کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کابرایەک پڕۆپاگەندە و دەنگ کۆدەکاتەوە بۆ توند و تیژیی و تیرۆرکردن

Tuesday, 22/11/2011, 12:00


ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ (سه‌روه‌ر پێنجوێنی) ـه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی
بۆ ڕای گشتی..
بۆ هه‌مو لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار..

من (سه‌روه‌ر پێنجوێنی)، لێكۆڵه‌رێكی بواری ئایینناسی و ئیسلامناسیم و نوسه‌رێكی شاری سلێمانیم، و خاوه‌نی چه‌ند كتێبێك و ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌م له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا، له‌سه‌ر باس‌وخواسی ئایینی و ئیسلامی. بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌مو ته‌مه‌نی خۆم ته‌رخان كردوه‌، و پێشتر به‌ شێوازی ته‌قلیدییش زانسته‌ ئایینیه‌ كه‌له‌پوریه‌كانم خوێندوه‌، هه‌روه‌ها به‌كالۆریوسی خوێندنی ئیسلامیم به‌ده‌ست هێناوه‌.

نوسینه‌كانی من لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستین له‌سه‌ر چه‌مك و ده‌قه‌ ئایینیه‌كان. پابه‌ندم به‌ شێوازی زانستیه‌وه‌ و هه‌وڵم نه‌داوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نابه‌رپرسیارانه‌ و سوكایه‌تیكارانه‌ ده‌ست بۆ بابه‌ته‌كان ببه‌م.. كتێب و نوسینه‌كانیشم شایه‌تی ئه‌وه‌ن.. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ئه‌ڵێت وا نیه‌؛ ئه‌توانێت به‌ ته‌نها نمونه‌یه‌ك له‌ نوسینه‌كانی من قسه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت، كه‌ ناشتوانێت نمونه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌.

به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستم كرد به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆم له‌ فه‌یسبوك؛ هێرشێكی ناوه‌ڕا ده‌كرێته‌ سه‌رم.. هه‌ر له‌ قسه‌ی ناشرین و سوكایه‌تی و ناوزڕاندنه‌وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و ده‌ركردنی فه‌توای كوشتنم به‌ مۆبایل و به‌ فه‌یسبوك.

ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و تاوانه‌ی خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی خۆی، كه‌سێكی بێهیوای ده‌ست له‌خۆشۆردوی خه‌ڵكی شاری ده‌ربه‌ندیخانه‌، كه‌ لای خه‌ڵك ناسراوه‌ به‌ (مه‌لا حیكمه‌ت)، كه‌ خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان بۆ خۆیشیان ده‌زانن كه‌ هەڵسوکەوتی ڕێك‌وپێك نیه‌ و بۆ خۆیان ده‌ڵێن حاڵه‌تی نه‌فسیی كێشه‌ی هه‌یه‌.. ئه‌م كه‌سه‌ ڕۆژی (13/8/2011) به‌ ژماره‌ مۆبایلی (07708672820) به‌ تێلێفۆن و به‌ نامه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێ كردوم، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و جوێن و سوكایه‌تی، به‌ تێلێفۆن و نامه‌ و فه‌یسبوك.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م نامه‌یه‌تی كه‌ لای من هه‌موو نامه‌كانی پارێزراون:
(له‌عنه‌ت له‌ حوكمه‌ته‌كه‌ت. له‌عنه‌ت له‌ ده‌زگای زانیاریه‌كه‌ت. له‌عنه‌ت له‌ پاراستنه‌كه‌ت. له‌عنه‌ت له‌ هه‌مو خوداكانی تۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌یانپه‌رستیت، نازانم.. ئه‌نجا له‌عنه‌ت له‌ خۆت له‌ جه‌زای ئه‌و سوكایه‌تیانه‌ی ئه‌یكه‌ن خۆت و گرووپه‌كه‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، و به‌ پێغه‌مبه‌ر ڕۆژت دێت، و قگع رۆوسكم فرچ كما السلاه‌ فرچ. و چاك دلێریی تالیبان و قاعیده‌ ببینه‌. و سه‌بر كه‌ ئه‌و شاڵاوه‌ دێت بۆتان جا ئه‌و كاته‌ وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ر بكه‌ن. و ئێسته‌ ڕۆژی تۆیه‌ درێغی مه‌كه‌ لای خوداكانی خۆت. ئه‌م ده‌قه‌ بپارێزه‌ و مه‌یسڕه‌وه‌ بیبه‌ بۆ ئاسایش و به‌دواداچونی بۆ بكه‌).
جا بزانن چ عه‌قڵێك و چ نه‌فسیه‌تێک له‌ پشتی ئه‌م نامه‌ و ئه‌م كارانه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئه‌مه‌ش نامه‌ی دوه‌میه‌تی:
(له‌ هیچ كوێ جێگات نیه‌ پاش ئه‌وه‌ی من كه‌وتمه‌ كێشه‌. دڵنیا به‌ ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌وروپاش جێگه‌ت نه‌ما. ئه‌بێت مه‌لا كرێكار و دنیات لێ تێگه‌یه‌نم)!
ئه‌مه‌ش نامه‌یه‌كی تریه‌تی:
(ئه‌وه‌ فه‌توای تۆپاندنه‌كه‌تم تازه‌ كرده‌وه‌ له‌ فه‌یسبوكدا. بڕۆ ئه‌مه‌ش ببه‌ بۆ شوڕته‌ و ئاسایش..)!
ئه‌مه‌ش نامه‌یه‌كی تری:
(من تازه‌ دنیام تێگه‌یاند و ته‌واوی شاری ده‌ربه‌ند ئاماده‌ی خۆپیشاندانین، و وه‌زعه‌كه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی تۆی له‌عنه‌تی و ئاسایشه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی لای تۆ ته‌سه‌ووری ئه‌كه‌ن)!
هه‌روه‌ها له‌ نامه‌یه‌كی تردا ئه‌ڵێت:
(ئیمڕۆ له‌ ڕۆژی جومعه‌ ته‌واوی شارم پڕ كرد له‌ بڵاوكراوه‌ له‌سه‌ر تۆی له‌عنه‌تی به‌به‌ر چاو ئاسایشه‌كانی خوای تۆ..).
نامه‌كانی تریشی هه‌موی هه‌ر له‌م بابه‌ته‌ن، و زۆربه‌یشیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ ناگونجێن.

دوای ئه‌وانه‌ش، من ماوه‌یه‌كی زۆر ئارامم گرت و قسه‌م نه‌كردوه‌. هه‌تا هه‌ر به‌ هۆی هه‌ڕه‌شه‌ و فه‌توای ئه‌وه‌وه‌، خه‌ڵكی تر جورئه‌تیان په‌یدا كرد و كه‌سێك نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی فڕێ دایه‌ ماڵمانه‌وه‌، به‌ ناوی (گروپێك)ـه‌وه‌(!)، كه‌ ئه‌ڵێت:
(ئه‌گه‌ر واز له‌ نوسین نه‌هێنیت؛ ئه‌تكوژین)!
له‌ نامه‌كه‌یشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ به‌ پشتقایمی به‌و فه‌توایه‌ی كه‌ دراوه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ئه‌كه‌ن.

كه‌ هەموو ئەمانە رووی دا؛ من له‌ ڕێگه‌ی پۆلیسه‌وه‌ له‌ دادگای سلێمانی سكاڵام تۆمار كرد له‌سه‌ر ناوبراو، له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كردنی به‌ مۆبایل، هه‌روه‌ها نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كه‌شم داوه‌ته‌ ده‌ستی پۆلیس. هه‌ر دوای ئه‌وه‌ (كه‌رتی پۆلیسی سه‌یوان) له‌ سلێمانی ناوبراویان ته‌بلیغ كردوه‌ بۆ ئاماده‌ بوون بۆ وه‌رگرتنی ئیفاده‌ی. به‌ڵام تا ئێستا ئاماده‌ نه‌بووه‌..

له‌ بریی ئه‌وه‌ی بێت به‌ ده‌م ته‌بلیغی پۆلیسه‌وه‌؛ خه‌ریكی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان و كه‌لار و كفری و هه‌ڵه‌بجه‌م لێ هان بدات، به‌ هیوا بوو 50 مه‌لا له‌ وتاری جومعه‌دا به‌پێی دیعایه‌كانی ئه‌و ناڕه‌زایی خۆیان له‌ من ده‌ر ببڕن و خه‌ڵكم لێ هان بده‌ن. ئه‌و مه‌لا و خه‌ڵكانه‌یشی وا تێگه‌یاندووه‌ كه‌ گوایه‌ من جوێنم داوه‌ به‌ (موحه‌ممه‌د) و كاریكاتێرم كردووه‌، یان بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ری.. هه‌روه‌ها پێم گه‌یشتوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ (مه‌نشور) و (مولسه‌ق) وێنه‌ و باسی منی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و به‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵی واسیوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ژماره‌ی مۆبایلی منی بڵاو كردبوه‌وه‌ و هه‌مو ڕۆژێك له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك تێلێفۆنی ده‌كرد و هه‌ندێكیان قسه‌ی ناشیرین و هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌كرد.. ئه‌وه‌ هه‌موی به‌ هاندانی ئه‌و (حیكمه‌ت) ناوه‌ بووە..

جگه‌له‌وه‌ش ئه‌كاونتی (فه‌یسبوك) ی ناوبراو (به‌ ناوی Mela Hikmet) هه‌موی سوكایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ و فه‌توای كوشتنی منه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆری لێ هان داوم.
بۆ نمونە بڕوانن:


هه‌تا له‌ وتاری جومعه‌ی ڕۆژی (18/11/2011)، مه‌لایه‌ك له‌ مزگه‌وتێكی (كه‌لار)؛ به‌ گوێی مه‌لا حیكمه‌ت ئه‌كات و هه‌مان قسه‌ و بوختانه‌كانی ئه‌و دووپات ئه‌كاته‌وه‌، كه‌ گوایه‌ من قسه‌م وتوه‌ به‌ پێغەمبەری ئیسلام (موحه‌ممه‌د) گووتووە و جوێنم پێداوه‌..! داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كات دژی من ئیمزا بكه‌ن..
بڕوانن:


ئیتر گوایه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ (500) ئیمزایان له‌ خه‌ڵك كۆكردوه‌ته‌وه‌، له‌ خه‌ڵكانێك كه‌ نازانن مه‌سه‌له‌ چییه‌ و خۆیان هیچیان نه‌بینیووه‌، به‌ڵام كوێرانه‌ شوێن قسه‌ی ئه‌و مه‌لایه‌ كه‌وتون، كه‌ ئه‌و مه‌لایه‌ش كوێرانه‌ شوێن قسه‌ی (مه‌لا حیكمه‌ت) ناوه‌كه‌ كه‌وتووه‌.

ئینجا دواتر له‌ هه‌واڵێكی سایتی (ڕادیۆی ناوخۆ) دا هاتوه‌، كه‌ (25) مه‌لا له‌ گه‌رمیان هه‌ڵمه‌تێكی واژۆكۆكردنه‌وه‌یان ده‌ست پێ كردوه‌ دژی من، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایه‌ من به‌ كاریكاتێر سوكایه‌تیم به‌ پێغه‌مبه‌ر و ئیسلام كردووه‌! بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گوایه‌ (10) هه‌زار ئیمزایان له‌ خه‌ڵك كۆكردوه‌ته‌وه‌، ئینجا به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردووه‌، به‌و هیوایه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ مندا بكرێت. یه‌كێك له‌و مه‌لایانه‌، كه‌ وتارخوێنی مزگه‌وتی شێخ له‌نگه‌ره‌، دوای ئه‌وه‌ی من به‌ سوكایه‌تی به‌ ئایین تۆمه‌تبار ئه‌كات؛ باسی ئه‌وه‌ ئه‌كات كه‌ له‌ پرۆژه‌ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا سوكایه‌تیكردن به‌ ئایین قه‌ده‌غه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌ڵێت: ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌یان نه‌درێته‌وه‌؛ به‌ شێوه‌یه‌كی تر هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌ر ئه‌بڕن! ئه‌م قسه‌یه‌ی دواییش زۆر مانای لێ ئه‌خوێنرێته‌وه‌.
بڕوانن:

ئه‌م هه‌وڵانه‌، جگه‌ له‌وه‌ی شێوازێكی به‌ڕواڵه‌ت یاسایی و مه‌ده‌نیی وه‌كو (ئیمزا كۆكردنه‌وه‌) به‌كار ئه‌هێنن بۆ ئامانجێكی زۆر نایاسایی و نامه‌ده‌نی و ناشارستانی و نامرۆڤایەتیی، كه‌ بریتیه‌ له‌ سه‌ركوتكردنی بیروڕای ئازاد؛ جگه‌ له‌وه‌ش هه‌مو ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی ئه‌و كارانه‌ن خه‌ڵه‌تاون به‌ پرۆپاگەندە‌ و بوختانی ئه‌و مه‌لا حیكمه‌ت ناوه‌.. ئه‌و خه‌ڵه‌تاندونی و وا تێیگه‌یاندون كه‌ گوایه‌ من قسه‌م به‌ موحه‌ممه‌د وتوه‌ و كاریكاتێرم له‌سه‌ری بڵاو كردوه‌ته‌وه‌! ئه‌گه‌رنا دڵنیام بۆ خۆیان شتی وایان به‌ر چاو نه‌كه‌وتووه‌، چونكه‌ شتی وا نه‌بووه‌. من داوای به‌ڵگه‌یان لێ ئه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ن و به‌ قسه‌ی مه‌لا حیكمه‌ته‌كه‌ نه‌خه‌ڵه‌تاون؛ یه‌ك بڵاوكراوه‌ بخه‌نه‌ ڕوو، كه‌ ناوی منی پێوه‌ بێت و قسه‌ و جوێنی تێدا بێت به‌رامبه‌ر موحه‌ممه‌د یان كاریكاتێری تێدا بێت له‌سه‌ر ئه‌و. من ته‌حه‌ددای هه‌ر هه‌موویان ئه‌كه‌م یه‌ك بڵاوكراوه‌ی وا بخه‌نه‌ ڕوو، كه‌ بێگومان شتی وایان ده‌ست ناكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌مێكیش به‌رهه‌م و بڵاوكراوه‌ی منی بینیبێت؛ ئه‌زانێت كه‌ ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ن و هیچ كاتێك دانابه‌زێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی جوێن و قسه‌ی ناشرین له‌خۆ بگرێت یان كاریكاتێری ناشرینی تێدا بێت له‌سه‌ر که‌سێتیه‌ ئایینیه‌كان. من هیچ كاتێك ئه‌و شێوازه‌م به‌كار نه‌هێناوه‌ و باوه‌ڕم پێی نه‌بووه‌ و دژایه‌تییشم كردووه‌..

ئه‌وه‌ی مه‌لا حیكمه‌ت و فریوخواردوه‌كانی باسی ئه‌كه‌ن؛ له‌ كاری منه‌وه‌ دووره‌ و كاری خه‌ڵكانێکی نه‌ناسراو و داخ له‌دڵ و لابه‌لایه،‌ كه‌ له‌ فه‌یسبوك شتی وه‌هایان نوسیووه‌ و بڵاو كردوه‌ته‌وه‌.. منیش ته‌نها له‌ نووسینی خۆم به‌رپرسیارم و له‌ نووسین و بڵاوكراوه‌ی هیچ كه‌سێكی تر به‌رپرسیار نیم.. بە پێچەوانەوە من زۆریش هه‌وڵم داوه‌ و ئامۆژگاری و تكام له‌ زۆر كه‌س كردووه‌ ئه‌و شته‌ ناشرینانه‌ نه‌نووسێت و بڵاو نه‌كاته‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆریش ئاگاداری ئه‌و ڕاستییه‌ن. له‌ هه‌ر گروپێكی (فه‌یسبوك) توانام بووبێت؛ ئه‌و شته‌ ناشیرینانه‌م سڕیوه‌ته‌وه‌، له‌و پێناوه‌شدا دڵی زۆر كه‌سم ئێشاندوه‌ و زۆر كه‌سم له‌ خۆم كردوه‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ ئه‌و نووسین و کاریکاتێره‌ ناشرین و سوكایه‌تیكارانه‌شم سڕیوه‌ته‌وه‌؛ له‌ گروپێكی (فه‌یسبوك) به‌ ناوی (شبکه‌ التنویریین الکرد) ده‌ركرام، كه‌ چه‌ند مانگێك لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌رهه‌می خۆمم تێدا بڵاو كردوه‌ته‌وه‌، ‌ ئه‌وەش‌ له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی بابه‌تێك بوو كه‌ قسه‌یه‌كه‌ی ناشیرین و بێبنه‌ما بو له‌سه‌ر موحه‌ممه‌د، كه‌ كه‌سێكی نه‌ناسراو (خۆی به‌ "ئارام بێدین" ناو ئه‌بات!!) له‌و گروپه‌دا نووسیویه‌تی و من هه‌ر له‌گه‌ڵ بینینی سڕیومه‌ته‌وه به‌ڵام که‌ دواتر زانیی من سڕیومه‌ته‌وه‌ ؛ له‌ گروپه‌که‌ ده‌ری کردم! به‌ڵام ئێسته‌ مه‌لا حیكمه‌ت و فریوخواردوه‌كانی من به‌و نووسینه‌ تۆمه‌تبار ئه‌كه‌ن!

له‌به‌ر ئه‌وه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێی نه‌بووه‌ و هه‌وڵیشم داوه‌ بۆ نه‌هێشتنی؛ ئێسته‌ منی پێ تاوانبار بكرێت و به‌و شێوه‌یه‌ ناوم بزڕێنرێت و به‌ تاوانبارێك بناسرێنرێم. داوام له‌ خه‌ڵكان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌و پرۆپاگەندە و بوختانانه‌ فریو نه‌خۆن و داوای به‌ڵگه‌ بكه‌ن له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی، كه‌ ئه‌و بوختانانه‌ بره‌و پێ ئه‌ده‌ن. بێگومان یه‌ك به‌ڵگه‌یشیان پێ نییه‌.. تكام وایه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌ ناڕه‌زایی و سكاڵای كه‌س قبوڵ نه‌كه‌ن، چونكه‌ مه‌عقول نییه‌ به‌ قسه‌ی بێبنه‌ما و بێبه‌ڵگه‌ خه‌ڵك سه‌رقاڵ بكرێت و كه‌سێك تۆمه‌تبار و ناوزڕاو بكرێت.

من دڵنیام ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شێكی زۆریان ئه‌زانن، كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ وا نییه‌ و شێوازی كاری من وا نییه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داخ له‌دڵن له‌ نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی من، كه‌ به‌ درێژایی (10) ساڵ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌ كتێب و به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و وتاری گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان و نه‌یشانتوانیوه‌ بیانویان لێ بدۆزنه‌وه‌ و تۆمه‌تی (نه‌زانی) و (بێشه‌رمی) بده‌نه‌ پاڵیان؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆیان له‌ نه‌زانی ئه‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌خه‌ڵكه‌كه‌دا ئه‌ڕۆن و پشتگیریی ئه‌و شه‌پۆله‌ ناعه‌قڵانیه‌ ئه‌كه‌ن.

تكایشم له‌و مه‌لایانه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خۆشباوه‌ڕ نه‌بن و به‌ قسه‌ی هه‌موو كه‌سێك باوه‌ڕ نه‌كه‌ن و داوای به‌ڵگه‌ بكه‌ن و به‌ڵگه‌ ببینن ئینجا بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.. بزانن كه‌ به‌رهه‌می من ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌‌ و بیروڕادەربڕینە‌..

ئه‌و (مه‌لا حیكمه‌ت) ناوه‌ش؛ خۆم به‌ دوای كه‌یسه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌بم هه‌تا به‌ سزای یاسایی خۆیی ئه‌گه‌یه‌نم.. هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌پێی (یاسای قه‌ڵاچۆكردنی تێرۆر)ی هه‌رێمیش كاره‌كانی هه‌ڵ بسه‌نگێنرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌یكات هاندانی خه‌ڵكه‌ بۆ توندوتیژی و بۆ تیرۆرکردن. ئه‌وه‌ ئێستا له‌ (فه‌یسبوك) په‌یجێكیشی دامه‌زراندووه‌ بۆ هاندانی گه‌نجه‌كان بۆ جیهاد و خۆكوژیی و مردن و تێرۆر، به‌ ناوی (گه‌نجه‌كانی كوردستان با به‌ره‌و مردن به‌ڕێ كه‌وین)!
بڕوانە:


هه‌ر كه‌سێكی تریش وه‌كو ئه‌و به‌ تۆمه‌تی بێبنه‌ما خه‌ڵكم لێ هان بدات؛ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار ئه‌كه‌م.

نووسین به‌ نووسین وه‌ڵام ئه‌درێته‌وه‌، بیروڕا به‌ بیروڕا ڕووبه‌ڕو ده‌کرێته‌وه‌. یاسای هه‌رێم كاتێك (سوكایه‌تی به‌ ئایین) قه‌ده‌غه‌ ده‌كات؛ له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌ر له‌ هه‌مان یاسادا و پێش ئه‌وه‌؛ ئازادیی بیروڕا و ڕه‌خنه‌گرتن ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت باوه‌ڕیان به‌ به‌شێك له‌ یاساكه‌ هه‌بێت و كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن و حساب بۆ به‌شه‌كانی تری نه‌كه‌ن..

ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌یكه‌ن؛ ته‌نها ئیمزاكۆكردنه‌وه‌ نییه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی كارگێڕیی یان شاره‌وانی! به‌ڵكو هاندانی خه‌ڵكه‌ بۆ تیرۆرکردن و توندوتیژی به‌رامبه‌ر هاوڵاتییه‌ك، ئه‌ویش به‌ بوختان و دیعایه‌ی بێبنه‌ما. چونكه‌ كاتێك لای جه‌ماوه‌رێك له‌ ڕه‌شه‌خه‌ڵك كه‌سێك تۆمه‌تبار ئه‌كرێت به‌ سوكایه‌تی به‌ ئایین؛ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و ئاسایشی ئه‌و كه‌سه‌ له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا بكه‌وێته‌ مه‌ترسیی توندوتیژیه‌وه‌.

تكام وایه‌ هه‌مو كه‌سێك ئه‌وه‌ی له‌ یاد بێت كه‌ ئه‌و دیعایه‌ و بوختانانه‌ ئیشی ئه‌و (مه‌لا حیكمه‌ت) ناوه‌یە، كه‌ به‌ (هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن) به‌ مۆبایل ده‌ستی پێكردوه‌ و دوای بانگكردنی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ و له‌بریی ئه‌وه‌ی بێت به‌ ده‌م داوای دادگاوه‌؛ په‌نای بردوه‌ بۆ ئه‌م كارانه‌.

سه‌روه‌ر پێنجوێنی
سلێمانی
20/11/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە