کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچى سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ؟

Thursday, 24/01/2013, 12:00






پێش ئەوەی لە قازانجە زۆر و زەوەندەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە باس بكرێت، خەڵك بە گشتی پرسیارێكیان لا دروست بووە؛ بۆچی تەنها لایەنێك زۆر لەسەر ڕای پێچەوانەی هەموان پێداگری دەكات ،ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە دوور لە هەر ململانێیەكی حزبی بۆ ئەرێنی پرۆسەكە لە پەرلەمانەوە بۆ هەموو لایەك روون نەبێت، یان چی وای لەو لایەنە كردوە كە بەتەنها مكور بێت لەسەر بۆچونی خۆی ئەگەر بەرژەوەندی تەسكی حزبی و شەخسی باڵی بەسەر بیروبۆچون و رەفتاریدا نەكێشابێت .
لێرەوە ئەگەر لە روانگەی بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردستان و بەرقەراربونی سیستمی دیموكراسی و بەرجەستەبونی ئازادی و زامنكردنی دوارۆژی نەوەكانمان و راستگۆیی و خۆشەویستی هەموان بۆ كوردستان، باڵایی لایەنە ئیجابیەكانی شێوەی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە دەربخەن بە بەراورد بە هەر رێگەیەكی تر، حەقیقەتی دڵسۆزی هەرلایەكمان بۆ دەرناخات ؟ ئەم بۆچونانەمان بۆ كەسێكی دیاریكراو نیە بەقەدەر پلە هەستیارەكە خۆی وراستەرێگەبون و دووبارەبونەوەی پرۆسەكە :
یەكەم : هەموان ئاگاداری ئاستی رۆشنبیری و كەلتوری و بیركردنەوەی خەڵكی كوردستانین بە گشتی و، باش دەزانین لەم قۆناغەدا بە چ پێوەرێك دەنگ دەدەن كەزۆر لەوەوە نزیكە قازانجی خۆیان و دوارۆژی نیشتمانەكەشمان بخەنە ژێر ركێفی كۆمەڵێك سۆزی پەیوەندی هەمەجۆرەوە .
دووەم : سەرۆكێك پەرلەمان هەڵیبژێرێت، بەردەوام لە ژێر چاودێری و رێنمایی كۆمەڵێك عەقڵدایە، نەك بۆ بەرژەوەندی گشتی لەسەر بیركردنەوەی سەرۆكی هەرێم رۆڵی خۆی دەبێت، بەڵكو وەك دەزگەیەكی باڵای دیموكراسی راوێژكاریش رێبەری سەرۆكی هەرێم دەبێت، لێرەشدا زۆر روونە كە تاكە كەس هەمیشە ئەگەری هەڵە كردنی زۆرترە .
سَیەم : لەكاتی هەر هەڵەو دەرچونێك لەیاسا و رێساكان و بریاردانی تاكڕەوانە، پەرلەمان لە ئان و ساتی خۆیدا دەتوانێت رێگەی لێبگرێت تا رادەی متمانە لێسەندنەوەش ، دەتوانێت نەهێلێت زەرەری هیچ رەفتارێكی تەشەنە بكات .
چوارەم : ئەگەری ناوچەگەرێتی وعەشیرەتگەرێتی و حزبگەرێتی كەمترە وەك لەوەی بە گشتی خەڵك دەنگی بۆ بدەن . تەنانەت كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر ئەم بۆچونە تەسكانەش وقۆناغ بە قۆناغ ئەم پرۆسەیە كەمتری دەكاتەوە .
پێنجەم : بە هیچ شێوەیەك ئەگەری گزیكردن لە پەرلەمانەوە ناكرێت بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی گشتی و، ئەزمونەكانی پێشتر ئەو راستیەمان بۆ دەردەخەن .
شەشەم : لەپەرلەمان هەموان چانسی بەسەرۆك بونیان هەیە بە سەربەخۆكانیشەوە، بەڵام لە دەرەوەی پەرلەمان توانای مادی زۆر و كاریزما و حزب و عەشیرەت و ناوچە رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێرن .
حەوتەم :گەنج و نەوەی نوێ و عەقڵی تازەگەر و خەڵكی پێ پشتو پەنای هەمەجۆر جانسی گەیشتن بە سەرۆكبونیان لە پەرلەمانەوە زیاترە
هەشتەم : لەپەرلەمان دەتوانرێت پێش ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی تەواو بێت لە هەر كاتێكدا پێویست بكات سەرۆك بگۆرێت و، هیچ ئاڵۆزیەك و بۆشاییەكیش دروست نابێت لە كاتی هەر روداوێكدا .
نۆیەم : لە پەرلەمان دەتوانرێت ئەگەری چەقبەستنی یەك رەنگی ویەك بۆچونی و عەقیدەی و ئایدیۆلۆجی وەلاوە بنرێت و بواری زیاتر بە هەمەرەنگی بدرێت و ئەگەری گۆڕانی ئیجابی بەردەوام لە ئارادا دەبێت .
دەیەم : بواری قۆرخكاری و بەرژەوەندخوازی تەسك دەبێتەوە و هەموان دەتوانن لەم پرۆسەیە گرنگە رۆڵی خۆیان بگێرن .
بۆیە، پێویستە لەسەر هەموان لەمەسەلەیەكی چارەنوسسازی ئاوادا، بە دڵسۆزیەوە برواننە بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردستان بە گشتی نەك تەنها بۆ هیچ حزب و كەسێك ، ئەمەش دژایەتی نیە بۆ هیچ لایەك بەڵكو لە پێناو بەرجەستەبونی دیموكراسی و فرەیی و فەراهەمبونی ئازادی و پێشكەوتنخوازی و دوارۆژی میلەتەكەمانە لە هەرێمی كوردستاندا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە