(بەختیار عەلى) شپرزەى كامە باوكێتى، (ئەمیتر) یا (ئەویتر)؟ بەشى سێیەم
Thursday, 28/03/2013, 12:00
بۆ ئەوەى وەك پێویست لە مانای ڕاستەقینەى بەسەرهاتی (ئۆدیب) و (ئۆدیبی) و شتی وا بگەین كە (بەختیار عەلی) وەك كەسێكی بڕوامەندی (فرۆیدیەت) بۆ چارەسەر كردنی بابەتی باسكردنەكەى قسەی لە بارەوە كردووە و بە بەردی بناغەی بۆچوونەكانەی داناوە، پێویستە ئێمەش لای خۆمانەوە ئەگەر بۆ ساتە وەختێكی كەمیش بێت لەم ڕۆژگارە دوورەوە بگەڕێینەوە ناو مێژووی مرۆڤایەتی و لەوێدا سەر بە ماڵى كەلەپوور و ڕۆشنبیریی سەردەمی كۆنی (یۆنانی) دا بكەینەوە و چاوێك بە دنیاى ڕەنگا و ڕەنگی بیر و بیركردنەوەى مرۆڤەكانی ئەو ڕۆژگارەدا بگێڕین تا ئێمەش بۆ خۆمان ڕوونكردنەوەیەكی ئەگەر زۆر زۆر كەمیش بێت لەسەر وەها كێشەیەك بدەین كە دوای یەكدوو هەزار ساڵێك (فرۆید) هات و كردیە (بەهانە)ی ساغكردنەوەى ئەو (گریمان) و (بۆچوونە) زۆر شەخسیانەى شكی ئەبرد و بڕوای پێ ئەكردن. بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەى وەها مەبەستێك كە لەو ڕۆژگارانەدا (كراوە و گوتراوە) جێ ى خۆیەتی قسە و باسی لە بارەوە بكەین... لە حاڵەتێكی ئەوتۆدا كە ئێمە گەڕاوینەتەوە سەری و ئێستا وا لەبەر دەمیدا وەستاوین و ئەمانەوێ چرای ڕوونكردنەوەى لەسەر هەڵبەكەین . بە پێ ی ئەو سەرچاوانەى بۆ ئێمە و مێژووش ماوەتەوە و باس لەو سەردەم و ڕۆژگارە ئەكەن، ڕاستی یەك هەیە كە ئەمە چیرۆكی بەسەرهاتەكانیەتی و وەهاى ئەگێڕنەوە: لەو كەلەپوور و ڕۆشنبیری كۆنی (یۆنانی)یەدا ئاماژە بەوە كراوە كە گوایە یەك لەو ئەفسانانەى ناوی لە ناو ناواندا بووە ئەفسانەى (ئۆدیب) بووە ، ئەگەر چی لە بنەڕەت و كورتەی قسەدا ئەفسانە بە مانای حیكایەتی خەیاڵى دێت و هیچی تر. ئەویش ئەوەیە ئەم ئەفسانەی (ئۆدیب)ەش نزیكەى (دە) سەدە بەر لە دایكبوونی (مەسیح) بۆ یەكەمجار (هۆمیرۆس) گێڕاویەتی یەوە و لەوەوە بە نەوەكانی دواى خۆی گەیشتووە و لە مانای ناونانی (ئۆدیب)یشدا ئەو مەبەستی (پێ ئاوساو)بووە... هەرە كورتەی كورتكردنەوەى قسە گێڕانەوەكەی (هۆمیرۆس) یش لە بارەى حیكایەتی باسكردنی (ئۆدیب) ەوە ئەمەیە:
پاش ئەوەى (لایۆس) بووە بە پاشای (سیبا) هات (یۆكاستە)ى خواست ، پاش ئەوەى دەركەوت كە مناڵیان نابێ ، (لایۆس) چوو بۆ پەرستگای (دلف) تا لەو بارەیەوە ئیلهام وەربگرێ ، لە دواجاردا پێ ی ووترا كە ڕێ نەدات كوڕی ببێت چونكە ئەو كوڕە هەم خۆی ئەكوژێ و هەم ژنەكەشی ئەهێنێ . كەچی بەهۆی بێ ئاگایی و سەرخۆشی یەوە ڕێ بۆ هاتنی مناڵێك خۆشكراو لە دوایی دا كوڕێكیان بوو ، بۆیە (لایۆس) ترس دایگرت و ویستی بیكوژێت بۆ ئەو مەبەستە مناڵەكەى دا بە شوانێك تا بیبات لە چیای (قیسرۆن) لە ناوی بەرێ بەڵام كابرا دڵى بە مناڵەكە سوتا و نەیكوشت و بردی دای بە شوانێكی (كۆرنسۆسی) . ئەویش مناڵەكەى كرد بە دیاری بە (پۆلۆبۆسی) ى پاشای (كۆرنسۆس) چونكە مناڵى نەبوو. پاشاش لەبەر ئەو ئاوساویەى بەهۆی داخكردنەوە بە سەر قاچی مناڵەكەدا هاتبوو ناوی نا (ئۆدیب) كە مانای قاچ ئاوساوی ئەگەیاند. ڕۆژ ڕۆیشت و ڕۆژ هات مناڵەكەش گەورە بو تا بووە كوڕێكی جوانچاك و ئازا . ڕۆژێك بە هۆی شەڕ كردنی لەگەڵ چەند كەسێك زانی كە ئەو مناڵێكی دۆزراوە بووە و كوڕی ڕاستەقینەى پاشا (پۆلۆبۆس) نی یە .
جا بۆ ئەوەى چارەنووسی خۆی بزانێ ڕووی كردە پەرستگای (دلف) تا بەهۆی ئیلهامەوە ڕاستی خۆی بۆ دەركەوێ. لەوێ پێ ى وترا كە چارەنووسی ئەوەیە باوكی خۆی ئەكوژێ و دواتر دایكیشی مارە ئەكات. ئیتر (ئۆدیب) ترس كەوتە كۆڵی و نەیوێرا ڕوو بكاتەوە (كۆرنسۆس) بەڵكو بە پێچەوانەوە سەرى خۆی هەڵگرت و بەرەو ناوچەى (بۆتیا) ڕۆشت . لە ڕێگا و لە كاتی ڕۆشتنی دا لەسەرە ڕێ ى دوو ڕێیانێك تووشی بوو بە تووشی ئاڕەبانەیەكی كەژاوە دارەوە ، ئاڕەبانچی یەكە داوای لێكرد خۆی لابدات و ڕێگەكەى بۆ چۆڵ بكات بەڵام (ئۆدیب) گوێ ى پێ نەدا و كابراش بەگوڕ ئاڕەبانەكەى بە قاچی دا كێشا و سوارەی ناو كەژاوەكەش گۆچانێكی تێ سرەواند ، ئیتر (ئۆدیب) بەم شەڕ پێ فرۆشتنە قەڵس بوو، پەلاماری كەژاوەكەى داو هەموویانی لاڵو پاڵ كوشت جگە لە یەك كەس نەبێ كە توانی ڕابكات و نەكوژرێت. دواتر ئەو لەسەر ڕۆشتنی خۆی هەر بەردەوام بوو تا گەیشتە (سیبا) ، لەوێ دی خەڵكی ئەو شارە بۆ كوشتنی پاشایان پەرێشان بوون كە ڕۆشتبوو لە پەرستگای (دلف) لە بارەی (سفنكس) كە جانەوەرێكی دڕندە بوو ئیلهام وەربگرێت: (سفنكس جانەوەرێكی باڵدار بوو ، سەری سەری ئافرەت بوو ، لاشەشی هی شێر ، لە دەرەوەی شاری (سیبا) سەرە رێ ى بەهەر ڕێبوارێك ئەگرت كە برۆشتایە یا بهاتایە ، ئەم مەتەڵێكی لێ دا ئەهێنا ئەگەر نەیزانی بایە یەكسەر حەمی ئەكرد ، ئەمەش ترس و لەرزی زۆری خستبووە دڵی خەڵكی شارەكەوە) . لە حاڵێكی وەهادا (كرێون) ى برای شاژنە (یۆكاستە) فەرمانێك دەر ئەكات بۆ ئەو كەسەى شاری (سیبا) لەو جانەوەرە دڕندەیە ڕزگار ئەكات كە هەم ئەكرێتە پاشا و هەم شاژنی بێوەژنی لێ مارە ئەكرێت، لەم كاتەدا (ئۆدیب) تاكە كەس ئەبێ كە ڕوو بە ڕووی (سفنكس) ئەبێتەوە و مانای مەتەڵەكەی كە ئەڵێ : (ئەو گیانلەبەرە چی یە كە جاری وا هەیە بە (دوو پێ) ئەڕوات و جاری واش هەیە بە (چوار) و جاری سێ یەمیش لەسەر (سێ)یە، ڕۆشتنی ئەو گیانلەبەرەش ئەو كاتە خێرایە كە ژمارەی پێ یەكانی كەمترە؟) بۆ حل ئەكات و ئەڵێ:
(ئەوە مرۆڤە كە كاتێ مناڵ ئەبێ لەسەر (چوار پێ) ئەڕوات ، لە هەڕەتی لاوی و گەورە بووندا لەسەر (دووپێ) ئەڕوات و لەسەر وەختى پیریشدا بە (سێ پێ) بەڕێوە ئەچێ). ئەوسا جانەوەرەكە لە داخاندا خۆى لەبەرزیەوە فڕێ ئەداتە خواروخۆى ئەكۆژێ، (ئۆدیب)یش ئەبێتە پاشاى (سیبا) و (یۆكاستە)ش ئەكاتە خێزانى... بەم شێوەیە پێشبینی یەكانى (دلف) دێنە دى و (ئۆدیب) بەبێ ئەوەى لە هیچ كام لەو راستیانە ئاگادار بێت بە ڕێكەوت هەم باوكى ئەكوژێ و هەم دایكی ئەبێتە ژنى. دواتر (هۆمیرۆس) باس لەوە ئەكات كە كاتێ (یۆكاستە) بەراستیەكە ئەزانێ خۆى ئەكوژێ بەڵام (ئۆدیب) هەر بە پاشایەتى ئەمێنێتەوە و خۆشی كوێر ناكات ، تا جارێك لە جاران لەشەڕدا ئەكوژرێت. هەروەها (هۆمیرۆس) باس لە هەبوونى مناڵ لە نێوان ئەو دوانەدا ناكات بەڵكو وا دەرئەكەوێ كە ئەو لەو بڕوایەدا بووە كە ئەو مناڵانەى (ئۆدیب) بوونى لە ژنێكى ترەوەیە.
ئەوى راستى بێت لە دواى (هۆمیرۆس) بەتایبەتى لە سەدەى (پێنج)ى پێش لە دایك بوونى (مەسیح)دا كەسانى تر هاتوون بە ئیلهام وەرگرتن لە بەرهەمەكانى (هۆمیرۆس) هەر ئەم ئەفسانەى (ئۆدیب)ەیان بەپێى بۆچوونى تایبەتى خۆیان لە (تراژیدی) جۆربەجۆردا بەكارهێناوە لەوانەش:
1. ئەسخۆلۆس لە شانۆگەرى (حەوتەى دژ بە سیبا) دا.
2. سۆفكڵیس لە تراژیدیەكانى:
یەك/ ئۆدیبی پاشا.
دوو/ ئۆدیب لە كۆلۆنا.
سێ/ ئەنتیگۆنا.
3. یۆریغیدس لە شانۆگەرى (فینقی یەكان)دا.
لەبەرئەوەى باسەكەى ئێمە زۆرتر رووى لە بەرهەمەكانى (سۆفكڵیس)ە كە وەك بۆچوونێكى جیاوازتر لە هى ئەوانى تر بۆ كێشەكە چووە، واتە لە تراژیدی (ئۆدیب)ى پاشاى (سۆفكڵیس)دا هەندێك شت پێچەوانەى بۆچوونەكانى (هۆمیرۆس)ە كە بەم چەشنەیە:
یەك/ (ئۆدیب) و (بۆكاستە) بۆ ماوەى چەندین ساڵ پاشایەتى شارى(سیبا) ئەكەن.
دوو/ لەو ماوە زۆرەدا دوو كوڕ و دوو كچ یان ئەبێ.
سێ/ شارى (سیبا) جارێكى تر تووشى بڵاوبوونەوەى تاعون ئەبێ گوایە بەهۆى بكوژى (لایۆس) وەیە كە ئەویش بەهۆی بوون بە پاشایی (ئۆدیب)ە.
سەرەڕاى هەموو ئەمانەش ئەگەر سەیرى ململانێى نێوان (كریۆن) لەلایەك و (تیرسیاس) لەلایەكى تر بە ئاشكرا و نهێنى لەگەڵ یەكتردا و بەجووتەش لەگەل (ئۆدیب)دا بكەین هەست بەوە ئەكەین كە (سۆفكڵیس) هاتووە بەدەستى ئەنقەست (ئۆدیب)ى كردووە بە نێچیرى یاری پێكردنی دەستى قەدەر ئەویش لە ئەنجامى تووشكردنى بە كوشتنى باوكى و مارەكردنى دایكی. ئەوەى جێى سەرنجدانە ئەوەیە (وەك سەرچاوەكان ئاماژەى پێ ئەكەن) لە جەژنى (دیونسیۆس) دا ئەم شانۆگەریی كە نیشاندراوە جەماوەرى بینەرى نارەحەت كردووە، بە تایبەتى لەو بیروڕا رەشبینیەدا كە (سۆفكڵیس) سەبارەت بە چارەنووسى مرۆڤ دەرى خستووە.
لێرەدا جێى خۆیەتى كە خوێنەرانى كورد لەوە ئاگادار بكەمەوە كە ئەو شانۆگەرى (ئۆدیبی پاشا) یەى گوایە (تۆفیق حەكیم) ئامادەى كردووە و (كاكەى فەلاح)یش كردوویەتى بە كوردى لەگەل ئەسڵى تراژیدیەكەى (سۆفكڵیس)دا جیاوازى هەیە و دەستى دەسكارى تیادا بەكارهاتووە، زۆر جار و لە زۆر شوێنیشدا گرنگى بۆچوونەكانى ون كردووە و ماناى لە دەست داوە، ئەمە جگە لەوەى ئەو تەكنیك و هونەرى شانۆ و شانۆگەریەى لەسەر دەستى ئەو بنیات نراون نەماون و پەرت كراون چونكە (سۆفكڵیس) لەدواى (ئەسخۆلۆس)ى مامۆستایەوە دووەمین كەس بووە كە دەستى داهێنانى تەكنیك و هونەرى شانۆیی خستووەتە ناو جوانكارى ئەم هونەرەوە.
داواى ئەم ئاوڕدانەوە كورتەى كە وەك چركە ساتێكى مێژوویی وابوو بۆ ئێمە سەبارەت بە ئەسڵى بەرهەمە هونەرییەكانى (سۆفكلێس) و زۆر بە كورتى هەندێ قسەمان لەبارەوە كرد، زۆر شتى تر لەو بەرهەمانەوە فێربووینەوە كە دواتر لە شوێن و كاتى پێویستدا ئاشكراى ئەكەین. لێرەدا ئەبینین لەسەدەی بیستەمدا دواى زیاتر لە دوو هەزار ساڵێك كە بەسەر ئەم بەرهەمە ئەدەبیەدا رۆیشتووە و بە تازەیی گەیشتووەتە دەستى (فرۆید) كەچى ئەو لە خۆشیاندا وەك هەنگى لە داردا دۆزى بێتەوە كەوتە قسە لەسەركردنى و وەك (بەهانە) یەكى گوایە حاشا هەڵ نەگر بۆ (گریمانە) و (بۆچوونە) زۆر شەخسیەكانى بەكارى هێناوە و وەك بەردى بناغەى تیورو بیروڕاكانى خۆى ناوى هێنایە ناو ناوانەوە كە دواتر روونى ئەكەینەوە و پەردەش لەسەر حەقیقەت بوون و نا حەقیقەت بوونى لائەدەین، بۆ ئەوەى لەسەر ئەوەوە بەرەو بۆ چوونە چەوتەكانى (بەختیار) پێ هەڵگرین و هەرچى بووختان و تۆمەتێكى (نابەجێ) ى كردووە دەرهەق بە ئێمەى كورد، چ وەك گەل و نەتەوە، چ وەك كۆمەڵ و كۆمەڵگا، چ وەك خەڵك و مرۆڤ ، چ وەك بەشێك لە دنیاى گەورەى مرۆڤایەتى روون و ئاشكرا ئەكەین، چونكە (بەختیار عەلى) سەرەڕاى ئەوەى كەسێكى كورتە باڵایە، خۆى لە خۆیدا وا هەست ئەكات گەر بە ژێر بەرزى ئاسماندا گوزەرى كرد، هێشتا وا پێویستە ئەو سەردابخات نەك تووشى سەر رووشان بێت!.
سەرنجێكى پێویست:
ئەم نووسینە وەڵامدانەوەیەكى دوورودرێژە پاش ئەوەى لەگۆڤارى (كلیل)دا بەش لەدواى بەش ڕێى بڵاوكردنەوەى پێدراوە. ئەوسا بەپێى حەز و ئارەزووى خۆشم بۆ سایتی (كوردستان پۆستى) بەڕێزى ئەنێرم. هەروەها لە (فەیسبووك)یشدا لە ژێر ناوى (حسین بەفرین) دا هەر بڵاوئەكرێتەوە، لەگەل ڕێز و سوپاسم بۆ هەموو لایەك بەبێ جیاوازى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست