بۆ / سایتى كوردستانپۆست له/ئاسایشى شارەزوورهوه..
Sunday, 22/02/2009, 12:00
ئاسایش
بابەت / ڕونكردنەوە لەسەرنوسینێكى ناسیح عبدالرحیم كەلە12/2 /2009 بڵاوبوەتەوە بەناونیشانى
(ئاسایشى شارەزوور...باندى منداڵ فڕاندن.. ڕۆژنامە نوسانى هەڵەبجە)
سەرەتا ناسح عبدالرحیم بە بێ رەچاو كردنى هیچ بنەمایەكى ڕۆژنامە نووسى دەستى كردووە بە نوسینى بابەتەكەى ئایا ئەو هەواڵ فرۆشانەى هەڵەبجە كێن ؟ یاخود دیارە ناێح ئەوەى پێ ناخۆش بوبێت كە هەواڵەكە نەدراوە و نەیتوانیوە لە كاتى خۆیدا ئەو هەواڵە بڵاو بكاتەوە بۆیە لە 13/1/2009 وە لە رۆِژى بڵاوكردنەوى ئەو ڕاگەیەندراوەى ڕاگەیاندنى ئاسایشى شارەزوورەوە بە دواى شتێكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەى بابەتێكى لە سەر بنوسێت كاتێكیش كە بابەتەكەى نووسى زۆر بێ ئاگایانە باسى ئەوە دەكات كە باندى مناڵ فڕاندن دەستگیر كراوە .
لە بەر ئەوەى ناسح نەگەڕاوەتەوە بۆ سەرچاوەى هەواڵەكە و ڕاگەیەندراوەكەى نەخوێندوەتەوە كەوتەوەتە هەڵەیەكى زۆر گەورەوە .. كە بە هیچ شێوەیەك لەو ڕاگەیەندراوەى ئاسایش ئاماژە بە باندى منداڵ فڕاندن نەدراوە بەڵكو زۆر بە ڕوونى ئاماژەى پێ دراوە (باندەكە هەستاون بە فڕاندنى كەسێك بە ناوى (ح . ع) لە هەڵەبجەى شەهید) كە هەموو كەسێك لە هەڵەبجە و لە دەرەوەى هەڵەبجە ئاگادارى ئەوەیە كە (ح . ع) كێ یە و لە زۆربەى ڕاگەیاندنەكانیش ئاماژە بە تەمەنى دراوە كە لە نێوان (28 30) ساڵ دەبێت .
ناسح تەنانەت چاوى بەو ڕۆژنامە نوسانەش هەڵنایەت كە كارى ڕۆژنامەنووسى دەكەن لە شارەكەیدا ، هەواڵەكان لە سەرچاوەى هەواڵەوە وەردەگرن نەك لە سەرچاوەى خەیاڵ وەك (ناسح) خۆى .. ئەوەى تایبەت بێت بە ڕۆژنامە نووسانى هەڵەبجە كە بە هەواڵ فرۆش ناوى بردوون دەتوانن خۆیان وەڵامى ناێح بدەنەوە و ئێمە لەوە زیاترى لە سەر نانوسین و بە جێ دێڵین بۆ ڕۆژنامەنووسان خۆیان .
ئاسایشى شارەزوور بە هیچ شێوەیەك مەبەستى ترساندنى خەڵك نى یە وەك ئەوەى ناوبراو لە نووسینەكەیدا ئاماژەى پێ داوە " من نازانم ئاسایشى شارەزوور ئەمان ترسێنن " بەڵكو ئاسایشى شارەزوور مەبەستیەتى كە ڕاستیەكان وەك خۆى بگاتە لاى هاووڵاتیان نەك لە ڕێگاى دەماو دەمەوە و بە شێوازى جۆراوجۆر و دوور لە ڕاستى یەوە .
ناسح خۆى زۆر باش دەزانێت ئەوە ئیشى ئاسایشى شارەزوور نى یە كە بە زۆر تۆمەت بۆ خەڵك دروست بكات و بە ئارەزووى خۆى خەڵك بگرێت و بیخاتە بەندیخانەى ئینفرادى یەوە .
ئەگەر ناوبراو ڕاگەیەندراوەكەى ئاسایشى بخوێندایەتەوە بە هیچ شێوەیەك ئەو پرسیارانەى نەدەكرد كە لە نوسینەكەیدا ئاماژەى پێ كردووە بەڵام لە بەر ئەوەى پرسیارەكانى كردووە هەر لە چوار چێوەى ڕاگەیەندراوەكەدا وەڵامى زۆربەى پرسیارەكانى دەدەینەوە :-
1. بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ شوێنێك ئاماژە نەدراوە بە دەستگیر كردنى باندى منداڵ فڕاندن .
2. سەبارەت بە ناوى ئەو منداڵە چی یە ؟ ناوبراو ئەگەر ئاگادارى كارى ڕۆژنامە نووسى بێت باش دەزانێت كە ناوى سكاڵاكار بە هیچ شێوەیەك بڵاوناكرێتەوە و تەنها بە پیت ئاماژەى پێ دەكرێت وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەى پێ كراوە .. وەك لە خاڵى (1) یشدا ئاماژەى پێ دراوە ئەو كەسە مناڵ نەبووە .
3. لە كوێ فڕێندرا بوو ؟ ئاماژە بەو شوێنە كراوە كە (هەڵەبجەى شەهید) ە .
4. كەی فڕێندرابوو ؟ ئاماژە بە كاتى دەستگیر كردنى باندەكە كراوە بۆیە پێویست ناكات ئاماژە بە كاتى فڕاندن بكرێت .
5. چۆن فڕێنەرەكانتان دەستگیر كرد ؟ دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ ڕاگەیەندراوەكە و خۆت وەڵامى خۆت بدەیتەوە ..
6. ئەى بۆ ئەو كەسانە ئێستا ئازاد كراون ؟ بە فەرمانى دادوەرى لێكۆڵینەوەى ئاسایشى شارەزوور ئازاد كراون بە كەفالەت .
7. بۆ وەڵامى پرسیارى حەوتەم وەك باس كرا ئەوانە باندى منداڵ فڕاندن نەبوون و سكاڵاكار لێ یان خۆش بووە و تەنازولى لە سكاڵاكەى كردووە لە بەر ئەوەى هیچ مەترسى یەكیان لە سەر ڕەوتى لێكۆڵینەوە نى یە بۆیە بە فەرمانى دادوەر بە كەفالەت ئازاد كراون و دۆسیەى كێشەكەیان دانەخراوە و بەردەوامە لە دادگا .
8. خاڵى (8 و 9) دەتوانین بە دیمەنێكى وێنەگیراوى خۆیان لە كاتى فڕاندنى سكاڵاكار وێنەى ڤیدیۆیى یان گرتووە وەڵامى بدەینەوە .. كاتێ لێ ى دەدەن و بە زۆر داواى پارەى لێ دەكەن و پارەكەى لێ وەردەگرن .
ناوبراو دەتوانێت سەردانى ئاسایش بكات و ئەو دیمەنە ببینێت و ئەو پارەیەش ببینێت كە لە سكاڵاكار وەرگیراوە .. بۆ ئەوەى بزانێت ئێمە بە هەڵە زانیارى دەدەین بە ڕاگەیاندنەكان یاخود ئەو كە ناتوانێت بەدواداچوون بۆ نوسینێكى بكات پێش ئەوەى بڵاوى بكاتەوە و تەنها مەبەستى ئەوەیە لە ڕێگاى ئەم جۆرە نوسینانەوە خۆى بە خەڵك بناسێنێت و دەربكەوێت .
هاوپێچ لە گەڵ ئەم ڕوونكردنەوەیەدا دەقى ڕاگەیەندراوى (13/1/2009) ى ڕاگەیاندنى ئاسایشى شارەزوورتان بۆ دەنێرین .. بۆ بڵاوكردنەوەى بۆ ئەوەى ناێح عبدالرحیم باش بیخوێنێتەوە و بزانێت چی بڵاوكراوەتەوە .
ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى شارەزوور
15/2/2009
سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران
بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى گشتى هەرێم
بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى شارەزوور
(ڕاگەیاندن) بەروار : 13/1/2009
بۆ / سەجەم دەزگاكانى ڕاگەیاندن
هەواڵى دەستگیركردنى باندێكى فڕاندن (خطف)
بە پێ ى ئەو زانیاریانەى لە بەردەستماندا بووە وپاش چاودێریەكى وورد و بە پێ ى بەرنامەیەكى داڕێژراو لە لایەن هێزەكانى ئاسایشى شارەزوورەوە توانرا باندێك كە پێك هاتبوون لە چوار كەس كە یەكیان ئافرەتە لە شەوى 1112/1/2009 دەستگیر بكەن كە باندەكە هەستاون بە فڕاندنى كەسێك بە ناوى (ح.ع) لە هەڵەبجەى شەهید لە دواى هەڕەشەو لێدانێكى زۆر داواى بڕى (30،000)سى هەزار دۆلاریان لێ كردووەو ئەو بڕە پارەیان وەرگرتووە بۆ جارى یەكەم . بۆ جارى دووەم بە هەمان شێوە داواى (40،000) چل هەزار دۆلاریان لێ كردووە بەڵام ئەمجارەیان فریانەكەوتن پارەكە وەربگرن و لە لایەن هێزەكانى ئاسایشى شارەزوورەوە دەستگیر كران و دەست گیرا بە سەر بڕى (30،000) سى هەزار دۆلارەكە و لە لێكۆڵینەوەدا تاوانباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوەو بە فەرمانى دادوەرى لێكۆڵینەوەى ئاسایشى شارەزوور بە پێ ى ماددەى (421/ه) لە یاساى سزادان ڕاگیراون لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە .
ڕِاگەیاندنى بەڕیوەبەرایەتى ئاسایشى شارەزوور
13/1/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست