ئەو نووسەرانە تاڵەبانی ناناسن! تایبەت بە بەختیار و مەریوان و رێبین
Sunday, 13/03/2011, 12:00
هەریەك لە بەختیار عەلی، شێركۆ بێكەس، مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، شێرزاد حەسەن، رەووف بێگەرد، رێبین هەردی، شوان عەتوف، كامەران مەنتك، رێبین رەسووڵ، هۆرێن غەریب، هیوا قادر، ئاسۆس هەردی، نامەیەكیان ئاراستەی جەلال تاڵەبانی كردووە تێیدا داوا لەجەلال دەكەن كە گوێ لەداخوازی خۆپیشاندەران بگرێت، چونكە ئەوەی ئەم نەوەیەی بردۆتە سەر شەقامەكان نە حەزو ویستی موغامەرەیە، نە ئیرادەی تێكدان و گێرەشێوێنییە.
توانجی من بۆ ئەم دێڕانە ئەوەیە كە لەوە دەچێت ئەم برادەرانە هێشتا جەلال نەناستن و نەزانن ئەوەی لەبیری سیاسی ئەم كابرایەدا ئەوەیە كە شەقام و جەماوەر وجودی نیە، ئەوەی كە هەمیشە جەلال دڵخۆش دەكات ئەوەیە كە كۆمەڵێك لەبەردەمیدا هەڵپەركێ و داپەڕكێ بكەن ئیتر مانای جەماوەر لەدەرەوەی ئەوانەی لەچواردەورین وجودی نیە، هەربۆیە لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جەلال لەساڵی 2006 بیرم بێ لەنێو 20كەسدا هەستام وتم: مام جەلال خەڵك زۆر بە گلەیە لێمان هەموو شتێكی ژیانمان قۆرغ كردووە... كەچی خۆی توڕە كرد و وتی، تۆ هیچ نازانی لای من جەماوەر وجودی نیە، ئەوە خەڵكی گێرەشێوێن و نەحەزانی ئەم ئەزمونەن و ئەیانەوێ یەكێتی لەكەدار بكەن.
بۆیە برادەرینە راستە ئێوە ئەركێكی مێژوویتان لەئەستۆ گرتووە بەڵام دڵنیا بن ئاسنی ساردتان كوتاوە، ئەو برادەرانە خۆیان چەندین جار هاوار دەكەن ئەم دەسەڵاتە گوێ ناگرێ ، ئێستا هیچ ناكا گوێ لە13 نوسەر دەگرێ كە جگە لەشێرزاد حەسەن و شوان عەتوف و رێبین رەسووڵ و هۆرێن غەریب و هیوا قادر ئەوانەی تر لەلای سەركردەو ئیعلامییەكانی یەكێتی خراونەتە ناو لیستی گۆڕانەوە و لەسەر گۆڕان حساب كراون.
ئەو نوسەرانە داوا لەجەلال دەكەن وەك سیاسەتمەدارێكی دێرین لەهەموو كەس باشتر بیزانیایە ئەوەی ئەم خەڵكە توڕەیە دەجوڵێنێت، زیاد لە هۆكارێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەورەیە. دەشڵێن: بێگومان هۆكارەكانی ئەم ناڕازیبوونانە نەزانراو نین، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە نە ئێوە گوێتانگرت و نە هاوپەیمانەكەتان لەهەولێر.
ئەم نووسەرانە یان ئەیانەوێ خۆیان هەڵخەڵەتێنن یان خوێنەری كورد و گەنجی كوردستان، لای كەس شاراوە نیە كە جەلال تا ئەم ساتە وەختە هەموو بەردەركی سەرا لەچاوی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفادا دەبینێتەوە، ئەو تائێستا چەند قەڵەم بەدەستێك و بەرپرسە ئیعلامیەكانی خۆی وای بەگوێدا دەدەن كە تەنیا گۆڕان و وردە ئیسلامییەكانن كە دەیانەوێ ئەم ئەزموونە تێك بدەن و ئەوانەش كەخۆپیشاندان دەكەن چەند كەسانێكی فیتنەچی و گێرەشێوێن و ئاژاوەچی و چەقۆ وەشێن و سەرخۆشن و دەیانەوێ كاروكاسپی لەسلێمانی پەكبخەن...... برادەرینە لەبیرتان نەچێ كاتێك مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب لە5-3 كۆبونەوە مەسعود فتوای دا كە ئەوانەی بەردەركی خەڵكی ئەم هەرێمە نین و تاڵەبانیش ئەوەی بۆ سەندەوەو بەدوایدا چەندین كۆبونەوەی بەمەكتەبی سیاسی و هێزی پێشمەرگە كرد كە قەناعەت بەقەتڵ و عامكردنی ئەو خۆپیشاندەرانە بهێنێ، بەڵام بیری هۆشیار و عەقڵی چەند سەركردایەتیەكی ژیری ناو یەكێتی نەبوایە ئێستا روباری خوێن لەسایەی مەسعود و جەلال درێژەی دەكێشا بۆیە بەلامەوە سەیرە كە ئێوەی نووسەران بەو هەموو تەمەنەتانەوە لەبواری داهێنان و نوسین دا داوا لەكەسێكی وەك تاڵەبانی بكەن كە هەموو خەڵكی سلێمانی و یەكێتی لەلایەك و رێكەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی لەلایەكی ترەوە، دەبوو ئێوە داواتا لەو هێزە ئاشتیخواز و ئیسلاحیەی ناو یەكێتی بكردایەو بیتانبوتنایە لەمێژوودا ناوتان تۆمار كراوە كە چ رۆلێكتان هەیە و سەركەوتوون بەسەر ئەو هێزە شەڕانگێزییەی كە لە ناو یەكێتی دا هەیە كە لەئازاد جندیانی و شێخ جەعفەر و مەحموود سەنگاوی و چەند سەركردەیەكی تر پێكدێ و هەمیشە دەیانەوێ سلێمانی بكەن بەگۆمی خوێن و وێرانی كەن، دەبوو وەك چۆن مەریوان وریا قانع لەنوسینێكدا هیوای خواست كە ئەو هێزەی ناو یەكێتی سەركەوێ بەسەر ئەو هێزە شەڕانگێز و قین لەدڵەدا كە گرێی گۆڕان بینا قاقای بەستوون.
ئەو نووسەرانە دەشڵێن پێمانوایە بەرپرسیارێتی گەورە لەبەردەم شەخسی ئێوەدایە، بۆ رێگرتن لەم پێشهاتە خراپانە، ئەركێكی مێژوویی ئێجگار گەورەو ترسناك كەوتۆتە سەرشانتان بۆ چارەسەركردنی هێمنی ئەم دۆخەو وازهێنان لە هەموو پلان و هەوڵدانێك كە بیەوێت لەڕێگای بەكارهێنانی هێزو هەڕەشەو تۆقاندنەوە كۆتایی بەم خۆپیشاندانانە بهێنن. هەروەها دەڵێن ئەم خۆپیشاندانانە خۆپیشاندانی بەشە زیندووەكەی كۆمەڵگای كوردییە، كارەسات و تراژیدیایەكی گەورەیە كە زمانی هەمیشەیی قسەكردن لەگەڵ ئەو هێزەدا ببێتە زمانی تۆمەتباركردن و توندوتیژی، پێویستە ئەو راستییە ببینرێت كە ئەمە نەوەیەكی نوێیەو سیاسەتێكی نوێی دەوێت و دەبێت وەك هێزێكی كۆمەڵایەتی نوێ و راستەقینە مامەڵەی لەگەڵدابكرێت. ئەمڕۆ گەر بە هێز لە مەیدانێكیش دەریانبكەن ناتوانن بەهێز لە هەناوی كۆمەڵگای ئێمەو لەسەر نەخشەی سیاسی دەریانبكەن.
ئەوەی تەواو سەرسامی كردوم هەر نووسەرێك لەوانە بۆ چەندین جار جەلال یان بینیوەو دەشیناسن، تەنانەت هەندێكیان بەشەخسی لەگەڵی دانیشتون، كەسیان ناتوانن نكۆڵی لەوە بكەن كە ئەو بەشەرە چەند دیكتاتۆرە، هیچ یەكێك لەو نووسەرانە ناتوانن نكۆڵی لەوە بكەن كە تاڵەبانی گوێ لەبەرانبەر ناگرێ، ئەوەندەی بەلایەوە تیرەو عەشیرەت گرنگە ئەوەندە خەڵكی رەش و روت و بێدەراتان گرنگ نییە، تاڵەبانی یەكێكە لەو كەسانەی نێو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان كە مێژوو ناخوێنێتەوەو باوەڕی بەمێژوو نیە، ئەوەی كە دوێنێ باسی دەكا ئەمڕۆ پێچەوانەكەی رەفتاری بەرامبەر دەكا، پیاوێك ئەمە هەڵسوكەوتی سیاسی بێ، چۆن ئومێدی لێدەكرێ بیر لەبەرپرسیارێتی مێژووی بكاتەوە.
تاكو ئێستا شەش بۆ حەفت جار تاڵەبانیم بینیوە و لەكۆڕ و كۆبونەوە فراوان و نیمچە فراوان و چەند كەسیدا پرسیارم لێكردوە، نەك باوەڕی بەنەوەی نوێ نیە بەڵكو گاڵتەشی پێدێ، ساڵی 2008 كۆبونەوەیەكی پێكردین لە........ یەكێك لەو پرسیارانەی كە ئاراستەی جەلالم كرد ئەوە بوو كە سەركردایەتی یەكێتی شەش گەنجی تێدا نابینی، نیازتانە تا كەنگێ ئا بەم شێوە حزب بەڕێوە ببەن، لەوەڵامدا تاڵەبانی بە توڕەیەوە وتی: ئەوەی بڕوام پێی نەبێ ئەو نەوەیەیە كە جێڵ و چەوری لەقژ دەداتن ، ئەوانە گەرمی و ساردیان نەچێشتووە لەبەر ئەوە لەمانای كوردایەتی نازانن بۆیە كوردایەتی نادرێتە دەست ئەوان.
ئاخر سەركردەیەك سێ ساڵ لەمەوبەر ئەمە گوفتاری بێ بەرامبەر بە نەوەی نوێ ئەبێ چ ئومێدێكی پێ بكرێ، تا ئەو ساتە وەختەیش جەلال سورە لەسەر ئەوەی كە ئەو وەعدە جێبەجێ بكا كە بە مەسعودی داوە تا نەورۆز مەیدانی ئازادی سەرا بە هێز چۆڵ بكا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست