راگەیاندنی کۆمەڵەی هاوبیرانی کوردایەتی K H K
Friday, 20/03/2015, 12:00
بەبۆنەی نەورۆزی ٢٧١٥ ەوە
لەم رۆژە مێژووییەدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەنەتەوەی سەربەرزی کوردمان، سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان دائەنەوێنین و چەپکە نێرگزی گەشبینی پێشکەش بەو پێشمەرگەو گەریلاو شەڕڤانە قارەمانانە ئەکەین کە بەخوێنی ئاڵی خۆیان، خاکی کوردستان ئەپارێزن.
گەشترین واتایەکی نەورۆز کە ئاسۆی ئێستەو ئایندەمان رووناکئەکاتەوە، رزگاربوونی نەتەوەکەمانە لە کۆیلەیەتی و ژێردەستەیەتیی داگیرکەرانی کوردستان، هەروەک چۆن کاوەی قارەمانی باپیرمان، لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، سەری ئەژدەهاکی خوێنڕێژی کوردی پانکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ٢٧١٥ساڵ لەمەوبەر، هەر لەیەکەم رۆژی بەهاردا، یەکەم دەوڵەتی کوردیی سەربەخۆی سەرتاسەری کوردستان لەلایەن دیاکۆی باپیرە گەورەمانەوە راگەیەنراو نیشتمانەکەمان لەداگیرکەرانی ئاشوری و بابلی پاککرایەوە. بەڵام مەخابن دیاردەی ناکۆکی و ناپاکی! بوە هۆی هەرەسی ئەو دەوڵەتە. ئەمڕۆش خاکی پیرۆزی کوردستانمان لەگشت لایەکەوە دەمی تێژەنراوەو چاویان بڕیوەتە ئەو دەسکەوتانەی بەخوێنی شەهیدانمان لە باشوورو رۆژئاوای کوردستاندا بەدیهاتون و بە ئەفراندنی داعش پیلان ئەگێڕن بۆلەناوبردنی نیمچە قەوارە سیاسییەکانمان ، سەرباری ئەوەی لە رۆژهەڵاتی نیشتمانمان بە لەسێدارەدانی رۆڵەکانمان و لە باکوریش بەپیلانی (چارەسەری دیموکراتی درۆزنە) هەوڵی خەڵەتاندنمان و چەکدانانی گەریلا ئەدەن و بەگشتی دیاردەی کوشتنی بەکۆمەڵی نەتەوەکەمان لەهەموولایەکەوە، درێژەی هەیە.
بەرامبەر ئەو راستییانەو بۆ روبەڕوبونەوەی شەڕو پیلانی داگیرکەرانی کوردستان و پارێزگاریی دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان و ئاڕاستەکردنیان بەرەو سەبەخۆیی و سەرفرازیمان، کۆمەڵەکەمان بەگیانی بەرپرسیارێتیی نەتەوەییەوەو لەم بۆنە پیرۆزەدا، داواکاری جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە هەنووکەییانەیە:
1-کۆتایی هێنان بە دیاردەی ئەو جۆرە حیزبایەتییەی دووبەرەکی و گەندەڵی و برسیکردنی زیاتری چینە چەوساوەکانی نەتەوەکەمانی لێکەوتۆتەوەو مەترسییە بۆ بوونی نەتەوەییمان.
2-دەستەبەرکردنی سەرکردەیەکی کارێزماو پێکهێنانی لەشکرێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو بۆ سەرتاسەری کوردستان
لەژێر سەرپەرشتیی کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا بۆ پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانمان و رزگارکردنی هەموو بستێکی کوردستان.
3-کۆتاییهێنان بە دیاردەی دووئیدارەیی و دوولەشکری لەباشووری کوردستان.
4-وەرگرتنی هەڵوێستی کردەیی و نەترسانە بەرامبە هەر کردارێکی دوژمنانەو هەر گفتارێکی رێگر لەسەربەخۆیی کوردستان وەک ئەو وتەیەی داود ئۆغڵۆ کە ئەڵێ دژی دەوڵەتی کوردییە ئەگەر خواش دروستیبکات، کەئەبێ تۆڵەی ئەو وتەیەی و بۆ تەمێکردن، لێدانی بەرژەوەندییەکانی تورکیابێ لەباشووری کوردستان بەلایەنی کەمەوە. هەروها بەرامبە بڕینی بوجەو موچە لەلایەن بەغدادەوە، ئەبێ بڕینی داهاتەکانی کوردستانبێ لە بەغداد بەداهاتی نەوتیشەوە. بەوجۆرە بەرامبەر هەر وتەو کارێکی دوژمنانە، کاردانەوەی کردەییمان هەبێ. چیتر بێدەنگی لەبەرژەوەندیی نەتەوەکەماننیە. وەرگرتنی هەڵوێستی جەوامێرانە لەو روانەوە، جگە لە تەمێکردنی نەیاران، خۆراکێکی گیانیشە بۆ زیادکردنی حەماس و ورەی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان بەگشتی و جەنگاوەرەکانمان بەتایبەتی.
بەرزو پیرۆزبێ نەورۆزی سمبولی بەرخودان و راپەڕین و سەربەخۆیی.
بژی پێشمەرگەو هەموو جەنگاوەرانی راگری بوون و مانی نەتەوەییمان.
نەمری بۆ شەهیدانی قارەمانمان و سەرشۆڕی بۆ داگیرکەرانی کوردستان.
کۆمەڵەی هاوبیرانی کوردایەتی
21/3/ 2015- باشووری کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست