دەتوانن بچنە ناو حكومەت و لەناو پەرلەمانیشدا ببنە ئۆپۆزسیۆن؟
Friday, 08/11/2013, 12:00
1456 بینراوە
ماوەییەكە لە ڕێی زۆرێ لەو مێزگەرد و گفتوگۆ و وتارە ڕۆژنامەوانییەوە ئەوە دەبینین كە لەلایەن كەسانێكى نزیك لە دەسەڵات و لەڕێی ئۆرگانەكانەوە بەتایبەت ئۆرگانەكانى نزیك لە دەسەڵات بابەتێك دەورووژێنن تا بۆ ڕای گشتى بسەلمێنن كە حزبێك بەشداری حكومەتى كرد ئیدی ناتوانێ لەهەمان كات ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان ببینێ.
ئەو قسانە جۆرێ لە چەواشەكاری و چاوبەستەكى و قوڕقوشم لەگوێنانى خەڵكە تا ئەو پەیامەیان پێ بگەیەنێ كە لەهیچ شوێنێكى دونیادا شتگەلێكى لەو جۆرە لەگۆڕێ نییە، لەكاتێكدا بەم قسانە دەیانەوێ ئەو هەنگاوە بەجۆرێ بجووڵێنن كە بۆ لەمەودوای بەشداریكردنى ئۆپۆزسیۆن(ئەوانەى لە خولەكانى پێشوو ئەو ڕۆڵەیان دەبینى) ئیدى ئەو ڕۆڵەیان بەكۆتادێ و بۆیان نییە ڕەخنە لە حكومەتێك بگرن كە خۆیان بەكردەوە تێیدا بەشدارن، كە ئەمەیش جگە لە شاردنەوەى ڕووى هەموو گەندەڵكارییەك كە ڕۆژێ لەڕۆژان پیادەیان دەكرد كەس نەڵێ: بەری دووچاوتان برۆیە. ئەوەیش بەو مانایە شرۆفەى بۆ دەكرێ كە هەرچییەك بكەن و هەرچییەك نەكەن بەخراپە و باشە و بەڕاست و چەپدا هیچ كەس و لایەنێ ورتەیان لەدەمەوە نەییەت، لێرەوە ئەوەى پێویستە ئاماژەى پێ بدەین:
یەكەم: هەموو لایەنێ كە بیەوێ متمانەى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بەدەست بێنێ دەبێ بەو دیدگاییە بێتە مەیدان و بەو شێوەییە بیر بكاتەوە كە سەرەتا ببێتە چاودێر و ڕەقیب بەسەر كاروبارەكانى ئەو پۆستەى وەكو ئەو لایەنە(حزبەكەى) وەریان گرتووە تاوەكو لەنزیكەوە بەدواداچوون بۆ ئەدا و ڕاپەڕاندنى ئیش و كارەكانیان بكەن و لەكوێ پێویست بوو ڕەخنەیان لەپێناو بەخۆداچوونەوە و چاكسازى و خۆچاككرن لێ بگرن.
دووەم: بەو كارەیان (پیادەى ئەو سیاسەتە) كەس ناتوانێ دەستى تێكدەر و چەواشەكاریان بۆ درێژ بكات كە ئەمانە جگە لە ڕەخنەگرتن و شكاندنى شان و شكۆی ئەو دەزگایانە هیچی تازەیان پێ نییە و هەموو ئەو هەوڵانە پووچ بكەنەوە كە بەو شێوەیە پەنجەیان بۆ دروست دەكەن.
سێ یەم: كە بەدواداچونیان بۆ ئەو پۆستانەى خۆیان هەبێ كە لەو كابینەییەدا وەریدەگرن، كەواتە قسەیان پێیە و بێ منەتن لەنواندنى هەر هەڵوێستێكى دیكە و دەتوانن بەهەمان نەفەسەوە ببنە رەقیب و چاودێر بۆ بەدواداچوونى كاروبارەكانى حكومەت و ڕەخنە گرتن لەلایەنەكانى دیكە لەو شوێنانەى پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی گشتى ڕەخنەیان لێ بگرن.
چوارەم:لەهەر شوێنێ ئۆپۆزسیۆن نەبوو بەواتا(ڕەخنە بوونى نییە) و لەنەبوونى ڕەخنەدا دام و دەزگاكان پێشكەوتنى دیار و بەرچاو بەخۆوە نابینن وەك ئەوەى هەموویان بەیەك شێوە بیر بكەنەوە كەواتە كەسیان بیر ناكاتەوە. كەواتە ئەگەر ناو لەخۆشیان نەنێن ئۆپۆزسیۆن كە نابێ ئەو ناوە بەخۆیاندا ببڕن، دەتوانن وەكو ئۆپۆزسیۆن چاو لەكەم و كوڕییەكان نەپۆشن و بۆ ڕای گشتى بوروژێنن.
پێنجەم: ئەو حاڵەتە بوارێكى نۆرماڵە نەك ئەو هەنگاوانە تەنها پەیوەستبن بەخودی ئەوانەى ڕۆژێك لەڕۆژان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان بینیوە، بەڵكو هەموو ئەوانەیشی هەر لەدەسەڵات بوون ئەوانیش بۆ بەدەست هێنانى پتری متمانەى جەماوەر دەتوانن ئەو حاڵەتە تاقی بكەنەوە و هەمان ڕۆڵ ببینن، لە نموونەییەكى زیندوودا چی تێداییە ئەگەر حزبێكى دەسەڵات كەم و كوڕییەكیان لەیەك لەو وەزارەتانەى سەر بەهەمان لیستى خۆیان بەدى كرد سڵ لەوە نەكەنەوە ئەگەر ڕەخنە بگرن و بێباك بن لەوەى لەلایەن مەكتەبی سیاسی و سەرەوە تووشی لێپرسینەوە دەبن، ئەوەش ڕوئیاییەكە بۆی هەیە خەڵكێكى زۆر ستایشی هەڵوێستى ئەو كەسە بكەن، بەهەمان شێوەیش بۆ ئەو پڕۆژانەى ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە.