زۆر گەشبین مەبن چونكە هیچ گۆڕانكاریەك بەسەر عەقڵیەتیاندا نەهاتوە
Friday, 07/01/2011, 12:00
لە سەرو بەندى پێكهێنانى كابینەى نوێى حكومەتى بەغدا بەرپرس و نوێنەرانى پارتە بڕیار بەدەست و دەسەڵاتدارەكانى كوردستان لە راگەیاندنەكانیاندا كەوتنە بانگەشەى ئەوەى كە گوایە مالكى رازیبوە لەسەر 19 خاڵەكەى ئیئتیلافى لیستە كوردستانیەكان و ئیمزاى لە سەركردوە و تەنانەت ئەندامێكى ئەنجومەنى نووێنەران لە سەر لیستى (ی. ن.ك) بانگەشەى ئەوە دەكات كە گوایە لە دوو ساڵى یەكەمى حكومەتە نوێیەكەى مالكیدا مادەى 140 بەتەواى جێبەجێ دەبێت .
ئاخۆ ئەو قەناعەتەى بۆ سەركردایەتى كورد و نوێنەرانى ئێمە دروست بوە لەخۆشباوەڕیمانەوەیە یان هەربەڕاستى گەیشتونە تە ئەو بڕوایەى كەتوانیویانە گۆرانكاری ئیجابیانە لە هزر و بیرى سەرانی هاوپەیمانەكانى بەغدا دروستبكەن، تۆ بڵێى توانیبێتیان ئەوەیان بۆ ئەوان سەلماندبێت كە نەبونى كورد لەبەغدا واتە پارچە پارچە بونى عێراق .
ئاخر ئەگەر هێزێكى نوێ و كەسایەتیەكى نوێ پۆستى سەرەك وەزیرانى وەرگرتایە ئەوا حەق بو باوەڕ بەو بۆچونانە بكەین كە گوایە بەغدا رازى بون كە هەمو خواستەكانمان بۆ جێبەجێ بكەن ،بەڵام شێوەى دەموچاو و هەڵوێستى كەسایەتیەكان نەك هەر ئەوانەى حەوت ساڵى ڕابردون بەڵكو خەڵكانى شۆڤێنیتر ئەمڕۆ لەهەرە پۆستە باڵاكانى دەسەڵاتدان ، ئەوانە هەرگیز چاویان بە سەروەریەكانى گەلى كورد هەڵنەهاتووە و لە ڕابردوشدا باوەڕیان بە خەبات و خوێن و نەهامەتیەكانى گەلى كورد نەبووە، ئەى ئەبێت بۆ داهاتو چەند جێى باوەڕبێت كە ئەو كەسانە كار بەئاراستەى خواستەكانى ئێمە بكەن ؟ ئایا ئەگەر لەماوەى ئەم سێ چوار ساڵەى كابینە نوێكەى مالكیدا هەمو خواست و داواكاریەكانمان كە خۆى لە 19 خاڵەكەدا دەبینێتەوە جێبەجێ نەكرا بەتایبەت مادەى 140 ئاخۆ هەڵوێستى سەركردایەتى كورد و نوێنەرانى ئێمە لە بەغدا و پەرلەمانى كوردستان چى دەبێت ؟ ئاخۆ دەتوانن هەڵوێستى جدى وەربگرن پەنا بۆ كارتى فشار و هەڕەشەى ئیفلیجكردنى حكومەت بكەن ؟ لە ماوەى حەوت ساڵى ڕابردودا سەركردایەتى سیاسى كورد نەى توانیوە ئەو بڕوایە بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانان و وڵاتانى ئیقلیمى و لیست و پارتە عەرەبیەكان درۆوست بكات كەئەگەر بەدەم خواست و داواكاریەكانى گەلى كوردەوە نەیەن ئەوا لە هەمو دەزگا و دامەزراوە كانى حكومەت دەكشێینەوە .
لە نێو هەمو لیست و لایەنەكانى حكومەتى ئەمڕۆى بەغدا سەرانى كورد ولیستى كوردستانى نەرمترین لایەن بون لە بەرامبەر خواست و داواكارى و فشارەكانى ئەمریكادا ، بۆ یەك جاریش نەمانتوانى وشەى نەخێر لە بەرامبەریاندا بەكار بهێنیین ، ئەوەش لە پەرتەوازەیى و نایەكگرتویى و بێ ئیرادەییمانە ، ئەوە ئێمەین هەندێ جار بە بێ هەڵوێستى و هەندێ جاریش بە دوو هەڵوێستى و چەند هەڵوێستى خۆمان نیشان داوە.
لە كۆتایدا گەرەكمە بێژم ئەگەر لە ماوەى دووساڵى سەرەتاى دەستبەكاربونى كابینە نوێ كەى مالكیدا خواست و داواكاریەكانمان لە ژێر ناوى مادەى 142ى دەستور و هەمواركردنەوەى دەستوردا وەك هەمو جارێك دیزە بە دەرخونە كرا ئەوكاتە هەڵوێستى سەركردایەتى سیاسى كورد و نوێنەرانمان لە بەغدا چى دەبێت ؟ یان بە دەست خەڕەى دوساڵى كۆتاى هەر بەردەوام دەبن ! یان ئیتر دەگەنە ئەو بڕوایەى كە بەراستى هەمو ئەو بەڵێنانەى كە ئەوان و ئەمیركاش بە ئێمەى دەدەن تەنها بۆ كات كوشتنە تا ئەو كاتەى كە حكومەتێكى بەهێزى مەركەزى دروست دەبێتەوە و ئەوانیش دەگەنە ئەو ئەنجامەى كە ئیتر پێویستیان بە كورد نامێنێت ، هەمو لاش دەزانن لە ڕابردودا هەم ئەوان ئەزمونى سەركەوتو وهەم ئێمەش ئەزمونى تاڵمان بینیوە .
خۆزگە ئەو گەشبینیەى سەرانى ئێمە بە راست و رەشبینیەكەى منیش بە هەڵە دەردەچوو .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست