شۆڕشی سپى خەڵكى كوردستان كەوتۆتە رێگە و بە دەم مۆز و پرتەقاڵ خواردنەوە لەبارى مەبەن !
Wednesday, 13/04/2011, 12:00
خەڵكى كوردستان ئەگەر لەماوەى ئەم (20) بیست ساڵەى بەناوئازادى و دەسەڵاتى دیكتاتۆریانەى بنەماڵەى (بارزانى و تاڵەبانى) بەبارتاقاى (35) ساڵى بەعس و زیاتر لە 30) ساڵى موبارەك و (40) ساڵى معمر قەزافى زیاتریان پێ َنەكرابێ ، بەدڵنیاییەوە كەمترى پێ نەكراوە ، ئەوەى لە كوردستان روویداوە و روودەدات ئەگەر لە ئەرشیفى دەسەڵاتەكەى ستالین و هتلەر و چاوچیسكۆ دا بۆى بگەڕێن دەنا زەحمەتە لە هیچ ئەرشیف و لاپەرە رەشەكانى مێژوودا دەستمان بكەوێت ! بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى و هەرچى و پەرچى ودەرگاوان و ئاغاژنەوان وزوڕنەژەنە ریسوا و بێ مۆڕاڵەكانى، پراكتیزەى جۆرە دەسەڵات و رەوشێكى وایان لە كوردستاندا هێناوەتە ئاراوە كە تازە زۆر زەحمەتە بتوانرێ جگە دەركردنیان لە دەسەڵات ، سەقامگیرى و ئارامی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان ، ئەم دەسەڵاتە ئەوەندەى بێ رێزى و پێشێلكارى مرۆیی و یاسایی گەورەى كردوە مەگەر بە دادگایی كردنێكى عادیلانەى جەماوەرى بتوانرێ سزا بدرێن ئەگینا پێم وایە بەهێچ سازش ودایەلۆگێكى نیشتمانى و گفتوگۆ و دانوستاندنێك ناتوانرێ لوتى بۆئاسمان ئاسا بەرزى (تاڵەبانى و بارزانى) لەبەرامبەر داواڕەواكان و مافى زەوتكراوى خەڵكى كوردستاندا بشكێنرێ و ملكەچى ئیرادەى جەماوەر بكرێن .
شۆڕشەكەمان ، راپەڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن و مانەوە و مل كەچ نەبوونمان لەبەرامبەر جەبەرووتى دەسەڵات و پیاوكوژە خوێنڕێژ و
حكومەتە دز و سەرۆكە بێ دەسەڵاتەكەیاندا بەردەوامە و هەر رۆژەى لە جێگەیەك و هەر جارەى بەشێوازێك رووبەڕویان دەبینەوە و ناهێڵین ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دژ بەئازادیە لە هێچ كات و ساتێكدا ئارامى و ئۆقرەیی و دڵنیایی بە خۆیەوە ببینێ و جارێكى تر بێ خەم چوارپەلى خۆى لێ راكێشێ ، دیارە هەموو خەڵكى كوردستانیش ئەو راستیە دەزانن كە ئەم سەرە بۆگەنانە مانایەكیان بۆ پێكەوەژیان و بەئاشتى دەستاەدەستكردنى دەسەڵات نەهێشتۆتەوە و بەهیچ كلۆجێ دەستبەردارى كورسی دەسەڵات و خوێنڕێژى و بێ رێزى كردن بەرامبەر میللەت نابێ ، ئەم حەقیقەتە لاى خەڵك و لایەنە سیاسیەكانى ئۆپۆزسیۆنیش هەست پێكراوە و ئەوانیش باش دەزانن كە دەسەڵات بەئاسانى و بە كۆبونەوە و كۆبونەوەكارى ملكەچى ئیرادەى خەڵك نابێ و زمانى لێكترگەیشتن ودابەشكردنى دەسەڵات و هاتنە خوارەوە لەسەر كورسی حكومڕانى نازانێ و هێشتا بەكۆمەڵێ چەمكى كۆن و سواوەوە مامەڵە لەگەڵ دیاردە و خەسڵەتە سەردەمى و ژیاریەكانى كۆمەڵگە دەكات و وابیر دەكاتەوە كە كوردستان هەرگیز وەك میسر و یەمەن ولیبیا نیە و ئەوانیش هێشتا نەبوون بە موبارەك و على عبداللە و قەزافى ، لەكاتێكدا تاڵەبانى و بارزانى گەر خراپەكاریەكانیان زیاتر نەبێ هەرگیز لەوانیان كەمتر بە میللەتەكەى خۆیان نەكردوە ، بۆیە پێویستە بیركردنەوەو شێوەى مامەڵەوە و ستراتیژى خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر دەسەڵاتى ئەم دوو بنەماڵە و دارودەستەكانیان هاوشێوەى راوبۆچوون و ئەو ستراتیژیە بێت كە خۆپیشاندەران و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەم وڵاتانەدا بەرزیانكردۆتەوە و كردویانە بە درشمى سەرەكى بزوتنەوە جەماوەریەكان .
ئۆپۆزسیۆن دەبێ ئەو راستیە باش بزانێت رۆژ دواى رۆژ درز و كەلێنى گەورە دەكەوێتە دیوارە داهێزەنراو درزبردوەكەى دەسەڵاتى سیاسی و خێڵەكى بنەماڵە لەلایەك و فشارى لایەن و رێكخراوە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتیەكانیش تادێت زیاتر و زۆرتر ئەبێ لەلاكەى تریەوە ، ئەمەجگە لەوەى كە خەڵك بە چین و توێژە كۆمەڵاتیەكانیەوە رۆژانە بەردەوام پشتگیرى و پشتیوانى و ســووربوونى خۆى بۆ كۆتایی هێنان بە زوڵمى دەسەڵات و قۆرخكاریەكانى بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى دووبارە ئەكاتەوە بۆیە بەلەر چاوگرتنى ئەم راستیانەو رەوشى سیاسی ئەمڕۆ و سروشــت پێكهاتەو تێڕوانینى ناعەقڵانى و نادروستى حزبە دەسەڵاتدارەكان وادەخوازێ كە ئۆپۆزسیۆن بەچاوى جدى و واقیعیانەوە بۆ ئەو بارودۆخە بڕوانێ و بەهیچ جۆرێ بیر لە جۆرە دانیشتن و گفتوگۆى دورودرێژى تاقەت پروكێن نەكاتەوە و مل بۆ سیاسەتى خاوكردنەوەى مەبەستدارى دەسەڵات نەدات و خۆى نەداتە دەست قەزاو قەدار بەڵكو جەخت لە پرۆژە پێشنیاركراوەكەى بكاتەوە و خوێندنەوەیەكى دروست و ئاشكراى هەبێ و پێداگرى بەردەوامى لەسەر بكاتەوە ، پێویستیشە خۆى لە سیاسەتى شاردنەوە و كپ كردنى راستیەكان و ئەو خاڵانەى كە دەسەڵات بە ئاشكرا رەتیان دەكاتەوە بەزوویی و لەكاتى خۆیدا ئاشكراى بكا و بڵاوى بكاتەوە بۆئەوەى هەمیشە بتوانێ لەگەڵ هێڵى تەریبى خواست و داواكانى جەماوەردا بڕوات و لێی دانەبڕێ ، وەبەلاى كەمەوە ئەوئامانج و داواكاریانەى خەڵك دەبێ بێتە دى كە خۆى لە دادگایی كردنى تاوانباران و هەڵوەشاندنەوەى حكومەت و پێكهێنانى حكومەتێكى ئینتقالى كە خەڵكى بێ لایەن و بەتوانا بەڕیوەى ببەن و كار بۆ بێ لایەنكردنى دامەزراوە گرنگە نیشتمانیەكان بكەن و زەمینەى هەڵبژاردنێكى پاك و بێ گەرد فەراهەم بكەن بۆ پەرلەمانێكى نوێ لە كوردستاندا
بێ ئەمە و هەرئەنجام و كارێكى تر لەباربردنى خەبات و شۆڕشى هێمنانەى خەڵكى كوردستانە و باجەكەى یەكجار گەورەدەبێ بۆ لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن . ئەوەى جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەوەیە كە خۆپیشاندانى جەماوەرى خەڵكى كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكى گرنگ و تازە وە هیچ هێزێك ناتوانێ بیرۆكە و نیازى بڵاوەپێكردنى یەكجارەكى ئەم هێزە تەنانەت بهێنێتە خەیاڵى خۆیشى ئەگەر داوا و مافەكانى خۆى بەدەست نەهێنێت و هێز و قورسایی و كاریگەریەكانى لەسەر رەوشی سیاسی و ئابورى و كۆمەڵایەتى ..تاد . بەسەسەر كۆمەڵگەى كوردەوارى لەكوردستاندا بەجێ نەهێڵێ ، بۆیە هەر جۆرە بیركردنەوە و خەیاڵێك بە پێچەوانەى ئەوەوە بێت بیركردنەوە و لێكدانەوەیەكى نەزۆك و مەترسیدارە بۆ تەواوى خەڵكى كوردستان بەگشتى و بەتایبەتیش ڕاگەیاندنى مەرگى ئۆپۆزسێۆنە لەم قۆناغەدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست