فرمێسکی کەروێشکێک ڕایچڵەکاندم
Saturday, 24/04/2021, 10:45
1056 بینراوە
سەردەمێک وەک هەر هەرزەیەکی گەڕەکی هەژار نشینەکان، منیش لەگەڵ هەڵچوونی تەمەندا چەقۆیەکی ئەڵقەدارم لە گیرفاندا بوو. ئەو چەقۆیە بۆ من لە لەشکرێکی تەیار دەچوو، دەتگوت ماخۆلانمە، بەردەوام بەدەستمەوە بوو ، ڕامدەوەشان و دەمکردەوە و دامدەخست، بە بەرد و تەلی کارەبا و تەنەکەی خۆڵ و بڕبەن دەمەزەرد و تیژم دەکردەوە .
نەم دەزانی بۆچی هێندە هۆگری ئەو چەقۆیە ببووم!
ئیتر لەگەڕەکدا هەرچی قەل و قاز و مریشک و پەلەوەر هەبوایە ، چەقۆکەی من دەهات بەگەردنیدا و سەرم دەبڕی، ئەو سەردەمە هەر کچۆڵە و ژنێک لەبەر دەرگا دەوەستا ، یان دەهاتە لامانەوە دەیان ووت: ئادەی کوڕینە کێ دەتوانێت ئەم پەلەوەرەم بۆ سەربڕێت ئێمەش بۆڕبۆڕێنمان دەکرد. من پشکی شێرم بەر دەکەوت لەو تاوانە، چونکە چەقۆکەی من تیژ و کارابوو.
تا ڕۆژێک "ئامین" هات کات نیوەڕ بوو بە خۆی و دوو کەروێشکەوە، ئێمە سەرگەرمی هەلوکێن بووین چاکم لە بیرە پێی ووتین: کێ دەتوانێت ئەم کەروێشکانەم بۆ سەربڕێت ؟
من دانەیەکم لێوەرگرت، کەروێشکەکە زۆر بزێو بوو هەر دەجوڵایەوە پێیە کورتەکانیم خستە ژێر پێم بەدەستی چەپم گوێچکەکانیم گرت و ئەبووئەڵقەکەم بەدەمەوەبوو ، کە دیقەتم دا فرمێسکێکی قەتیسماوم لەچاوە ڕەشەگەورەکەی کەروێشکەکەدا بینی، سەرەتا گوێم پێنەدا بەڵام کە چاوی نوقاند و کردیەوە فرمێسکەکەی هەڵوەری ، ئیتر من بووم بەتنۆکێک ئاو و کەروێشکەکەم بەردا. ئەو بەسزمانە جوڵەی نەکرد تاسابوو ، پاش کەمێک دەستی کردە قونەقون و دورکەوتەوە ، ئیتر منیش هەرلەوێدا چەقۆکەم بەبەردێک شکاند و وازم لە سەربڕینی باڵندە هێنا. ئەو کەروێشکە بۆ من زەنگێک بوو کە کردمی بە مرۆڤ.
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە