فاروق و ناسک دەبن بە ماندێلا و ئاونگ سان سوکی!
Thursday, 31/03/2011, 12:00
بڕیارەکەی مەسعود:
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە ڕێکاریی یاسایی پێویست دژ بە هەر کەسێک وەربگیرێت کە:
یەکەم ـ تەقەی لە هاوڵاتیان کردبێت و بوبێتە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنیان.
دووەم ـ هێرشی کردبێتە سەر بارەگا حیزبیەکان و دامەزراوە حکومیەکان و زیانی بە موڵک و سامانی دەوڵەت و هاوڵاتیان گەیاندبێت.
با باسی خاڵی یەکەم بکەین:
لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو تاوانکارانە بون بە بارێکی قورس بەسەر بنەماڵەوەو فشاریان خستۆتە سەر، چونکە ئەوانە خەریکە دەبنە بابەتی دادگا نێودەوڵەتیەکان و، لە ناویشەوە یەکێکە لە داواکارییە هەنوکەییەکانی مەیدانەکانی ئازادی کە ئەوانە ڕاپێچی دادگا بکرێن. بەم بڕیارە و لە ڕێگەی کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتوو و لایەنەکانی ترەوە، پارتی پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی کە بە مادەی ٤٠٦ نەبرێنە دادگا،
ئەمە بەهیچ جۆرێک جێگەی قبوڵکردن نیە. ئەوانە دەبێت بەبێ هیچ ڕێککەوتنێکی حیزبی و بەبێ دەستخستنە ناو بڕیارەکانی دادگا بدرێنە دادگا. ئەگەرنا ئەوە تەنیا بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیانەو بۆ ئازادکردنیانە. گەر دادگا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە بێ بڕیاری پێشوەختی حیزبیی کە کێشەی هەرە گەورەی کوردستانە و هۆکاری ئەم بارە نالەبارەیە کە هاتۆتە پێش کارەکە نەبات بەڕێوە، ئەوا هەوڵدەدەین ئەوانە ڕاکێشینە بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەکان. تاوانەکەیان دەخەینە نێوەندە جیهانیەکان و ئەوانەش داکۆکیان لێدەکەن دەبنە شەریکە تاوان. لەبەر ئەوە با مەسعود ئەوە لە خەیاڵی خۆی دەرکات. هەتا ئێمە بمێنین ناهێڵین بۆ یەک چرکەش ئەو بابەتە ژێربەژێر بکرێت.
ئەو دارەی بەدەست پارتی و مەسعود و یەکێتیەوەیە هەرچۆنێکی بجوڵێنن دەستیان پاکنابێتەوە.
ئەوەی خاڵی دووەمە، بارەگای لقی چوار ماڵ و موڵکی خەڵک و دەوڵەتە و داگیرکراوە لەلایەن پارتیەوە. ئەو هێرشەی کراوەتە سەری بۆ ڕزگارکردن و دەرهێنانی بووە لەدەست داگیرکەرانی. پارتی ناتوانێت ئیدعای ئەوە بکات کە ئەو بینایە موڵکی خۆیەتی، ناشتوانێت بڵێت کەتەقەکەرەکان پاسەوانی موڵکی دەوڵەت بوون، بۆیە لەو خاڵەشدا مەسەلە یاساییەکانی تێکەڵکردووە بۆ ئەوەی هەمو ڕێگەیەک لەبەردەم تاوانەکانی لقپەرستەکاندا لێڵ بکات.
سێیەم ـ هانی خەڵکی دابێت یان هانی خەڵک بدات بۆ پێشێلکردنی یاسا و نیزامی گشتی.
ئەم خاڵە زیاتر بۆ دابڕاندنی ناسک قادر و فاروق ڕەفیقە لە سەرا و لەو ڕێگەیەشەوە ناردنەوەی خۆپیشاندەرانە بۆ ماڵەوە.
ڕۆڵی ئەو دوو شۆڕشگێڕە کەم بایەخ نیە، دابڕینیان بێگومان کاریگەریی لەسەر خۆپیشاندانەکان دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێڕەوی وەزعەکە دەگۆڕێت و شێوازی توندوتیژ دەگرێتە بەر. کەواتە مەسعود خوازیارە لەو ڕێگەیەوە بە توندوتیژی و هێز خەڵکە ڕاپەڕیوەکە سەرکوت بکات.
ئەوەی مەسعود حسابی بۆ نەکردووە ئەوەیە ئەو دوو کەسایەتیە تازە لەوە دەرچون بە تەنیا فاروق و ناسک بن، ئێستا ئەوان دوو ڕابەرن لە ڕابەرەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و خۆشەویستیان لە قوڵایی ناخی هەموو تاکێکی ئازادیخوازی کوردستاندایە. لە ناو کونجی زیندانیشەوە دەنگیان گەورەتر دەبیسترێت. بەم کردارەی مەسعود خۆی بە دەستی خۆی ماندێلایەک و (ئاونگ سان سوکی)ەک دروست دەکات.
ئێمە لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی ئەو دوو کەسایەتیەمان بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ناساندووە و تازە ئەوان بون بە ئەو دەنگەی خەو لە چاوتان دەبڕن، جا ئیتر پەنا بۆ هەر سیناریۆیەک ببەن.
چوارەم ـ بە بێ مۆڵەت وەرگرتن خۆپیشاندانی ڕێکخستبێت و ڕێکبخات و سەرەڕای ئەوەش بە پێچەوانەی یاسا جوڵابێتەوە و لە سەریشی بەردەوام بێت.
ئەم خاڵەش هەمان مەبەستی خاڵی سێیەمی هەیە. بۆیە ڕونکردنەوەیەکی تر هەڵدەگرێت.
فاروق ڕەفیق و ناسک قادر بە هیچ جۆرێک هاندەرو ڕێکخەری خۆپیشاندان نەبوون. ئەوان لە دوای کوشتارەکەی ئێوە کە بەرانبەر بە گەنجەکان کردتان لەبەر دەمی لقی چوارتاندا، لە دوای ئەو شۆکەی هەموو خەڵکی ئێمەی توشی ئازارێکی گەورە کرد و کەسێک نەبوو لە گەنجەکان بپرسێتەوە هاتنە ناو مەسەلەکەوە، گەر ئەوان نەبونایە ئێستا ئێوە دەیان کەسی ترتان تیرۆر کردبوو و کوردستانتان کردبوو بە لیبیا. ئەوان هاتن و دڵی خەڵکیان دایەوەو شانیان دایە بەر ئازارەکانی گەنجان. ئێوە لەو ساتەوەختەدا مەستی خوێنڕشتنەکەتان بون و هەڕەشەی دەستبڕینەوەی هاوڵاتیانتان دەکرد. لە کەناڵەکانتانەوە باسی ئەوەتان دەکرد کە غەدرتان لێکراوە. بەرنامەتان وابوو هەزاران گەنجی تر قەتڵوعام بکەن. ئا لەو کاتەدا فاروق و ناسک بون بە دێسمۆن توتو و دایکە تێرێسا.
مەسعود تۆ کە ئیدعا دەکەیت شەرعیەتت هەیەو میللەتی ئێمە دەنگی داویتێ، دەبوو لە ساتەوەختی وادا ئامادەبیت و شان بدەیتەبەر ئازارەکانی گەنجان، کەچی لە ئیتالیاوە بەدەم درۆ و پیاهەڵدانە بێ بنەماکانەوە خەنی دەبویت و، هەڕەشەت دەکرد کە کوشتنی کاکە ڕێژوان دوا کوشتن نابێت.
لەو کاتەدا فاروق و ناسک هاتن و وتیان کوشتار بەسە، خۆشتان لەبەر ئەوەی لە ترساندا نەتان دەزانی چی بکەن سەرەتا پێتان خۆش بوو ئەوان گەنجەکان لە سەرا کۆبکەنەوە و بە هیوای ئەوەی خامۆش ببنەوە، بەڵام دوایی کە زانیتان سەرا بوو بە مەکۆی ئازادیخوازان ئیتر کەوتنە گێچەڵ و دەستدرێژی.
تۆ دنیایەک بەڵێنی درۆت دا، کەچی ئێستا لەبری ئەوەی داواکانی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی جێبەجێ بکەیت بڕیاری دەستگیر کردنیان دەدەیت و لە هەوڵی دەستگیرۆیی کردنی تاوانباراندایت!
ئەم گۆمەی تێی کەوتویت زۆر قوڵە هەتا دەستی لێبدەیت زیاتر دەشڵەقێت!
فاروق و ناسک تازە بون بە سمبۆل، ئەوان هەتا فشاریان بخرێتەسەر گەورەتر دەبن!
خاڵی پێنجەمیان مانای وایە تۆ دەبێت هەموو ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆری یەکێتی بگریت! لەسەر ئەوەیان هیچ کۆمێنتێک نادەم.
ناسک قادر نمونەی ژنی کوردە، ئەو پڕ بە پڕ کەسایەتی ژنی کورد بەرجەستە دەکات لە لە خۆبوردەیی و خۆڕاگری. ئەو کەسێکە ئەوە ماوەی چل رۆژە پیشانی داوە کە شایستەی ئەوەیە تەنانەت کوردستانیش بەرێت بەڕێوە. بە هیچ جۆرێک لەژێر فشار و هەڕەشەکانی ئێوەدا کۆڵی نەداوەو پێکەنینیشی پێ هاتووە. ئەو بە هەموو شێوازێک دەریخستووە کە شایانی ئەوەیە ئەرکی بەڕێوەبردنی کوردستانی بخرێتە ئەستۆ. تۆ لە ئاستی کەمترین فشاردا دەچەمێیتەوە، لە کاتێکدا ئەو هێمنترو خۆڕاگرتر دەبێت.
فەرموو ئەوە تۆ و زیندانەکانت!
بە دەستی خۆت لەیلا زانایەک لە هەرێمەکەی ئێمەش دروست بکە!
ژنانی ئازادیخوازی کورد لە دەرەوەی کوردستان دەبێت هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ تاکو ناسک لە نێوەندەکانی پارێزگاریکردن لە ژنان لە خۆرئاوا و جیهاندا بناسێنن و، خەباتی مەدەنیانەی ئەو بخەنە سەر مێژووی خەباتی ژنان لە جیهاندا!
هەر بژی مەیدانەکانی ئازادی و ئازادیخوازان!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست