کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جه‌نابی به‌ناو سه‌رۆك یاری به‌ ئه‌قڵی خۆت مه‌که‌..

Friday, 04/02/2011, 12:00



ڕاسته‌وخۆ بۆ مه‌سعود بارزانی

ئه‌و سه‌رۆکه‌ سه‌رۆکه‌ له‌ناوه‌رۆکی هه‌مو نامه‌یه‌ك بگات. له‌هه‌ر وانه‌یه‌کیش ده‌رسێ وه‌ربگرێ
ئه‌م نامه‌یه‌ ڕاسته‌و خۆ ئاراسته‌ی مه‌سعودی کوڕی مه‌لا مسته‌فا ئه‌که‌م ئه‌و مه‌سعوده‌ی که‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێ ئێمه‌ خزمه‌تکاری میلله‌تین که‌چی 31 ی ئابی له‌دژی گه‌لی کورد خوڵقاند . پێشکه‌شی ئه‌که‌م به‌و مه‌سعوده‌ی که‌ له‌ جیات ئه‌وه‌ی زۆر به‌وردی له‌ناوه‌رۆکی نامه‌که‌ی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان بگات و له‌ ڕه‌وانگه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌وه‌ تێبگات که‌ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا ژیان چۆن ئه‌گوزه‌رێ خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ی ئه‌م کوردستانه‌ له‌ چ مه‌رگه‌ ساتێکدان و ڕۆژانه‌ چۆن ژیان به‌ڕێئه‌که‌ن . ئاشکرایه‌ مناڵیش ده‌یزانی که‌ شه‌هید سه‌رده‌شت نه‌ کچی تۆی بینیبو وه‌نه‌ش عاشقی کچی تۆ بو . به‌ڵکو ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ڕێی ئه‌و نامه‌ ته‌نز ئامێزه‌وه‌ په‌یامی ئه‌وه‌ی بۆ ناردیت که‌ خه‌ڵکی بن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی جه‌نابت که‌ به‌هه‌ر ته‌زویرو چاو سورکردنه‌وه‌و خۆگیڤکردنه‌وه‌یه‌ك بێت بویته‌ سه‌رۆکی و شه‌وو ڕۆژ ئیدعای دیموکراسی و خۆشگوزه‌رانی تیا لێئه‌ده‌یت . مه‌رگه‌ ساتێکه‌ بۆ خه‌ڵکه‌ به‌شمه‌ینه‌ت و سته‌م دیده‌که‌ی ئه‌و باوکه‌ی شه‌هید سه‌رژه‌شت له‌نامه‌که‌یدا کردبویه‌ نمونه‌ به‌ته‌نها باوکی سه‌رده‌شت نه‌بو.جگه‌ له‌ جاش و ئه‌نفال چیه‌کان. به‌ڵکو باوکی هه‌مومان بو چونکه‌ باوکی ئێمه‌ هی هه‌رهه‌مومان له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا پێشمه‌رگه‌ی گیان له‌سه‌رده‌ست بوه‌. ئه‌ودایکه‌ نه‌خۆش و بێچاره‌یه‌ش که‌ به‌چه‌ندین نه‌خۆشیه‌وه‌ ده‌یناڵاند به‌هه‌مان شێوه‌ دایکی نیشتمان بو دایکی هه‌مومان بو. به‌ته‌نها دایکی سه‌رده‌شت نه‌بو. ئه‌و خوشکو برایه‌ش که‌ شه‌هید سه‌رده‌شت ئاماژه‌ی پێدابو به‌هه‌مان شێوه‌ خوشکو برای ئێمه‌ بو . به‌ڵام شه‌هید سه‌رده‌شت ئه‌وانی کردبوه‌ نمونه‌و کاراکته‌ری نامه‌که‌ی. به‌ڵام ئه‌سه‌ف تۆ ئه‌ونده‌ گیل بویت له‌ ناوه‌رۆکی نامه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ حاڵی نه‌بویت یان حاڵی بویت و به‌ڵام وه‌ك دڕنده‌یه‌ك به‌هه‌ڵاو گێڕاوه‌یی له‌مه‌به‌ستی نامه‌که‌ گه‌یشتی یان به‌ناو ڕاوێژکاره‌کانت له‌خشته‌یان بردیت و دواجار به‌ده‌ستی پیستان شه‌هیدتان کرد وه‌ك چۆن سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌تان شه‌هید کرد له سه‌رئه‌وه‌ی ده‌مامکی له‌سه‌ر داماڵین و ڕوی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌ی ئاشکراکرد . تا ئێستا به‌ هه‌زاران نامه‌ت له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه‌ ئاڕاسته‌کراوه‌ به‌ڵام تۆ چونکه‌ وه‌ك وتم گیلیت و له‌ماناو مه‌به‌ستی هیچ له‌و نامانه‌ نه‌گه‌یشتی مێشیش میوانت نه‌بو . به‌ده‌یان جار میلله‌ت به‌ گشتی و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان به‌تایبه‌تی داوایان کرد با ئه‌نفال چیان و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان سوره‌ به‌خوێنی لاوانی ئه‌م میلله‌ته‌ بدرێنه‌ دادگاو سزای یاسایی خۆیان وه‌رگرن . به‌ڵام تۆ وه‌ك پیشه‌یی هه‌میشه‌ییت گوێت له‌ئاستی داواکاری میلله‌ت خه‌واند . به‌ڵکو واوه‌تریش ئه‌وانه‌تان کرده‌وه‌ به‌ سوارچاکی مه‌یدان به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌وه‌ و پۆستو پله‌و ئیمتیازتان پێ به‌خشین له‌دادگاکاندا دیفاعتان لێکردن زۆربه‌ی جاشه‌ گۆڕبه‌گۆڕه‌کانیشتان کرده‌ هاوه‌ڵی پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدو له‌وان زیاتر موچه‌تان بۆ بڕینه‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ی تر که‌رامه‌تی لاوانی شۆڕشگێتان ئه‌تكکرد . به‌هه‌زاران جار وتمان گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ که‌چی خۆتانی لێئه‌که‌نه‌ که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ خودی خۆتان گه‌وره‌ترین دزو گه‌نده‌ڵن . چه‌ندین جار میلله‌ت ئاگاداری کردنه‌وه‌ که‌ ئێوه‌ له‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدان له‌سه‌ر پاره‌ی دزراوی ئێمه‌ ماڵه‌کانتان کۆشکو ڤێلاکانتان که‌ داگیرتان کردوه‌ شه‌و ڕۆژ چراخانه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و میلله‌ته‌ی ئێوه‌ی سپڵه‌مان له‌ ڕاپه‌ڕین هێنایه‌ سه‌ر حازری. له‌م دنیای پڕ له‌ پێشکه‌تن و زانیاریه‌ی ته‌که‌نه‌ لۆژیادا هه‌میشه‌کارمان هه‌ڵدانه‌وه‌و دادانه‌وه‌ی جۆزه‌ی کاره‌بایه‌. به‌ڵام ئێوه‌ی نه‌دی و بدی و تازه‌ ئاشنابو به‌ سه‌فته‌ی دۆلار له‌جیات ئه‌وه‌ی مشورێك له‌داواکاری ئه‌و میلله‌ته‌ بخۆن و چاه‌سه‌ری کێشه‌و گیرو گرفته‌کانیان بکه‌ن به‌ڵام ئێوه‌ له‌به‌ر دزینی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته و ڕابواردن و گه‌ڕان به‌ وڵاتانی ئه‌وروپادا .‌ ناپه‌ڕژێنه‌ سه‌ر چاککردنی باری گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان و 20 دانه‌ ساڵی ڕه‌به‌ قه ‌ گاڵته‌ی ته‌واویشمان پێناکه‌ن ئێوه‌ خۆتان سوارن و ئێمه‌ش پیاده‌.
وه‌ك وتم به‌هه‌زاران نامه‌ت له‌لایه‌ن هه‌مو چینو توێژه‌کانی میلله‌ته‌وه‌ ئاڕاسته‌ کرا به‌ڵام تۆ چیت کرد..؟ جگه‌له‌وه‌ی بۆ هه‌مو ئه‌و نامه‌و داواکاریانه‌ی میلله‌ت لیژنه‌یه‌ك پێك ئه‌هێنی و له‌ ڕیگه‌ی ئه‌و لێژنه‌یه‌وه‌ که‌ هه‌ر بونی نیه‌ ئیتر داواکاریه‌کان دێزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ ئه‌که‌یت.
جه‌نابی به‌ناو سه‌رۆك ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که‌خودی خۆشت باشئه‌زانی که‌ به‌ته‌زویرو فرتو فێڵ بویته‌ سه‌رۆکی هه‌رێم. من وه‌ك هاوڵاتیه‌كی ئه‌م کوردستانه‌ پێت ئه‌ڵێم ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی که‌تیایدا داواکاری چاکردنی بارو گوزه‌رانی خه‌ڵکی ئه‌کات و داوای جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له‌ حوکمه‌ت ئه‌کات . داوای ئه‌وه ‌ئه‌کات هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش له‌ژێرده‌ستی حیزب بێته‌ ده‌ر داوای ئه‌وه‌ ئه‌کات مڵکو ماڵی داگیرکراو که‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌و حیزبه‌ ده‌ست له‌ملانه‌که‌تان داگیر کراوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نی شه‌رعی خۆی و زیان لێکه‌وتوان قه‌ره‌بو بکرێنه‌وه‌ . چاره‌نوسی بێسه‌رو شوێنانی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ی ئێوه‌ له‌پێناو گیرفانتان خوڵقانتان ئاشکرا بکرێت . سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی دزو گه‌نده‌ڵن و ئاشکران و خه‌ڵک ئه‌یان ناسێ به‌ خودی خۆشت و جه‌لالی ده‌ست له‌ملانت و ده‌ستو پێوه‌ندو خزمو که‌سه‌کانتان دادگایی بکرێن و ئه‌و پاره‌ی دزیوتانه‌ بیگێڕنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نی شه‌رعی خۆی که‌ میلله‌ته‌ .
ئه‌و نامه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی گۆڕان وه‌ك که‌ناڵێکی راگه‌یاندن بڵاوی کردۆته‌وه‌ به‌ڵام ناوه‌رۆکه‌که‌ی سه‌رجه‌می خواستی ڕه‌وای هه‌مو تاکێکی ئه‌م کوردستانه‌یه‌و له‌ دڵی میلله‌ته‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ . بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ناوه‌رۆکی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ بگه‌یت.که‌ ئه‌مه‌ دواین نامه‌ی میلله‌ته‌ بۆ ئێوه‌ی مافیا خۆگێل کردن له‌ناوه‌رۆکی ئه‌و نامه‌یه‌ ئاکامه‌که‌ی زۆر خراپ به‌سه‌رتاندا ئه‌شکێته‌وه‌. ئاگر له‌هه‌مو کونو که‌لێنێکی ماڵه‌کانتان به‌ر ئه‌دات . ئیتر دنیای درۆو خۆگێلکردن دنیای دزی و فه‌سادی گوزه‌شت دنیایی که‌ڵه‌گایی و خۆ به‌زل زانین و سه‌یرکردن به‌چاوی سوك له‌میلله‌ت به‌سه‌ر چو. ئه‌و ڕۆژه‌ به‌سه‌ر چو به‌ سوپاو تۆپ و ده‌بابه‌ بتانه‌وێ میلله‌ت بترسێنن. تکایه‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ دواین نامه ی‌ ئاگادار کردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ی خه‌وتو پێویسته‌ له‌ که‌للی شه‌یتان بێنه‌ خواره‌وه‌. ئه‌وزریان وگه‌رده‌لوله‌ی له‌ ڕۆژهه‌لاتی ناوین هه‌ڵیکردوه‌ هیچ دیکتاتۆرێك ناتوانێ خۆی لێ ده‌ربازبکات ئه‌و گه‌رده‌لول و زریانه‌ بۆ توڕهه‌ڵدانی ئێوه‌ی دیکتاتۆره‌ بۆ زبڵدانی مێژو. بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ئه‌توانی ئه‌قڵت به‌کاربێنی نه‌وه‌ك گوێ له‌ماستاو چیه‌کانی ده‌ورو به‌رت بگریت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ناو ڕاوێژکارتن چونکه‌ ئه‌وانه‌ به‌چکه‌ دیکتاتۆرن و سودو قازانجی ئه‌وان له‌وه‌دایه‌ که‌تۆ و هاوشێوه‌کانت زیاترو زیاتر به‌ره‌و دیکتاتۆریه‌ت هه‌نگاو بێنن . بۆیه‌ هیوادارم ئه‌مجاره‌یان ئه‌و به‌یاننامه‌یه له‌خه‌وی خه‌فڵه‌ت له‌خه‌وی دزی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی میلله‌ت . له‌خه‌وی مافیایی و فه‌سادی به‌ئاگای هێنابنه‌وه‌ و ده‌رس وه‌ربگرن . ئێستاش به‌شی ئه‌وه‌ ی تیا ماوه‌ بتوانن خۆتان لای میلله‌ت شیرن بکه‌ن و داوای لێبوردن بکه‌ن. لاپه‌ڕه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ تاك به‌تاکی لاوانی ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌...‌ ئه‌گینا نه‌تۆپ و نه‌ ده‌بابه‌و بگره‌ ته‌یاره‌ش دادتان نادات ئه‌و میلله‌ته‌ی که‌ دوێنێ به‌دارو به‌به‌رد دڕنده‌ترین و زاڵمترین حیزبی به‌عسی فاشی خاوه‌ن به‌هێزترین سوپای سه‌ربازی ڕاونا. هه‌ر زۆر زۆر دڵنیابن ئه‌مڕۆ ئێوه‌ش هه‌ر به‌هوتاڤ و چه‌پڵه‌ ڕاو ئه‌نێ و کونه‌ مشکتان لێ ئه‌کاته‌ قه‌یسه‌ری...
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە