کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرێ پێم ناڵێن، بە چ پێودانگێك (PKK) تیرۆریستە؟!

Saturday, 17/07/2010, 12:00


كەركوك
تیرۆریست كەسێك، یان لایەنێك، یاخود گروپێكە، لەپێناو مەبەستێكى دیاریكراودا، پەنادەباتەبەر قێزەونترین و دڕندانەترین كاری نامرۆڤانە، تەڕو وشك پێكەوە دەسووتێنێت، دەست لە منداڵ و پیروپەككەوتەو هاووڵاتییانى بێدەسەڵات ناپارێزێت. ئەگەر تەلارێكى پڕاوپڕ لە مرۆڤی بێ گوناه بەسەریەكدا كاول بكات و مرۆڤە نیشتەجێكانى ناوى بكاتە قەرەبرووت، ئەوكاتە ئۆخژنی ئارامی سەرتاپای جەستەى دادەگرێت، چونكە بوونەوەرێكى ویژدان مردووەو هیچ خەسڵەتێكى مرۆیی نایگرێتەوە.
ئەگەر خوێندنەوەیەكى لۆژیكیانەو بابەتیانەی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیى كورد لە باكوورى كوردستان، بەسەرجەم باڵە سیاسی و چەكداری و دیموكراتی و ئاشتیخوازییەكەیەوە بكەین، وێڕاى ئەو هەموو پرۆسە بەردەوام و هۆڤێتیانەیەى كە لەلایەن حكومەتە یەك لەدواى یەكەكانى دەوڵەتی توركیاى سەردەمى ئەتاتورك و دواى ئەویش و بگرە پێشتریشەوە، لە دژی ئەنجامدراوەو خاك و زێدی داگیرو مرۆڤەكانی كۆیلەو ژێردەستە كراوەو هەوڵی سڕینەوەى كەسایەتى نەتەوەیی تاكى كورد گەیشتۆتە چڵەپۆپەو ئاستێك كە لەوانەیە هیچ پێوەرێك بەرگەی پێوانەكردنی نەگرێت، چونكە هێندە سنووربەزێن بووە، كەچی لە هەمبەر ئەو هەموو تاوانكارییانەدا كورد تەنها بەشێوەیەكى رەوا داكۆكی لە مانەوەی خۆی كردووەو بەرپەرچی پرۆسەی قڕكردنی لەلایەن توركەوە داوەو جگە لە شۆڕش و راپەڕینى چەكداری و جەماوەری بەولاوە هەنگاوێكی وای نەناوە كە مرۆڤ شەرم لە باسكردنى بكات.
پارتی كرێكارانی كوردستان، وەكو پارتێكى هەڵگرى بیروباوەڕی سۆسیالیستى زانستی و دروشمی سەربەخۆیی بۆ كوردستان، بە دامەزراندن و گەشەكردن و پەرەسەندنی، تا ئەوكاتەى بڕیاری شۆڕشی چەكداری دەدات و تا ئێستاشی لەگەڵدابێ، وەكو هەر پارتێكى سیاسی ئاسایی چالاكییەكانی خۆی ئەنجامداوەو لە مێژووی پڕ سەروەریدا، لاپەڕەیەكى وا بەدیناكرێت كە بچێتە خانەى بیركردنەوەو ئەنجامدانی كاری تیرۆریستییەوە. رەنگە ئێستا كەسانێك هەبن، باس لە چەند چالاكییەكى چەكدارانەی (PKK) بكەن كە تیایدا جەندرمەو قەرەقۆڵ و خەڵكانی دیكەی تێدا بەجۆرێك كوژراوە، كە تا رادەیەك دڕندانە بێت، بەڵام كاتێك سەرنج دەدەینە هەڵوێست و رەفتاری (ئەرگەنەكۆن)ەكان و ئەو شەڕەى كە پەكەكە بە شەڕی تایبەتی ناودەبات كە لەلایەن دەسەڵاتدارانى رژێمى توركیاوە پەیڕەوو پیادەكراوەو ئەو دەستەبەندی و مافیاكارییەى كە پەیتا پەیتا ئاشكرا دەبێت و ساڵانێكە دەوڵەتی كەمالیستیی تورك بەڕێوەدەبەن، دەمودەست مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕوا مسۆگەرو دڵنیابوونەی كە ئەوەی بەناوى شەڕوانان و گەریلاكانی (PKK)ەوە كراوەو تاوانەكان خراوەتە ئەستۆى ئەوان، هیچ بنەمایەكى لۆژیكیی نییەو هەرهەمووی لە ئاكامی پیلانڕێژیی ئەرگەنەكۆنەكان و دەستەبەندییەكانى مافیاوە بەڕێوەچوون و مەبەستیش تیایدا تاوانباركردنی ئەو پارتە شۆڕشگێڕەى باكوورى كوردستانە.
ئاخر كاتێ رژێمێكی سەربازی و رەگەزپەرست و داگیركەر، زمانى كوردی لە كوردان قەدەغە بكات و لەسەر چڕینی سترانێك، یان هۆنینەوەی هۆزانێك بە زمانى كوردی، خاوەنەكەی بانگهێشتی بەردەم دادگا نادادپەروەرەكان بكرێت و زیاتر لە چوار سەدەو نیو هەوڵی سڕینەوەى كەسایەتی تاك بەتاكی ئەو نەتەوەیە درابێت، ئەرێ بۆ دەبێ پەلاماردانی مۆڵگەیەك، یان قەرەقوڵخانەیەك، بەكارێكی تیرۆریستی بدرێتە قەڵەم؟!، لەكاتێكدا هەر خودى ئەو رژێمە سادەترین مافە نەتەوایەتییەكانى ئەو نەتەوەیە پێشێل بكات و كوڕو كچ و ژن و منداڵی كورد لە زیندانەكانى بپەستێت؟!
هەرگیز ئەوە كورد نییە كاری تیرۆریستی ئەنجام بدات، بەڵكو خودی رژێمى توركیایە لە كارو كردەوەی تیرۆریستییانە دژی نەتەوەكەمان سڵ لە هیچ یاساو رێسایەكی نێودەوڵەتی ناكاتەوەو جگە لە هەوڵی شاردنەوەی راستییەكان و سڕینەوەى بوونی كوردو فریودانی رای گشتی هیچی دیكەی بەدەستەوە نەماوە.
زۆریش بەزەییم بەو كەسانەدا دێتەوە كە خۆیان بە سیاسەتبازو پسپۆڕ لە بوارى توركیاو كێشەی نەتەوەكەمان لە باكوورى كوردستان دەزانن، بیریان بەلاى بە تیرۆریست زانینی (Pkk)دا بچێت و ببنە بەشێك لەو شەڕی تایبەتەى كە رژێمى توركیای داگیركەر، دەرهەق بە بزووتنەوەى رزگاریخوازی نەتەوەكەمان لە باكووری كوردستان پیادەى دەكات. زۆرتریش سەیرو بەزەییم بەو لایەنانەدا دێتەوە كە پێیان وایە بۆ منی كوردی باشووری كوردستان نییە، داكۆكی لە كێشەى رەوای نەتەوەكەم لە باكوورى كوردستان بكەم، گوایە ئەوە كێشەى وڵاتێكى دیكەیە!!.. بێئاگا لەوەی كە كوردستان نیشتیمانێكى داگیرو دابەشكراوەو ئەمڕۆ بێ، یاخود سبەى هەر دەبێ، كوردستانیان لەژێردەستەیی داگیركەران و چەوسێنەرانی ناوخۆو دەرەوەدا رزگاریان بێت.
كەواتە پێم ناڵێن بە چ پێودانگێك (PKK) بە تیرۆریست دەزانن؟!!
17/7/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە