یەكێتی بە خۆی زەمینەی خۆش كردوە بۆ دەست خستنە نێو ریزەكانیەوە
Sunday, 15/03/2015, 12:00
رۆژ نیە هەواڵێكی نێوخۆیی یەكێتی نەبیستین و رای گشتی لێی ئاگادار نەكرێتەوە، ئێمە لەم دوورەوە بەقەد كادرە سەرەكیەكانی یەكێتی ئاگاداری وەزعی نێوخۆی یەكێتین، روداوێك یان ناكۆكیەكی بچوكی رۆژانە وەك موشەك دزە دەكاتە نێو خەڵك و دیاردەیەكی بچوكی نێوخیی بەهەر چەشنێك بێت هەموو چاودێر و رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارانی بێ لایەنیش لێی ئاگاداردەبن و، سەرەرای بونی دەزگایەكی ئاسایشی نێوخۆی نهێنی ئەم حزبە، كەچی ورد و درشتی روداوە نێوخۆییەكانی وەك شاشەی سینەما لەبەرچاوانە و نمایش دەكرێت ، بۆچی، تەنانەت نهێنی پارێزی ئەم حزبە لە حزبێكی بچوكیش كەمترە ؟
باسی مێژووی یەكێتی ناكەم، تەنها مەبەستم دەرخستنی هۆكاری ئەم حاڵەتەیە كە زۆرێك بە ئەرێنی لەقەڵەمی دەدەن و زۆرێكی تریش بە نەرێنی و شڵەژان و نەبونی دیسپلین دەیخوێننەوە . دیارە وەك نەریتێكی سەپێنراو لە دەرئەنجامی چۆنێتی دروستبونی یەكێتی لە بەرەیەكی چەند لایەنێكدا، تاوەكو كۆنگرەی یەكەمی ئەم حزبە هەمیشە باڵباڵینی حزبی بە ئاشكرا بونی هەبووە و ململانێ لە نێوان باڵەكان ئەگەر بەقەد ململانێی نێوان دوو حزب زیاتر نەبوبێت كەمتر نەبووە . هەمیشە هەر سێ لاكە لە سەرەتادا و، هەردوو لایەنی كۆمەڵەی رەنجدەاران و شۆرشگێران بۆ دواتر لە سەرجەم بوارەكاندا بەتایبەتی لە ریكخستندا لە كێبركێ و تا رادەیەك ركابەری بەردەوامی یەكتر بوون . ئەم سیفەتەش وەك عادەتێك لەگەڵ گەورەبونی یەكێتی لە گیانیدا چەكەرەی كردووە و جگە لە رۆژانی شەری نێوخۆ و دوور خستنەوەی قەیرانە نێوخۆییەكان بۆ دەرەوە، یەكێتی نیشتمانی نەیتوانیوە دوور لە ململانێی نێوخۆی توند بەردەوام بێت، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە، ململانێی دەرەوەی حزبەكە و هەمیشە بارودۆخی نالەباری كوردستان كاریگەری هەمەجۆری لەسەر باری نێوخۆی یەكێتی بە تایبەتی بە جێهێشتوە .
فراوانی و فرەچەشنی پێكهاتە و رێكخستنەكانی یەكێتی فاكتەرێكی زۆر گەەورە بووە لە جیاوازی بیركردنەوە و رەفتاری كادر و ریكخستنەكانی و، فرە مینبەری لە دەرئەنجامی بونی خەڵكی بژاردە هاوشان لەگەڵ خەڵكی سادە و ساكار لەیەك حزبی فرە ئامانجدا وەك سیفەتێكی دەگمەنی ئەم حزبە لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆربۆتەوە و ئەم حاڵەتەی دروستكردووە، ئەمە جگە لە هەوڵدانی سەركردایەتی یەكێتی بۆ فراوانكردنی جەماوەرێتیی ئەم حزبە لە پێناو كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بەهەمان شێوەی حزبەكانی تر، لەسەر حیسابی نوخبە و بنەما سەرەكیەكانی كاری رەسەنی ئەم حزبە لە زۆر رووەوە زەرەری گەورەی لێداوە .
پاش راپەرین و پێویستی لایەنەكان بە دەنگ، رەفتاری پارتی لە رازیكردنی خەڵك بەهەرشێوەیەك بوبێت لە جاشەوە بۆ باش و، ئیستغلال كردنی خاڵە لاوازەكانی یەكێتی، یەكێتیی خستە دوریانی دودڵی لە پابەندبون بە پێكهاتەی حزبی لە رێكخستنی نوخبەبون یان هەڵبژاردنی جەماریبون، كە تا ئەمرۆش لەو نێوەندەدا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە . بۆیە دەرئەنجامەكانی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر یەكێتیی توشی شۆك كرد و لە رێرەوی كاری سیاسی خۆی توشی هەڵەو زۆرێك لە سەرگەردانی كرد، وەك شكستێك لەقەڵەم درا و، بوو بە گرێ كوێرەیەك بۆ ئەم حزبە كە تا ئەمرۆ باجی دەدات،لەوەشدا حەقی بوو،بەو هەموو گیانفیدایی و خۆبەختكردن و خەباتە هەمەچەشنەوە، چۆن حزبێكی تر بێتە سەر سفرەی حازری لە هەڵبژاردندا و بە دەنگی ئەو خەڵكە بە رەش و سپی و پاك و پیس و بە هەموو پشتخانێكیانەوە،ئەو هەموو دەنگە مسۆگەر بكات . بێگومان بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و تام و چێژ و لەزەتی دەسەڵات گۆمەكەی یەكجار قوڵتر كردەوە و، شەری نێوخۆی پاش راپەرین و دەستێوەردانی دەرەكی هەموو پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن و رێرەوی كاروباری رێكخستن و ململانێی ئەم حزبەی تا حەدێكی گەورە تێكدا. لەو نێوەندەشدا مەحسوبیەت و مەنسوبیەت رۆڵی گەورەی خۆی لە پلەبەندی كادران و وەرگرتنی رۆڵ و بەشداریكردنی لە پێگە و پلەكانی حكومەت زیاتر گلۆڵەكەی خستە لێژیەوە . بۆیە ئەو فاكتەرە مێژووی و فكری و كاروباری رێكخستن كاریگەری خۆی لەسەر ئەو رێبازەی داناوە و، وا كەوتۆتەوە كە روداوەكان و دەركەوتنی نهێنیە زۆر زەقەكان بەم خێراییەوە دزە بكەن و لە هەیبەت و پریستیجی تایبەتی ئەم حزبە بدەن . دەتوانین بڵێن، ئەگەر یەكێتی بەم شێوەیە تا رادەیەك بە فەوزەویەت بەرێوە دەچێت، ئەگەر بواری ئازادی تێدا بەم روبەرە نەبوایە، نە ئاڵای شۆرش دروست دەبوو و نە گۆرانیش بەم ئاسانیە دادەمزرا . لەبەرامبەردا هەموو نەیارەكانی و ئەوانەی نێوخۆی كوردستان بە تایبەتی، كە ناوەندێتی زەمانی قەیسەر پیادە دەكەن،ماڵی خۆیان قایم كردووە و دەرگاكانیان كڵۆم داوە، هاغوتەریبی ئەمەش، لە بەرامبەردا لایەنی دەرەكیش بە ئاسانی دەتوانێت كاریگەری لەسەر رووداوە نێوخۆییەكانی یەكێتی دروست بكات . لەم سەرو بەندەشدا، هەمیشە لایەنە دەستێوەردەرەكان كادیرە لاوازەكان و رووداوە هەمەجۆرە رۆژانەكان و بەرژەوەندیە شەخسیەكان بە گەورەیی ئیستغلال كردووە و، تا ئێستا ئەم حزبە لە كەشێكی نالەباردا و لە زەمینەیەكی نادروستی دوور لە بونی ئاستی رۆشنبیری پێویستی كادران، گیرۆدەی فرە باڵی و فرە مۆراڵی و فرە منیبەری بووە .
ئەوەی زۆر روونە، ئەگەر وەك چاودێریكی سیاسی ئەم كوردستانە ئەو هۆكار و فاكتەرانەمان باس كردبێت، بە شێوەیەكیش وردەكاریەكانمان بە زەقی دەرخستبێَت و لەمەشدا سڵمان لە هیچ نەكردبێتەوە، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی هەر حزبێكی تری ئەم كوردستانە هەزار و یەك حیساب دەكەین، ئەمەش نیشانەی بونی ئەرێنی ئاشكراكاریە لە رێرەوی خەباتی ئەم حزبە، بەڵام بۆ خودی رێكخراوەكە زەرەری گەورەی هەیە و بە ناراستەوخۆش بێت گەلی كوردستان زەرەرمەند دەبێت و حزبی ناوەندگەرای دوور لە دیموكراسی و ئازادی باڵی بەسەر كوردستاندا دەكێشێت و زەمینەش بۆ دیكتاتۆریەت خۆش دەكات . دەكرێت بڵێین، لەم قۆناغەدا یەكێتی بە تونێلێكی تا رادەیەك تاریكدا گوزەردەكات و،پێویستە سەركردایەتی ئەم حزبە بزانن لە كاتێكی زۆر هەستیاردا كوردستان بە رێدەكەن و بە هەر روداوێكی نەخوازراو نەك تەنها حزبەكەیان بەڵكو كوردستان بەگشتی توشی قەیران دەكەن و ، سەرجەم بەرپرسیارێتیەكە و بەدینەهێنانی ئامانجە گشتیەكان بەتەنها دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست