کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاوارەى موتەفەریقە ، ڕاپەڕن

Friday, 17/04/2009, 12:00


ئاوارەى موتەفەرقە بەشێكن لە ئاوارەى شەڕى ناوخۆ ، ئەوانەى خۆیان لەسەر حسابى گیرفانى خۆیان ژیان و خانوویان بە كرێ گرت و هیچ قورساییەكیان نەخستە سەر پارتى . ئەوە پتر لە 13 سیانزە ساڵە نزیكەى 10 هەزار خێزان لە ماڵ و حاڵ و زێدى باوك و بابپرانیان بوون و لە ژیانێكى سەخت و كولەمەرگیدا دەژین ، لە پێناوى بیروباوەڕدا . ڕۆژگارێكى زۆر سەختیان لە ئاوارەیەتیدا بەسەر برد .

لە دیدارێكى تەلەفیزۆنیدا جەنابى سەرۆك سوێنى خوارد و وتى موستەحیلە ئاوارەكان لەبیركەین و قەرەبوویان نەكەینەوە . ئەوا چەند ساڵێك بەسەر ئەو بەڵێنەدا ڕۆشت و هیچمان نەدى . تەنیا ئەوانەیان قەرەبوو كردەوە كە لە شوقەكان و بینا حكومى و حیزبیەكاندا دەژیان ، ئەوەش لەبەر چاوى كاڵى ئەوان نەبوو ، بەڵكو پاڵەپەستۆ و فشارى خاوەن موڵكەكان بوو .

لە دواى ئەو قەرەبوو كردنەوەیەش چەندین جار بەڵێن دراوە ئاوارەى موتەفەریقەش قەرەبوو بكرێتەوە ، بەڵام هەر جارەى بە درۆیەك خۆیان لەو قەرزە دەدزنەوە .

وەك وتوویانە ((گەر جارێك خەڵتانمت ، خوا بت گرێ . گەر دووجار خەڵەتاندمت خوا خۆم بگرێ)) . ئێستاش خوا خۆمان بگرێ كە چەندین جار خەڵەتاندیانین . بۆ ئاوارەى موتەفەریقە پارەیان نییە ، بودجەیان نییە . كەچى پارە بۆ مەسوولەكان ڕژاوە و حسابیان بێ شومارە . پرۆژە و باڵەخانە و سوپەرماركێت و مەزرەعە و ڤێلاكانیان پانتایى كوردستانى گرتەوە . پارەكانیان لە بانقەكانى دەرەوە نایەتە ژماردن .

قەرەبوو كردنەوەى هەموو ئاوارەكانى موتەفەریقە ناگاتە تێچوونى رێستورانێكى وەك (تارین) كە موڵكى مەلا مستەفاى كوڕى مەسعوود بەرزانییە و هێشتا تەمەنى نەگەشتۆتە پانزە ساڵ . ئەمە مشتێكە لە خەروارێك .

ئەمڕۆ لە قۆناغێكى هەستیاردا دەژین ، هەڵبژاردنمان لەپێشە . قۆناغى پەردە هەڵماڵین لە گەندەڵەكان ، لە دزەكان ، لە خوێن مژەكان . كاتى ئەوە هاتووە بێ هەڵوێست نەبین ، جارێكى تر نەخەڵەتێین ، نەترسین ، ئێمە ئەوانەمان كردە سەردارى خۆمان ، دەبێت هەر ئێمەش بین ئەوان سەرشۆڕ و بێ دەسەڵات كەین . ئەوان زۆر بە سووكى سەیرى ئێمەیان كرد . ئەمڕۆ كاتى ئەوە هاتووە كە ئێمەش قورسایى و سەنگى خۆمانیان نیشان بدەین .

حیزبێك مافى ئێمە پێشێل بكات و لەسەر حسابى ئێمە بانقەكانى جیهان پڕ بكات و ماڵ و منداڵى مەسوولەكان هەر ماوە ماوە لە وڵاتێك گەردش بكەن . ماڵ و منداڵى ئێمەش بە نانە سكى بژین . دەنگى بۆ بدەین ؟! بە دەهۆڵیان هەڵپەڕین ؟!

ئاوارە موتەفەریقە خۆڕاگرە بەشەرەفەكان كاتى ئەوە هاتووە تۆڵەى 13 ساڵى ئاوارەیى و هەڵخەڵەتانى خۆتان بكەنەوە . دەنگ مەدەنە گەندەڵەكان ، مەترسن دوا زەبر و زەنگى گەندەڵەكان دواى هەڵبژاردنە . ڕۆژى حیساب لە پێشە . دڵنیا بن زۆریان نەماوە . پارتى و مەسوولەكانیان لە سەدام و دەست و پێوەندەكانیان بەهێز تر نین . ئەوان بە ئێمەوە بەهێزن ، بێ ئێمە جەبان و ڕسوا و سەرشۆڕن . تەمەنیان كورتە , هێندەیان نەماوە . قەرەبووى خۆتان لە ڤیلا و باڵەخانە و سوپەرماركێت و موڵكە بەجێماوەكانیان وەر بگرنەوە . وەك چۆن لە ڕاپەڕیندا بوونە میراتگرى بەعسییەكان ، بە پشت و پەناى خوا ، دواى هەڵبژاردن و ڕسوا بوونیان ببنە میراتگیریان .

دەنگ مەدەن بە دزەكان ، دەنگ مەدەن بە گەندەلەكان ، دەنگ مەدەن بە درۆزنەكان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە