نەوشیروان مستەفا گەمە سەختەكەی دەستپێكرد
Tuesday, 12/05/2009, 12:00
راپۆرتی شیكار و فۆتۆ
دەوترێت هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، موفاجەئە دروستدەكات، بەو پێیەی ئۆپۆزیسیۆنێكی بنكە فراوان كەخۆی لەلیستی چوار حیزبەكەو لیستی گۆڕانی نەوشیروان مستەفادا دەبینێتەوە، سیمای دەسەڵات وبەڕێوەبردن دەگۆِرن، بۆ ئەم كارە لەسەرەتای رێگا لەدامەزراوەی یاسادانانەوە دەستپێدەكەن، هەروەك چۆن خەونیان هەیە لەداهاتوودا بگەنە دەسەڵاتەكانی ترو ئەجنداكانی خۆیان بهێننەدی.
نەوشیروان مستەفا گەمە سەختەكەی دەستپێكرد ئەگەرچی یەكێتی خوازیاربوو بەهەڕەشەو گوڕەشە كۆمپانیای وشە سارد بكاتەوە، ئەگەرچی بەهێنانەوەی دەستەواژەی "قولەی قاف" وایاندەزانی دەتوانن پاشەكشێ بەلیستە ناڕازییەكان بكەن، دواجار كۆمپانیای وشە بەسەرپەرشتیی "نەوشیروان مستەفا" ناوی قەوارەكەیان بە"گۆڕان" لەلای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژردنەكان ناونووسكرد. ئەمەش لەدوا شیكردنەوەدا تۆماركردنی ناوی كیانێك نییە بەتەنێ، بەڵكو تۆماركردنی مێژوویەكە زۆرینەی هاووڵاتیانی باشووری كوردستان لەچاوەڕوانی ئاوها رۆژێكدا بوون. نەوشیروان مستەفا رایگەیاند كاندیدەكانی لیستەكەی لەهەموو چین وتوێژەكان پێكهاتوون، تاكە مەرجیشیان لەسەر پاڵێوراوەكانیان پاكژیی دەست ودامێن ورابردوویان بووە، هەروەك چۆن دیقەتیان لەوەداوە كێ دەتوانێ لەپەرلەمان شەڕی چین و توێژەكەی بكات؟ بەم لیستە یەكێتی تووشی نیگەرانیی وشڵەژان تەنانەت شۆك بووە، چونكە ئەوەی ئەمجارە كێشمەكێشی لەگەڵ دەكات، كوڕەكانی مەلا مستەفا بارزانی نین بەڵكو یەكێكە لەسیماو رەمزە دیارەكانی خۆی، كەئەگەر مێژووی ئەو لەیەكێتیدا لەهەموو ئەوانەی ئێستا لەسەركردایەتیدان بەرزترو دیارترو كاریگەرتر نەبێت، بێگومان پێچەوانەكەی نییە. بۆ خودی یەكێتی وتەنانەت مام جەلال سەختە كاكە نەوەی شاخ وهاوڕێ گیانی بەگیانییەكی ناوزەنگ ورۆژانی شوومی دوای هەكاری لەرێگەی سندووقی دەنگ ولەرێی گەمەیەكی تەواو دیموكراسییەوە دەیەوێت مێژوویەك دروست بكات، جیا لەو مێژووەی یەكێتی دەخوازێت درێژەی پێبدات، بەڵام سەختیی كارەكە هەر لێرەیە؟ نەوشیروان مستەفا سەركردەیەك نەبووە دوای رووداو بكەوێت، خۆی دروستكەری رووداو بووە، واقعیش ئەوەیە نەوشیروان مستەفا دوای 1975 مێژووی دروستكرد؟ ئێستاش دەیەوێ مێژوو دروستبكات، دروستكردنی مێژوو كارێكی سەختەو بەهەموو كەس ناكرێت، ئەوانەی دەتوانن لەم شانۆگەرییە سەختەدا رۆڵی ئەكتەر ئەدا بكەن، دەبێت پێش هەر شت بزانن رووبەڕووی مەچەكێكی پۆڵاین دەبنەوە نەك دەستێكی نەرمونیان.
لیستی گۆڕان كوردستان دەگۆڕێت نەوشیروان مستەفاو كۆمپانیای وشە، هەم ناوی لیستەكەیان گۆڕانەو هەم دروشمی گۆڕانیان بەرز كردۆتەوە، لەلاكەی تریشەوە خەڵك چاوەڕێی گۆڕانیان لێدەكات. ئەگەرچی لەچەند ساڵی پێشووتر چەندین رەوت وگرۆی تر خوازیاربوون هەلومەرجی سیاسیی كوردستان بگۆڕن، بەڵام هیچیان شانسێكی ئەوتۆیان نەبووە، هەم لەبەرئەوەی هێندەی نەوشیروان مستەفا بەهێزو كاریگەرو خاوەن نفوزی جەماوەریی ورابردوو نەبوون، تاخەڵك متمانەیان بداتێ، هەمیش لەبەرئەوەی بەو ئەندازەیە پلاتفۆرم وئەجندای روونیان نەبووە كە كۆمپانیای وشەو لیستی گۆڕان هەیەتی. زۆرینەی خەڵك وپسپۆرانی ناوخۆیی ودەرەكیی لەو بڕوایەدان نەوشیروان مستەفا ئەو ئەكتەرە گرنگەیە گۆڕان لەمشتیدایە، هەر ئەم راستییەیە پارتی ویەكێتی هێناوەتە لەرزین، ئەگەرنا لەماوەی 18 ساڵی رابردوو لەگەڵ هەموو بانگەشەیەكی ریفۆرم وگۆڕان پارتی ویەكێتی تووشی هیچ شڵەژان ومەترسییەك نەبوون وەك ئەوەی ئەمڕۆ بەهۆی كاریگەریی لیستی گۆڕانەوە دووچاری بوون. لەباری واقیعیشەوە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی تۆماركردنی ناوی لیستی گۆڕان رەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو لەسەر مەعنەوییەتی جەماوەر بەوەی زۆرینە هەستدەكەن گۆڕان لەم بارو كەشەی لەباشووری كوردستاندا بووەتە كارێكی حەتمی، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە سەركردەیەكی سیاسیی باوەڕپێكراو ئەركی ئەو گۆڕینەی لەئەستۆی خۆی وهەڤاڵەكانی داناوە لەریزی كۆمپانیا میدیاییەكەیدا.
دیمانەیەك هەرا دەنێتەوە لەرۆژی یانزەی نیسان، نەوشیروان مستەفا لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی "الشرق الاوسگ"دا بەروونی هێڵە سەرەكییەكانی رەخنەی خۆی وكۆمپانیاكەی ئاشكرا دەكات، وێڕای ئەوەی پێی لێدەنێت چیتر نەیتوانیوە لەنێوخۆی یەكێتی درێژە بەچالاكیی بدات، تەنانەت بارەكە گەیشتووەتە مەرزێك جارێكی دیكە بیر لەگەڕانەوە بۆ ناو حیزبەكەی ناكاتەوە. هەر لەو دیمانەیەدا مستەفا دەڵێ " تێكەڵاویی ولێكئاڵانێك هەیە لەنێوان دەسەڵاتە حیزبی وحكومییەكان، ئێستا مەكتەبی سیاسیی حیزب وەكو ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش (مجلس قیادە الپورە)ى سەردەمی پێشووی لێهاتووەو هەمان رۆڵ پیادە دەكات، هەر لەبەرئەمەش هەوڵ دەدەین پەرلەمانی كوردستان بكەین بەدامەزراوەیەكی سەربەخۆو خاوەن ئیرادەیەكی تۆكمەو سەربەخۆ، ئەمە لەلایەكەوە، لەلایەكی ترەوە وا بكەین دەسەڵاتی قەزائی دامەزراوەیەكی سەربەخۆو ناحیزبی ونەزیه ودادیار بێت، هاوكات دەسەڵاتی تەنفیزیش وەكوو چەترێك بێت هەموو رۆڵەكانی گەلی كوردی لەژێردا كۆببێتەوە نەك موڵكی حیزبێك یان دووان بێت یان هاوپەیمانی كۆمەڵێك حیزب ولایەن بەڕێوەی ببات وقۆرخی بكات". سەركردایەتی یەكێتی ومیدیاكانی سەر بەیەكێتی تووشی شۆك وپەرچەكرداری عەفەوییانە بوون لەهەمبەر دەربڕینی " مجلس قیادە الپورە"ی نەوشیروان مستەفا. لەم رووەوە مەلا بەختیار لەسایتەكەیدا "چاودێر" بەناوی ئەندامێكی سەركردایەتییەوە لێدوانی عەنتیكەی دا. هاوكاتیش ئەم چاوپێكەوتنە هەرایەكی زۆری میدیایی وسیاسیی نایەوە، تەنانەت ئەم دەربڕینە لەسەر زاری كەسێكی وەك نەوشیروان مستەفاوە بووە سەرەتایەكی نوێ بۆئەوەی چیتر رەخنەكان پێچاوپێچ پێنەكرێن وبەرووتی و وەك ئەوەی هەیە بخرێنە چوارچێوەی دەربڕینەوە.
یەكێتی لەمینەكانی نەوشیروان مستەفا دەترسێت یەكێتی هەر لەوە ناترسێت نەوشیروان مستەفا لەرێی لیستی گۆڕانەوە تەواو لاوازی بكات، بەڵكو ترسی ئەوەشیان هەیە نەوشیروان چەندین كارتی تری لەناوخۆی یەكێتی هێشتبێتەوە بۆ ئەوەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا وەك بەشێك لەپڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەكاریان بهێنێت. یەكێتی لەو بڕوایەدایە ماوە نا ماوە نەوشیروان مستەفا یەكێتی رووبەڕووی قەیران دەكاتەوە بەوەی مینەكانی دەتەقێنێتەوە، سەركردایەتی ئێستای یەكێتی لەو بڕوایەدان رەگ ودەست لەكاركێشانەوەی چوار ئەندام مەكتەب سیاسییەكە تەنیا دووانن لەكارت ومینەكانی نەوشیروان مستەفا، بۆیە پێدەچێت لەسەروەختی هەڵبژاردندا كارتی كاریگەرتر لەبەرامبەر یەكێتی رابكێشێت، هەروەك پێشبینی دەكرێت تەنانەت لەناو كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پەرلەمانی داهاتوو لایەنگرانی ریفۆرم دزە بكەنە ناو لیستی پاڵێوراوەكانەوە. سەركردایەتی یەكێتیی ئێستا سڵیش لەوە دەكاتەوە باڵی ریفۆرم ئەندامانی خۆیان لەناو لیستی كاندیدەكانی یەكێتیدا بچێنن، چوونكە زۆرێك لەسەركردەكانی یەكێتی باس لەوە دەكەن رێكخستنی نهێنی سەر بەباڵی ریفۆرم لەناو یەكێتیدا دروستبووە. پرسیار ئەوەیە كاتی خۆی زۆرێك لەرێكخستنە نهێنییەكانی یەكێتی دوای ئاشكرابوونیان لەلایەن حكومەتی بەعسەوە لەسێدارە دەدران، بەڵام ئەی یەكێتی كاردانەوەی چی دەبێت لەهەمبەر ئەو رێكخستنانە؟ ئایا ئەگەر رێكخراوی هەڵۆی سوور لەناو خودی یەكێتیدا دروستبووەوە، ئەم یەكێتییەی ئێستا چ رێگایەك دەگرێتە بەر؟.
نەوشیروان مستەفا دەچێتە پەرلەمان پێشبینی دەكرێت لیستی گۆڕان لەسلێمانی ودەوروبەری كە بە شارەگی یەكێتی نیشتمانیی دادەنرێت، شكست بەیەكێتی بهێنێت. تەناتەت زۆرینەی دەنگەكانی لیستی گۆڕان لەو شوێنەدا دەبن لەپێشاندا ناوی ئیدارەی سلێمانی یان سنووری ئیدارەی یەكێتی بوو. پێشبینی دەكرێت لانیكەم لیستی گۆڕان نیوەی یان شتێك لەنیوە كەمتری دەنگی لایەنگرەكانی یەكێتی بەدەستبهێنێت، یان بابڵێین نیوەی ئەو دەنگانە مسۆگەر دەكات كەیەكێتی لەهەڵبژاردنی ساڵی 2005 بەدەستیهێنابوون. بەم پێیە لیستی گۆڕان وەك مەزندەو پێشبینی دەكرێت بە15-20 كورسی بەشداریی دەكات لەپێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان. كەوابوو شەڕ لەرێگەی لیستی گۆڕانەوە دەچێتە ناو پەرلەمانەوە، شەڕی دوو بۆچوون ودنیابینی جیا، دنیابینی گۆڕان ودنیابینی واقیعی داسەپاوی ئێستا. نەوشیروان مستەفا دوای ئەوەی ئاماژە دەكات بەوەی بەئەزموون بۆی سەلماوە هەوڵی چاكسازیی لەنێو حیزبدا پرۆسەیەكی سەركەوتوو نییە، ئێستا دەیەوێ لەرێی لیستی گۆڕانەوە ئەم كارە لەرێی بەشدارییكردنی دەسەڵاتەوە ئەنجام بدات ورایدەگەیەنێت "لەگەڵ هاوڕێكانی ترمدا هەوڵدەدەین چاكسازیی لەرێگەی پەرلەمان ولەرێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بكەین نەك لەرێگەی حیزبەوە". لیستی گۆڕان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت نەریتی چەقبەستووری تائێستاو بێدەسەڵاتیی پەرلەمانی كوردستان تەكان پێبدات ودەنگە دەنگ و هاتوهاوارێك لەپەرلەمانی ئایندەدا دروستبكات تاهەنووكە پەرلەمانتاران پێی ئاشنا نەبوون. گەیشتنی لیستی گۆڕان شانبەشان لەگەڵ لیستی چوارحیزبەكە گەیشتنی دەنگی نوێ وگۆڕانخوازە بۆ نێو پەرلەمانی داهاتوو، ئەگەر هەموو گۆڕانێكیشیان پێنەكرێت ئەوە دەتوانن نیوەی ئەوەی لەئەجندادا هاتووە بهێنرێتەدی، كەئەمەش كەم نییە.
*ئەم وتارە لەژمارە (455) رۆژنامەی (رۆژنامە) لەرۆژی 27\4\2009 بڵاوبۆتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست