کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌؛ هێمایه‌ك بۆ دۆڕان...هیوایه‌ك بۆ گۆڕان

Wednesday, 13/05/2009, 12:00


ئێستا له‌نێو پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن داین بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان. ده‌کرێ هه‌ر له‌ئێستاوه هه‌ندێک له‌ ئاماژه‌ی گرنگی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ و ئاکامه‌کانی ده‌ستنیشان بکه‌ین. به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پرۆسه‌کانی رابردووی دیکه، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان، وه‌لێ له‌ گه‌لێك رووه‌وه‌ جیاوازی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ مسۆگه‌ر ئاکامه‌کانیشی له‌پرۆسه‌کانی دیکه‌ی رابردوو جیاوازتر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌و ئاکامه جیاوازانه‌‌ چیین؟
وه‌ک دیاره‌ پرۆسه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌كی گه‌رموگوڕ به‌ڕێوه‌بچێت و له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ندێک توندوتیژیش بێنێته‌ئاراوه‌. چونکه‌ ململانێیه‌که‌ له‌نێوان سێ جه‌مسه‌ری ناکۆک له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت:
یه‌که‌م: جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتداره‌ پاوانخوازه‌کان. واتا ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات دان و هه‌وڵده‌ده‌ن به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانه‌ پاوانخوازانه‌ بیپارێزن، ئه‌گه‌ر بکرێ فراوانتریشی بکه‌ن. لیسته‌که‌ی (ینک و پدک) لیستی کوردستانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م جه‌مسه‌ره‌ ده‌کات.
دووه‌م: جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازه په‌راوێزخراوه‌کان. واتا ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتدا نین و خوازیاری گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵاتن، یان ئه‌وانه‌ن که‌ پێشتر له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوون و ئێستا په‌راوێزخراون، یان ئێستا له‌ده‌سه‌ڵات دان به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانه‌ به‌شی داخوازی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ناکات و بۆخۆیان که‌می ده‌بینن و ده‌یانه‌وێت زیاتری بکه‌ن. لیستی (گۆڕان)ی نه‌وشێروان و لیستی چوار حزبه‌که‌ (لیستی خزمه‌تگوزاری و چاکسازی) و (لیستی ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی) شه‌ش حزبه‌که‌ و چه‌ند لیستێکی دیکه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و لیستانه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م جه‌مسه‌ره‌ ده‌که‌ن. ئه‌و لیستانه‌ ناکۆکی جه‌وهه‌رییان له‌گه‌ڵ لیستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستادا نییه‌، به‌ڵکو ناکۆکی و ململانێی ئه‌وان له‌سه‌ر چۆنێتی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داهات و سه‌لاحییه‌ته‌کانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا. واتا ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی ناکۆکی و ململانێی ئه‌و لیستانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازێتییه‌ نه‌ک گۆڕانی دیموکراتیانه و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل‌.
سێیه‌م: جه‌مسه‌ری گۆڕانخوازه‌کان. ئه‌وانه‌ن که‌وا له‌هه‌موو رووێکه‌وه په‌راوێز و سه‌رکوتکراون و بۆ رزگاربوون له‌و گێژاو و قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ باشوور به‌ ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کانییه‌وه‌ تێیکه‌وتووه‌ و هه‌موو بواره‌کانی گرتۆته‌وه خاوه‌ن پرۆژه‌ی‌ گۆڕانخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌ و دیموکراتی خزمه‌تگوزاریین ‌. واتا ئه‌وانه‌ی له‌روانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتی و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌‌ له‌ کێشه‌ و گرفته‌کانی باشوور ده‌ڕوانن و نوێنه‌رایه‌تی داخوازی زۆربه‌ی هیوا و داخوازی و پێداویستییه‌کانی چین و توێژه‌ سته‌مدیده‌کانی ژێره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن. (لیستی هیوا) و (لیستی سپی سه‌ربه‌خۆ) تاراده‌یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ ده‌که‌ن.‌
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م باسه‌ لیستی گه‌ل و ئه‌تنیکه‌کانی تر ناگرێته‌وه‌. هه‌ندێک لیستی تریش هه‌ن‌، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر له‌ فه‌له‌کی جه‌مسه‌ری یه‌که‌م و دووه‌مدا ده‌سووڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ پێویست به‌ ئاماژه‌کردنیان ناکات.
ململانێی نێوان ئه‌و جه‌مسه‌رانه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌کاتێکدا په‌ره‌ده‌سه‌نێت که‌وا خودی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا و سه‌رجه‌م کایه‌کانی ژیانی مرۆڤه‌کان له‌نێو گێژاوێکی قووڵ دان‌ و هه‌موو بواره‌ سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتورییه‌کان بنبه‌ستکراون و ده‌رفه‌تی پێشکه‌وتن و گۆڕانیان لێگیراوه‌. جه‌مسه‌ری یه‌که‌م که‌ جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌یه‌وێت له‌میانه‌ی به‌کارهێنانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و ئه‌و توانسته‌ ماددییه‌ زه‌به‌لاحه‌ی له‌ژێر ده‌ستی دایه‌ و به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی و میللی گوایه‌ " هێشتا مه‌ترسی ده‌ره‌کیمان له‌سه‌ره‌" ده‌سه‌ڵاتی خۆی بپارێزێت و به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا جارێکیتر ره‌وایه‌تی(شه‌رعییه‌ت) به‌ خۆی بداته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌کی تریش داهات و توانستی ئه‌م گه‌له‌ بۆخۆی هه‌ڵڵوشێت. له‌م پێناوه‌شدا ئاماده‌ی به‌کاربردنی هه‌موو جۆره‌ شێواز و رێگایه‌که‌، هه‌ر له‌ به‌کارهێنانی توندوتیژی و تۆقاندن و ساخته‌کاریکردن له‌ده‌نگدانه‌وه‌ تاده‌گاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی برسیکردن و نانبڕین و ته‌نانه‌ت کوشتنیش‌.
هه‌روه‌ها وه‌ك فێڵ و تاکتیکێکی ‌هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش گوایه‌ فره‌ لیستی و فره‌ده‌نگی هه‌یه‌ و به‌مه‌به‌ستی شێواندنی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه و دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنی ساخته چه‌ند لیستێکی دیکه‌شیان ئاماده‌ کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی که‌م تاکو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات تووڕه‌ن ده‌نگ به‌ جه‌مسه‌ری گۆڕانخوازه‌کان و ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ نه‌ده‌ن، ده‌نگ به‌و لیستانه‌ بده‌ن که‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر سێبه‌ری لیستی ده‌سه‌ڵاتن.
هه‌رچی جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازه‌ ریفۆرمیسته‌کانیشن؛ ئه‌وانه‌ ده‌خوازن له‌هه‌موو ئه‌و سته‌مکاری و گه‌نده‌ڵی و نادادی و بێخزمه‌تگوزارییه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌دا به‌ڕێوه‌ی بردووه‌ خۆیان بێبه‌ری بکه‌ن و پاک و بێتاوانن و وای نیشان ده‌ده‌ن که‌ ئه‌وانه‌ی وا به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتن ئه‌وانن گه‌نده‌ڵکار، ئه‌وانن سته‌مکار و هه‌ر ئه‌وانن ناهێڵن دادپه‌روه‌ری و خزمه‌تگوزاری پێشکه‌ش به‌ گه‌ل بکرێت. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا نوێنه‌رانی ئه‌م جه‌مسه‌ره له‌ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵی رابردوودا راسته‌وخۆ یان له‌پشت په‌رده‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوونه‌، یان له‌ده‌سه‌ڵاتدا به‌شداربوونه‌ و لێی سوودمه‌ندبوونه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ته‌واو پارێزراو بووه‌ و ئێستا که‌ په‌راوێز و که‌نارگیر کراون، له‌پێناو گرتنه‌ده‌سه‌ڵات و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر داهاتی وڵاتدا لیستی جیاواز جیاوازیان دروستکردووه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌بانگه‌شه‌ی گۆڕانکردن و خزمه‌تگوزاری و چاکسازییه‌وه‌ سوود له‌ بێزاری و ناڕه‌زایی خه‌ڵک وه‌ربگرن و خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌کانی دا‌هات. ته‌نانه‌ت هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌توانن ببنه‌ شه‌ریک‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و داهاتدا. هه‌ڵبژارردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانیش به‌ ده‌رفه‌تێکی گرنگ ده‌زانن بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات یان شه‌رکیبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتدا.
ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ که‌سانی ناو ئه‌م جه‌مسه‌ره‌ و ناو جه‌مسه‌ره‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌ندێک ته‌سفیه‌ی حیساباته‌ کۆنه‌کانی خۆشیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک که‌س و لایه‌نی به‌رامبه‌ر بکه‌ن. له‌م پێناوه‌شدا لاپه‌ڕه‌ ره‌ش و تاریکه‌کانی رابردوو و ئه‌رشیفی کۆن هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و نه‌یارانی خۆیان پێ ریسوا ده‌که‌ن و راستینه‌ی یه‌کتر ئاشکرا ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێکی تره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕامانه‌؛ ئه‌و ئه‌رشیفه‌ کۆنه‌ و ئه‌و به‌ڵگه‌ و زانیاریانه‌ پێشتریش له‌لای ئه‌وان هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ شه‌ریکه‌ ده‌سه‌ڵات بوون ئاشکرایان نه‌ده‌کرد و هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌خه‌ڵکیان شاردۆته‌وه. که‌چی ئێستا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان و بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ئاشکرای ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و کار و کرده‌وه‌ هاوبه‌شانه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ کردوویانه‌ هه‌ردوولا باسی لێوه‌ ناکه‌ن و کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باسیان نه‌که‌ن...!! له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هیچ سوودێکی نه‌بێت ئه‌وا مسۆگه‌ر ئه‌و سووده‌ی هه‌یه‌ که‌ له‌سایه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆر به‌ڵگه‌ و زانیاری هه‌ژده‌ ساڵی رابردوو و ته‌نانه‌ت هی ساڵانی شه‌سته‌کان و حه‌فتاکان و هه‌شتاکانیش ئاشکرا ده‌بن و ئه‌رشیفه‌ کۆن و شاراوه‌کان هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی دڵخۆشکه‌رانه‌یه و زه‌مینه‌ی گۆڕانی ریشه‌یی زیاتر ده‌کات‌. چونکه‌ ئه‌و چاوبه‌ستی و خه‌ڵه‌تاندنانه‌ی تا ئێستا له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کردوویانه‌ ناتوانن به‌رده‌وامی پێبده‌ن و راستینه‌ی هه‌موویان باشتر و به‌به‌ڵگه‌دارتر ده‌رده‌که‌وێته‌ڕوو.
به‌ڵام هه‌رچی جه‌مسه‌ری گۆڕانخوازه‌کانه‌؛ نوێنه‌رانی ئه‌م جه‌مسه‌ره‌ خه‌ڵکانی وڵاتپارێز و تێکۆشه‌ر و دیموکراتیخوازن و له‌میانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ژده‌ ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا به‌رده‌وام په‌راوێز و سه‌رکوتکراون و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی کراون، رێگیری هه‌موو کار و چالاکی و رێکخسته‌بوونێکیان لێکراوه‌. به‌م هۆکاره‌شه‌وه‌ ده‌رفه‌تی پێشکه‌وتن و به‌هێزبوونیان پێنه‌دراوه‌. هه‌روه‌ها نه‌یانتوانیوه‌ وه‌کو پێویست خۆیان ئۆرگانیزه‌ و رێکخسته‌ و به‌جه‌ماوه‌ریی بکه‌ن.، به‌ڵام له‌و راستییه‌ش‌ گه‌یشتوون که‌ دۆخی ئێستای باشوور دۆخێکی گێژاوییه‌ و هه‌رگیز ناتوانرێت به‌ که‌مێک پینه‌کردن و چاکسازی و گۆڕاندنی ده‌موچاوه‌کان ده‌رباز بکرێت. هه‌روه‌ها ناکرێت ته‌نیا باسی زیادکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان بکرێت و ده‌ستبه‌رداری مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتییه‌کان ببین. بۆیه‌ پێویست به‌ گۆڕانی ریشه‌یی هه‌یه‌ و ده‌کرێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانیش بکرێته‌ هۆکا‌رێک بۆ زیاتر خۆشکردنی زه‌مینه‌ی ئه‌م گۆڕانکارییه‌ ریشه‌ییه‌.
بێگومان ئه‌و ناکۆکی و ململانێیه‌ی ئێستا له‌ئارادایه ناکۆکی و ململانێیه‌کی ساته‌وه‌ختی و راگوزاری نییه‌ و ته‌نیا بۆ ئه‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه هاتبێته‌ ئاراوه‌، به‌ڵکو ململانێیه‌کی زۆر قووڵ و دژواره‌ و هه‌روا به‌ ئاسانیش یه‌کلایی نابێته‌وه‌. چونکه‌ پانتایی و مه‌ودای چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتی خۆی هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی ناکۆکی و ململانێی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری یه‌که‌م و دووه‌م له‌به‌رامبه‌ر جه‌مسه‌ری گۆڕانخوازه‌کان و گه‌ل، که‌ ساڵه‌هایه‌ به‌یه‌که‌وه‌ سه‌رکوتیان ده‌که‌ن و په‌راوێزیان ده‌خه‌ن و ناهێڵن هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵمژن... ده‌کرێ بڵێین ناکۆکی و ململانێی هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌که‌ له‌دژ جه‌مسه‌ری گۆڕانخوازه‌کان و گه‌ل ململانێی ئه‌قڵییه‌تێکی چه‌قبه‌ستووی سته‌مکاری پیاوسالاری گه‌نده‌ڵه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌قڵییه‌تێکی گۆڕانخوازی وڵاتپارێزی دیموکراتی ئازادیخوازی دادپه‌روه‌ر‌، شه‌ڕی چینی باڵاده‌ستی مشه‌خۆری وابه‌سته‌یه‌ له‌دژی چینی ره‌نجده‌ر و چه‌وساوه‌‌، که‌ زۆرینه‌ی گه‌ل پێکدێنن.
به‌ڵام ئه‌و ناکۆکی و ململانێیه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازدا په‌ره‌یسه‌ندووه‌ چه‌نده‌ توندوتیژ و دژواریش بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ی بنچینه‌یی و جه‌وهه‌ری خاوه‌ن هه‌مان بۆچوون و هه‌ڵوێست و ره‌فتارن. هه‌ردووکیان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری ریشه‌یی له‌ بواره‌ سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا روونه‌دات. له‌بنه‌ڕه‌تدا ناکۆکی و ململانێی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئیراده‌ و داخوازی و پێداویستییه‌کانی گه‌له‌ و ناکۆکی و ململانێی نێوان خۆشیان ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و باڵاده‌ستێتییه‌، له‌سه‌ر رێژه‌ی پاوانخوازێتی هه‌ر یه‌کێکیانه به‌سه‌ر داهات و ده‌ستڕۆییه‌کانی گه‌ل‌.
بۆیه‌ پێویست ده‌کات له‌رووکاری ناکۆکی و ململانێیه‌کان نه‌ڕوانین، به‌ڵکو له‌جه‌وهه‌ره‌که‌یان بڕوانین. هه‌رچه‌نده‌ له‌ئانوساتی ئێستادا هێز و لایه‌نه‌کانی جه‌مسه‌ری گۆڕانخوازی نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان رێکخسته‌ و ئۆرگانیزه‌ و چالاک بکه‌ن، به‌مه‌ش نه‌یانتوانیوه‌ پرۆسه‌ی به‌ جه‌ماوه‌ربوونی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێکی به‌رز و متمانه‌ی زۆرینه‌ی گه‌ل به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نایه‌ت که‌وا شه‌ڕی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌سه‌ڵاتخوازان له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ و داخوازی و پێداویستییه‌کانی گه‌لدا له‌ئارادا نییه‌، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تادێت فشار و شه‌ڕ و هێرشه‌کانیان دژ به‌ ئیراده‌ی گه‌ل فراوانتر و سه‌ختتر ده‌بێت. به‌ڵام وه‌کو رابردوو به‌کاریگه‌ر و ئه‌نجامگیر نابێت. چونکه‌ له‌ناوه‌وه‌ له‌لێکترازان و داڕووخان دایه‌. بێگومان درز تێکه‌وتن و پارچه‌بوونی جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازێتی بۆ دوو جه‌مسه‌ر و له‌گه‌ڵ یه‌ک ناکۆکبوون و که‌وتنه‌ ململانێکردنی یه‌کتری، خاڵی هه‌ره‌ پۆزه‌تیفی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه‌. چونکه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات رووه‌و لاوازی و سه‌ره‌ولێژی ده‌ڕوات و چیتر ناتوانێت وه‌کو جاران خۆی بسه‌پێنێت و گوێ به‌ئیراده‌ی گه‌ل نه‌دات، هه‌میش ده‌رفه‌ت به‌ جه‌ماوه‌ر و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانخوازه‌کان ده‌دات تا بتوانن خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ و خۆ بکه‌نه‌ خاوه‌ن جه‌مسه‌رێکی به‌‌ئیراده‌ و رێکخستوو و چالاک‌ و پرۆسه‌ی گۆڕانی ریشه‌یی و بنچینه‌یی ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌مه‌ش خاڵێکی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانی ریشه‌ییش ئه‌نجام نه‌دات، که‌ مسۆگه‌ر ئه‌نجامیش نادات، ئه‌وا زه‌مینه‌یه‌کی باش و له‌بار بۆ ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی گۆڕانی دیموکراتی ده‌ڕه‌خسێنێت، ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ بۆ قۆناخێکی نوێ له‌ژیانی کۆمه‌ڵگاکه‌مان و رزگاربوون له‌و گێژاوه‌ گشتگیرییه‌ی که‌وا کۆمه‌ڵگاکه‌مان تێیکه‌وتووه‌ و هه‌نگاونان بۆ بنیادنانی سیسته‌مێکی نوێی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆ که‌ رێز له‌ئیراده‌ی گه‌ل و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بگرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری به‌ڕێوه‌بچێت. هه‌ڵبه‌ته‌ سیسته‌مێکی به‌مشێوه‌یه‌ نه‌ وه‌ک بیرکردنه‌وه‌ و پرۆژه‌، نه‌وه‌ک کار و کرده‌وه له‌لای هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌که‌دا نییه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یانه‌ و نیانه‌ ته‌نیا چه‌ند ‌داخوازییه‌که‌ بۆ هه‌ندێک چاکسازی رووکه‌شیانه‌، تاکو ئه‌وانیش جێگه‌ی خۆیان له‌ پاوانخوازێتی و به‌شه ‌ده‌سه‌ڵاتدا بگرن. ‌
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخواز زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری کورسییه‌کانی په‌رله‌مانیش به‌ده‌ستبهێنن ئه‌وا ناتوانن کۆمه‌ڵگا له‌و گێژاوه‌ی تێیکه‌وتووه‌ رزگار بکه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆکارێکی زۆر ساده‌ چونکه‌ خودی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌که‌ له‌ناو گێژاودایه‌ و تا ئه‌و سیسته‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌گۆڕدرێت، که‌ هیچیان ناخوازن سیسته‌مه‌که‌ بگۆڕدرێت، ئه‌وا رزگاربوون له‌و گێژاوه‌ ئه‌سته‌م و دژواره‌.
له‌ئاکامدا ده‌کرێ به‌پووختی ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین که‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت گۆڕانی ریشه‌ییش ئه‌نجامبدات ئه‌وا مسۆگه‌ر زه‌مینه‌ خۆشده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌پرۆسه‌یه‌کی جددی گۆڕانکاری بکرێت. چونکه‌ جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازان درزی زۆری تێکه‌وتووه‌ و له‌ناو خۆیدا جه‌مسه‌رگیری بچووک بچووک دروستبوونه‌ و که‌وتوونه‌ته‌ ناو ململانێ و ناکۆکی ‌دژواره‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ دێت که‌وا ئه‌گه‌ر هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخوازان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری کورسییه‌کانیش به‌ده‌ست بهێنن، دیسان هێمایه‌ بۆ دۆڕاندنی ئه‌قڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازی پاوانخوازی باڵاده‌ستیان و دروستبوونی هیوایه‌کی مه‌زن و زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی و سه‌رکه‌وتنی ئیراده‌ی ئازادی گه‌ل و ئه‌قڵییه‌تی گۆڕانخوازی...
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە