه‌رسین دیارنه‌ما، بیستمانه‌وه‌ بووه‌ به‌ به‌رپرسێکی گه‌وره‌ی ده‌زگای پاراستن، زۆر له‌ سه‌رکرده‌کانی کاژیک شوێن پێیان هه‌ڵگرت، رۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ناو ئه‌و ده‌زگایه‌دا به‌رپرسیارێتییان وه‌رگرت، پاش ئاشبه‌تاڵه‌که‌ی ساڵی 1974 ، زۆر له‌و به‌رپرسانه‌ی پارتیی، چوونه‌ دیوی ئێران،  شێخ محمەد هەرسینیش فریا که‌وت پاره‌ و تاڵانی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، کاتێک کوڕه‌کانی بارزانیی له‌ ئه‌مه‌ریکا‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئێران، ورده‌ ورده‌ که‌وتنه‌ خۆیان و ده‌فته‌ری حیسابی کۆنیان هه‌ڵدایه‌وه‌، یه‌کێک له‌وانه‌ ئه‌م شێخ محه‌مه‌دی هه‌رسینه‌ بوو، داوای  پاره‌ی شۆڕشیان لێکرده‌وه‌، چونکه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی هه‌موو شتێک به‌ ماف و موڵک ونۆکه‌ری خۆیان ده‌زانن، شێخ محه‌مه‌دیش خۆی له‌ گێلی دا و هیچی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو قاسه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، ئه‌مه‌ بووه‌ مایه‌ی سه‌رخواردنی شێخ محه‌مه‌دی هه‌رسین و تیرۆریان کرد. ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین، که‌ ئیستا کراوه‌ته‌ به‌رپرسی لقی 21ی پارتیی و جامانه‌ی سووری له‌ بان سه‌ری پێچاوه‌، کوڕی ئه‌م  کابرایەیە، که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کوشتیان.
خۆپیشاندانه‌که‌ی 17 شوبات، که‌ چه‌کداره‌کانی لقی چواری پارتیی ده‌ستیان له‌ کوڕه‌ گه‌نجه‌ تازه‌ پێگه‌یشتوەکانی سلێمانی وه‌شاند و خوێنێکی زۆری ئه‌و لاوانه‌یان رشت، مه‌سعود بارزانییش شه‌هیده‌کانی کرده‌ تاوانبار، پیاوکوژه‌کانی کردە قوربانیی، ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی زیاتریی لێبکه‌وێته‌وه‌، له‌ ئه‌وروپا و گه‌رمیان و سلێمانی‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، جامانه‌ی سوور سووتێنرا. مه‌سعود بارزانی، که‌ ده‌بوو وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم سه‌رخۆشیی و داوای لێبوردن له‌ که‌سوکاری قوربانییه‌کان بکات، که‌چی بۆ سووتاندنی ئه‌و جامانه‌یه‌ هێنده‌ نیگه‌ران و تووڕه‌ بوو، شیرازه‌ی عه‌قڵی کە نەیبوو لە دەستی دا له‌ زۆر کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کاندا خه‌می سووتاندنی جامانه‌ سووره‌که‌ی بوو، ئه‌مه‌ی کرد به‌ وێردی سه‌ر زمانی، له‌ خه‌می ئه‌و شه‌هیدانه‌دا نه‌بوو که‌ به‌ ده‌ستی پیاوکوژه‌کانی خۆی تیرۆرکران.
لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ کەناڵی کەی ئێن ئێنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر که‌ناڵیی ته‌له‌فیزیۆن و راگه‌یاندنه‌کانی گۆڕانیش بکه‌ین، جگه‌ له‌ ره‌خنه‌گرتن و باسکردنی گه‌نده‌ڵیی، له‌ رووی ستراتیژیه‌تیانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌لات، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ نابینرێت، جاوازییه‌ک تا ئیستا هه‌یان بێت، ئه‌وه‌یه‌  پارتیی و یه‌کێتی رێگایان نەداوە هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆن و رۆژنامه‌کانیانه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ن، به‌ڵام گۆڕان ئه‌و مافه‌ی به‌وان داوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ لای زۆرکه‌س هه‌ڵوێستێکی جوان بێت، لای من ناشرینه‌، ناشرینییه‌که‌ له‌وه‌دایه‌، که‌ خوودی نه‌وشیروان مسته‌فا رێگا به‌ ده‌نگی ناڕازیی و که‌سه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی تر نادات، ته‌نها به‌وانه‌ نه‌بێت، که‌ زۆر متمانه‌ی پێیانه‌  وه‌کو سه‌رانی گۆڕان کە وەکو پارتیی و یه‌کێتیی قسه‌ ده‌که‌ن، وه‌ک خۆیان ده‌م له‌ سیاسه‌ت ده‌ده‌ن، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان شه‌ڕێکی ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنه‌ ره‌سه‌نه‌کاندا ده‌کات و ده‌نگیان له‌ راگه‌یاندنه‌کانی گۆڕان سانسۆر دەکات، ئا لێره‌وه‌ مه‌به‌ستمه‌ کە بڵێم، ئه‌م سیاسه‌تەی گۆڕان دەبڵموڕالییە، بۆیە دەبێت له‌سه‌ر رای ئازدیی ده‌ربڕین له‌لای گۆڕان قسە بکرێت، ئه‌مانیش وه‌کو ده‌سه‌ڵات بخرێته‌ ژێرپرسیار و گومانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویستیشی کرد، چه‌کووشیش بۆ ئه‌مان به‌کار بهێنرێت.
له‌و هه‌موو رووداوانه‌ی 17 شوبات،  گۆڕان وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن نه‌چووه‌ پاڵ ده‌نگی شه‌قام و خۆی خسته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆپیشاندانه‌کان، بۆ رازیکردنی پارتیی و یه‌کێتیی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌یان کرد به‌ گێره‌شیوێن، هه‌رچه‌نده‌ دوایی پینه‌ی قسه‌که‌یان کرد. هێنانی که‌سێکی وه‌کو ئاری هه‌رسین به‌ جامانه‌ی سوور، که‌ یه‌کێکه‌ له‌و تاوانبارانه‌ی ناو باره‌گای لقی چوار و ده‌ستی تاوان و کوشتنیش بۆ ئه‌میش راده‌کێشرێت، ئه‌مه‌ په‌یامی گۆڕان و پارتیی بوو، تا به‌ خه‌ڵکه‌که‌ بڵێن ئێمه‌ له‌ پیاوکوژه‌کان خۆش ده‌بین، پارتی له‌ سلێمانی ره‌زای گران نییه‌، گۆڕان به‌و دیداره‌ ره‌زای سووک و جوان کرد، گۆڕان پێی وتن وه‌رن ئێمه‌ ئۆپۆزیسیۆنین و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی سلێمانییدا ئاشتتان ده‌که‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ی گۆڕان دیدار و چاوپێکه‌وتنتان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، رێگا ناده‌ین که‌سی تر بێت ره‌خنه‌ و  قسه‌تان پێ بلێت، ئه‌گه‌ر جامانه‌ی سوور سووتێنراوه‌، با سۆرانییه‌ک به‌ جامانه‌ی سووره‌وه‌ بێت، تا بۆتانی پیرۆز بکه‌ین. ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ له‌ مێژووی سلێمانیی، کوردێکی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌، که‌ باوکی بارزانیی کوشتبێتی، خۆشی تاوانبار و ده‌ستی سوور بێت، بیهێنن جامانه‌ی سووری بکه‌نه‌ سه‌ر، به‌ ئاشکرا له‌ رێگای که‌ناڵی که‌ی ئێن ئێنه‌وه‌ سووکایه‌تیی به‌ خه‌ڵکی سلێمانی و به‌ که‌سوکاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ بکات.
ئه‌مه‌ی که‌ناڵی (KNN) تەنیا سووکایه‌تیی نه‌بوو ته‌نها به‌ خه‌ڵکیی سلێمانی و به‌ سۆرانیی، به‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌ گۆڕان، به‌ڵکو سووکایه‌تی و بزمار داکوتانێکیش بوو به‌ که‌لله‌ی نه‌وشیروانیشدا، ئه‌و په‌یامه‌ی پێدا، که‌ تۆ مێژووی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیت به‌ ناشرینی نووسیوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستمان بڕوات جامانه‌ی سووری سووکایه‌تیش ده‌که‌ینه‌ سه‌ری تۆ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە