کورد لە بواری هونەری مۆسیقا و گۆرانیدا یاریەکی دۆڕاو دەکات
Thursday, 03/04/2014, 12:00
3355 بینراوە
ئایا سەردەمی گۆرانی سیاسی (سرود)ی کوردی بەسەرچوو؟
ئەوانەی کە پێیان وایە سەردەمی گۆرانی سیاسی کوردی تەواو بو زۆر هەڵەن بگرە ئێستاش قۆناخەکە وا دەخوازێت کە گۆرانی سیاسی کوردی لە لوتکەدا بێت، بەڵام دیارە لە ئاهەنگەکانی دەشنێ و پەرواز و لۆکە و ئەوانی تردا کە لە دەرەوەی کوردستان دەکرێت ئەوەی ناوێرن دەستی بۆ بەرن باس لە کێشەی سیاسی کورد و کوردستانە و دەیانەوێت بە نێرگز نێرگز سۆز و بەزەیی عەرەب و تورک و فارس بۆ کێشە سیاسی و نەتەوەییەکەی کورد ڕابکێشن.
گریمان با وای دانێن کە ئامانج لەم کارە ناساندنی گۆرانی و مۆسیقای کوردیە بە دەوروبەر، ئێ باشە خۆ لە کاتی سەدام حسێنیشدا تەلەفیزۆن و ڕادیۆی کەرکوک و بەغا هەوڵیان دەدا کە لە ڕێگەی ئیتیحادیەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و کەرکوک و خانەقینەوە هەمان ئەو نێرگز نێرگزە بەکار بهێنن کە ئێستا بێ پەروا لە وڵاتە عەرەبیەکاندا دوبارە و سێ بارە و چەند بارە دەکرێتەوە!
نێرگز نێرگز لە زەمانی بەعسدا:
ڕێزم هەیە بۆ ئەو خانمە کە لە کاتی خۆیدا ئەو گۆرانییەی وتوە من نازانم کە ئەو ئایا ئیتیحادی بوە یان نا؟ بەجێی دێڵم بۆئەوانەی کە بەڵگە و زانیاری ڕاستیان لایە، بەڵام دڵنیام ئەوانەی کە زێڕە زێڕەیان بۆ سەدام گوت ئیتیحادیەکان بون و هەمان نێرگز نێرگزیشیان وتەوە.
سرودی زێڕە زێڕە:
بەڵام هەرچەند بیری لێ دەکەمەوە پێم وایە لە یادەوەری تاکی عەرەبدا تەنها ئەو گۆرانییە هەیە کە بزانن کوردیە ئەويش چونکە لە سەردەمی سەدامدا وترا و بۆن و بەرامەی کوردی ژێر دەسەڵاتی بەعسی پێوەیە.
دوای ئەوە ئەگەر لە سەردەمی سەدامدا ستراتیج و بەرنامە ڕێژی بۆ پێشخستنی گۆرانی کوردی ئەو بەرهەمانەی لێ کەوتبێتەوە جا کەواتە چیمان کردوە بە چی ئێستاش گۆرانی کوردی هەر لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە؟
لە نێو هەمو نەتەوە و گەلانی ئەم سەرزەمینەدا وا باوە هەر کاتێک ویستیان مێژوو و هونەر و شارستانیەتی خۆیان بناسێنن، دەست دەبەن بۆ شاکارە هەرە مەزنەکانیان لەو بوارانەدا تاوەکو بتوانن سەرنجی خەڵکی پێ ڕاکێشن.
(ئایا بە ڕاست نێرگز نێرگز شاکاری هونەری مۆسیقا و گۆرانی کوردیە کە دەکرێت لە ڕێگەیەوە خەڵکی بە کورد پێ ئاشنا بکرێت؟)
من لەو باوەڕەدام نە نێرگز نێرگز ئەو شاکارەیە کە بتوانێت کێ بڕکێ لەگەڵ هونەری بەرزی تورک و عەرەب و فارس بکات نە ئەم گۆرانیبێژە کوردە گەنجانەش ئەوەن بتوانن کێ بڕکێ لەگەڵ گۆرانی و مۆسیقای ئەو سێ نەتەوەیەدا بکەن.
بە هەڵە لێم تێ مەگەن نامەوێت هونەری خۆمان سوک سەیر بکەم بەڵام ئەو شێوازەی کە لە دەرەوەی کوردستان گوایە بۆ ناساندنی هونەری مۆسیقا و گۆرانی بەکاردێت فڕی بەسەر کوردیەوە نییە و تەنها گۆرانی بێژەکان خۆیان کوردن ئەگینا گۆرانی وتن بە عەرەبی و فارسی و ئەڵمانی وتورکی و ئینگلیزی کوێی مۆسیقا و گۆرانی کوردی بە خەڵکی دەناسێنێت؟!
ڕەنگە هەندێک لایەنی هونەری کارەکانی دەشنێ و لۆکە جوان بن بەڵام تەنها بە کوردی مەبەستەکەیان دەپێکن ئەگینا کە بایان دایە سەر زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و لەسەر ئاوازی ئەوان سەمایان کرد هیچ بۆن و بەرامەیەکی کوردی تێدا نامێنێت و ئەوسا ناساندنی ئەو هونەرە بە هونەری کوردی لە درۆیەکی زل زیاتر هیچی تر نییە.
گوێ لەم گۆرانییەی کازم ساهر بگرن کە هونەرمەندێکی ئیتاڵی دەيڵێتەوە دژ بە شەڕی ئەمریکا ، کازم بۆ ئەوەی خۆی وەک گۆرانی بێژێکی عەرەب و عێراقی بناسێنێت و بۆ ئەوەی کێشەی خەڵکەکەی لە عێراق بناسێنێت ڕێگە ڕاستەکەی هەڵبژاردوە پارە دەدات بۆ ئەوەی کلتور و ناسنامەی خۆی بۆ بڵاو بکەنەوە، بەڵام هونەرمەندە کوردەکان پارە دەدەن و پارە وەردەگرن بۆ ئەوەی لاسایی هونەری گەلان بکەنەوە و هیچ شتێکی کوردی ناناسێنن کاتێک بە عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی گۆرانی سۆز و ئەوین دەڵێن.
گۆرانیەکەی کازم ساهیر لە ئیتاڵیا دەوترێت:
بەڵام ئەم گۆرانیبێژە کوردانە خۆشیان نازانن بۆچی بەم پایتەختە عەرەبیانەدا دەگەڕێن؟ بۆ ناساندنی خۆیان یان هونەری کوردی؟
حەیف و خەسار ئێستا کە هەمومان خەفەت بۆ ئەحمەد قایا دەخۆین لەبەر ئەوە نییە کە ئەو گۆرانی کوردی پێش خست وە یان بەرهەمەکانی کوردیەکی پوخت و ساز بون، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە گۆرانیەکانی سیاسی بون و بە گۆرانیەکانی پەیامێکی توند و ڕەقی دا بە گوێی هەمو ئەوانەی کە گوێیان لێ دەگرت و پێی گوتن گوێ مەدەنە زمانی گۆرانیەکەم کە تورکیە بەڵکو تێفکرن لە ماناکەی بزانن چی دەڵێم؟
ئەگەر هەمان ئەم شیکردنەوەیەی سەرەوە بۆ نێرگز نێرگز کە لە پایتەختی وڵاتانی عەرەبیدا دەوترێت پەيڕەو بکەین، نازانم دەبێت پەیامەکەی چی بێت ئەگەرچی زمانەکەش کوردیە؟!
ئەی بۆ ئەم گۆرانییە تەرجەمە ناکرێت بۆ هەمو زمانەکانی دنیا و بە تایبەتیش زمانی ئاخاوتن لە کینیا تاوەکو بزانن چ زوڵمێک لە کورد کراوە:
ئەگەر من بم لە جیاتی ئەو کەسانەی کە لە پشت کارەکانی پەروازەوەن ئەم دوو کيژۆڵە کوردە دەنێرم بۆ هەمو وڵاتە عەرەبیەکان و پێیان دەڵێم بە عەرەبی گوێم لێ بگرن بزانن کورد چی دەوێت:
دوو کيژۆڵەی ڕۆژئاوای کوردستان بە جلی کوردیەوە و بە سەمای کوردی و بە زمانی عەرەبی باسی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن:
(تێبینی من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گۆرانی وتندا نیم بەسەر سەرکردە و لێرەدا مەبەستم لە سیاسی بونی گۆرانیەکەیە نەک هەڵگوتن بە ئۆجالاندا)
لەگەڵ ئەو تێبینیەش من زۆر بە باشتری دەزانم کە گۆرانی لەو شێوەیە و بە ناوەرۆکی سیاسیانە بدرێت بە گوێی هەمو دنیادا نەوەکو گۆرانی سۆز و ئەوینداری چونکە پێمان خۆش بێت یان نا هەرسێ نەتەوەی دراوسێ لەو بوارەدا لە کورد زۆر باڵادەسترن و باشترە کورد قەبارەی هونەرەکەی خۆی بزانێت.
لە باشوری کوردستان دەشنێ و لۆکە و پەرواز دەنێرن بۆ سەرسام کردنی گەنجانی وڵاتانی دەوروبەر بەڵام ئەوان موعین و ئیبراهیم تایڵیساس و سیبیل جان و هەیفا و نانسی و یوسرا مەحنوش و لەیلا فروهەریان هەیە جا توخوا ئەمە یارییەکی بەرابەرە یان هەر لە ئێستەوە دۆڕاو؟
بیهێنەرە پێش چاوی خۆت تیپی دوگۆڵی سلێمانی لەگەڵ بەرازیل یان ئەڵمانیادا یاری بکات، دەبێت ئەنجامەکەی چی بێت؟!
پاشانیش کە ئەوان دێن هەر بەزمانەکەی خۆیان و بە لەنجە و بادانی خۆیان هەمان ئەو بازاڕە گەرم دەکەن کە سەردەمانێک بو هەمو حیزبە کوردیەکان لە چوار بەشی کوردستان لە ئەدەبیات و میدیاکانیاندا پێیان دەووت تەتریک و تەعریب و تەفریس ئەی ئێستا خێرە ناوەکەتان گۆڕی و کردتان بە پێکەوە ژیان؟!
بۆیە دووبارە دەڵێم با کورد نرخی هونەری خۆی بزانێت و چ شێوازێک یان ڕێبازێکی پێ خۆشە با بیگرێت بەڵام تەنها کوردی بێت و لە خزمەتی کورددا بێت... ئەگەرنا ئەوکاتە هونەرەکەیان چەندە باڵا بێت پێی ناوترێت هونەری کوردی.
ئەگەر هونەرێک خۆی ناوازە و باڵا بێت خەڵکی خۆی بە دوایدا ڕادەکات و پێویست ناکات بە پایتەختەکانی دنیادا بگەڕێین..
کاتێک کورد لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوا و تا ڕادەیەکیش ڕۆژهەڵات حەزیان لە ئوم کەلسوم کرد باوەڕ ناکەم یەک کەس لە کاتی خۆیدا وێنەکەشی بینیبێت بەڵام چونکە هونەرەکە بەرز بو خۆی کرد بە هەمو کونج و کەلەبەرێکدا ئێستاش هەر ئەو کەلسومەیە کە هەمومان شەیداین...
جا ئەگەر گۆرانی بێژێکی کوردیش توانی کاری ناوازە بکات بێ خەم بێت لە هەمو دنیاوە بیستەر و بینەری بە پیرەوە دێن بۆ هەولێر و سلێمانی هەروەک چۆن ئێستا گەنجانی کورد وێڵ و سەرگەردانی شاکیرا و بێۆنسی و ئەوانی ترن.
(ئەگەرچی ئەم دوانەش لە سەدا هەشتای هونەرەکەیان بریتیە لە خۆ بادان و دەرخستنی جەستەیان بەڵام چی بکەین سەردەمەکە وای لێ هاتوە و بەمە دەوترێت هونەر)
سوپاس بۆ کوردستانپۆست و خوێنەرانی