کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
  • 12
  • 13
  • 14
  • 15
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


بیرەوەری گەریلایەکی پکک - بۆنی مەرگ لە هەموولایەکدا بوو

Tuesday, 24/06/2014, 12:00

1804 بینراوە




 / و / ڕێبوار هەمەوەندی

لەگەڵ دەنگی تۆپ و گوولە هاوانەکاندا لەناو دارستانەکەدا دوکەڵێکی ڕەش ئەوەندەی ناوقەدی دارێکی بەتەمەن بەرزدەبۆوە ، شەوێکی نوتەک و بەفران باربوو ، جەندرکەمانی دوژمن ئەوەندە شەکەت و ماندوو ببون کە بەیەک ڕیز لەناودارستانەکەدا ڕێیان دەکرد بەدوای یەکدا لەسەرخۆشێکی نیوە شەویان دەکرد بە چەپ و ڕاستدا دەهاتن و دەنگ و ناڵەیان دەگەیشتە ئەو شوێنەی کە ئێمە خۆمانمان لێ مەڵاسدابوو ، گورزێکی باش لە هێزی دوژمن وەشێنرابوو بەم شێوەیە دوا یەکینەکانی هێزی دوژمن پاشەکشێیان دەکرد ، هێواش .. هێواش دوکەڵە ڕەشەکە ئاسمانی سەر دارستانەکەی دادەپۆشی ، هێشتا کات مابوو بۆ ئەوەی بەباشی دونیا تاریک دابێت ، کڕێوەی بەفر وەک ئەو پەپولانە بوون کە دانسی مردنیان دەکرد ، دوایش هێواش .. هێواش لەگەڵ ئەو دانسەدا دەگەیشتنە سەر لاشەی جەندرمە کوژراوەکان و دایاندەپۆشین ، ئەم چالاکییە دوا هەمین چالاکی ئەم شەڕەبوو کە چەند ڕۆژێک بوو بەردەوام بوو هەربۆیە ئەم چالاکییە قەدەری ئەم شەڕەی پێنیشان دەکرا ، بەڵێ ئێستا ئەوکاتە بوو کە دەست بوەشێنین لەم گروپە جەندرمە بریندارە و پەرتوبڵاوەی سوپای تورک ، من دڵنیام هەرگیزاو هەرگیز ئەمەیان لەبیر ناچێتەوە ، بەڵام ئەم گروپە لەوەدەچوو کە نییەتیان نەبێت لە شوێنێکدا بحەوێنەوە ، بەرەو تارمایی دارەکان بەخێرایی دوردەکەوتنەوە ، دوای ماوەیەکی کەمی تر ئێمە بەرەو ئەو شوێنە ملمان نا کە دوکەڵە ڕەشەکەی لێ بەرزدەبۆوە ، کەوتبوینە دوای شوێن پێیان ، تارمایی دارەکان کە کڕێوە بەفریان بەسەردا دەباری وەک دێوزمە بوون بۆ ئێمە ، ئێمە گەیشتینە ئەو شوێنەی کە گوولە هاوانێکی لێتەقیبۆوە و هێزی دوژمن پاشەکشێیان لێکردبوو لەپاش خۆیان برینپێچی خوێناوی و فیشەکیان بەجێهێشتبوو ، ئەو شوێنانە پڕبوو لە لاشەی کوژراوی جەندرمەی تورک ، پرشی خوێن بە هەموولایەکدا پرژابوو ، ئەو چاڵەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەی گوولە هاوانێکەوە هاتبووە ئاراوە ئێستا ببوو بە مەنزڵی ئێمە ، بەسەرماندا لەگەڵ دوکەڵی ڕەشدا بەفر دەباری ، لەناکاو گوێمان لە دەنگێک بوو سەرمان هەڵبڕی ، قەلەڕەشکەیەک لەناو لقەکانی دارەکەی بانسەرمانەوە قیڕەیەکی کردوو هەڵفڕی ، کاتێک دەنگی شەقەی باڵی قەلەڕەشکەکە لە گوێمان دوور کەوتەوە من تەماشای فڕینی باڵندەکەم نەکرد بەڵکو تەماشای کۆتایی ئەو توولە ڕێگایەم دەکرد کەلە دارستانەکەوە دەچووە دەرەوە ، گروپە پەرێشان و زامدارەکەی هێزی دوژمن ڕێیان دەکرد .
ئەو گەریلایانەی لەژێر فەرماندەیی مندا بوون نەیاندەزانی لەم حاڵەتەدا کەچی بکەن ، ئیشارەتم بۆ چەند هەڤاڵێکم کرد کە زۆر بەهێواشی بەدوایاندا بچن ، بێگومان لەناو بەفرداو لەو ڕەوشەدا نەدەکرا بەخێرایی هەنگاو بهاوێژرێت و پێش لەم یەکینەیەی دەژمن بگیردرێت ، بەڵام بۆ چاودێری کردنیان پێویست بوو کە ناوبەرێکی کەممان لەگەڵیاندا هەبێت ، من دڵنیا بووم لەوەی کە ئەم گروپەی هێزی دوژمن زۆر لێمان دوور ناکەونەوە ، هێواش .. هێواش دونیا تاریک دەبوو ، بەفر و ڕەشەبا لەزیاد بوندابوو ، من سەرەرای ئەوەی هەموو گریمانە و مەترسییەکم لەچاو گرتبوو وە بڕیارمدا بوو کە ئەم شەو ئەم گروپەی هێزی دوژمن لەناو ببەین ، بە هەڤاڵانم ووت کە لەو خانووە بچوکە چاوەڕێ بکەن کە دار بڕەکان بە لق و پوشوپەڵاش لە ناو دارستانەکە دروستیان کردبوو .
هەڤاڵان کەوتنە ڕێ ، دوای ماوەیەکی کورت یەکێک لە هەڤاڵانم بەڕاکردنەوە گەڕایەوە لامان پێی ووتین " گروپەکە لەگەڵ بریندارەکانیان خۆیان کرد بە خانووە بچکۆلەکەدا " بەڵێ ئەمە هەواڵێکی خۆش بوو ، ماوەیەک قسەم نەکردوو گوێم بۆ ترپەی دڵی دارستانەکە ڕاگرت ، ئەم خانووە هەر نیو کاتژمێرێک لێمانەوە دوور بوو دەبوایە ئێمە بچوینایەتە ئەوێ و هێرشمان بکردایەتە سەر هێزی دوژمن و هەموویانمان لەوێ لەناوببردایە ، ئەم بۆچونەم بۆ هەڤاڵانم هێنایە زمان و ئەوانیش بەم بڕیارەم کەیف خۆش بوون ، پێیانم ووت " راوەستن با جەندرمەکان بەتەواوی لە خانۆکە جێگیر ببن و ترس و مەراقیان کەم بێتەوە و دڵنیا بن لەوەی کە کەس بەدوایانەوە نیین ئینجا ئەچینە سەریان " .
لە نیوەی شەودا زۆر بە هێمنانە و زۆر ووریایانە بەرەو خانۆکە کەوتینە ڕێ ، ئێمە بە تولەڕێکەدا ڕێمان نەکرد بەڵکو بە لێواری دارستانەکەوە دەچوینە پێشەوە ، سەرەرای ئەوەی بە فرێکی زۆر دەباری و ڕێگریش بوو لە خێراییمان بەڵام شوێنەکە دوور نەبوو کە پێی نەگەین ، زوو گەیشتینە شوێنی مەبەست ، بەدەم بۆنی دوکەڵەوە چاومان کەوت بە خانووە پوشوپەڵاشەکە .لەبەردەم خانۆکە سەربازێکی ئێشکگر ڕاوەستا بوو ، ئاگرەکەی ناو خانۆکە لە درزی دەرگاکەوە بەدیدەکرا ، ئێشکگرەکە هەندێکجار تفەنگەکەی دەکردە نێوان قاچەکانێوەی و دەستەکانی لەیەک دەخشاند و گەرمیانی دەکردەوە و تەماشای چەپ و ڕاستی خۆی دەکرد . ئیشارەتم بۆ هەڤاڵان کرد کە ئامادەبن و زۆر بە هێمنانە بە چواردەوری خانۆکە سوڕاینەوە و خۆمان گەیاندە پشت خانۆکە ، بەقەد بەرزایی ژوورەکە پەنجەرەیەک هەبوو بە خشکە هەڵگژام و لە پەنجەرەکەوە تەماشای ناو ژوورەکەیانم کرد ، هەڵمێکی گەرم دای لە دەموچاوم هەروەها بۆنی داودەرمان هات بەلوتمدا ، لەو ژوورەدا ٦ سەرباز لە چواردەوری ئاگرەکە دانیشتببون کە یەکێکیان بریندار بوو ، ئەوەی سەرنج ڕاکێشەر بوو ئەوەبوو کە هەمووشیان تەماشای ئاگرەکەیان دەکرد ، سەربازێکیان چڵێکی خستە ناو ئاگرەکەوە و دوایش دەریهێناو جگەرەکەی پێ داگیرساند ، دوای ئەوەی چەند قومێکی دا لە جگەرەکەی و بەباشی دایگیرساند ئینجا جگەرەکەی کردە دەمی سەربازە بریندارەکەوە ، ئەویش وەک منداڵێک کەوتە مژینی جگەرەکەی ، ئەم بریندارەیان چاوێکی و نیوەی سەری بە برینپێچ بەسترابوو ، لەگەڵ هەر مژینێکی جگەرەکەی تەماشایەکی بنمیچی ژوورەکەی دەکرد ، لەوەدەچوو کە هەستی بەبوونی من کردبێت ، لەناکاو وورتەورتێکی کرد وامزانی منی بینیوە و بەسەربازەکانی تر دەڵێت لە ڕاستیدا هەندێک شڵەژام .
سەربازێکیان ووتی " شارلۆ گۆرانییەکمان بۆبڵێ " شارلۆش ووتی " جگەرە دەکێشم وازم لێبێنە " سەربازێکیان بەدانەکانی نینۆکەکانی دەقرتاند ، یەکێکی تریان ئاگرەکەی خۆشدەکرد ، سەربازە ئێشکگرەکە سەری هێنایە ژوورەوە و ووتی " زۆرساردە بایەکێکی تر ئێشکبگرێت " سەربازێکیان بە دەنگێکی گڕ وەڵامی دایەوە پێی ووت " گۆڕینی چی ماوەی ١٠ خولەکێکە لە دەرەوەی جارێ ماوتە بڕۆ دەرەوە " ئێشکگرەکە گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی ، جەندرمە بریندارەکە کە ناوی شارلۆ بوو بەسەربازێکی تری ووت " دکتۆر چاوم ئاخ چاوم " دکتۆرەکەش پێی ووت " بابگەینە شوێنی خۆمان شارلۆگیان چاک دەبیتەوە لەجارانیش باشتر دەبیت " بریندارەکە جگەرەکەی تەواو کردبوو هەربۆیە دووبارە ووتی " جگەرەیەکم بەنێ قاچەکانم خەریکن سارد دادەگەڕێن کوا جگەرەیەکم بەنێ " یەکێک لە جەندرمەکان ووتی " ئەو پەنجەرەیە داخەن " جگەرەیەکیان کردە دەمی شارلۆنەوە ، سەربازێکیان هەڵساو بەرەو من هات ، سەرم نەوی کردەوە ، کڕێوەی بەفر لە پەنجەرەکەوە دەچووە ژوورەکەوە ، دەنگی پێی سەربازەکە لە من نزیک دەبۆوە ، پەنجەرەکەی داخست ، بەفر هێواش .. هێواش پەنجەرەکەی دادەپۆشی ، لەناکاو دەستێک خرایە سەرشانم ، کە ئاوڕم دایەوە تەماشامکرد یاریدەدەرەکەم بوو بەدەنگێکی گڕ پێی ووتم " چاوەڕێی چی دەکەین با لێیان دەین " ئێمە چواردەوری خانۆکەمان گرتبوو ، ٢ گەریلام لە شوێنێکی گونجاو لە نزیک دەرگاکە جێگیرکرد ، کە ویستیم بگەڕێمەوە لای هەڤاڵان لەناکاو تیشکێک لە دەموچاومیدا ، تەماشایەکی ژوورەکەم کردەوە ، شارلۆ ڕێک لەبەردەمم بوو ، شارلۆ سەری پێچی بوو سەرقاڵی جگەرە کێشان بوو ، لە نێوان درزی چڵەدارەکان و پوشوپەڵاشەکاندا بۆنی دوکەڵی ئاگرەکە و جگەرەکە دەگەیشتە لووتم ، لەوەدەچوو ژوورێکی گەرم و خۆش بوبێت ، بەڕاستی جێی حەوانەوە بوو ، بەفرێکی زۆر دەباری ، دەستەکانم بۆنی بارووتی گرتبوو هەروەها چەوری چەکەکەم و دوێنێش لە شەڕدا فیشەکێک بەگۆنامدا تیغی کردبوو پێی بریندار ببووم بێگومان ئێشی زۆریش بوو لەناو ئەو هەموو بێدەنگییەدا گوێم لە زڕەی سەعاتەکەی دەستم بوو ، سەرەرای هەموو ئازار و ماندوبونێکی خۆم بەڵام بەردەوام دڵم لەلای جەندرمەکان بوو هەردوو چاویشم لەسەریان بوو ، لەوەدەچوو بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە ئازار نەکات و ئازارەکەی لەبیر بەرنەوە جەندرمەکان داوایان لە شارلۆ دەکرد کە گۆرانیان بۆ بڵێت ، جگەرەکەی شارلۆ لەتەواو بوندابوو ، سەربازێکیان ووتی " کەمی ماوە ڕۆژبێتەوە شارلۆ گۆرانییەکمان بۆبڵی لە مەترسی ڕزگارمان بووە " یاریدەدەرەکەم لەگەڵ مندا کە گوێی لەم قسانە بوو دانەکانی جیڕ کردەوە و دوایش ووتی " ئیتر لە دۆزەخدا گۆرانێکەت دەڵێیت " منیش پێم ووت " ششششش بێدەنگ بە " جارێکی تر ووتی " چاوەڕێی چی دەکەیت باڵێیاندەین " " باشە چاوەڕێ کە " تەماشایەکی ژوورەکەم کردەوە شارلۆ بە دەنگێکی پڕ حەسرەت و ئازارەوە ووتی " چاوەکانم هیچ نابینێت .. نابینێت و نابینێت " یەکێکیان پێی ووت " چاوەکانت چاک دەبنەوە بڕوا بکە لە جارانیش باشتر دەبننەوە " یەکێکی تریان ووتی " شارلۆ دەبینیتەوە بڕوابکە چاوەکانت نابینا نابن و کە چاکیش بویتەوە من خۆم ئاوێنەت بۆڕادەگرم کە خۆت ببینیت " شارلۆ دەستی بەرز کردوو ناولەپەکانی کردبۆوە دوایش هێواش .. هێواش ناولەپەکانی گرمۆڵە کردەوە ، هەموویان لەهەمان کاتدا بێدەنگ بوون ، تەنها ئاگرەکە چەند جارێک چەند پارچەدارێکی چروکاند ، ئەم بێدەنگییە لەئەنجامی ورتەورتی شارلۆ تێکشکا ، شارلۆ ووتی " جارێکی تر ئەتوانم ببینم وایە ؟ " یەکێکیان پێی ووت " بێگومان چاوەکانت هەروا نامێننەوە " یاریدەدەرەکەم دەستی کردە سەرشانم کە ئاوڕمدایەوە بینیم زەردەخەنەیەکی کرد پێی ووتم " تۆ شێتی " ئەم چاولێبڕینەی هێزی دوژمن و گوێگرتن لێیان لە تێکستی گۆرانییەک دەچوو کە زۆر حەزم لێدەکرد ئەویش :
بەفر دەباری
لەدرزەکانەوە تیشکی ئاگرەکە دەبینرا
لەناو تیشکەکاندا پەپولە سپێکان دانسیان دەکرد
دارستانەکە ئەوەندە بێدەنگ بوو بەتەواوی گوێمان لەگۆرانی شارلۆ دەبوو ...
دەستم لە زامنی چەکەکەم هەڵگرت و ئەمنێتێکەیم داخست ، بۆدواجار لە درزەکەوە تەماشای شارلۆم کرد دوا ووشەی گۆرانێکەی دەووت ، بەڵێ گۆرانێکەی تەواو بوو ، ملی شارلۆ خواربۆوە ، ئاگرەکەش وەک لەشی شارلۆ ساردبۆوە ، شارلۆ لەوێدا گیانی لەدەستدا ، منیش بە هەڤاڵانم ووت " پاشەکشە دەکەین " لەژێر بەفر بارینی ناو دارستانەکەدا بەبێ دەنگی بەیەک ڕیز پاشەکشێمان کرد .
[email protected]







چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)