کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەكوردستان 960 كەس بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوەو لەداهاتی میلەت مانگانە 100ملیار وەردەگرن

Tuesday, 29/03/2011, 12:00




لاوانی خوێنگەرم، ئەی ئەوانەی هەموو ڕۆژێ ئامادەن ژمارەی شەهیدەكانی 17ی شوبات لەپێناو گۆڕانكاری ڕیشەیی لەم وڵاتەدا زیاد بكەن، بەقوربانی ورەو حەماستان بم، خۆڕاگرتر بن، بەئارام بن، ئەمەی دەستمان پێكردووە شۆڕشە، خوێن بەخشین و قوربانیدانە، كۆڵنەدان لێی گەیشتن بەحەقی خوێنی شەهید ڕێژوان و شێرزاد و سوركێوو گەرمیان و بیلال و ئومێد و باقی شەهیدەكانی ترمانە، خۆتان بپارێزن لەوەی بەلاڕێتانا بەرن و داوا ڕەواكانمان لەبیر بەرنەوە، دڵنیابن بەردەوامیتان مێشكی سیاسی و بەرپرسە ئەمنی و حكومییەكانی ئەم وڵاتەی تێكداوە، چونكە تاكو ئێستە ناتوانن لەوە تێبگەن كە بۆچی ئەو هەموو خەڵكە بەكوڕو كچ و ژن و پیاوو پیرو گەنجەوە، لەمەیدانی ئازادی 41 ڕۆژە خۆڕاگرانەو بوێرانەو كۆڵنەدەرانە بەگیرفانی بەتاڵ و میحنەتی قورسی بژێوی ژیان و خوێندنی زانكۆو پەیمانگەو قوتابخانەوە ماندوو نابن و لێشاوی پارەو ئیمتیازاتی شەخسی قبوڵ ناكەن و هەر ڕۆژێك تێدەپەڕێ بەسەرتاندا ورەیەكی نوێ دەڕژێتە خوێن و جەستەتان، با لەمڕۆدا كە ڕۆژی ماتەمینییە، تێپەڕبوونی 41 ڕۆژ بەسەر یەكەم خوێنی دەستی غەدری 17ی شوباتدا، بەڵێن بدەین، تاكو بكوژ بكوژی شەهیدەكانكام تەسلیم بەدادگا نەكرێ و خاڵ خاڵ داوا هەنوكەیی و بنەڕەتیەكانمان لەئەرزی واقیعدا پیادە نەكرێ، دەست لەم شۆڕشە هەڵناگرین و بەردەوام دەبین.
ئەوەی ئێستا گۆڕانكارییەو بەڕێوەیە، گۆڕینی 6 وەزیرو 100 بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیە، ئەوەی ئێستە ترسی دروست كردووە لای گەندەڵكاران گواستنەوەی ناوی موڵكایەتی ئەو بەرپرسانەیە كەبەنایاسایی بون بەخاوەنی موڵك و سەرمایە، دەزانن بارودۆخی كوردستان بەرەو گۆڕانكاری ڕیشەیی دەڕوات خەریكی گواستنەوەی موڵك و پارەكانیان لەناوی خۆیانەوە بۆ ناوی كەسانی تر، ئەوەی ئێستە ئاشكرا دەبێ بونی 960 خانەنشینە بەپلەی وەزیر كە 800 كەسیان بەنایاسایی كراون بەخانەنشینی پلە وەزیرو مانگانە 100 ملیار دینار لەداهاتی ئێوەی بێكار و مافخوراو دەبەن، ئێمە چەند حكومەتمان هەبووە تاكو 960 وەزیری خانەنشینمان هەبێت؟
ئەوان 500 هەزار موچەخۆریان دامەزراندووە بەبێ ئەوەی لەیەك فەرمانگەدا دەوامی ڕەسمییان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشە زیادەی موچەی فەرمانبەران كەمافی ڕەوای خۆیانە چەندین ساڵە لەم دەڤەرە خوراوەو ئامادە نین قەرەبوشیان بۆ بكەنەوە.
حكومەتێك كە 15 هەزار دۆنم زەوی بەبێ بەرامبەر بەخشیبێت بە كۆمپانیاكانی بیناسازی تاكو كێشەی نیشتەجێبوون و كرێچی چارەسەر بكەن بەڵام بە دروستكردنی 110 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون نەیتوانیوە قەیرانی دەیان هەزار كرێچی چارەسەر بكات!! ئێمە ئەو حكومەتەو پرۆژە سەقەتەكانیمان ناوێ.
ئێمە میدیایەكمان ناوێ كە مانگانە لەداهاتی ئێوە 3 ملیارو 500 ملیۆن دیناری پێدەدرێ و زۆرینەیان ئیشیان سوكایەتی كردنە بە كەرامەتی تاكی كوردو داوا ڕەواكانی ئەم میلەتە. لەولاشەوە لەماوەی 40 ڕۆژدا 150 ڕۆژنامەنوسی بوێری ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێ بەڵام هەتا ئێستە چەك بەدەستێك لەسەر ئیهانەكردن و لێدان و تەقەكردن لەڕۆژنامەنوسانی بەرەی خەڵك نەبراوەتە بنكەیەكی پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە!!
ئێمە حكومەتێكمان ناوێ كە 20 بینای قوتابخانەی لەلایەن حزبەوە داگیر كرابێت، لەولاشەوە 200 قوتابخانە دوو دەوامی و 3 دەوامییان تێدا بێت.
خۆڕاگرانی مەیدانی ئازادی، دڵنیاتان دەكەینەوە گۆڕانكاری گەورە ڕویداوەو مژدەی سەركەوتنی زۆر گەورە بەڕێوەیە، ئەمەی ئێستە خۆیان بڕیاریان لێداوە گۆڕینی دەموچاوە، ئێمە لێپرسینەوەو دادگایی بكوژان و گەندەڵكارانمان دەوێ، ئێمە لابردنی و دادگایی یاسا پێشێلكارانمان دەوێ، ئێمە حكومەتێكی تەكنۆكراتی خاوەن ئیرادەی دور لەدەستی حزبمان دەوێ، ئێمە حكومەتێكمان دەوێ هێزە چەكدارەكانی پارێزەری خەڵكی كوردستان بن، نەك بكوژی گەنجەكانمان، ئێمە پەرلەمانێكمان دەوێ كەخاوەن ئیرادەو بڕیار بێت، ئەندامانێكی پەرلەمانمان دەوێ كەلێرەوە دەنگمان بەرنە پەرلەمان نەك لەپەرلەمانەوە بەداخوازیەكانمان پێ بكەنێ، ئێمە وەك پەرلەمانتارانی سویدمان دەوێ كە بچن لەماڵی گەرمیان هەنسك بدەن و فرمێسك بڕێژن، نەك لەپەرلەمان باوێشك بدەن و بۆ شكانی شوشە خەم بڕێژن.
ئێمە دادگایەكمان دەوێ كەتێیدا حەقی دڵۆپ دڵۆپی خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهیدەكان بۆ بگێڕێتەوە، لەهەمووی گرنگتر ئێمە ئاشتی و دادپەروەریمان دەوێ، بۆیە تا یەك یەكی داواكانمان دێتەدی بەردەوام دەبین، تەنها ئارامبگرن و خۆڕاگر بن دڵنیابن لەمەیدانی ئازادی ئاهەنگی كۆتایی هاتنی تەمەنی 20 ساڵەی ئەم جۆرە حوكمە نادادگەرە بەخۆشی دەگێڕین.

ئەم وتارەم لە 29/3/2011 لەمەیدانی ئازادی خوێندەوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە