کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆکی هەرێم لەجیاتی وەڵامدانەوە بە خواستەکانیان هەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکات!

Friday, 01/04/2011, 12:00



ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم لەزاری فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانەوە رایگەیاند کە مەسعود بازرانی بڕیارێك دەردەکات سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی کوردستان‌و حکومەت رادەسپێرێ بۆ جێبەجێکردنیان. بڕیارەکەش لە پێنج خاڵ پێکدێت و تایبەتە بە گرتنەبەری ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بەهەرکەسێك کە:
1- ته‌قه‌ی له‌ هاوڵاتیان كردبێت و ببێته‌هۆی شه‌هیدكردن و برینداركردنیان.
2- هێڕشی كردبێته‌ سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كان و دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كان و زیانی به‌ موڵك وسامانی ده‌وڵه‌ت‌وهاوڵاتیان گه‌یاند بێت.
3- هانی خه‌ڵكی دابێت یان هانی خه‌ڵك بدات بۆ پێشێلكردنی یاسا و نیزامی گشتی.
4- به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن خۆپێشاندانی رێكخستبێت و رێكی بخات و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا جووڵابێته‌وه‌ و له‌سه‌ریشی به‌رده‌وام بێت.
5- هه‌ر لێپرسراوێكی پۆلیس یان ئاسایش كه‌مته‌رخه‌م بووبێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی فه‌رمیی خۆی بۆ پاراستنی ده‌زگا و موڵك وسامانی ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتیان.
ئەو پێنج خاڵەی سەرەوە کە سەرۆکی هەرێم گوایە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی کوردستان‌و وەڵامدانەوە بەخواستی خۆپیشاندەران‌و جێبەجێکردنی یاساو عەدالەت‌ خستویەروو، لەراستیدا هەڕەشەیەکی ئاشکرایە لەخۆپیشاندەران. ئەگەر خاڵی یەکەم‌و پێنجەم بەرواڵەت وا دەردەکەوێ کە لەقازانجی خەڵک بێت‌و وەڵامدانەوە بێت بە خواستی خۆپیشاندەران کە داوای راکێشانە دادگاو سزادانی بکوژانی خۆپیشاندەران دەکەن، بەڵام کاتێك خاڵەکانی دیکە بخرێتە پاڵ ئەو دوو خاڵە ئیتر مانا راستەقینەکەیان دەردەکەوێ کە تەنها بۆ کات کوشتن‌و کڵاوکردنە سەری جەماوەری نارازی‌و خۆپیشاندەران‌و کەسوکاری قوربانیەکانە. وه‌ له‌ راستیدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی سه‌رۆکی هه‌رێم جێبه‌جێکردنی ئه‌و سێ خاڵه‌ی تره‌نه‌ک دوو خاڵه‌که‌ی تر، چونکە خەڵکی کوردستان تەجروبەی لەگەڵ ئەو سیناریۆسازیانەدا هەیە کە دەسەڵات‌و بەتایبەتی پارتی دەیکەن بۆ دەربازکردنی تاوانبارەکانی خۆیان لەدەست لێپێچنەوەو دادگاییکردن‌‌و سزادان. لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی روداوی تیرۆری سەردەشت عوسمان باشترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە لەوبارەوە. ئەوە بێجگە لەوەی هەواڵەکان وادەگەیەنن کە پارتی کەسانێکی بەرپرسی خۆی کەدەستیان بەخوێنی خۆپیشاندەران سورە رەوانەی دەرەوەی ووڵات کردوە!
ئەمە لەلایەك. لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی کەناوەرۆکی ئەو بریارەی سەرۆکی هەرێم پێکدێنێ پێداگرتنە لەسەر هەمان یاسای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان‌و سزادانی ئەوکەسانەی کە رێکی دەخەن‌و خۆپیشاندان دەکەن بۆ ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی و خستنه‌رووی داواکاریه‌کانیان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا. واتە ئەگەر بەعەمەلی ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێ، دەبێ هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکانی سلێمانی روبەروی دادگاو سزای یاسایی ببنەوە، چونکە له‌به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات و پێشێلکردنی مافه‌کانیاندا بەبێ مۆڵەتی ئەوان خۆپیشاندانیان کردوە، بەرامبەر بە ته‌قه ‌و فیشه‌ک و پەلاماری چەکدارەکانی پارتی‌و ئاسایش ناچاربوون به‌ده‌ستی به‌تاڵ بەرگری لەخۆیان بکەن‌. بەمجۆرە ئەو راگەیاندنەی سەرۆکی هەرێم مژدەی رەشبگیری خەڵك‌و بەرێخستنی کەمپینی دادگایی خۆپیشاندەران‌و هەڵسوڕوان‌و خەڵکی نارازیە بەدەسەڵاتی ئەوان. بەکورتی نەك بەبا دانی قوربانی‌و رەنجی زیاتر لە مانگیكی ئەوان‌و سەرجەم خەڵکی کوردستانە لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان لەپێناو ئازادی‌و عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و ژیانێکی سەربەرزدا، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ داگایی و زیندانیکردن و تۆقاندنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لەفیشەکی چەکدارەکانی ئەوان رزگاریان بوە.
ئێمە لە چەتری ئازادی بەتوندی ئەم هەرەشانەی سەرۆکی پارتی لە خەڵك و خۆپیشاندەران سەرکۆنەو بەرپەرچ دەدەینەوەو بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە بەهەموو هێزمانەوە بۆ بەشکستکێشانی تێبکۆشین‌.

٣١/٣/٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە