بۆ شارەزا و پسپۆڕەكانى دۆسیەى توركیا
Monday, 30/11/2009, 12:00
ڕێزم بۆ كەسایەتى هەمووتان ئەوانەى بەم ناوەوە قسە بۆ میدیاكانى ڕاگەیاندن دەكەن بەڵام پێویستە بزانین هیچ یەكێك لەم بەڕێزانەى ئەم ناوەى لەخۆى ناوە ئەم بارودۆخەى ئێستا بەڕاستگۆیى شی دەكاتەوە،ئایا هیچ یەكێك لەم بەڕێزانەى ناویان لەخۆیان ناوە شارەزا و پسپۆڕ لەدۆسیەى توركیا هیچ ڕۆژێك لەڕۆژان دەگەڕێنەوە بۆ ئاگربەستەكانى پەكەكە بۆ ڕەوانەكردنى گروپەكانى ئاشتى بۆ توركیا لەساڵانى ڕابردوو و وەكو لەم ماوەیەشدا دووبارە بۆوە،ئەى ئازادكردنى سەربازە توركیەكان،یان وێنە سەرنج ڕاكێشەكەى وێنەگرى ڕۆژنامەى واشینگتۆنى ئەمریكى كەتیایدا گەریلایەك نیشان دەدات شیر دەداتە بێچوە ئاژەڵێكى كێوى كەدایكى بەهۆى لەشكركێشى توركیاوە لەناوچوو بوو،،،
بۆچى ئەم باس و خواسانە نابن بەووتەى سەر زمانى شارەزا و پسپۆڕەكانى دۆسیەى توركیا،
بێگومان نەمدیت و نەمبیست هیچ یەكێك لەم بەڕێزانەى كەخۆیان پێ شارەزا و پسپۆڕە لەدۆسیەى توركیا واقیح چۆنە ئەوها بارودۆخى توركیا شرۆڤە بكەن زۆر دەبیستم كە دەڵێن پارتى داد و گەشەپێدان هەنگاوێكى ترى نا بەئاراستەى چارەسەرى كێشەى كورد،پرۆسەى كرانەوەى دەست پێكرد كام كرانەوە؟
لێرەوە تەنیا پرسیارێك لەشارەزا و پسپۆڕەكان دەكەم؟
*ئەویش ئەوەیە ئەرێ هەڤاڵینە بۆچى هیچ ڕۆژێك هێرشى سوپا و پۆلیسى ئەو ووڵاتە بۆ سەر پارتى ڕێگا پێدراوى كورد نابێتە بابەت و قسەى لەسەر ناكەن و شیكردنەوەى بۆ ناكەن؟یان دادگایكردنى لیلى زانا بەتۆمەتى پڕوپاگەندەكردنى بۆ پەكەكە و قسەكردنى بەزمانى كوردى؟ئەى پچڕاندنى پەخشى ئەو كەناڵە توركیەى كەڕاستەوخۆ دانیشتنى پەرلەمان دەگوازێتەوە،لەكاتێكدا كەبەڕێز ئەحمد تورك بەزمانى شیرینى كوردى چەند قسەیەكى كرد؟بەڵام ئەم قسانەى ئەحمد تورك لاى زۆربەتان پێچەوانە بۆوە و دیوى یەكەمتان باسكرد كەئەحمد تورك بەزمانى كوردى قسەى كردووە ئەى دیوى دووەمى باسەكە كەپچڕاندنى پەخشى كەناڵەكە بوو،
لەحەسیب كاپڵانم پرسى ئەگەرى ئەوە هەیە بەهۆى ئەم قسەكردنەوە ئەحمد تورك ڕاپێچى زیندان بكرێت ناوبراویش ووتى لەئێستادا نا بەڵام پێدەچێت ئەگەر حەسانەى پەرلەمانى نەما ڕووبەڕووى دادگا بكرێتەوە تائێستا بارودۆخەكە ئاساییە بەڵام كاتێك سەرۆك وەزیرى ئەو ووڵاتە بۆ چەواشەكردنى ڕاى گشتى بەزمانى كوردى دەڵێت ڕۆژباش ئاساییە ئەى بۆچى زمانى كوردى بۆ بەرپرسانى كوردمان قەدەغە بێت و توركەكانیش بۆ هەڵخەڵاتاندنى خەڵكى سادە و ساویلكە قسەى پێبكەن،بۆ ئەم بابەتە چ شرۆڤەیەكتان هەیە،
بۆ هیچ جارێك شكاندنى دەستى منداڵانى كورد و پانككردنەوەى پیرەژن و پیرەمێردنى هەشتا ساڵانى لاى ئێوە نەبوو بەبابەت و قسەتان لەسەر نەكرد و ووتارتان لەسەر نەنوسى؟
ئەى مەسەلەى بەتیرۆر ناسینى پەكەكە و خراپبوونى ڕەوشى تەندروستى عبداللە ئۆجەلانى سەرۆكى پەكەكە بۆ لاى ئێوە نەبوو بەبابەت و قسەتان لەسەر نەكرد؟
ئەمەى ئێوەى بەڕێز دەكەین من تێناگەم چ پسپۆڕى و شارەزایەتیەكە،
ئەگەر تەنیا پیاهەڵدان بێت بەشان و باڵى پارتەكەى ئەردۆگان ئەوە شتێكە خۆ ئەگەر شرۆڤەكردنى بارودۆخى توركیاش بێت ئەوە شتێكى ترە پێویستە ئێوەى بەڕێز كەئەم ناوەتان لەخۆتان ناوە وردتر لێكدانەوە بۆ مەسەلەكان بكەن،ووتەبێژى پەكەكە دەڵێت ئاكەپە و جەهەپە و مەهەپە دوو ڕووى یەك سیاسەتن لێم پرسى مەبەستت چیە؟لەم قسەیە ناوبراو ووتى هەردوو پارتى نەتەوەپەرست داوا دەكەن بەسیاسەتى كۆن و كلاسیك مامەڵە لەگەڵ كێشەى كورد بكرێت بەڵام ئاكەپە داوا دەكات بەسیاسەتى نوێ مامەڵە ڵەگەڵ كێشەى كورد بكرێ،
خاڵێكى ترى كەبەلاى ئێوە زۆر بایەخى هەیە بەڵام بۆ گەلى كورد زۆر بەتاڵ و بێ ناوەڕۆكە ئەویش بوونى كوردە لەناو پارتەكەى ئەردۆگان و پارتەكەى دەنیزبایكاڵ؟بەووتەى ئێوەى بەڕێز بێت كورد لەپەرلەمانى توركیا زیاتر لە100 پەرلەمانتارى هەیە بەڵام نا بەڕێزەكانم نوێنەرانى كورد دیارن كێن و چى دەكەن و كێن ئەوانەى بەناوى كوردەوە قسە دەكەن خۆ ئەگەر لێكدانەوەكەى ئێوە ڕاست بوایە و كورد زیاتر لە100 پەرلەمانتارى هەبوایە لەپەرلەمانى توركیا ئەو هەر پڕۆژە یاسایەكى خستبایە دەنگدانەوە بێ شك و گومان دەیبردەوە بەڵام زۆرجار دەبینین كاتێك نوێنەرى(DTP)لەبەردەم پەرلەمان قسە دەكات ئەندامانى هیچ یەكێك لەگروپەكانى ناو پەرلەمان گوێ لەقسەكانى ناگرن تەنیا بۆ ئەوەنەبێت كەقسەیەك بكات بەووتەى خۆیان دژى بەرژەوەندى ئاسایشى نەتەوەیى توركیا بێت،
بۆیە بەڕێزان مەبەستم لەمن نوسینە ئەوە نیە كەتەشهیرتان پێبكەم و لەبایەخى كاركردنتان كەمبكەمەوە بەڵام ئەوە ڕووى ڕاستەقینەى بارودۆخەكەیە نەك هەموو چاكەیەك بۆ تورك بێت و هەموو خراپەیەكیش بۆ برا كوردەكانمان بێت،
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست