بۆپلینۆم نەك كۆنگرە ؟
Saturday, 31/10/2009, 12:00
یەكێتى نیشتیمانیى كوردستان وەك رێكخراوێكى سۆسیال دیموكرات (تەنها بە دروشم) لەسەر گۆڕەپانى خەباتى كوردایەتى خۆى ناساند .
زۆرتری پشكى بەرخۆدان و بەرەنگار بونەوەى داگیر كەرانى كوردستانى كردوە (وەك سەردەمى خەباتى شاخ) و زۆرترین تاوانى گەندەڵیشى لەسەر ماڵە لە دەستەڵاتى ئەداى حكەمەت و حیزبیش،لە پاش راپەڕینى ئازارى 1991 وە تا ئیستەشى لەسەربێت ، ئەم حیزبەى كە خاوەنى ڕوبارێك خوێنى شەهیدە لە تاكە دلسۆزو هەژارانى خاوەن بڕواو بنەماڵە خاوەن سەروەریەكان (نەك كوڕوكچى سەرە خۆبە كارێزماكان) چونكە ئەوان قەدەرى ڕۆژگار هەر بە مەسئولى گەورەى و بڕیار بە دەستى دروستى كردون .
ئەم رێكخراوە ى ئێستا خاوەنەكانى جێگەیان پێچۆڵكراوە و بێماناترین و ناپاكترین كەسانى هەلپەرست و دزو فایلدار بونەتە خاوەنى ، لەژێر بارى گەندەڵى و پاوانخوازیدا وەك پیرە هێسترێكى شەكەت و ماندوى ژێر رەنج و وێڵ .
هەر ئەو ئەرك و كارانەى گەنجى پێدەكەن و ڕوانینێكى نا عەقڵانیان هەیە بۆ ئەو سەختە ڕۆژگارەى كە سەرجەم جومگەكانى لێك ترازاندوە و دەیانەوێت هەمان ڕێكخراو بێت كە لە چاخانەى (تڵێتڵە) دیمشق دامەزراو باشترین و كاراترین و دڵسۆزترین ڕۆڵكانى گەلە كەمانى لە دەورى گوتارو دروشمەكانى كۆكردەوە .
ئەوانەى شارەزاى خەباتى سەختى ئەم ڕێكخراوە نین نازانن چەند لە ڕۆڵەكانى كورى لە سەنگەرەكانى خەباتدا بە شەهید كردن داوە و ئەمڕۆش چەند بێباكانە بۆتە گەندەڵستان و تەنانەت حورمەت لە و خوێنە ڕژاوەى ئەو بێنیازانەى تەنها ئاواتیان سەركەوتنى كورد و سەر فرازى كوردستان بو ناگرن و جیاوازیش دەكرێت لە بەینى ئەو شەهیدانەى كە خویان بۆ عەدالەت تێدەكۆشان و نەفرەتیان لە و دەبەنگە دواكەوتوانەش دەكرد كە هەر لە سەرەتاى بزوتنەوەكەوە كەوتنە پیلانگێڕانى لە ناو بردنى ئەو دڵسۆزانە .
یەكێتى لەژێربارى قەیرانگەلێك ئەژنۆ لەرزۆكەكانى والە زەوى نزیك دەبێتەوە و دوا هەناسە ى سەرەمەگى لەو پلینۆمە گاڵتە ئامێزە و لەو شانۆ لامەعقولە بەئاشكرا دەردەكەوێت چونكە نیازى پلینۆم چىیەكان ئەم بڕیارانەیە كە لە ئێستاوە ئاماژەكانى دیارە كە شادمانى ئەدات بە دوژمنانى یەكێتى ڕاستەقینە وەكو تازە پیاكەوتوەكان و فایلدار و دزو ناپاك و پاوانخوازان ، كەلەدەستپێكەوە تا كۆتایى ئەوپەڕى دژى پەیڕوە .
1- لەبەینى دوو كۆنگرە دوو پلینۆم نابەسترێ . دەكرێت كۆمیتەى سەركردایەتى كە باڵاترین دەستەڵاتە (بەڵام ئێستا تەنها سكرتێرى گشتى دەستەڵاتى باڵا و بڕ یار دەرە) بۆهەر ڕوداو و پێشهاتێ كۆبێتەوە و بە گوێرەى پرەنسیپى كەمایەتى و زۆرایەتى ئەو پێشهاتە و بڕیار لە سەر دانى جێبەجێ بكرێ و هیچ ئەم چەپڵە لێدان و كەرنەڤاڵە درۆینەى ناوێ ، بەڵام ترسى كەسى یەكەم لە تەكەتول و لاسەنگ كردنى هاوكێشەكان ئەو كارە بە سكرتێرى گشتى دەكات و هەوادارانى دەڕژێنێتە ئەو ئاپۆرە بیمانایەوە0
2- پلینۆم چارەى هیچ دەردێكى یەكێتیى ناكات تەنها بۆ چەند مەرامێكە وەك بڕیاردان لە سەر سەركردەو كادرانى ڕیفۆرم خواز و شەرعیەت دانێكى درۆزنتنە زۆر كلاسیكیانە بە دەر كردنیان و كۆنرۆڵكردنى ئەو پاشماوەیەى یە كێتیە شكست و زامدارەكە
3- هێنانە پێشەوەى كەسانى سەر بە تەكەتولەكەى سكرتێرى گشتى و شەرعیەت پێدانیان بۆ شەڕەكانى ئایندەى نزیكانى خۆى لە نەیارانى
4- پلینۆم تەنها پڕكردنەوە و دڵ نەوایى دەبێ دەنا لە گۆنگرە كە سەرجەم پێكهاتەكانى حیزب دەكەوێتە بەر خوێندنەوە و لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوە ، ناتوانێ لەم كاتەدا كە تواناى ئەو پرسەى نیە لە بەرژەوەندى خۆى بەو مەهزەلەیە لە ئێستادا تێیدەپەڕێنێ و هەركاتێك زانى كارى جۆرە لە ئایندە گەر ما ئەوا گۆنگرەیەكى دەستدروى خۆى ئاساش دەگرێت بەڵام جارێ بۆ ئەو كارە ماوێتى.
5- پلینۆم لێپرسینەوە و بە دوادا چونى تیا نیە تەنها گوێگرانى ناو هۆڵەكە بڕیار دەبیستن و هەر باسێكى گرنگیش گەر هاتە ئاراوە بە دواخستنى بۆ كۆنگرە سەرى دەنێنەوە (هەرچەندە باوەڕیش ناكەم كەسانى وامابن بەحەق دڵسۆزبن و جورئەتى وروژاندنى هیچ باس و خواسێكى دژ بە بڕیارە نادروستەكانى پلینۆم بوەستێتەوە)
6- ئەوان لە پلینۆم رۆشنبیرى دژ بە بزوتنەوەى گۆڕان دەكەنە تەوەرەى گرنگى ئەو چەند رۆژەو بەبڕیار تەعمیمى دەكەن كە دژایەتى گۆڕان فتواى پلینۆمەو بۆ لەوە و دوا پەروەردە كردن بە بنەماڵە پەرستى و ملكەچى و نەفامى دەكرێتە واقیعى ژیانى ڕێكخراوەییان
7- پلینۆم پاساۆێك دەبێت بۆ نەگرتنى كۆنگرەو تاڕادەیەك ئەو ماوە زۆرەى نێوان گۆنگرەى 2 و 3 كە گەورەترین هۆكارى شكستى یەكێتىیە بەم قەرەباغیەى ناویان ناوە پلینۆم چارەسەرێكى (مسكین) دەبێت و هەروەك هەمو سیاسەتێكى سكرتێرى گشتى كە زۆر ڕوداو و پێشهاتى داوەتە دەست زەمەن و قەدەر هەر لەو ڕوانگەیەوە بۆ ئەم قەیرانگەلەش دەڕوانێت و هەمو گرفتەكان بە هەڵواسراوى دەهێڵێتەوە. دەرفەتێكیشە تا لەم فرسەتانەشدا تەسفیەى حساباتى شەخسە خۆى لە ناوە وەى حیزب لە گەڵ نەیارانى بكات .
8- دواجار دەپرسین هەڵۆیستى ئەو مەكتەب سیاسى و سەركردانەى ریفۆرم چى دەبێت لەم وێستگەیە و پەچەكرداریان چى دەبێت ؟ ئایا گەر بەشدارى بكەن لەم شانۆگەریە دۆخەكە چۆن دەكەوێتەوە ؟ بڵێ ى مفاجەئە یەك ڕوبدات و سەرجەم هاوكێشەكان ئاوەژو بكاتەوە ؟ چونكە جارێ یەكێتى هێند سفت نەبوە بە دڵى سكرتێرى گشتى بێت و بە ئارەزوى خۆى ئەسپە شەكەتەكە بخاتە ژێر نەرمە ڕوتى سیاسى خۆى و جڵەو بۆكوێ بجوڵێنێ ئاوابڕوات ؟ جگە لە ریفۆرم خوازان نەیارەكانىترى سیاسەتى سكرتێرى گشتى ڕام دەبن و دەچنەوە ژێر هەیمەنەى یان جوڵەیەكى مێژوى تۆمار دەكەن ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست