له دیوه‌خانه‌وه بۆ په‌ڕله‌مان
Thursday, 27/06/2013, 12:00
1263 بینراوە
وابڕیاره له 21 ئه‌یلولی ئه‌م ساڵدا سه‌ر له نوێ گه‌ل، سه‌رۆکێک بۆ هه‌رێم و په‌ڕله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان هه‌ڵبژێرن. کوڕ ئه‌و کوڕه‌یه ئه‌سپی خۆی تاو بدات و بگاته نیعمه‌ته‌کانی په‌ڕله‌مان. که گوێم له‌و ژماره زۆره‌ی کاندیده‌کان ده‌بێت بۆ خۆ کاندیدکردنی په‌ڕله‌مان دڵخۆش ده‌بم به‌وه‌ی، که‌سانێک هه‌یه ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه خزمه‌تێک به هاونیشتیمانیان و خه‌ڵکی هه‌ژار و لاوانی وڵاتم بکه‌ن.
له کاتی دڵخۆشیمدا خۆم به گێل ده‌زانم چونکه په‌ڕله‌مان شوێنی خزمه‌تکردن نییه، به‌ڵکو شوێنی وه‌رگرتنی ئیمتیازات و پاره‌ی میلله‌ته، خۆ ئه‌گه‌ر کارکردن له په‌ڕله‌ماندا خۆبه‌خشانه بوایه دڵنیا دەبووم زۆربه‌ی کورسیه‌کانی په‌ڕله‌مان به چۆڵی ده‌مانه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌تای کێشه‌که‌یه، به‌ڵام کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه، که ئه‌م هه‌رێمه به هه‌رێمێکی دیموکراسی ده‌شوپێنرێت که‌چی عه‌شیره‌ته‌کان کاندید بۆ حیزبه‌کان دیاری ده‌که‌ن.
"له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردووی هاوڕێیه‌ک ویستی خۆی بۆ په‌ڕله‌مان کاندید بکات که به یه‌کێکیش له کادیره پێشکه‌وتۆکانی حیزبه‌که‌ی داده‌نڕێت، که‌چی یه‌کێک له سه‌رکرده‌ی حیزبه‌که‌ی که بڕوای ته‌واوی به دیموکراسی هه‌یه و خۆی به پۆست مۆدێرن ناو ده‌بات وتبووی ده‌بێت فڵان عه‌شیره‌ت یان فڵان دیوه‌خان پشتیوانیت بکه‌ن
من نازانم دیموکراسی لای لایه‌نه سیاسییه‌کان مانای چیه؟ ئه‌گه‌ر مانای گه‌ڕانه‌وه بۆ عه‌شیره‌ت و کلتوره باوه‌کانی کۆمه‌ڵگا بێت من له ئێستاوه نه‌فره‌ت له دیموکراسی ده‌که‌م.!
ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌شدا به‌دی ده‌کرێت به هه‌مان شێوه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێک له حیزبه‌کانه بۆ خێڵ و عه‌شیره‌ت و خه‌باتی شاخ نه‌ک دانانی کاندید له‌سه‌ر ئاستی لێوه‌شاوه‌ی و بڕوانامه و پسپۆڕیی.
به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره حیزبه‌کان له‌سه‌ر ئاستی شاره‌زایی و دونیابینی و نه‌هێنانی ڕوخساری نوێ بۆ پێشه‌وه کار نه‌که‌ن، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ن خه‌ڵک بێزار بووه له ڕوخساره دووباره‌کان و ئه‌مجاره به لیستی نیمچه‌کراوه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن چیتر مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تیه‌کان ئه‌و چانسه‌یان نه‌ما به لیستی داخراو بێت و له سه‌ره‌تاکانی لیست خۆیان دابنێن و ده‌نگ به کاندیده‌کانی تر کۆبکه‌نه‌وه و بیانکه‌ن به په‌یژه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنی خۆیان.