پارتی باڵۆنێکە تاڵەبانی فوی تێکردووەو نەوشیروانیش بەتاڵی دەکاتەوە
Saturday, 08/06/2013, 12:00
1806 بینراوە
تەنانەت گەمژەکانی کۆمەڵگای کوردیش دەزانن پارتی هێزێکە لە سەر ڕابوردووی دەژی .بە ناو هەموو جەماوەری پارتیدا بگەڕێ کەسێکت دەست ناکەوێ بتوانێت یاخود جورئەت بکات ڕەخنەیەك لە سەرۆکەکەی بگرێت یاخود بە ئازادانە دوور لەخواست و ئارەزوی سەرۆك لێدوانێك بدات.پارتی زیاتر لە کۆمپانیایەکی سەرمایەداری و بەهەم هێنان دەچێت کە هەموو ستراتیژی نیشتمانی و نەتەوەیی لە دەستکەوتی مادی و قازانجدا دەبینێت. پارتی لە ڕابوردووداو ئێستاشی لە گەڵدا بێت خاڵی یە لە ستراتیژو ئامانجی نیشتمانی ونەتەوەیی خاڵی یە لە مەعریفەت خاڵی یە لە پرەنسیپە دیموکراسیەکان.نە پێش کەوتن و شارستانی سەردەم و نە گۆڕانکاریە سیاسی یە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان هیچی بە سوودی پارتی و بنەمالەی بارزانی ناشکێتەوە. هەل و مەرجێکی تایبەت و دروستکراوی کاتی قەوارەی پارتی گەورەکرد ئەویش ڕوخانی ڕژێمی بەغدا بوولە ساڵی ٢٠٠٣.لایەنی شیعە کە زۆرینە بون لە عێراق لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ دا دەستیان بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا (السلگە التنفیژیە) گرت. پۆستی سەرۆك کۆماریش درا بە کورد ئەویش لە غیابی لایەنی سوننە دا کە بەشداری پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانیان نەکرد.
تاڵەبانی ئەوندە تینووی پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق بوو ئامادەبوو کە هەموو قوربانی یەك بدات لە پێناو وەرگرتنی ئەو پۆستەدا.تاڵەبانی بە دروست کردنی پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دا بێجگە لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هەرێمی کوردستانی لەسەر سینیەك لەئاڵتون پێشکەش بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی کرد.مەسعود بارزانی هەلێکی زێڕینی بەدەست هێنا بۆ تۆڵە سەندنەوە لە میللەت و لە خودی تاڵەبانی ویەکێتی کە بەدرێژایی مێژووڕقابەری بووە .
پارتی نە لە ڕابووردو نە ئێستاو نە لە داهاتوشدا هیچ ئامانجێکی ستراتیژی نیشتمانی نەتەوەیی لە بەرنامەیدا نەبووەو نیە، بەڵکو ئەوەی کە پارتی وەکو حیزب و وەکو بنەماڵە کاری بۆ دەکات سەپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەیە لە کوردستاندا.
پارتی هیچ حەرام و هێڵێکی سوور لەبەردەمیدا نابینێت کاتێك کە بەرژەوەندی ستراتیژی بنەماڵە بکەوێتە مەترسیەوە هەروەکو لە ٣١ی ئابدا ئەو ڕاستیە بە بەرچاوی هەموو خەڵکی کوردستاندا بینراو ڕەنگی دایەوە.
بارزانی لە غیابی تاڵەبانیدا کە لەبەغدا سەرۆك کۆمار بووبووە حاکمی ڕەها بەسەر خەڵکی کوردستانداو هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی لەنێوان بنەماڵەکەی خۆیدا وەکو سێکوچکە بەش کرد .
لە غیابی تاڵەبانیدا یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ڕۆژ بەڕۆژ دەپوکایەوە پارتی وەکو ڤایرۆسێکی کوشندە چووە ناو جەستەی حیزبەکەی تاڵەبانی یەوە و گەیاندیە لێواری مەرگ بەجۆرێك ئەگەر کەسانێك ڕابووردووی یەکێتی یان نەزانیبایە پێان وابوو ئەم حیزبە بەدرێژای مێژوو پاشکۆی پارتی بنەماڵەبووە. نەوشیروان مستەفا ئەنتی بنەماڵەی بارزانی هەرزوو دەرکی بەو مەترسی یە کرد بۆ سەر یەکێتی و خەڵکی کوردستان بۆیە چەندین جار گلەیی و ناڕەزایەکانی خۆی دەگەیاندە تاڵەبانی هاوڕێ ی ، بەڵام بەداخەوە تاڵەبانی ئەوەندە بەدەم کێشەی شیعەو سوننەو پێكهاتەکانی تری عێراقەوە بوو هێندە بەدەم ئازارو مەینەتیەکانی خەڵکی کوردستان و خودی حیزبەکەیەوە نەبووبۆیە ئەو ئامۆژگاریانەو داواکاریانەی دڵسۆزانی ناو حیزبەکەی خۆی بەهەند وەر نەدەگرت .
کار گەیشتە ئەوەی نەوشیروان مستەفا سنورێك بۆ کەمتەرخەمیەکانی تاڵەبانی و دەست درێژی یەکانی بارزانی دابنێت هەربۆیە توانی واز لە یەکێتی بهێنێت و پەنا بۆ دروست کردنی کۆمپانیایەکی ڕاگەیندن بەناوی کۆمپانیای ووشە ببات کە دواتر بزوتنەوەی گۆڕانی لێ کەوتەوە کە ئێستا گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە کە بۆتە چقڵی چاوی بنەماڵەی بارزانی .
تاڵەبانی لەلایەك هەستی بە تێك هەڵوەشانی حیزبەکەی لەسەر دەستی مەسعود بارزانی دەکردوو لەلایەکی تریشەوە نەی دەویست تا کۆتایی هاتنی خولی سەرۆك کۆماریەکەی سنورێك بۆ دەست درێژیەکانی بارزانی دابنێت.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ دا تاڵەبانی کە زانی بەرە بەرە خولی سەرۆك کۆماریەکەی ڕوولە تەواو بونەو باری تەندروستی تەمەنیشی ڕوو لە ئاوا بونە بەپەلە ویستی بێتەوە کوردستان و تۆڵە لە مەسعود بارزانی بکاتەوە بەڵام بەداخەوە نەخۆشی بواری نەدا. تاڵەبانی لەکاتی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی دانیشتنی لەگەڵ ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان هەروا بە ڕێک کەوت نەبوو بەڵکو ئامانجێکی ستراتیژی هەبوو بەوەی کە ئیتفاقیەی دەباشان بکاتە بەدیلی ئیتفاقی نێوان خۆی مەسعود بارزانی.تاڵەبانی دەیویست بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هاوپەیمانی بکات بۆ تێك شکاندنی بنەماڵەی بارزانی.تاڵەبانی ئەو ڕاستیە دەزانێت کە پارتی ئەو حیزبە نیە بتونێت خۆی بەسەر خەڵکی کوردستان و یەکێتیدا بسەپێنێت بەڵکو ئەوەی کە پارتی ئاوا قەوارە گەورە کردووە هەر خۆیەتی. من دڵنیام کە تاڵەبانی نە توانای قسەکردنی هەیە نە جووڵە ئەگینا یەکەم قسەی یاخود یەکەم نوسینی ئەوە بوو کە ئیتفاقیەی دەباشان بەدیلی ئیتفاقیەی نێوان یەکێتی و پارتیە .نەوشیروان مستەفا ئەو فریاد ڕەسەیە کە دەتوانێت قودسیەتی بنەماڵەی بارزانی بشکێنێت و کۆتایی بە زوڵم و ستەمی بارزانی بهێنێت.
بارزانی تووشی هێستریا بووە نازانێت چۆن نەوشیروان مستەفا دەستەمۆ بکات بە پارە یان بە پۆست یان هەڕەشە هیچ سودی نیە بۆیە گەورەترین قەیران کە ئێستا بەرۆکی پارتی و بارزانی گرتووە نەوشیروان مستەفایە.چونکە پارتی سێ میکانیزمی هەیە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەی و خەساندنی خەڵک ئەویش پارەو پۆست و هێزە ئەم سی میکانیزمە هیچی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێکخەرەکەی بەکار هێنا هیچی سودی نەبوو.
تاڵەبانی ئەگەر بێت و نەخۆشی و مەرگ بواری نەدات ئەو باڵۆنەی کە خۆی فووی تێکردووە بەتاڵی بکاتەوە ئەوا لە ڕکەوتنی دەباشان کە بەشێکی دووقۆڵی و نهێنی بووئەو وەسیەتەی بۆ هاوڕێ دێرینەکەی نەوشیروان مستەفا کردووە کە ئەو ئەرکە جێ بەجێ بکات هەربۆیە خەڵکە دڵسۆزەکەی ناو یەکێتی لەئەنجومەنی سەرکردایەتی وزۆرینە کادیرە پێشکەوتووەکانی و تێکڕای جەماوەری یەکێتی ئەو ڕاستیە دەزانن. هەر لەبەر ئەوەشە کە جەماوەرە ڕاستەقینەکەی یەکێتی نەوشیروان مستەفا بە مەرجەعی خۆیان دەزانن لەغیابی تاڵەبانیدا.