دەكرا خوێن نەرژێت...نامەیەك بۆ پاكیزە تەلعەت
Thursday, 08/04/2010, 12:00
بەرێز بەرێوبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر، ئێمە هێندە ماندوین پێویستیمان بە پشوە،چاوەكانمان هێندە ئازارى بینیوە بە سەیركردنى جەنگ و كارەسات و رشتنى خوێنەكان،لە هەموو دیمەنێكى بە كۆمەڵ سڵ دەكەینەوە نەوەكو دێوەزمەكانى تاریكى رێگاى مەرگ و دیمەنى خوێنینمان نیشان بدەن،هێندە ئازارمان بەدەست دەسەڵاتە دیكتاتۆر و خوێن رێژەكان بینیوە رقمان لە دەسەڵات و بەرپرسیاریەتیە..
بەهەرحاڵ، دیمەنى لەخوێن هەڵكێشانى قوتابیانى مانگرتوى یەكێك لە قوتابخانەكانى هەولێرمان بینى بەدەستى پاسەوان و فەرمانبەرانى فەرمانگە پەروەردەییەكەت كە لە بەرنامەتانە خەڵكى پەروەردە بكەن و لە ئاژاوە و خوێن رشتن دووریان بخەنەوە! دڵتەنگ و نیگەرانى كردین كە هەستیارترین لایەنى هۆشیارى و پێگەیاندنى كۆمەڵگا بە ئاگر و ئاسن وەڵامى قوتابیەكانى دەداتەوە،جا ئەگەر گەرەكتانە نەوەكانمان بەم شێوەیە پەروەردە بكەن ناچارین بڵێین سەد خۆزگە بە كفن دز و بەدەست خۆمان نیە سەخترین رۆژگارەكانى سەردەمى دیكتاتۆرییەتمان بیر دێنێتەوە!!
مامۆستاى بەرێز،هەمیشە ئێوە بۆ چەوساندنەوەى خوارەوەى خۆتان و رازیكردنیان بە ژیانێكى مەمرە و مەژى دەڵێن (مامۆستا مۆمە و دەتوێتەوە و روناكى بە دەوروبەرەكەى دەبەخشێت) بەڵام بۆچى ئێوە وەكو مامۆستایەك مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەكەتان ناكەن و كەمێك روناكى ببەخشن بە دووقسەى خۆش دڵى ئەو قوتابیە نارازییانەتان خۆش كردبایە كە پێنج مانگى تەواوە لە سەرەتاترین مافى خۆیان كە خوێندنە بێ بەشتان كردن و دواتریش لەنێو فەرمانگەیەك كە بڕیارە ئیعتبار و شەخێیات بۆ تاكەكان دورست بكات ،ئیهانە و سوكایەتیان پێكرا و رەوانەى نەخۆشخانە كران.
بەرێز بەرێوبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر،خۆت ئاگادارى ئێمە خوێنمان چەندە رژاوە بۆ وەدەسهێنانى ئازادى مانگرتن و خۆپیشاندان و نارەزایەتى دەربڕین،قوربانیەكانى دەستى سەركوت و ئیستبدادى بەعس كەم نین،بۆیە خوێن رشتنى قوتابیانى ناڕازى ملازم محسینەكانمان بیردێنێتەوە و دەمانگەرێنێتەوە خاڵى سەرەتاى.
هەر لێرەشدا پێم باش بوو ئەوەت بیربێنمەوە،سەروەت و سامان و پایە و دەسەڵات و ناوبانگ و زۆر شتى تریش ناتوانێ و نەیتوانیوە ئۆزقاڵێك ویژدانى مرۆڤەكان ئاسودە بكات،تەنها جێبەجێكردنى ئەو بڕیار و راسپاردانە نەبێت كە دڵى بەرامبەرەكانمان خۆشدەكات و خزمەتێك بە كۆمەڵگاى بەشەرى دەكات.
زۆرن ئەو كەسانەى لە هەموو شتێكى سەر ئەم زەمینە ئەوەى ئێمە خەیاڵیشمان بۆى ناچێت بەهرەمەندن و دەستیان بەهەموو شتێك رادەگات،بەڵام ئەگەر لە نزیكەوە بیاندوێنیت و لێیان زیك بیتەوە، هەرگیز ئاسودەیى ویژدانیان بە خەیاڵدا نایەت ،زۆرن ئەو كەسانەى هێز و دەسەڵاتیان لە لوتكەیە و دەتوانن لە ساتێكدا هەناسە لە سینەى دەیانى وەكو ئێمە ببڕن ،بەڵام هەرگیز ئاسودەیى ویژدان بە دڵ و دەروونیان گوزەرناكات و هەمیشە لەنێو راڕایى و بێ ئۆقرەیە و ئازاردانى ویژدانەكانیان دەژین ،لەبەرامبەر ئەمەشدا سەدان كەس هەن كە لەخراپترین وەزعیەتى ماددى و مەعنەوى ژیان دەگوزەرێنن،بەڵام لەبەر ئەوەى ویژدانیان ئاسودەیە و هەمیشە حەز و هیواكانیان لەنێو بەختەوەرییەكى هەمیشەیى باڵا دەكا .
لە كۆتاییدا هیوادارم دڵگران نەبیت و بە بیركردنەوەیەكى پەروەردەییانە وەریبگریت، غاندى دەڵێت(هەقیقەت و نا توندوتیژى بەقەد چیاكان كۆنن) ئەى بۆ تەنها پەیڕەوى ئەو(دوو) ووشە نەكەین تا چیتر خوێن نەرژێت؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست