کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی په‌نا بۆ چڵه‌ پووشێکیش ده‌به‌ن تا خۆیانی پێ بگرنه‌وه‌!

Tuesday, 05/05/2009, 12:00

1608 بینراوە


له‌ کاتێکدا شه‌پۆلی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌ڵچووندایه‌‌و خه‌ڵک به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌ن تا نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن‌، ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵاتداری ناو یه‌کێتی زیاتر له‌ جاران په‌له‌قاژه‌یان پێکه‌وتووه‌‌‌و ترسی ئه‌وه‌یان لێ نیشتووه‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان تۆڵه‌ی به‌فیرۆدانی ڕه‌نج‌و خه‌باتی خۆیانیان لێ بکاته‌وه، چونکه‌ خۆیان ده‌زانن خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی ئه‌وانیان به‌ فیڕۆ داوه‌‌و ده‌سکه‌وته‌کانیشیان خستوونه‌ته مه‌ترسییه‌وه. هه‌ر بۆیه‌ داووده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنیان له‌ لایه‌که‌وه‌ که‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستنی درۆو ده‌له‌سه‌‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ‌درۆو ‌په‌لاماردانی ئه‌م‌و ئه‌و‌، به‌ تایبه‌تیش لیستی گۆڕان‌و لیسته‌کانی تر، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ که‌وتوونه‌ته‌ به‌خشینی پاره‌و موڵک‌و وه‌زیفه‌ تا بتوانن ویژدانی هه‌ندێ بکڕن‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگیان بۆ بده‌ن.

ئه‌مڕۆ، 04/05/2009، سایتی چاودێرو PUK Media و که‌ناڵی گه‌لی کوردستان‌و ده‌زگاکانی تری ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی به‌ بایه‌خێکی زۆره‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌کیان بڵاوکردۆته‌‌وه‌ که‌ گوایه‌ حه‌ڤده‌ ئه‌ندامی ڕه‌گ ده‌ریان کردووه‌‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتی‌و ته‌نانه‌ت کار گه‌یشتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مام جه‌لال‌و هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی له‌ دوکان پێشوازییان لێکردن و بایه‌خێکی زۆریان پێدان. له‌ کاتێکدا ڕه‌گ ته‌نها ڕه‌وتێکه‌ بۆ گۆڕینی باری خراپی یه‌کێتی به‌ره‌و باشترو هیچ ڕێکخستنێکی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی نییه‌ تا که‌سه‌کانی لێی هه‌ڵبگه‌ڕێنه‌وه‌‌و له‌و‌ حه‌ڤده‌ که‌سه‌ش ته‌نها دوانیان ناویان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بووه‌ که‌ کاتی خۆی پشتگیری ڕه‌گ‌ یان کردووه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ڕوون نییه‌ ئه‌و دووانه‌ش له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا چوون و چیان ووتوه‌. که‌چی داووده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ر به‌ ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵاتداری ناو یه‌کێتی که‌وتونه‌ته‌ لێدانی ته‌پڵی سه‌رکه‌وتن‌و وا ده‌زانن هه‌نگوینیان له‌ کلۆره‌داردا دۆزیوه‌ته‌وه‌.

راگه‌یاندنی‌ چه‌واشه‌کاری ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵاتداری ناو یه‌کێتی، خووی داووده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی به‌عسمان‌‌ بیر ده‌خاته‌وه، که‌ کاتی خۆی ئه‌گه‌ر هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌و کادر له‌به‌ر ماندوویی بووایه‌ یان له‌به‌ر پاراستنی که‌سوکاریان یان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌کی تر که‌ خۆیان ده‌خسته‌وه‌ باوه‌شی ڕژێم ده‌یانهێنانه‌‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن‌و ڕادیۆو له‌ ڕۆژنامه‌کاندا گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌کردن تا قسه‌ به‌ شۆڕش‌و پێشمه‌رگه‌ بڵێن، به‌ڵام به‌ جیاوازییه‌کی گه‌وره‌وه‌؛ له‌ کاتێکدا به‌رپرسه‌کانی به‌عس لایان شه‌رم بوو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ته‌سلیمبووه‌کان له‌ شاشه‌کانی ته‌له‌فزیۆن ده‌رکه‌ون، وا ئێستا مام جه‌لال خۆی له‌گه‌ڵیان داده‌نیشێ‌و به‌سه‌روشانیاندا هه‌ڵده‌دا.‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌رده‌خا که‌ چۆن ڕه‌گ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو یه‌کێتی له‌رزاندووه‌‌و ترسی خستۆ‌ته‌ دڵیانه‌‌وه‌. ئه‌وه‌ داننانێکی ڕاسته‌وخۆیه‌ به‌ به‌هێزی ڕه‌گ‌و به‌بێهێزی‌و لاوازی ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵاتی‌ ناو یه‌کێتیدا، ئه‌گینا به‌و شێوه‌یه‌ هه‌واڵه‌که‌یان قه‌به‌ نه‌ده‌کرد‌و پازده‌ که‌سیشیان بۆ قه‌رز نه‌ده‌کرد. ئێمه‌ له‌ ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵات راده‌بینین سیناریۆی تری له‌م بابه‌ته‌ دووباره‌ بکاته‌وه‌، چونکه‌ وه‌کو مرۆڤی غه‌رق بوو له‌ ئاوا په‌نا بۆ چڵه‌ پووشیش ده‌بات.

له‌ کاتێکدا ڕه‌گ بڕوای ته‌واوی به‌ ئازادی بیرورا هه‌یه‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕه‌خنه‌ له‌و‌ که‌سانه‌ ناگرێ‌ که‌ ئه‌گه‌ر کاتی خۆی پشتگیرییان له‌ ڕه‌گ کردبێ‌‌‌و ئێستا‌ له‌به‌ر هه‌ندێ هۆی تایبه‌تی خۆیان له‌و هه‌ڵوێسته‌یان په‌شیمان ببنه‌وه‌‌، له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و‌ ڕاستییه‌ش‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستان ڕائه‌گه‌یه‌نێ که‌ به‌رنامه‌ چه‌واشه‌کارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران توسقاڵێک کار له‌ ڕه‌وته‌که‌مان ناکا‌و خه‌ڵکی کوردستانیش ئێستا ئه‌وه‌نده‌ وریان‌‌و وا چاویان کراوه‌ته‌وه‌ که‌ باش ئاشنای پڕوپاگه‌نده‌و چه‌واشه‌کارییه‌کانیان بوون‌. هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ تاسه‌و شه‌وقێکی زۆره‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن‌ تاکو بتوانن نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن که‌ داکۆکی له‌ خواست‌و داواکانیان بکاو کۆمه‌ڵێکی شارستانی پێشکه‌وتوو دابمه‌زرێنێ.

04/05/2009



چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)