یاداشتنامەیەک ڕووەو بزوتنەوەی گۆڕان و ڕای گشتیی
Tuesday, 08/10/2013, 12:00
1220 بینراوە
کۆمەڵێک نووسەر و ئەکادیمیست و چالاکوان
پلەدوویی ژن لە سەوابتەکانی هێزێک نییە کە رێزی بۆ مرۆڤ هەبێت
ئێمە کۆمەڵێک نووسەر و ئەکادیمیست و چالاکوان کە دۆزی یەکسانیی ژن و پیاو لە کوردستان بەلامانەوە لە دۆزە هەرە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگایە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی گوتاری سیاسیی ئەم دواییەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین. رێکخەری بزووتنەوەکە لە کەناڵی کەی ئێن ئێن رایگەیاند کە ههر شتێك نهگونجێت لهگهڵ سهوابیتی دینی ئیسلاما، ئێمه رهزامهندی لهسهر نیشان نادهین و رهتی ئهكهینهوه. ئەم لێدوانە دواتر لە لایەن هەندێک لەو ئەندامانەی بزووتنەوەکەوە کە بۆ پەرلەمان هەلبژێردراون جەختی لەسەر کرایەوە.
ئێمە نیگەرانین بەوەی کە ئەو بزووتنەوەیە ئاوا بێباکانە لەبەردەم ڕای گشتییدا خۆی مولزهم دهکات بهوهی که له پهرلهمانی کوردستاندا ههر یاسایهک لهگهڵ سهوابتهکانی ئاینی ئیسلامدا ناکۆک بێت، له دژی دهوهستێتهوە. بەلای ئێمەوە ئەوە هەوڵێکی دێماگۆژیانەی ئەو بزوتنەوەیەیە بۆ زیادکردنی دەنگدەران و لایەنگرانی خۆی، لەسەر حیسابی کەرامەتی ئینسانیی و ئازادییەکانی ژنانی کۆمەڵگای کورستان. بۆیە ئەمە هەڵوێستێکە کە ئێمە ئیدانەی دەکەین و داوا لە رای گشتیش دەکەین کە هاوکارمان بن بۆ دروستکردنی فشار تا هەڵوێستی لەمجۆرە نەبێت بە بڕیار و کردەوە.
دیاره ههر بزوتنهوهیهک و حیزبێکی سیاسیی ئازاده لهوەی چ بەهایەک دەکاتە پایەی بناغەیی سیاسەت و ستراتیژیی خۆی، بەڵام نابێت ئەو بەهایانە ناکۆک بن لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیی ژن و پیاو. ئێمە پێمانوایە دەستبردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ رێتۆریکی ئاینیی کارێکی نابەرپرسانە و بێباکانەیە لەئاست ئەو هەموو ناحەقییە گەورانەی کە لە کۆمەڵگای پیاوسالاریی کوردستاندا لەبەرامبەر نیوەی هاوڵاتییاندا دەکرێت تەنها بەهۆی ئەوەوەی کە رەگەزی مێینەن.
لە سەدەی بیستویەک و لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا، ئێمە ئەو سەوابتانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان نایەوێت ناکۆک بێت لەگەڵیان بە ئیهانەکردنی کەرامەتی مرۆڤی کورد دەزانین: دانانی دوو ژن بەرامبەر بە یەک پیاو لە شایەتییدان، فرەژنیی و هەقی تەئدیبی پیاو بۆ سەر ژن و قەدەغەکردنی سەفەر و هاتوچۆ بۆ دەرەوە بە بێ ئیزنی وەلی ئەمر کە پیاوە و زۆری دیکە، سەوابتێک نین کە جێگەی رێز بن. بۆیە پێمانوایە کە دەبێت گونجاندنی ئاین لەگەڵ رۆحی سەردەم و پێداویستییەکانی مرۆڤی سەدەی بیستویەکدا ببنە بنەمای ستراتیژ و کاری هێزە سیاسییەکان لە کوردستاندا.
ئێمە هیوادارین بزوتنەوەی گۆڕان درک بەوە بکات کە بەو کارەی تا چ ئاستێکی کوشندە مافی ژن لە پەراوێز دەنێت و پشت دەکاتە دۆزی رەوای یەکسانیی ژن و پیاو لە کوردستاندا. بۆیە هیوادارین ئەو بزوتنەوەیە هەست بە بەرپرسیارێتیی بکات و چاو بەو ڕێتۆریکە ئاینییەدا بخشێنێتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەنی بۆ چەسپاندنی داکۆکیی لە سەوابتەکانی ئاینی ئیسلام وەک بەشێک لە پرۆگرام و ئامانجی سیاسیی خۆی نەنێت.
ئێمە پێمانوایە هەر بزوتنەوەیەک نابەرپرسیارییەتیی لەمجۆرە بنوێنێت و ئاوا پیشانی بدات کە باکی بە دۆزی مافی ژن و یەکسانیی ژن و پیاو نییە لە کۆمەڵگادا، بزوتنەوەیەکە کە شایەن بەوەیە خەڵک بە پشتتێکردن سزای بدات. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام بێت لەسەر هەوڵی ئەوەی کە پلەدوویی ژن بکاتە سەوابت، ئەوا ئیتر ئێمەش وەکو ژنانێکی یەکسانییخواز ئەوە بە بەشێک لە ئەرکی خۆمان دەزانین کە کاری جیددی بکەین بۆ ئەوەی ئەو بزوتنەوەیە بە پشتێکردن لەلایەن خەڵکی یەکسانییخوازەوە، سزا بدرێت.
07.10..2013
ئیمزاکان:
- نەزەند بەگیخانی
- نەجیبە مەحمود
- هۆزان مەحمود
- ئەڤین ئیبراهیم فەتاح
- ڕۆزا حسێن
- ڕوناک فەرەج
- چۆمان هەردی
- ڤینۆس فایەق