بۆ ناسری ڕەزازی
Thursday, 03/07/2014, 12:00
هونەرمەند ناسری ڕەزازی پێی وایە هۆکاری سەرەکی پاراستنی زمانی کوردی بەهۆی گۆرانی و گۆرانی ووتنەوەیە. واتا بەبیرو بۆچوونی ئەو، ئەوەی کە تا هەنووکە لەزمانی کوردی لەبەردەستدایەو لەو هەموو نەهامەتی و کەلتوور سڕینەوەیەی لەسەر دەستی دوژمنانی گەلەکەمان بەئەنجام گەیاندراوە و ئەو چەندین هەوڵ و کارانەی کراوون بۆ تەواو لەبیرچوونەوەی زمانی زگماکی کورد، تەنها لەڕێگای گۆرانی و هەڵبەست و حەیران و جۆرەکانی تر، پارێزراون.
من نازانم تا چەند باوەڕ بەو بیروباوەڕە بکەم کەوا گۆرانی بوبێ بەسەرەچاوەی پاراستنی زمان ،لەکاتێکدا گۆرانی تەنها بەشێکی کەلتوورە. واتە، هۆکاری گەلێ سەرەکی و بنەڕەتی هەن کەوا لەپێش گۆرانیەوەن کە ئەم زمانەی ئێمەی لەفەوتان پاراستبێ،جا بەڕاستی پێوستە گەلێ بەووردتر بگەڕێین بەدوای ئەو هۆکارانەی کەوا بۆ هەزارەها ساڵە زمانی ئێمەی پاراستوەو تا ڕاددیەکیش خۆی پاراستوە لەتێکەڵبوون لەگەڵ زمانەکانی هاوسێکانمان.
گۆرانی و میوزیك بەهەر شێوەیەك ووترابێ؛ بۆ گیانی فیداکاری، بۆ خۆشەویستی و قوربانی، بۆ شیوەن و یادگاری، بۆ سەرمەستکردن و شادی و وەیان بۆ هەر بۆنەیەکی تر، ئەوا حەتمەن کاریگەری کردۆتە سەر شێوازی ووتنەوەو دووبارەکردنەوەو لەیاد کردنەوە. واتە، زۆرجار گۆرانی گەر لەگەڵ پارچەیەك میوزیك وەیان بەبێ ژەنینی هیچ میوزیکێك`، ئەوا کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر ئەو جەماوەرو حەشاماتەی لێی کۆبونەتەوە. گۆرانی و گۆرانیبێژان ، چ سیاسی،چ ڕۆمانسی،چ کۆمیدی و چ فۆلکلۆری ، ئەوا توانیویانە بەشیك لەو کلتوورە پڕ بکەنەوە کەوا ڕەنگە بەبێ بوونی گۆرانی نەختێك ئەستەم بوبێ و بۆ ئەوەی لەیاد بکرێن.
ئێمە هەرگیز ناتوانین باسی گۆرانی و گۆرانیبێژ بکەین بەبێ ئەوەی پرۆفایل و پاشخانی کۆمەڵایەتی نەکەین. واتە، گۆرانیبێژ وەك هەر مرۆڤێكی تر، بەدەر نیە لەیاسای کۆمەڵایەتی و هەموو مەرجەکانی بواری کۆمەڵایەتی بەسەردا ئەچەسپێ. ناکرێ بەتەنها گۆرانیبێژێك بەپێوەری هونەرو دەنگەکەی بپێورێ. ناتوانین بڵێین فڵان هونەرمەند دەنگی خۆشەو پێوستە تەنها ڕێز لەهونەرەکەی بگرین بەبێ ئەوەی نەزانین کەوا لەو کۆمەڵگاکەی خۆی چەندە خزمەتی بەو کۆمەڵگایە کردوە وەیان چەندە زیانی لێی داوە. لەمێژووی دوورو نزیکی گەلەکەمان چەندین گۆرانیبێژ هەبوون و هەن کەوا گەر تەنها پێوەری دەنگ و هونەرەکەی وەربگرین، ئەوا ئەکەوینە هەڵەی گەورەوە.
بەبڕوای من ئەوەی زمانی کوردی لەفەوتان و قەیران ڕزگار کردوە، ئەوەی نەیهێشتوە ئەم زمانە ئەنفالبکرێ و ئەوەی بەدڵ و بەخوێن و ماندووبوونی بەردەوام کاری بۆ پاراستنی ئەم زمانە کردوە ، تەنهاو تەنها ((دایك))ه. ئەوە تەنها دایکی کوردە کەوا هەموو ژیانی خۆی جگە لەوەی بۆ جگەر گۆشەکانی تەرخان کردوەوە، لەهەمان کاتیشدا زمانی تەڕو بەپیت و ڕەسەنی فێری نەوەکانی کردوە. ئەوە تەنها دایکی کوردە بەبێ هیچ مەرجێك هەوڵ و شەونوخونی کێشاوە بۆ پاراستنی زمانی کوردی. ئەشێ ئەم ووتەیە گونجاو بێ بۆ گشت دایکانی سەر ئەم گەردوونە.لێ بۆ کورد من دڵنیام سەد لەسەد کەوا گەورەیی دایك لەبواری زمان پاراستندا بەپلەی یەکەمین دێ.
ڕەگە هەبێ بپرسێ ،باشە گەر وایە ئەی بۆ ژمارەی هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و شاعیران زۆربەی پیاوانن و زۆر بەکەمی ژنان بەدی ئەکرێن. منیش لەوەڵامدا ئەپرسم، ئایا ژمارەی خۆفرۆشان،خائینان،جاش و سیخوڕ و پیاوی دوژمنانی کورد زۆربەیان پیاون وەیان ژنان؟ بگەڕێ لەمێژووی نەتەوەی کوردا ئەوەندەی پیاوی ناپاکمان هەیە، هەرگیز ژنێك بەدی ناکرێ . لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەشارێکی وەك سلێمانی ڕەنگە ئەو ئافرەتانەی دەستیان لەگەڵ حزبی بەعس تێەکڵاو کردبوبێ ژمارەیان لەپەنجەکانی دەست کەمتر بوون و زۆربەیان تیرۆر کران. کەچی هەر ئەوانەی تیرۆریان ئەکردن ڕەنگە یان خۆیان وەیان بەئەمری ئەوانەی بڕیاری تیرۆرکردنەکەیان بۆ دەرئەکردن، خۆیان خاوەنی فایل و لەگەڵ حزبی بەعس و ڕەنگە ئیتالاعاتی ئێران و تۆرانیشدا بوبێتن.
باوکی کورد زۆربەی کات لەدەرەوەی ماڵدا بوەو خەریکی بژێوی ژیان هەوڵی داوە، بۆیە ئەوە تەنها دایك-ە جگە لەپەروەردەکردن کاری فێرکردن و خۆشەویستی زمانی لای مناڵەکان بەجێهێشوە. من بۆ خۆم نایشارمەوە ئەوەندەی لەدایکم فێری زمانی کوردی و پەندی پێشینان و خۆشەویستی ووڵات بووم ،ڕەنگە ئەوەندە لەباوکوە فیر نەبوبێتم. بۆیە ئێمەی کورد پێوستە بەچاوێکی گەلێ ڕێزو خۆشەویستی بڕوانینە ئەرکی دایکایەتی و پلەیەکی گەورەو مەزنی بدەینێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست