کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پارتی کڵاوێکی کردە سەری دکتۆر شاهۆ سەعید

Sunday, 16/09/2012, 12:00




تا ئێستا وەك ئاشکرایە پارتی دوو جار ژێر بەژێر بەڕەی لەژێر پێی گۆڕاندا دەرهێناو نەیهێشت ئەوەی پێی ڕەوایە ، پێی بگات. یەکەم جار ئەوەبوو سەرۆکی تەزوویر لەگەڵ مالیکی ڕێکەوت کەهیچ پۆست و وەزارەتێك نەدرێ بە لیستی گۆڕان لەئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ناوەند. دواتر مالیکی ئەمەی پشت ڕاستکردەوە کەمەسعود داوای لەمالیکی کردبوو کەپێوستە گۆڕان لەڕێگای ئەوەوە داوای پلەو پۆست بکەن.

وا ئەمجارەش بۆ دووەم جار پارتی نەیهێشت ژمارەی چاودێرانی کۆمیسێۆنی هەڵبژاردنەکان زیاد بکرێ و بەو پێیەش گۆڕان نەیتوانی ئەندامی ببێ لەو کۆمیسێۆنە و ئەمەش بۆ ئەوەیە کەپارتی بەئارەزووی خۆی تەزوویر بکا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان. دیارە بۆ ئەم دوو پێشلکاریەی پارتی دەرهەق بە لیستی گۆڕان، هەموان پێمان وابوو گۆڕان تۆڵەی خۆی لەپارتی و سەرۆکی تەزوویر ئەکاتەوە، لێ مەخابن، جگە لەڕاخستنی فەرشی سوور لەژێر پێی مەسعود،مەسرور و هەموو جامانە سورەکان بۆ گردەکە،هیچی ترمان لێ نەبینن، نەك هەر ئەمەش، تەلەفیزیۆنی k.n.n و سایتی سبەی بڕیاریان دا کە هەرچی دەنگی ئۆپۆسیۆن و خەڵکانی دڵسۆز هەیە بایکۆتیان بکەن و بیانخەنە لیستی ڕەشەوەو بەرانبەر بەوانەش ، هەرچی پارتی و جامانە سوورە زوو زوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکەن و سەرپشك بن لەوەی ئەیڵێن و لەوەی لەبەرژەوەندی پارتی و بنەماڵەی بارزانیە.

لەم چەند ڕۆژەی رابردوو، هەریەك لەفەلاح مستەفا و دکتۆر فٶاد حسێن وەك شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی ئەمریکایان کرد و بەووتەی خۆیان باسی نەوت و سوپای عێراق و ئەو فڕۆکە جەنگیانەیان کردوە کەساڵی داهاتوو عێراق وەریان ئەگرێ و باس لەو مەترسیانە کراوە کە لەلایەن مالیکیەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەئارادایە.

دیارە ئێمە کاتێ باس لەئۆپۆزیسیۆن ئەکەین، بەهیچ جۆرێ مەبەستمان لە ئیسلامیەکان نیە، لەبەرئەوەی ئەوان تەنها وەك دوو کەپری بازرگانی وان لەمەرزی دەسەڵات وخەریکی بازرگانی سیاسین و پارەی خۆیان وەرئەگرن شوکری خوا ئەکەن. دوای ئەو هەموو پێشێلکاریانەی پارتی دژ بەئیسلامیەکان بەگشتی و یەکگرتوو بەتایبەتی ، گەر ئەمانە پەیامی ڕاستگۆیانەیان هەبوایە، ئەبوایە لەمێژوو پارتیان لەقاو بدایەو بەراستی تۆڵەی خۆیان لەپارتی بکردایەتەوە، بەڵام هەرگیز ئەمەمان لێیان بەدی نەکرد.

کاتێ پارتی و بنەماڵەی بارزانی سەردانی دەرەوەی کوردستان ئەکەن و جگە لەخۆیان و بنەماڵەکانیان کەسی تر لە هاوپەیمانەکەیان و ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ خۆیان نابەن و ئەنجامی سەردان و سەفەرەکانیان بۆ کەسی تر ئاشکرا ناکەن و کەس جگە لەخۆیان زیاتر بەسڕو تریان نازانێ، کەچی (گۆڕان) هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی وای نیەو وەك شتێکی ئاسایی ڕووی دابێ و تەنها وەك هەواڵێك بڵاوی ئەکەنەوە.

دکتۆر شاهۆ سەعید کەوەك کەسایەتی ،کسپە لەجەرگی بۆ ئیسلام و ئیسلامیەکان هەڵئەسێ و نازانین چۆن چۆن لەکەناری (گۆڕان)لەنگەری گرتوەو بەباو شنەی ئەوان کەشتیەکەی ئەهاژوێ. کەچی نەمان بینی بەفەرمی و لەسایتی سبەی و تەلەفیزیۆنەکەی خۆیان بێت و بڵێ؛ئێمە وەك ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕان بەهیچ شێوەیەك ئاگامان لەو جرت و فرتەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی نیە بۆ دەرەوەی ووڵات و پێش وەخت هیچ زانیاریەکمان لەبارەیەوە نیەو هیچ لەئاکام و ئەنجامیان بەرپرسیار نین وبەتوندی ئیدانەی ئەو هەموو سەردانانە ئەکەین کەبەناوی گەلی کورد و حکومەتی هەرێمەوە ئەکرێ. کاك شاهۆ کە ئەبوو گەلێ گورج و گۆڵانەو بوێرانە ڕەخنەی توندی دژ ئەو جۆرە شاندانە دەرببڕیایەو لەقاوی بنایە، کەچی ئامادە نیە هیچ لەو بارەیەوە بڵێ و خۆی کردۆتە کەڕەی شەربەت و نەك هەر بەوەش نەوەستاوە، بەڵکە لەگیران و ئەشکەنجەی ئەو هەموو گەنجەی لەهەولێر پارتی وونیان ئەکەن و ئازاریان ئەدەن هیچ ناڵێ و نقەی لەخۆی بڕیوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە