کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی تاڵه‌بانی به‌هه‌ڵه‌داوان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غدادی تاوان؟!

Thursday, 07/01/2010, 12:00


خوا به‌خێری بگێڕێت، بۆنی خوێن له‌شاره‌که‌مدا ده‌که‌م
تاڵه‌بانی غه‌رقی خیانه‌ت بووه‌ . قێزه‌وه‌ترین کورد ئه‌و کورده‌یه، که‌‌ له ‌یادی دامه‌زراندنی سوپای ئێراکدا به‌شداربێت ، ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی خائینه‌ به‌هه‌ڵه‌داوان خۆی گه‌یانده‌ به‌غداد و له‌وێ له‌ یادی دروستبونی 89 ساڵه‌ی سوپای ئێراکدا دانه‌وێوه‌ و ئیکلیلی گوڵی له‌سه‌ر گۆڕی سه‌ر‌بازی ونبوو دانا، که‌ له‌ شیمال ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌نفالچییانه‌ وه‌ک (.....) تۆپیبوون.
دانه‌وینه‌وه‌که‌ی تاڵه‌بانی ڕێک سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕی بیر هێناینه‌وه‌ ،ئه‌ویش له‌هه‌مان شوێن به‌درێژای چه‌ندین ساڵ گوڵی نایلۆنی داده‌ناو په‌رداخێک خوێنی ده‌خوارده‌وه‌. تاڵه‌بانی نه‌خۆش به‌جه‌سته‌ وکێش قورس، لێ سوک و له‌ ڕه‌وشت و له‌ هه‌ڵوێستا، ئه‌مڕۆ جارێکی تریش دڵی میلله‌تی کوردی برینار کرده‌وه‌ ، ئاخر هه‌ موو تاکێکی کورد چیرۆکێکی تراژیدیایی لایه‌ و ده‌زانێ سوپا جه‌لاده‌که‌ی ئێراک چیان له‌کوردستان کردووه‌ ، ئێستاش دومه‌ڵی ئه‌و پایگایانه‌ له‌به‌رچاومان کاڵ نه‌بۆته‌وه‌ ، تاهه‌نوکه‌ ده‌نگی تۆپه‌کان له‌گوێچکه‌ماندا ده‌زرنگێته‌وه‌ ، هاڕه‌ی زنجیری تانگه‌کان و باجه‌ڕو سیخۆکان له ‌زهنی ئێمه‌دا بوونی ماوه، بۆنی باروت و کیمیاوی تائیستا کاسی کردووین ، که ‌تاڵه‌بانی شه‌کری ده‌شکاند من به‌ناخی زه‌ویدا ڕۆده‌چووم، وه‌ک تاکێکی کورد داوای لێ بوردن له‌هاوڕێ شه‌هیده‌کانم ده‌که‌م ، له‌منداڵه‌کانی سه‌رگه‌ڵو ‌‌به‌ده‌ستی خۆم لاشه‌کانم له‌ژێر په‌رتو خۆڵدا ده‌رده‌هێنا له‌ ئامێزی دایکیاندابوون، که‌ به‌بۆردمانی فڕۆکه‌ جه‌نگێکانی سوپا قاره‌مانه‌که‌ی تاڵه‌بانی شه‌هید بوون
من چۆن ئه‌و ڕۆژه‌م بیر ده‌چێته‌وه‌، که‌ 24 تانک ڕوویان له‌ چیای دابان کردبوو پێکه‌وه‌ تۆپیان تێده‌گرتین و مه‌رگیان ده‌به‌خشیه‌وه‌، جارێکی تر من داوای لێ بوردن له ‌لوقمان و حه‌مه‌ و ئاسۆ و غه‌فور و که‌مال و شه‌ماڵ و عه‌تا و که‌ریم و ده‌یان شه‌هیدی تر ده‌که‌م، که‌ هاوڕێم بوون و له‌سه‌نگه‌ره‌کانی به‌رگریدا، که‌ سوپاکه‌ی سه‌رۆکی ئێراق تاڵه‌بانی شه‌هیدی کردن.
 من هه‌زار جار داوای لێ بوردن له‌و هه‌موو ژن و منداڵانه‌‌ ده‌که‌م، که‌ به‌ چاوانمی خۆم دیومن که‌ به‌چه‌که‌کانی سوپاکه‌ی تاڵه‌بانی ئیستا شه‌هید بوون . من نازانم شتێک ماوه‌ ناوی ی ن ک بێت ؟ مه‌خابن بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی تۆ سکرتێر بوویت و منیش پێشمه‌رگه‌یه‌ک بووم، گاڵته‌م به‌مردن ده‌کرد، ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌و هاوڕێ نازدارانه‌م که‌ ڕۆیشتن و ئه‌م کۆمێدیایه‌ی تاڵه‌بانیان به‌چاوی خۆیان نه‌دی .
تاڵه‌بانی له‌تاو بوونه‌وه‌ی به‌سه‌رۆک کۆماری کارتۆنی، به‌ عه‌ره‌به‌کانی ده‌ڵێ بمکه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رۆک په‌یمانتان ده‌ده‌مێ چاوی ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌م، که‌ ناوی که‌رکوک بهێنێت ، په‌یمانتان ده‌ده‌مێ (ئه‌م گۆپاڵه‌ی ده‌ستم فڕێ ده‌م و ڕێجیم ده‌که‌م، سه‌ریشم ڕه‌ش ده‌که‌مه‌وه‌ وه‌ک ئه‌و چه‌ند کابرا سووکانه‌ی لای خۆم و پارتیی، که‌ سه‌روسمێڵیان ڕه‌ش ده‌که‌نه‌وه‌).
تاله‌بانی ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر دۆڕانی کورد ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆککۆمار.
تۆ بڵێی دوای ئه‌م فه‌زاحه‌ته‌ی تاڵه‌بانی ئیتر یه‌کێتییه‌که‌تان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ و بڵێن ئیتر به‌سه‌ ئه‌ی تاڵه‌بانی سووک، ئیتر به‌سه‌ ئه‌ی تاڵه‌بانی ناپاک و چرووک، ئیتر به‌سه‌ هێڵی سورت به‌زاند، تۆ ناتوانیت له‌وه‌ زیاتر بازی به‌ردا بده‌یت، ئاخر هه‌ر کوردێک چاوێک بنوقێنێ قێزی له‌و سه‌رۆکه‌ سووکه‌ دێته‌وه‌ ‌شانازی به‌سوپایه‌که‌وه‌ ده‌کات، که‌ خاک و گه‌له‌که‌ی سوتماک کردبێت.
خۆزگه‌ ئه‌م هه‌ڵه ‌گه‌وره‌یه‌ی تاڵه‌بانی، په‌چه‌کرداری ده‌بوو، ئیتر ئه‌و پیاوه‌ نه‌خۆشه‌ ئاوا یاری به‌ شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی گه‌لی کورد نه‌ده‌کرد .

خوێنه‌ری ئه‌زیز به‌دووری مه‌زانه، که‌ تاڵه‌بانی‌ سبه‌ی بێته‌وه‌ سلێمانی و کۆمه‌ڵێ درۆ بکات وه‌ک پیشه‌ی هه‌موو جارێکی تر ، کێ ده‌ڵی له‌ ژێره‌وه‌ په‌یمانی له‌سوپای ئێراک وه‌رنه‌گرتووه‌ تا قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ (منع‌ تجول)ێک وه‌ک ئه‌وه‌ی حوزه‌یرانی 63 ، یان ساڵانی هه‌شتاکانی مسۆگه‌ر نه‌کردبێت، تا هه‌موو ماڵێک بگه‌ڕێت و تفه‌نگه‌کان کۆبکاتاوه‌، ده‌نا به‌م پۆلیس و ئاسایش و هێزه‌ فشه‌ڵانه‌ هیچی بۆی  ناکرێت، که ‌چه‌ند ڕۆژێکه‌ مانۆڕی سه‌ربازی ده‌که‌ن و خه‌ڵک چه‌ک ده‌که‌ن تا له‌ کاتژمێری سفردا هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر گۆڕان.
خوا به‌خێری بگێڕێت، بۆنی خوێن له‌شاره‌که‌مدا ده‌که‌م.

ئه‌زمڕ
چوارباخ سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە