کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


" ئیرۆن " ئەوەى بەبێوەژنى دەیكەى بە كچى بتكردبا ..!

Tuesday, 31/03/2009, 12:00


ئەمە بۆ دووەم جارە ئیرۆن بەدەمامكێكى رەشەوە دێتە قسە، چونكە ئەوەى بەرۆژى رووناك بۆى نەدۆزرایەوە بەنیازە لە شەوە زەنگا بۆى بگەڕێ بەهەرحاڵ ئەم ئیرۆنە و جەمالى زۆڕناژەنى كورى عبداللەیە لە ژمارەى (4831)ى كوردستانى نوێی رۆژى 30 / 3 / 2009 لە لاپەڕەكانى (2 و 6) دا كەوتوونەتە قسە هەڵڕشتن و رووزەردكردنى زیاترى ئەم رۆژنامە یە ، ئیرۆن وجەماڵ دەیانەوێت پێمان بڵێن كە كۆمپانیاى وشە بێ كاریگەر و تێزەكەى كاك نەوشیروانیش بێ بایەخە ! و شەكرشكاندنەكەى جەلالیش مێژووى كۆن كۆن و مێژووى دوێنێ و مێژووى هاوچەرخى كوردیش بەئاوى زێڕ نوسیوویەتەوە ! جارێ با ئەوەى بۆ ڕاست بكەمەوە كە كۆمپانیاى وشە بەهۆى كاریگەریە سیاسی و كۆمەڵایەتى و جەماوەریە زۆر و زەوەندەكەیەوە و لە خۆشەویستى و ئومێد بەخشیەوە خەڵك ناوەكەى بۆ گردى پیرۆز و حەج و گردى ئازادى گۆڕاوە ، ئەمە هەر قسەى من نیە گەر لەترسى ئەو نەبێ هەر لە شوێن و ناو دەزگاكەى خۆیشى گوێبیستى ئەم وشانە دەبێ ، جاچ ئەوەى گەر خوابكا رۆژێ بچێتە ناو خەڵك و یا لە دانیشتنێكى ئاسایدا بێت ئەو كاتە باشتر تێدەگا ، پێم وایە ئەم تێڕوانین و بۆچوونەى كە خەڵك بەرامبەر بەگردى پیرۆز هەیانە ، ئەو هەموو سەردان و پشتیوانى و پشتگیریە جەماوەریەى كە بۆ گردى ئازادى هەیانە بەڵگەى روون و ئاشكرا و ماناو واتاى تایبەتى خۆی هەیە كە پێش هەموو كەس كاكى نووسەر تێدەگا یانى چى كە ئەمەش بەڵگەى مەنتیقى و واقیعى ئەو تێزە و خاوەن تێزە دەگەیەنێ ، بەپێچەوانەى ئەوانەى كە كەدەهۆڵ و زوڕنا بۆ تاكڕەوى و دەسەڵاتى تۆتالیتارى دەژەنێ ، وەلە بەشێكى ترى نوسینەكەیدا وڕێنەیەكى تر دەكاو دەڵێ : هەبوونى لیستى جیاوسەربەخۆ (كەمەبەستى لیستى سەربەخۆى كاك نەوشیروان مستەفایە) هۆكارى لێكترازان و پارپەكردنى یەكگرتووى ریزەكانى خەڵكى كوردستانە ! ئەمە هەرچیەك بێت دەچێتە خانەى بوختان و چەواشەكرن و تۆمەتباركردنى مەبەستدارانە ! پێویست ناكا مامەڵەیەك بكەیت كە هێشتا ماسیەكان لەناو ئاوى لێڵدابن ، مەگەر تۆ رێت نەكەوتۆتە ناو خەڵك ، هەرگیز گۆێت لە خەڵك نەبوە كە دەڵێن گەر لیستى سەربەخۆ و جیا لە لیستى یەكێتیی و پارتى نەبێ ناچین بۆ دەنگدان ! تۆ ئەو جۆشوخرۆشیە جەماوەریە نابینى كەلەگەڵ هاتنە ئاراى دەنگى لیستى سەربەخۆو جیا لە لیستى دووبارە و سواوى یەكێتیى و پارتى هاتۆتە ئاراوە ؟ ئێ باشە ئێوەیەك گەر ترس و بیمى لیستى سەربەخۆ، ئەژنۆ و بڕبڕەى پشتى پەیكەرە بێگیانەكەى حزب و حكومەتەكەى نەلەرزاندبێ و نەشكاندبێ ئەو هەموو ترس و بەگژداهاتنەوە ناڕەو بێ بایەخانە چیە؟ بەپێی ئەو هەموو سەردان و هاتوچوونەى لوبنان وتوركیاو ئۆردن و سوریا بێت ..! بەپێى ئەو هەموو پڕۆژە ستراتیجى و نیشتمانى و نەتەوەییەى كە دەیكەنەوە وەكو لە راگەیاندنەكانتانە بڵاوى دەكەنەوە ، بەپێى كردنەوەى قونسوڵخانە لەسەر قونسوڵخانە وگەڕانى سەرۆكى هەرێم و ماخۆلانى جەلال بێت چ بۆ دەوڵەتانى ناوچەكەو چ بۆ لاى هاوپەیمانە رەسمى و ستراتیجیەكانى وەكو ئەمەریكا و بەریتانیا بەتایبەتى كە خۆتان بە بایەخ و كۆڵەكەى پتەو و پردى پەیوەندیەكانى رۆژهەڵاتى ناڤین لێكى دەدەنەوە ، بەپێى ئەو سەروەت و سامانە زۆرەى كە بەئاسانى دێتە بەردەستان و بۆخۆتان تەخشان و پەخشانى پێدەكەن ، بەپێى ئەو هەڕەشانەى كە لە خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپە و ئێستاش لە موێڵ و كەركوك لە سوپاى بەهێزبووى برا عەرەبە عێراقیەكانى دەكەن وەك ئەو هەڕەشەو دەرس دادانەى كەلەسەر لێكردنەوەى ئاڵاى كوردستان لە رێگەوبانەكانى خانەقین و سوكایەتى پێكردنى سوپا بەخەڵكى كورد هەرتەنها لەبەر ئەوەى كوردن لە سنورى قەرەتەپە و جەلەولا و شوێنە ناكۆكى لەسەرەكان كردتان ! بەپێى ئەو هەموو بانگەشە و زوڕنالێدانەى كە بەسەر شان و باڵى دەستكەوت و ئەزموونەكەتاندا هەڵدەدەن دەبێ ئێوە زۆر بەهێزبن و جیاوازیشى لەگەڵ رەِوایی دان بە جیابوونەوەى ئاڵاى شۆڕش لە سەردەمێكدا ریزەكانى یەكێتیی تێدا لێكترازا و باسكى بەهێزى هێزى پێشمەرگە و جەماوەرى كەرت و پەرت كرد جیاوازیەكى لەگەڵ ئەمڕۆدا ئاسمان و ریٍَسمانە و ئێوەى پالەَوان و بەهێز وەك بانگەشەى بۆدەكەن لەمڕۆدا بۆ لەئاستى لیستى سەربەخۆو جیادا بچوك بچوك دەبنەوە دە بنە بنەمۆمێكى كوژاوە ! ئیستا راشكاوانە بڵێن ئەزموونى حزب و حكومەتتان پڕهەڵە و كەموكورتى و داڕزانە یان بەپێچەوانەوە ، ئەگەر مەسەلە بێتە سەر ناوەڕۆك یا تێزى گردى پیرۆز ئەوا بەشێكى ئەو تێزانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە كو كۆمەڵێ بابەتى چاكسازى و تێكستی واقیعى و هەندێ لایەنیشى چارەسەری ریشەى چەندین كێشە و گیروگرفتێكى سیاسی ، ئابوورى و كۆمەڵایەتى و مافە مەدەنیەكان و هاوڵاتى بوون و سەروەرى یاساین كە دەسەڵاتى داسەپاو و و خۆپەرستى و پەرژەوەند ویستى ئێوە لە ناو خانەى تۆز لێ نیشتتى كڵۆمدراوى ویژان نوستووی ئێوەدا بەفەرامۆشكراوى جێهێڵراون ! ئەم تێزانە ناوەڕۆكیان تێشووى كاروانى دێرینى بابەتى مێژووكردە ، رەنگ و بۆى وەرزەكانى ئاوەدانى و گەڵاو گوڵى گەنم ڕەنگە ، وەك پشتە كۆڵى پێشمەرگە تەنها چەند شتێكى سادە و پێویست ، پڕ لە گزنگى خۆر و تریفەى زیوینى مانگە ، دڵنیابە نە ڕیزە مۆنیكاى تازە و نە پاسەوانى گرژومۆنى بەدواوەیە ، هەرئەوەیە تاچاو بڕكا رەشوڕوتى كوردستان و حەشاماتێك لەخەڵكانى پەست و توڕەى لەگەڵایە ! ئەمەم دەربارەى تێزەكەبوو ، بەڵام لەلایەكى تردا ئیرۆن دێتەوە سەر هەڵبژاردنەكان ! نازانم چۆن لەرووتان دێت هێشتا ئەو لاپەڕەیە هەڵدەنەوە چونكە لاپەڕەیەكە شەرم و شكۆى ئێوەى تیا تكاوە ، پەڵەیەكى رەشە بەتەوێڵى مێژووى سیاسی و حزبایەتیتانەوە ، وەئەشڵێ كۆمپانیاى وشە شكستى هێناوە ! دەمەوێت بەو پیاوە گرگنەى نێو دنیاى سیاسەت و دەسەڵات بڵێم كە شكستى تێز یا رێبازێك ، یاخود شكستى حزب و رێكخراوێكى سیاسی جەماوەرى بەئەنجامێكى ژمارەیى ڕووكەشیانەى دەركەوتى هۆكارگەلێكى ناڕەوا و ناڕێ پێدراو كە ئێوە پەناتان بۆبرد و هەرچى تواناى مادى و هۆكارى نابەجێ هەیە خستانە گەڕ نا پێورێن و ماناى تەواو و پڕاو پڕى سەركەوتن ناگەیەنێ ، جارێ دەستەواژەى سەركەوتن بۆ دوژمن زیاتر بەكار دەهێنرێ نەك نەیار یا گروپەكانى نێو ململانێی سیاسیى جا چ ئەوەى لە ناو یەك حزبیشدا بیت ! سەركەوتنى رێباز و ریچكەیەكى سیاسی ، یا رێكخراوێكى سیاسی دیاریكراو لەكات وشوێنێكى دیاریكراوا ئەو دەرئەنجامانە دەریدەخەن كە رەنگدانەوە و گۆڕان و ئاڵوگۆڕى هەمەلایەنەى لە بوارە جیاجیاكانى (سیاسی ، ئابوورى ، كۆمەڵایەتى ، رێكخستنەوەو دارشتنەوەى ناوخۆى حزب و فراوانكردنى بەشدارى سیاسی و ئەكتیڤ بوونى رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و تۆخكردنەوى گیانى دیموكراسى لەسەرجەم دام و دەزگاكانى و بەرجەستەكردنى چەمكى هاوڵاتیبوون و دابین كردن هەلى یەكسانى وەكو یەك بۆ هەموان و بەسەروەر كردنى یاسا ... تاد) رەنگ بداتەوە و بێتە دى ! بۆیە جێگەى خۆیەتى پێمان بڵێ ئەو دەستكەوت و بەها باڵا و نیشتمانیانە چین كە ئێوە لەدواى بەناو سەركەوتنتان لەم پرۆسە مردار بۆوەدا چ لە ناو خودى یەكێتیی و چ لەناو حكومەتدابەدەستان هێنابێ ؟ ناشێ تیرۆر كردنى عەلی سوورى گەرمیان و د. گاهر عبدالستار شەریف و سۆران مامە حەمەى رۆژنامەنووس كە بونە قوربانى نەبوونى ئازادى بیروڕا بەدەستكەوت و سەروەرى دابنێن ؟ ناشێ دۆڕندنەكانى لیستى هاوپەیمانى كوردى لە پارێزگاكانى دیالی و ێلاح الدین و موێڵ ، هەروەها رەوانەكردنى كۆنە پارێزگارى سلێمانى و فڕۆكەوانە تاوانبارو داواكراوەكەى كەیسى هەڵەبجە و گە محى الدین معروف و ئازادكردن و پاساوهێنانەوە بۆ سەدان تاوانبارى دەست سووربوو بەخوێنى ئەم گەلە ..تاد ، بۆ دەرەوەى كوردستان بە سەركەوتن و شانازى و سەروەرى دابنێى ! ناشێ كەمى مووچەى شەهیدانەى مامە ریشەى پیاوى شۆرش و نەمر لاى گەل بە بەراورد لەگەڵ زۆرى مووچەى تۆپیوانەى تحسین شاوەیسى جاش و كۆڕى بارزانە گۆڕبەگۆڕ بە سەركەوتن و مەردایەتى و گرێ بەستى نێو پەیمانە ستراتیجیە دوو قۆڵیە نهێنیە پڕ زەلیلی و خەجاڵەتیكە بۆ یەكێتیی بە سەركەوتن و شانازى خۆت و جەلال و هاوشێوەكانتى دابنێى ؟ ناشێ قبوڵكردنى مادەى (23) و لێستاندنەوە و دابەشكردنى دەسەڵاتەكانى ئەنجوومەنى هەڵبژێردراوى پارێزگاى كەركوكى شارى مێژوویى كوردان ، كە پێشێلكردنى ئیرادەو نوێنەرایەتى خەڵكە هەرتەنها لەبەر ئەوەى جەلالى خەڵەفاو لە سەرۆكایەتى نەكەوێ و گیروگرفت نەیەتە ڕێی داهات ، هەر بۆ ئەوەى بڵێن جەلال پیاوى مێاڵەحە و ئاشتیە ، بەرسەركەوتن و دەستكەوتى ئەزانن ، یا دەریایەك خەجاڵەتى ! ناشێ گۆڕینى هەر دوو كارگەى چیمەنتۆى سەرچنار و تاسلوجە لە موڵكى گشتیەوە بۆ كەرتى تایبەت و پێدانى بە شەریكە دزەكەتان كە فاروقى مەلا مستەفایە تا ببێتە موڵكى بنەماڵە و لە داهاتوودا بۆ خزمەتى ئەوان بخرێتە گەر بەسەركەوتن و سەروەرى دابنێى ، ناشێ كۆشك و باڵەخانە گەورە و گران بەهاكانى خۆتان و هاوشێوەكانتان ، بە ئوتێلى پێنج ئەستێرەیی و سۆپەر ماركێتى زارا و مەكسى مۆڵ و كۆشكەكانى گردى سەرچنار و ئەو هەموو كۆمپانیا و زەریبە زۆرەى سەر هاوڵاتیان و تەلارە بەرز و شاهانەكانى قەلاچوالان و دەباشان و دەیان بازاڕو زەوى داگیر كراوى بەزۆر لە خاوەن كڕدراو بە سەركەوتنى لیستەكەى خۆتان و باڵى مامەى دابنێى ؟ لەوانەشە ئەمانە هەمووى وابێ چونكە پارتیش (یەك دوو) ساڵە یادى 31 ى ئاب ناكاتەوە دەنا پێشتر شانازیەكى گەورەى پێوە دەكرد و ئاهەنگى رازاوەى بۆ مەرگى یەكەمین نۆبەرەى دایكى نیشتمانەكەى سازدەكرد ، ئەویش هاوشێوەى جەنبتان بە سەركەوتن و نوێ بوونەوەى دادەنا ! ئێستا كە مشتێ لە خەروارێك بەناو سەركەوتن و سەروەریەكانى دەسەڵاتە تاهەناو پڕ بوو لە پەتاى گەندەڵى و ئەو ئاكامە شومانەى لە سیاسەتە چەوتوچەوێڵەكانیان كەوتوونەتەوە خستە روو دەپرسین جیاوازى و لێكترازانى ریزەكانى خەڵك كە لە سایەى دەوڵەمەندبوونى كەمایەتیەكى دیارو هەژار و بێ بەشبوونى زۆرترین رێژەى خەڵك جیاوازى چینایەتى قوڵى لێ نەكەوتۆتەوە ، راكێشانى سەرۆك هۆز و موستەشارە كۆنەكان و پشتگیرى و پشتیوانیتان لە شێخانى تەریقەتى قادرى و ئەوى ترتان لە شێخانى نەقشبەندى ، موریدولایەنگرانى ئەو دوو تەریقەتان دابەش و پەرت پەرت نەكردوە ؟ لە نێو كادرەكانى خۆتاندا هەندێكتان زۆر دەوڵەمەند و هەندێكى ترتان بێ مووچە و هەژار نەكردوە ؟ ناوچە و دەڤەر و شاروشارۆچكەكانتان بە هێڵى سیاسی لێك دابڕاو بەش بەش نەكردوە ؟ ئەمانە هیچیان مەترسی نین ، ئەمانە هەڕەشەوهەڵتەكاندنى یەكیەتى ریزەكانى گەل نین ؟ ئێوە لەكاتێكدا خۆتان رەمزى دابەشكردن و لەبەریەك هەڵتەكانى یەكیەتى ریزەكانى خەڵك بن چۆن تۆمەت و بووختان دەدەیتەپالأ هەبوونى لیستى جیاو سەربەخۆ كە خواست و داواكاریەكى زۆربەى زۆرى خەڵكە و هەرلەئێستاوە خەڵك ئومێدى گەورەو خەونى رەنگاو رەنگ پێوە دەبینێ !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە