کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆپۆزسیۆنێكى موجامیل ... موغازیل!!...

Monday, 02/01/2012, 12:00






بە مەنتیق هەر هەڵبژاردنێك ، كە ئیقرارو واژۆى قەوارەكان لە سەر تیانوسى دەرئەنجامى كۆتایى كرا، ئیدى لەبەردەم پلەبەندى دەنگى قەوارەكان ، هەر لایەن و قەوارەیەك بەرپرسیارە لە و بڕیارە. .
لێرەوە پێكهێنانى سیستمى سیاسى قەوارەكان بەپێى دەنگ و پلەبەندیان ڕەنگدانەوەى پێگەو جێگەى خۆیان دەزانن.
مەبەستمە بڵێم، كاتێك دووبەرە(دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن) دێتە بەرهەم.
ئۆپۆزسیۆن شەرعیەت دەداتە دەسەڵات بەو واژۆو ئیقرارە.
ئیدى ئۆپۆزسیۆن لەفەلەك و بازنەى دەسەڵاتدا بە شێوازى چاودێر و پێكهێنانى حكومەتى سێبەر لە خولى تایبەت بەخۆى لە دوورى تیرەیەكى یەكسانەوە لە دەسەڵات جمەو جوڵەى خۆى دەست پێدەكات.
ئەوێ كات، دەتوانیین بڵێیین لەبەردەم سیستمێكى سیاسى ساغڵەمدا لە قۆناغى تایبەت بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گوزەر دەكەین...
بەدەر لەو حاڵەتە ، ئۆپۆزسیۆن هەر هەنگاوێكى تر لە خولگەى تایبەت بەخۆى بهاوێت ، بەیەقین لەبەردەم پرسیارو موساوەمەو نەرمى و ڕاڕابون و دوودڵى و (موجامەلە و موغازەلەى) دەسەڵاتدا دەبێت...
وەلێ، لە ئەگەر و گریمانەى هەمە جۆر و هەمەچەشن كاتێك ڕووبەڕووى سیستمى سیاسى ، دەسەڵاتى حوكم ، لە دەرئەنجامى خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات دەبێتەوە. ئەوا ئۆپۆزسیۆن تەداخولى ڕاستەوخۆ لەتەك ڕاى گشتیدا بۆ ڕاستكردنەوە و جڵەوگرتنى بارودۆخەكە دێتە سەر خەت.
ڕاگەیەندراوى (بەیاننامەى) 31/12/2011ئۆپۆزسیۆن، سەبارەت بە وەزعى هەرێم و عێراق، لە سێ خاڵدا دەتوانین گردبونەوە و شیكارى بابەتیانەى دوور لە موجامەلەو موغازەلەى ئێمە بۆ ئۆپۆزسیۆن بخەینە ڕوو:
1/ هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن شتێكى نوێى تێدابەدی ناكرێت. هەڵەى كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكان سەرلەنوێ دووبارە دەكرێتەوە. بەوەى لە مانگى حوزەیراندا پرۆژەیان پێشكەش بە دەسەڵات كرد.
لەبەرامبەردا دەسەڵات بەپرۆژەى تایبەت بەخۆى وەڵامى دانەوە.
واتە ڕێسەكەى لێكردنەوە بەخورى. ئەوەى ئەوان پێشكەشیان كرد، تابە ئەمڕۆ بەدوایدا وێڵن.
دەسەڵات نەوى و دەربار بە وەزعەكە بە گشتى نەك هەرنابێ بگرە بەردەوام ئارەزوى هەڵتۆقینى قەیرانى بەردەوامە بۆ درێژەدان بە گەمەو كوشتنى كات لە پێناو مانەوەو دەستگرتن بە كاشێرو كورسى حوكمەوە!...
ئەوەى جێگەى سەرنجە، ئۆپۆزسیۆن وەك كۆرپەلەو جگەرگۆشەیەكى خۆى دەڕوانێتە وەزعى دەسەڵات، دێت و دەڵێت: ئۆپۆزسیۆن لە چەند ڕۆژى داهاتودا پرۆژەى خۆى سەبارەت بەئاشتەواى لە عێراقدا پێشكەش دەكات.
واتە: ئۆپۆزسیۆن تەوسیە بۆ دەسەڵات لەسەر ئاستى عێراق دەكات!!...
ئەمە ئەو حاڵەتە دووبارەیە كەلە حوزەیراندا كردیان و لە كانونى یەكەمدا كۆپیان كردەوە بە جیاوازى ئەوەى یەكەم بۆ هەرێم و ئەوەى دووەم بۆ عێراقە.
2/ لەم بەیاننامەیەدا ئەوەندەى ئۆپۆزسیۆن عەیارەبیست وچوار داكۆكیكەرى سەرسەختە لەسەرۆكایەتى هەرێم ، هەرگیز دەسەڵات خۆى ئەو كروزانەوەیەى بۆ مەرجەع بونى سەرۆكى هەرێم نیە. چاوەڕێن تا بڕیارەكانى (23،24،25،26) ى مانگى تشرینى دووەم ئەمر بفەرمێت بە جێبەجێكردنى.
ئەگەر وایە، بۆ داواكارن پرۆژە دەستورى هەرێم بگەڕێتەوە بۆ ناو قوبەى پەرلەمان و داواكارن هەموار بكرێتەوە .
مەگەر لەبەر زۆرو زەوەندى ئەرك و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم نیە ، وەك یەك لە تێبینیەكان؟!... ئیدى ئەم هەرایە بۆ دەكەن؟!..
3/ ڕاستە ئۆپۆزسیۆن كۆبونەوەى پێنج سەركردەكەى بەفەرمى ڕەتكردەوە، وەلێ بە ئامباڵاى چەمكى (ڕەتكردنەوەدا) ، فەزایەك بۆ كەین و بەین بەكراوەى دەهێڵنەوە!..
دەسەڵات بوونەتە دووبەرە بەرەى سەوز زێدەتر پەرۆشن بۆ گفتوگۆ و ڕەتكردنەوە لەسەر زارى هەندێ لە ناوەندى بڕیار بەدەست بە هەڵە ناوزەد و هەست بەوەزعەكە دەكەن.
وەلێ بەرەى زەرد چونكە ئۆپۆزسیۆن ڕكابەرى سەرۆكایەتى هەرێم بەگشتى و شەخسى سەرۆكى هەرێم نین و داواكارو چاوەڕێن گۆدۆ لەسەفەربێتەوە، ئیدى گەزگەز خەنى و باڵا و كەیفیان بە هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن دێت.
تكایە... بەدەردى نوسەرانى پاراستنى یەكپارچەیى خاكى عێراق مەكەن، كاتێك (120)كەسایەتى كورد و عەرەب دێن، دەست بەپاڕانەوە و دوعا و نزا بۆ دەستى دەرەكى لەعێراقدا درێژ دەكەن!..
گرفتەكە لەوەدایە، زۆر لەوانە باس و خواست لەستراتیژیەتى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى لە ئایندەدا دەكەن!!!.. كۆڕو سیمینارو كەسایەتى كۆدەكەنەوە . كاسیانكردین بەدروشمى بریقەدارو بە نەوین بۆ بەردێك كە لە ئاست بەرزكردنەوەیدا ، ئەوەى لێ دەچۆڕێت، كە واژۆیان كردووە!...

ئێوەش بەدەردى ئەو برادەرانە مەكەن لە كوردستان ڕازى نین، وەلێ شین بۆ عێراق دەكەن!!..
دەنا ئەم هەموو موجامەلەو موغازەلەیە بۆچى؟! بۆكێ؟! لەپاى چى؟!....
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە