سەرانی یەکێتی بازرگانی بە جەستەی تاڵەبانی یەوە دەکەن
Monday, 29/07/2013, 12:00
1788 بینراوە
مردن ڕوداوێکی سروشتیە بەسەر هەموو مرۆڤەکاندا دێت بەبێ جیاوازی کەچی سەرانی یەکێتی جیاواز لە هەموو یاساو ڕێسایەکی سروشت و کەلتوری وئاینی هەم ومیللەت ونەتەوەیەک دەیانەوێت مەرگی تاڵەبانی لە جەماوەری کوردستان بشارنەوە.
جیاوازی نێوان مرۆڤی هوشیارو گەمژە لە بەکارهێنانی هەستەکانیەتی. مرۆڤی گەمژە بۆ باوەڕ کردن بە ڕوداوێك یان هەواڵێك تەنها هەستی بینین و بیستن بەکار دەهێنێت واتە کاتێك هەواڵێك لە سایتەکان دەخوێننەوە یان لە تەلەفزیۆنەکان دەبینن و دەبیستن ڕاستەوخۆ باوەڕ دەکەن، بەڵام مرۆڤی هوشیار هەمان هەواڵ لەهەمان کات و شوێندا ببینێت و ببیستێت باوەڕ ناکات بەڵکو دواجار حاسەی شەشەمی خۆی بەکار دەهێنێ واتە حاسەی ژیری و بیر کردنەوەی خۆی ئینجا دوای هەڵسەنگاندن بڕیاری خۆی لەسەر هەواڵ یاخود ڕوداوەکە دەدات.
زۆربەی ڕۆشنبیران و مرۆڤە ژیرەکانی ناو خودی یەکێتیش ئەو ڕاستیە دەزانن کە مام جەلال ئێستا مردووەو لە ناو سارد کەرەوەدا جەستەکەی پارێزراوە ،بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ئایا سەرانی یەکێتی تاکەی دەتوانن مردنی تاڵەبانی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بشارنەوە؟. یاخود بۆچی مردنی تاڵەبانی ڕاناگەێنن ؟ کێ سود مەندە لە شاردنەوەی مەرگی تاڵەبانی ؟ ئایا چ جۆرە سیناریۆیەکی تر لەسەر تەندروستی تاڵەبانی بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان لە ئارادایە ؟ وەڵامی ئەم چەند پرسیارەی لای سەرەوە لەم کورتە ووتارەدا دەخەمە ڕوو .
ئایا تاڵەبانی ماوە یان مردووە)؟)
*هەروەکو لەسەروە باسم کرد ئەگەر ئێمە بە پێوەری ژیری و لۆژیك واتە بە عەقڵ و مەنگق بیربکەینەوە تاڵەبانی مردووە بۆ پاساوی ئەم قسەیەم حاڵەتی نەخۆشی دوو سەرکردە باس دەکەم (یاسر عەرەفات و ئێرێڵ شارۆن) کەهەردوکیان دوو سەرکردەی کاریزمایی فەلەستین و ئیسرائیل بوون بەم جۆرە بوو . عەرەفات لەو ڕۆژەی بە فرۆکەیەك لە شاری ڕام اللەوە بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیەکەی برایە شاری پاریس سوهای خێزانی لەکەناریەوە بوو هەتا کۆچی دوایی کرد بۆ چرکەیەکیش بەجێ ی نەهێشیت هەموو ئەندامانی حیزبەکەیشی بۆیان هەبوو سەردانی بکەن هەرکە کۆچی داییشی کرد یەکسەر ڕایان گەیاند . شارۆن هەمان نەخۆشی تاڵەبانی هەبوو واتە جەڵدەی مێشك کاتێك کەوتە نەخۆشخانە لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە لە هۆڵی بوژەنەوەدا کەچەندین ئامێری پزێشکی پێوە بوو دەرکەوت کە لەوپەڕی حاڵەتی بێ ئاگاییدا بوو، کەچی تاڵەبانی لەوەتەی چووەتە ئەو نەخۆشخانە لە بەرلین بۆ چارەسەر بۆتەنیا چرکەیەکیش لە تەلەفزیۆن دەرنەکەوتووەبۆ دڵنیا کردنەوەی خەڵکی عێراق بەسیفەتی ئەوەی کە سەرۆك کۆماریانەو وەهەروەها بۆ جەماوەری کوردستان و تەنانەت حیزبەکەی خۆیشی کە بەپەرۆشی تەندروستی ئەون.
*تاڵەبانی بێجگە لە هەردوو کوڕەکەی و هێرۆخان و د. نەجمەدین کەریم نەبێت کەسی تر نەی بینیووە ئایا ئەمە ئەوەمان بۆ دەناخات کە تاڵەبانی لەژیاندا نەماوە بۆیە ناهێڵن کەس بیبینێت. چەند کەسایەتیەکەی سیاسی هەوڵی بینینی ئەویان داوە لەوانە مەسعود بارزانی نەوشیروان مستەفا ئوسامە نوجێفی هەرهەمویان ڕیگیریان لێکراوە کە بیبینن، زۆربەی ئەندامانی مەکتەب سیاسی حیزبەکەی هەوڵی بینینیان داوە نەیان هێشتووە باشە پرسیارەکە ئەمەیە ئەگەر تاڵەبانی نەمردووەو ماوە بۆچی ناهێڵن بیبینن. موقتەدا سەدر گۆمەکەی شڵەقاندوئەو گومانەی نەهێشت کەخەڵکی هەیبوو لەسەر تەندروستی تاڵەبانی بەوەی کە داوای کرد شاندێکی فەرمی سەردانی تاڵەبانی بکەن و لە تەندروستی دڵنیا ببنەوە بەڵام ئەو هەوڵەش شکستی هێنا.
ئەو وێنانەی ئەم دوایی یەی تاڵەبانی هەمووی مۆنتاج کرابوون واتە ڕێکخرابوون ئەگینا تەنها ٣٠ چرکە وێنەی ڤیدیۆیی بەس بوو بۆ ڕەواندنەوەی گومانی خەڵکی کوردستان و عێراق لەسەر تەندروستی تاڵەبانی .
کێ سوود مەندە لە شاردنەوەی مەرگی تاڵەبانی) دا ؟)
یەکەم / پارتی و بنەماڵەی بارزانی
هیچ هێزو لایەنێك هێندەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی سود مەن نین لە شاردنەوەی مەرگی تاڵەبانیدا چونکە تاڵەبانی لە کۆتایی
ژیانی سیاسیدا دەیویست هەنگاوبە هەنگاو لە پەیماننامەی ستراتیژی بکشێتەوەو لەجێگەیدا ڕێککەوتنی دەباشان جێگەی بگرێتەوە
بۆیە پارتی بەهەر نرخێك بێت دەیەوێت هەواڵی مەرگی تاڵەبانی لە خەڵکی کوردستان بشارێتەوە تا ئەو کاتەی نەخشەی
ڕێککەوتنی دەباشان لە مێشکی سەران و کادیران و جەماوەری یەکێتی بسڕێتەوە و گروپێكی دەست ڕۆیشتوو لەناو مەکتەب سیاسی یەکێتی سەر بەخۆی دەستە مۆ بکات بۆ دوای ڕاگەیاندنی مەرگی تاڵەبانی تا یەکێتی پارچە پارچە نەبێت و وەکو هێزێکی لاوزی پاشکۆبەخۆی و بنەماڵەی بارزانی بمێنێتەوە هەروەکو لە مەسەلەی درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی و مەسەلەی دەستوردا ئەو ڕاستیە بە ئاشکرا ڕەنگی دایەوە.
پارتی ئەو ڕاستیە دەزانێت دوای تاڵەبانی یەکەم سەرکردەی کاریزماو کاریگەر لەسەر یەکێتی و جەماوەرەکەی نەوشیروان مستەفایە کە بەدەیان هەزار لایەنگرو جەماوەری یەکێتی هاوسۆزن لەگەڵیدا لە دژی بنەماڵەی بارزانی بۆیە بەهەر نرخێك بێت سەرکردە دیارەکانی ناو یەکێتی دەکڕێت کە ئەوانیش زۆر تینوون بە پۆست و پارەو ئیمتیازات و پشکی نەوت .
دووەم سود مەند خێزانی خودی تاڵەبانی .
بنەماڵەو خێزانی تاڵەبانی دووەم سودمەندن لە شاردنەوەی مەرگی تاڵەبانیدا لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری دارایی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەناوی کوڕو ژن وکەسە نزیکەکانی تاڵەبانی یەوەیە لەوانە د. لەتیف ڕەشید بە ڕاگەیاندنی مەرگی تاڵەبانی یەکێتی پارچە پارچە دەبێت و کۆمپانیاو دارایی یەکانیشی هەرهەمووی دەکەوێتە مەترسیەوە جا بۆیە دەیانەوێت پێش ڕاگەیاندنی مەرگی تاڵەبانی ئەو دارایی و کۆمپانیایانە کە بەناوی خودی بنەماڵەی تاڵەبانی یەوەیە بشاردرێنەوەو چارەسەری بۆ بکرێت و لە مەترسی دەست بەسەراگرتن و پارچە پارچە بوون بیپارێزن و دواتر هێرۆخان دەیەوێت بە مردنی تاڵەبانی پێگەو دەسەڵاتی بنەماڵەیی یان نەکەوێتە مەترسی یەوە چاکترین پارێزەری ئەو دەست کەوتە بنەماڵەیی یەش تەنها بارزانی یە ئەویش بە رامبەر بە پاشکۆبوونی یەکێتی بۆپارتی و بنەماڵەی بارزانی یە.
سێ یەم سوود مەند مالکی یە.
مالکی کە دوژمنی سەر سەختی ئیتلافی عێراقیەو سوننەکانە لەدوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی یەوە بەردەوام کات بەڕێ دەکات و جێگرەکەی تاڵەبانی کە لەسەر لیستی ئیتلافی شییعەکانە هەموو کارەکانی تاڵەبانی لەبەرژەوەندی ئیتلافی شیعەو بەخواستی مالکی جێ بەجێ دەکات کەواتە مالکی سوود مەندە لە شاردنەوەی مەرگی تاڵەبانی ئەگینا لەگەڵ ڕاگەیاندنی مەرگی تاڵەبانیدا دەبێت سەرۆک کۆماری نوێ دابنرێت ویەکێ لەئەگەرە بە هێزەکان ئەوەیە کە سوننەکان داوای ئەو پۆستە بکەن و جێگەی تاڵەبانی پڕ بکەنەوە ئەمەش لەبەرژەوەندی مالکی دەوڵەتی یاسادا نیە.
سیناریۆی داهاتوو لەسەر تەندروستی تاڵەبانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
سەرانی یەکێتی لەوە تێپەڕیان کردووە کە درۆو شەرم و سیناریۆی چەواشەکاری بە عەیبە بزانن ئامادەن هەموو کارێکی درۆو چەواشەکاری بەرامبەر خەڵکی کوردستان و جەماوەرەکەی خۆیشیان بکەن.
بە بۆچونی من سەرانی مەکتەب سیاسی یەکێتی لەسەرو بەری هەڵبژاردنەکاندا دەنگێکی تۆمارکراوی هەڵبژاردنی ڕابوردوو بەبێ وێنە بۆ جەماوەری کوردستان لێ دەدەنەوە زۆر بەجوانی قسەکانی مۆنتاج دەکەن بەروارو ئەو ووشانە دەسڕنەوە کە جەماوەر هەستی پێ بکات کە ئەمە قسەی کۆنە، لەو دەنگەدا جەماوەری یەکێتی هاندەدات کە بچن بۆ دەنگدان بە یەکێتی و بە ماڵە گەورەکە واتە سەرانی یەکێتی لە ئێستادا لەبەر شکستی خۆیان و حیزبەکەیان ناوێرن کە جاڕی مردنی تاڵەبانی بدەن بەڵکو دەیانەوێت بیخەنە دوای هەڵبژاردنی ٢١/٩ تا بە جەستەی تاڵەبانی یەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارەش ئەنجام بدەن . دوای تەواو بونی هەڵبژاردن و لەئەگەری بردنەوەیان لەگەڵ پارتیدا بە هێواشی مەرگی تاڵەبانی ڕادەگەێنن و مەراسیمی گەورەو شکۆداری بۆ دەکەن .
ئەوەی کە لێرەدا بابەتی ووتارەکەمان بووئەوەیە کە سەرانی یەکێتی ئەوەندە بەرژەوەند پەرست و دوور لە ڕەوشتی سیاسین بە مردوویش بازرگانی بە جەستەی تاڵەبانی یەوە دەکەن. بۆ مردنی تاڵەبانی پشت بە هیچ هەواڵێکی بینراو بیستراو نابەستم ئەوەی کە دەم گەێنێتە ئەو قەناعەتەی کە تاڵەبانی مردووە مردنەکەشی بە ئەنقەست ڕاناگەێنرێ تەنها بە پێوەری عەقڵ و لۆژیکە هیچی تر.