کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵوێستەكەى بارزانى

Saturday, 07/11/2009, 12:00


لە رۆژى پێنجەشەممەى رابردوو و دەستپێكردنى حكومەتى هەرێم و كابینەى شەشەم، لە كاتى مەراسیمەكەدا تێیدا مەسعود بارزانى وەك سەرۆكى هەرێمى كوردستان وتارێكى خوێندەوە، ئەوەى بووە جێى سەرنجى من لە میانەى وتارەكەیدا ئەوەبوو هاتە سەر باسى كەركوك، لەوێدا وتى: "با هەموو جیهان بزانێت قبوڵى ناكەین بارێكى تایبەت بەسەر كەركوكدا بسەپێنرێت، چى دەبێت با ببێت"، لەم تێكستەى بارزانیدا هەڕەشەیەكى دیار و بەرچاو روو بە رووى عەرەبە شۆڤێنیەكان و ئەو وڵاتانەى چواردەوریش بوویەوە، كە هەمیشە كاریان بۆ پچڕاندنى كەركوك كردووە و پێداگیرى و تەئكید كردنەوەشە بە روویاندا، كە هەرگیز كورد دەستبەردارى ئەو شارە نابێت.
هەرچەندە من پێشتر توندترین رەخنەم ئاڕاستەى (مەسعود بارزانى) كردووە، چ لە رۆژنامە و گۆڤارەكان، چ لە سایتەكان، بەڵام ئەو هەڵوێستەى سەبارەت بە شارى كەركوك هانیدام كە قەڵەمەكەم بێنمە گۆ و بە چەند دێڕێك ئەگەر لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا كەمیش بێت بنووسم وستایشى ئەو هەڵوێستەى بكەم، بەو پێەى بڕواى تەواوم بەوە هەیە كە رۆژنامەنووس پێویستە بە تەنها كارە خراپەكان نەبینێت و باشەكانیش باس بكات. بێگومان هەمیشە ئەو نەتەوانەى كە داگیركراون پێویستیان بە سەركردەیەكى خاوەن هەڵوێست و نەترس هەبووە بەدەر لە سیاسەت و دیبلۆماتكار، وەك چۆن لە ئەفریقاى باشوور (ماندیللا) بووە سیمبولى رزگارى نەتەوەیەك و بە هەڵوێستەكانى توانى كیانێك بۆ نەتەوەیەك دروست بكات و جیهان ناچار بكات بە دان پیادانانى، ئێمەى كوردیش بە هەمان شێوە پێویستمان بە سەركردەیەكى خاوەن هەڵوێست هەیە.
هەرێمى كوردستان بە هۆى هەڵكەوتەى جوگرافیاوە چەندین وڵات چاوى تێبڕیوە، ئەمەش یەكێك بووە لەو هۆكارانەى دەستكەوتەكانى نەتەوەى كورد دوابخات و هەردەم وڵاتە بەرژەوەند خوازەكان وەدواى بەرژەوەندیەكانى خۆیانى بخەن. شۆڕشە یەك لە دواى یەكەكانى كوردیش هەمیشە لە ئاست وڵاتانى ئیقلیمى و جیهانیدا شكستیان خواردووە، ئەمەش بۆ كەمتەرخەمى شۆڕشگێڕان و پشتتێكردنى وڵاتانى زلهێز گەڕاوەتەوە، كە دواتر زەرەرمەند هەمیشە نەتەوەى كورد بووە و تێیدا دوژمنانى گەلى كورد هەمیشە سودمەند بوون.
ئەو هەڵوێستەى رۆژى پێنج شەممەى رابردووى (بارزانی)ش بۆ گەلى كورد بە گشتى و شارى كەركوك بە تایبەتى جێى دڵخۆشى ئێمە و دەسخۆشیش بوو بۆ ئەو، ئەمەش بەو پێیەى كە زۆرجار دەمانگوت كەركوكمان لە دەستداوە! بەڵام بارزانى بۆ جارێكى تر ئەو هەناسەیەى كردەوە بە لەشماندا كە هەرگیز كورد دەستبەردارى شارێكى كوردى رەسەنى خۆى نابێت.
دەزانین (بارزانى) لە دواى كردنەوەى دەرگاى نەتەوەیەكگرتوەكان دەرگاى یەكێتیى ئەوروپاشى بە رووى كوردستاندا كردەوە، ئەمەش بە پێى سیاسەت و هەڵوێستەكانى خۆى، رووداوى دڵخۆشكەرى زیندووش بۆ ئەم مەبەستە سەردانى رەسمى چەند رۆژ لەمەوبەرى وەزیرى دەرەوەى وڵاتى توركیا بوو بۆ هەرێمى كوردستان، كە لە خۆیدا كردنەوەى چەندین كەناڵى كەناڵى وڵاتانى جیهان بوو بە رووى هەرێمى كوردستاندا، ئەمانە و چەندین دەسكەوتى تر بۆ گەلى كورد جێى دڵ خۆشین و دەرچەیەكە بۆ نزیك بوونەوە لە (دەوڵەت)ى كوردى.
ئێمە هەردەم رەخنەمان لە تەواوى كارە نابەجێیەكانى دەسەڵات گرتووە و دەشیگرین و بێدەنگیش نابین، بەڵام ئەوەى كە واى لە ئێمە كردووە بێدەنگ بین لە ئاست جوانیەكاندا خودى بە ناو راگەیاندنكارەكانى دەسەڵات بە پلەى یەك و دواتر بەشێك لە بەرپرسە حیزبیەكان بووە، كە هەمیشە لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندیەكانى خۆیان و ویستى تایبەتى خۆیان، بەرژەوەندى و ویستى گشتیان بە هەموو شێوەیەك پشتگوێ خستووە.
ئێمە دەتوانین بڵێین بۆ ئێستاى بارودۆخ و راگرتنى هاوكێشەى سیاسیى و قورسایى كوردستان لە بەرامبەر وڵاتانى جیهان و دراوسێكان جیا لە سیاسەت پێویستیشمان بە هەڵوێستێكى نەترسانە و بوێرانەى سەركردەكانمان هەیە، كە ئەوەى چەند رۆژ لەمەوبەرى (بارزانى) نموونەیەكە.
هەرچەندە توند رەخنە لە سەركردەكانمان بگرین و وەك خۆیان گوتەنى هەراسانیان بكەین، بەڵام لە بەرامبەر هەر بێگانەیەكدا گەورەترین پارێزەرین بۆ ئەم خاكە و ئێمەش پشتیوانى و پێشمەرگەى ئەم خاكەین و لە پشت هەر هەڵوێستێكتان لە پێناو بستە خاكێك.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە