ژنانى دیالە بوون بەقوربانى ئامانجى گروپە توندڕەوەكان
Tuesday, 19/04/2011, 12:00
چالاكوانانى ژنان مەترسى زیادبوونى ژنانى خۆكوژ لەدیالە دەخەنە ڕوو
لەئێستادا دانیشتووانى پارێزگاى دیالە 1,400,000 ملیۆنێكو چوارسەد هەزار كەسە، دانیشتوانەكەى پێكهاتەیەكى تێكەڵەیە لەنەتەوەكانى كوردو عەرەبو توركمانو مەسیحى، لەڕووى مەزهەبو ئاینیشەوە، ئاینى ئیسلامو مەسیحىو ئاینزاكانى وەك كاكەیى، وەك مەزهەبیش هەردوو مەزهەبى سوننەو شیعەى ئیسلامى تێدایە، بەهۆى ناحیەكانى سەعدیەو جەلەولاو قەزاى میقدادیەوە كە زۆرینەى دانیشتوانەكانیان عەرەبى سوننە مەزهەبنو دژى هاتنى هێزەكانى ئەمریكان، بۆیە كە یاخیبوان شوێنەكانى ترى عێراقیان پێ چۆڵ كرا، هەر زوو یاخیبوان ڕوویان كردە ئەو شوێنانەى پارێزگاى دیالە، بۆ ئەو مەبەستەش بەپێى وتەى چالاكوانانى مەدەنى ژنانى پارێزگاكە ئەو یاخیبوانە زۆربەى چالاكیە تیرۆریستیەكانیان لەڕێگەى ژنانەوە ئەنجام دەدەن، چالاكوانانى مەدەنى ژنانى پارێزگاكە مەترسى خۆیشیان لەمەڕ زیادبوونى ڕێژەى ئەو ئافرەتانەوە دەخەنە ڕوو كە بێئومێبوونو دەیانەوێ چیتر بەسەرشۆڕىو شەرمەزارى نەژین، بەمەش لەلایەن یاخیبوانەوە بەكاردەهێنرێن بۆ كردەى تیرۆریستى.
ژنانى دیالەش وەك ژنانى زۆربەى پارێزگاكانى ترى عێراق، بەهۆى هەژارىو نەبوونى كارو تەڵاقدانو بەجێهێشتنیان لەلایەن مێردەكانیانەوە، رۆژانە بەسواڵ یان بەپارەیەكى كەم كار دەكەن بۆئەوەى بژێوى رۆژانەى خۆیانو مناڵەكانیان پەیدا بكەن، لەكاتێكدا بەهۆى نەبوونى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى كۆمەڵایەتیەوە ژنانى ئەم پارێزگایە كە ژمارەیان زیاتر لە 160،000 سەدو شەست هەزار ژنى هەژار دەبێت، كە بێبەشبوون لەهاوكارىو دەستگیرۆیى حكومەتو چاودێرى كۆمەڵایەتى پارێزگاكە.
نەسرین بەهجەت ئەندامى لیژنەى ژنانو مناڵانى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، لەو بارەیەوە وتى "تیرۆریستەكان خراپى بارى ژیانى ژنانى دیالە دەقۆزنەوە، لەبەرئەوەى ژنان ئامادەن هەموو شتێك بكەن لەپێناو مناڵەكانیاندا، بەتایبەتى ئەو ژنانەى كە مێردەكانیان لەلایەن هێزەكانى هاوپەیمانان یان ئەمریكاوە كوژراون"
ئەو نیگەرانیەى سەبارەت بەژنانى پارێزگاى دیالە دروستبووە، لەكاتێكدایە كە مەترسى زیادبوونى خۆكوژانى ژن لەعێراقدا لەزیادبووندایە، هەفتەى رابردوو ژنێك بەبڕێك تەقەمەنى ژێر عەباكەى كۆمەڵێك ماتەمگێڕى شیعەى كردە ئامانج كە بەرەو كەربەلا بەڕێوەبوون، لەئاكامدا خۆى تەقاندەوەو 35 كەسى كوشت.
بەپێى ئامارى پۆلیسى پارێزگاى دیالەش لەساڵى 2004ەوە تا ئێستا 60 ئافرەتیان دەستگیركردووە، كە بەرپرس بوون لەئەنجامدانى زیاتر لە100 كردەى تیرۆریستى، هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە كە لەئێستادا ڕێژەى ئافرەتى خۆكوژ ڕوو لەزیادبوونە.
مقەدەم غالب عەتیە وتەبێژى پۆلیسى دیالە، لەو بارەیەوە وتى "لەگەڵ ئەوەى كە 2 ئافرەت تا ئێستا تاوانبار بوون بەدروستكردنى شانەى تیرۆریستى ژنان، یەكێكیان بەناوى فاتیمە لەساڵى 2009 دەستگیركراوەو ئەوى تریشیان بەناوى سەمیرە ئەحمەد كە نازناوى (ام المۆمنین)ى لەخۆى نابوو تەمەنى 51 ساڵە پێش ساڵێك دەستگیر كرا، بەڵام دواین دەستگیركراو كە سەرپەرشتى شانە تیرۆریستیەكانى ژنانى سنورى پارێزگاى دیالەى كردووە پیاوێك بوو بەناوى (ئیبراهیم عەزاوى) كە لەبەروارى 11/4/2011 لەقەزاى میقدادیەى باكورى رۆژهەڵاتى بەعقوبە لەلایەن هێزەكانى پۆلیسەوە لەكاتى گەڕانو پشكنیندا لەو قەزایە دەستگیر كرا، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نیە كە ئیتر ژنى سەرپەرشتیارى شانەى تیرۆریستى نەمابێت، چونكە ئەوان دەتوانن بەردەوام بەرپرسى ژن لاى خۆیان دروست بكەن"
بەپێى راپۆرتێك كە لەم هەفتەیەدا بڵاوكراوەتەوە، سەمیرە ئەحمەد جاسم كەسێكى عێراقیەو تەمەنى مامناوەندیە، نازناوى "دایكى ئیمانداران"ى لێنراوە، هەوڵیداوە كۆمەڵێك ژنى كەمدەرامەتى دیالە لەخشتە بباتو داواى لێكردوون خۆیان بتەقێننەوە، بەپێى زانیاریەكانى پۆلیسى عێراق، جاسم ئەندامێتى بە80 ژن بەخشیوەو 28 خۆكوژى ژنیشى لەسەرتاسەرى عێراق ئامادەكردووە.
سوپاى ئەمریكا رایگەیاندووە ژنان 32 هێرشى خۆكوژیان لەساڵى 2009دا ئەنجامداوە.
زەینەب ئەركەوازى چالاكوانى مافەكانى ژنان لەدیالە باس لەهۆكارى زیادبوونى ڕێژەى ئافرەتى خۆكوژ دەكات، زەینەب دەڵێت "ئەو ژنانەى باوكیان یان براكەیان یان كوڕەكانیان یان مێردەكانیان كوژراون یان دەستگیركراون، دەیانەوێت تۆڵە لەبكوژانو دەستگیركەرانیان بكەنەوە، یاخیبوانیش ئەم ویستەى ئەو ژنانە دەقۆزنەوەو بەكاریان دەهێنن بۆ كردە تیرۆریستیەكان"
ئەو چالاكوانەى بوارى ژنان لەپارێزگاى دیالە وتیشى "یان هەندێ جار ئیسلام بەكاردەهێنن بۆ قەناعەتپێكردنو راكێشانى ئەو ژنانەو پێیان دەڵێن شەهید دەبنو دەچنە بەهەشتەوە"
زەینەب ئەركەوازى باس لەخراپى بارى گوزەرانى ژنانى پارێزگاكەى دەكات، ئەو وتى "تا ئێستا زیاتر لە160.000 سەدو شەست هەزار ژنى ئەم پارێزگایە لەخوار هێڵى هەژاریەوەن، رۆژانەش هەندێكیان ئیشى بەرگدرووى دەكەن، یان ئیشى كرێكارى كشتوكاڵى دەكەن، هەندێكى تریشیان خورى پاكدەكەنەوەو كرێكارن لەبەردەستى خاوەن ئاژەڵەكاندا، جگەلەوەش كۆمەڵێكى بەرچاو لەژنانى هەژارى ئەم پارێزگایە زبڵ كۆدەكەنەوە یان لەسەر شەقامەكان دەستگێڕى دەكەنو چەندانى تریشیان لەسەر شەقامەكان بەشێوەیەكى شەرمەزاركەر سواڵ دەكەن، بۆیە ئەگەرى زۆرى هەیە كە وەك هەوڵێك بۆ دەرچوون لەو ژیانە كولەمەرگیەیان، ببنە نێچیرى ئاسان ڕاوكراوى گروپە چەكدارە یاخیەكان"
ئەحلام عاێى تەمەن 35 ساڵ بێوەژنەو خاوەنى 4 مناڵە، خەڵكى گەڕەكى كرێكارانە لەبەعقوبە كە گەڕەكێكى شەعبى (میللى)یە، بەوتەى خۆى مێردەكەى پێش 2 ساڵو لەبەروارى 23/8/2009 لەلایەن گروپێكى مەرگەوە لەبەغداد كوژراوە، ئەو خۆى بەكارى دەستگێڕیەوە سەرقاڵكردووە لەناوجەرگەى بازاڕى بەعقوبەدا.
ئەحلام وتى "مێردەكەم لەبەغداد لەدوكانى زەڕەنگەرێكدا كارى دەكرد، بەڵام پێش دوو ساڵ لەلایەن گروپێكى مەرگەوە شەهیدكرا، لەوكاتەوە تا ئێستا بەدەستگێڕىو پارچە گوێرەوىو بنێشتو كلێنسەوە لەگەڵ مناڵەكانم لەسەر شەقامەكانى شار خۆمان دەژیەنین، بەڵام چ ژیانێك؟ رۆژێك تێرو دە رۆژ برسى، جار بەجاریش ڕووبەڕووى توندوتیژى پیاوانى شەهوانى دەبمەوەو پۆلیس فریام دەكەون"
ئەو بێوەژنە وتیشى "بەراستى نازانم تا كەى ئەوەها لەكولە مەرگیدا دەژین، تا ئێستا حكومەت هیچ هاوكاریەكى نەكردووین، بەنیسبەت ئێمەوە حكومەت هەبێ یان نەبێ چ مانایەكى هەیە؟، لەئێستادا هەر كارێكم دەستكەوێت ئەگەر قورسیش بێت یان مەترسیداریش بێت دەیكەم، تەنها لەپێناو باشكردنى بژێوى مناڵەكانمدا"
ئەروا ئەحمەدى تەمەن 28 ساڵ، خاوەنى 2 مناڵەو خەڵكى گەڕەكى ئیسلامى بەعقوبەیە، كە گەڕەكێكە زۆربەى ئیسلامیە سوننیە توندڕەوەكانى تێدا دەژین، بەوتەى خۆى مێردەكەى ماوەى 2 ساڵە لەزینداندایەو هیچ هەواڵێكى نیە.
ئەروا لەلایەن ئافرەتێكى یاخى سەر بەگروپى قاعیدەوە فریو دەدرێت، بەوەى كە مێردەكەى بۆ ئازاد دەكەن، ئەو وتى "دواى ئەوەى ژنێك بەنازناوى ئوم قەیس هاتە لامو خۆى بەئەندامى گروپێكى چەكدار پێناساندمو پێى وتم ئەگەر لەگەڵ ئەوان كار بكەم، ئەوا مێردەكەم لەزیندان بۆ ئازاد دەكەن، منیش دەستبەجێ قبوڵم كرد، سەرەتا ماوەى هەفتەیەك رۆژانە كەلوپەلى سەربازیان پێدەگواستمەوە لەلادێكانى سنورى ناحیەى جەلەولا، دواتر داوایان لێكردم خۆم بەقافڵەیەكى هاوبەشى ئەمنى هێزەكانى عێراقو ئەمریكادا بتەقێنمەوە"
ئەو ئافرەتە درێژى پێداو وتى "منیش داوامكرد دواى بخەن، دواتر پۆلیس بەكارەكەمى زانى، منیش بەڵێننامەم پڕكردەوە كە چیدى نەچمە لایانو تا ئێستا سەردانم نەكردوون، بەڵام رۆژانە دەترسم لەوەى بمڕفێنن"
ئەروا ئێستا لەدوكانى بەرگدروویەكى بەعقوبە كار دەكاتو بەو كاركردنەى خۆىو 2 مناڵەكەى بەخێو دەكات.
پۆلیسى دیالە چیرۆكى ئافرەتێكى 20 ساڵمان بۆ دەگێڕێتەوە كە ویستویەتى خۆى بتەقێنێـتەوە، بەڵام بەهۆى پشكنینەوە ئاشكرا بووەو دەستگیر كراوە:
رانیا ئیبراهیم ئافرەتێكى ئەسمەرى تەمەن بیست ساڵانە، بەپێى دانپێدانانو گێرانەوەكانى خۆى، هاوسەرگیرى لەگەڵ محەمەد ناوێك دەكات كە 10 ساڵ لەخۆى گەورەتر بووە، شانس یاوەرى نەبووە خوێندن تەواو بكات، لەكاتێكدا خەونى بەوەوە بینیوە كە ببێتە پزیشك، رانیا یەكەم ئافرەتە كە پشتوێنى خۆكوژى لەپشت ناوە بۆ خۆ تەقاندنەوە لەساڵى 2008، بەڵام پێش ئەوەى خۆى بتەقێنیـَتەوە دەكەوێـتە ناو مەفرەزەیەكى هاوبەشى هێزە ئەمنیەكانەوەو دواى پشكنین ئاشكرا دەبێتو دەستگیر دەكرێت، رانیا لەدانپێدانانەكانیدا لاى پۆلیس وتویەتى "هەرگیز رۆژێك لەرۆژان بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە پشتوێنى خۆكوژى لەپشت بنێم، بەڵام بەیانیەك هاوسەرەكەم كە ئاسنگەرى دەكرد، لەگەڵ خۆى بردمیە دەرەوەو بەرەو بەعقوبە بەڕێكەوتین"
بەعقوبە ناوەندى پارێزگاى دیالەیەو دەكەوێتە دوورى 57 كم باكورى رۆژهەڵاتى بەغداد.
رانیا بەردەوامە لەقسەكردنو دەڵێت "گەیشتینە بەعقوبەو لەناوچەى كاتون رۆشتینە ماڵێكى ئاوارەوە، ئافرەتێكى تەمەن 40 ساڵان پێشوازى لێكردین بەناوى فاتیمە، ئەو ژنە دەستى بەقسەكردن كرد لەسەر جیهاد، بەڵام من بەڕوونى تێنەدەگەیشتم باسى چى دەكرد، لەو كاتەدا مێردەكەم قسەكەى لەدەمى فاتیمە وەرگرتەوەو باسى پلەى شەهیدبوونى بۆ كردم كە دواى ئەوە دەچینە بەهەشتەوە، لەپاش كاتژمێرێك نانمان خواردو شەربەتێكى تایبەتى قۆخیان دەرخوارد دامو دواتریش مێردەكەم بەفاتیمەى وت كە جلەكانم لەبەر بكاتو ئامادەم بكات"
رانیا وتوشیەتى "بەبێ ئەوەى هیچ نارەزایەتیەك دەرببڕم رازى بووم، بەڵام هەستم بەگێژبوونێكى مەستانە دەكردو نەمدەزانى چى دەكەمو بۆ كوێ دەچم، پاش ئەوەى فاتیمە پشتوێنە خۆ كوژیەكەى لەپشت كردم، لەگەڵ مێردەكەم رۆشتینە دەرەوەو پێى وتم لەبەهەشت یەكترى دەبینینەوە، دواتر منى بەجێهێشتو لەگەڵ فاتیمە بەئۆتۆمبیلێك سەركەوتمو ماوەى نیو كاتژمێر بەناو بازاڕى بەعقوبەدا دەسوڕاینەوە، دواتر لەگەڵ فاتیمە لەیەكتر جیا بووینەوە، پاشان كەوتمە نێو مەفرەزەیەكى هاوبەشى هێزە ئەمنیەكانو پاش پشكنین دەستگیر كرام"
رانیا درێژەى پێداوەو وتویەتى "هاوسەرگیریم لەگەڵ محەمەد لەئەنجامى خۆشەویستیم بۆ ژیانو ڕقلێبوونەوەم بۆ مردن هات، بەڵام دواى ئەوەى ژیانى هاوسەرگیریم پێكهێنا بەپێچەوانەى ویستى خۆمەوە ژیانم بوو بەدۆزەخ، چونكە هەر لەسەرەتاى زەواجەكەمانەوە محەمەد لیستێكى قەدەغەكراوەكانى بۆ نوسیم، كە خۆى لەقەدەغەكردنى گوێگرتن لەگۆرانىو سەیركردنى تیڤیدا دەبینیەوە، لەكاتێكدا زۆر حەزم بەوانەیە، جگەلەوەش محەمەد هەفتەى چوار رۆژ لەماڵ نەدەبوو، بێ ئەوەى بزانم كارى چى دەكات ئەو رۆژانە"
رانیا وتیشى "دواى 3 ساڵ لەزەواجەكەمان محەمەد كە بەمنى وت لەبەهەشت یەكتر دەبینینەوە، پێم وابوو لەخۆشى ژیاندا بەیەكتر شاد دەبینەوە، بەڵام بەداخەوە درۆى لەگەڵ كردمو رۆژ لەزیندان یەكترمان بینیەوە"
ئێستاش رانیا لەزینداندایەو حوكمى هەتا هەتایى بۆ براوەتەوەو لەژیانێكى كولەمەرگیدا دەژى.
بەپێى زانیاریەكانى پۆلیس رانیا حەپى جۆشدانو بێئاگایى بۆ كراوەتە ناو شەربەتى قۆخەكەوە، بۆیە بەبێئاگایى ئەو كارەى پێكراوە.
پۆلیس ئەوەش ناشارنەوە كە پارێزگاى دیالە لەتۆمارى ژمارەى ئافرەتى خۆ كوژدا پلەى یەكەمى بەدەستهێناوە بەتایبەت لە6 ساڵى رابردوودا، بەتایبەت لەساڵى 2005 و 2006 دا كە یاخیبوان دیالەیان كردبوو بەمۆڵگەى خۆیان.
بەپێى یاساى بنەبڕكردنى تیرۆریستىو بەپێى ماددەى 4ى ئەو یاسایە، ئەوانەى كارى تیرۆریستى دەكەن، یان بەویستى خۆیان پەیوەندى بەتۆڕى تیرۆریستیەوە بكەن، ئەوا زیندانى هەتا هەتایى بۆ دەبڕنەوە، بەڵام ئەو كەسەى هەڵخەڵەتێنرابێـتو بەویستى خۆى هەوڵى ئەنجامدانى ئەو كارەى نەدابێت، یان ئەوانەى بڵاوكراوەى هاندان بۆ كارى تیرۆریستى بڵاو بكاتەوە، ئەوا بۆ ماوەى 3 ساڵ زیندانى دەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست