دارەکەی ئیمام محەمەد لە بندا ببڕن
Friday, 02/07/2010, 12:00
شارۆچکەی دەربەندیخان بەبەراورد لەگەڵ شارەکانی تردا سیمایەکی جوانی هەیەو کۆمەڵێك تایبەتمەندیش لە شارەکانی تر جیای دەکاتەوە، وەك نزیکی ڕووباری سیروان لێوەی و چواردەورگیرانی بە شاخ، هەرکەس ئەو شارەی بینی بێت و ساتێك تێیدا گەڕابێت دڵگیر بووە بەلایەوە، بە تایبەت ئەم چەند ساڵەی ڕابوردوو لەگەڵ بەرەو باشچوونی باری ئابووری خەڵکی زیاتر گەورەی بەخۆیەوە بینیووەو دانیشتوانی گوندەکانی چواردەوری بەتایبەت هۆرێن و شێخان هاتوونەتە دەربەندیخان و خانوو ماڵیان تێدا کردووە، ئەو شارۆچکە چکۆلانە ئێستە وای لێهاتووە جێگەی خۆیەتی شارۆچکەکەی لێ بکەیتەوەو تەنها بە شاری دەربەندیخان ناوی ببەین لەبەر فراوانبوونی دانیشتوانیی بەچواردەوری خۆید،ا بەتایبەت بەرەو ڕووی کانی سارد.
مەزارگەی ئیمام محەمەد کە وەك دەڵێن پیاو چاکێك بووەو لەو جێگەدا نێژراوە، خەڵکانێك سەردانی دەکەن و پەنای پێ دەبەن بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانیان بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەساڵدا چوون.
جگە لەوەی مەزارگەی ئیمام محەمەد مەزارگەیە کانیاوێکی جوانی پاكی لێیەو خەڵکی شارەکە زۆرێکی سوود لە ئاوەکەی دەبینین بەتایبەت لە ئێستەدا کە ئاوی دەربەندیخان ئاوێکی پاك و تەندروست نی یەو هەرکەسێك تەندروستی بەلاوە گرنگ بێت نایخواتەوە، یان ئاوی مەعدەنی دەکڕێت وەیان لە ئیمام محەمەد ئاو دەهێنیت، گرنگی داریش لە زۆر ڕوانگەوە بەرز نرخێنراوە هەم لە ڕووی ژینگەوە وە هەم لە ڕووی جوانی سیماوە، هەربۆیە زۆرجار دەبینین شارەوانیەکان دار دەڕوێنن و ئەو هەڵمەتە دەست پێ دەکەن، وە کاتێکیش کەسێك دارێك ببڕێت ئیدانە دەکرێت.
بەڵام ئەم دارەی ئیمام محەمەد بەجیایە لە گشت دارەکانی تروو بەڵکو بووە بە جێگەی خۆ کوشتن و دیاردەیەکی ترسناك لە دەربەندیخاندا، بەشێوەیەك ئەگەر کەسێك ئێوارە زوو نەیەتەوە بۆ ماڵ سەردانی دارەکەی ئیمامی محەمەدی بۆ دەکەن بەتایبەت ئەگەر تۆزێك کێشەی هەبوو بێت، ئەمڕۆ لەگەڵ برایەکمدا قسەمان دەکرد بە تەلەفۆن دەیووت ئێستە پاسەوانیان بۆ دارەکە داناوە لەترسی ئەوەی کەسانێك کە دەیانەوێت خۆیان بکوژن پاسەوانەکە ڕێگر بێت لێی، وەك نوکتەش ئەوەش دەوترێت کە پاسەوانەکەش پاسەوانی پێویستە نەوەك ئەویش خۆی بخنکێنێت، جا لێرەدا من ئەوە دەڵێم ئایا لە جێگەی خۆیدا نی یە ئەو دارە لە بندا ببڕدرێت.
لە ڕووی شەرعیەوە وەك مەلایەك من ئەو فەتوا دەدەم کە ئەو دارە ببڕدرێت هیچ کێشەی تێدا نی یە. نە بۆ ئیمام محەمەدی ڕەحمەتی وەك شەخسەکە وە نەوەك دینیش، هەرچەند پێ دەچێت لای کەسانێك بڕینی ئەو دارە ئاسان نەبێت بەڵام لە ڕووی شەرعیەوە لە جێگەی خۆیەتی، چونکە ئاشکرایە ئیسلام هاتووە بۆ پاراستنی پێنج شت یەکێك لەوانە پاراستنی مرۆڤەکانە وە هەر شتێك ببێتە مایەی ئەوەی کە مرۆڤ بە ناڕەوا لەناو ببات جێگەی خۆیەتی ڕێگری لێ بکرێت، مرۆڤەکان لە دارەکان گەورەترن، لە مێژووی ئیسلامیشدا کاری لەو شێوە ڕووی داوە کاتێك دارێك بووەتە دیاردەیەك ئیمامەکان هەستاون بە ببڕینی.
ئەوکاتیش پێویست بە پاسەوان ناکات و ترسی پاسەوانەکە خۆشیمان نابێت. پاراستنی دانیشتوانی دەربەندیخان و سیمای جوانی ئەو شارە لە ئەستۆی گشت دانیشتوانی شارەکەدایە پێویستە بۆ هەرکارێك کە پەیوەندی هەبێت پێوەی هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و هەوڵی بنبڕکردنی بدرێت.
جارێکی تر دووپاتی فەتواکەم دەکەمەوە کە پێویستە ئەو دارە لە بندا ببڕدرێت.
مەلا عومەر عەلی--ئیمام و خەتیبی مزگەوتی نوور لە شاری بێرمینگهام بەریتانیا
www.omarali.co.uk
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست